ئاوات بۆکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-26-20:30:00 - کۆدی بابەت: 7397
ئاوات بۆکانی

ناوه‌ڕۆك

ئاوات بۆکانی کێیە؟

ئاوات سابیر بۆکانی (بە ئینگلیزی: Awat Bokani)، یەکێکە لە بەندبێژەکانی هەرێمی کوردستان، خەڵکی شاری بۆکانە و خاوەنی سەدان دانیشتن و بەرهەمی میلـلییە، لە ساڵی ٢٠١١ـەوە خاوەنی تیپی هونەری تایبەت بە خۆیەتی و ناوبانگی لە کوردستان زیاد بووە.

ژیان

ئاوات سابیر لە ڕێکەوتی ١٩٨٧/٤/٢٧ لە گوندی ئەربەنووسی شاری بۆکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خاوەنی سێ برا و دوو خوشکە بە ناوەکانی (ئارام، محەمەد، ئەندام)، تاوەکوو پۆلی حەوتی بنەڕەتی خوێندووە، دوای ساڵێک لە باخداری و ئاژەڵداری دێنە شاری بۆکان و ماوەی دوو ساڵ و نیو لەوێ دەمێنێتەوە، دواتر بەهۆی نەبوونییەوە دەڕۆنە باشووری کوردستان و سەرقاڵی کاری کاشی دەبن و ئاوات دەبێت بە وەستای کاشی. ئارامی براشی دەڕواتە لای زیکۆی مۆسیقاژەن بۆ فێربوونی ساز.

کاری بەندبێژی

لە ڕۆژهەڵات پێش ئەوەی بێنە باشووری کوردستان، لە ئاهەنگ و بۆنەکاندا چەند جارێک گۆرانی وتووە، ئەوکات ئارام (برای ئاوات) بۆ یەکەم جار گەعدەی دووقۆڵی لەگەڵ ھونەرمەند بەختیار سەردەشتی و ئاوات بۆکانی دادەنێن کە زیکۆ و فەرمان سازەکەیان لێ دەدا. ئەوکات زیکۆ و فەرمان لەگەڵ بەرھەم شەمامی بوون کە زیکۆ ئاوات دەبینێ و قسەی لەگەڵ دەکات کە ھاوکاریان بکات و بە ھونەرمەندی ئاوات بۆکانی و بە سازی زیکۆ و فەرمان تیپی مۆسیقای سەردەشتی ساز بکەن.

ئاوات لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە باشووری کوردستان دەژی و لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تیپی تایبەتی مۆسیقای خۆی دەبێت و دەست دەکات بە کاری سەربەخۆی خۆی. ئاوات ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە و ماوەیەک لە کۆیە نیشتەجێ بووە و دواتر چووەتە شاری هەولێر و لە ساڵی ٢٠٠٩ـەوە خێزاندارە.

لەنێو بەندبێژەکانی دیکەدا ئاوات بەوە جیادەکرایەوە کە خۆی بە قوتابی سمایل سەردەشتی دادەنا و لەرەیەک و پێکەنینێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێی جیادەکرێتەوە. 

دەستگیرکردن

٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ئاوات بۆکانی کە ئەوکات دانیشتووی شاری کۆیە بووە لەگەڵ سێ کەسی تر دەچن بۆ ناوچەی چنارۆکی گەشتیاری لە نزیک کۆیە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەوە ئاوات بۆکانی تەقە لە دوو کەسیان دەکات و برینداریان دەکات و دواتریش بەپێی ماددەی ٤٠٥ فرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، دوای دوو مانگ لە دەرچوونی فرمانی دەستگیرکردنیشی لە ڕۆژی ٢٠١٩/٣/٥ خۆی بەدەستەوەدا.


سەرچاوەکان



2346 بینین