سەعدی کوڕی مەعاز

له‌لایه‌ن: - ڕێژین محەمەد - به‌روار: 2021-12-28-15:52:00 - کۆدی بابەت: 7416
سەعدی کوڕی مەعاز

ناوه‌ڕۆك

سەعدی کوڕی مەعاز کێیە؟

سەعدی کوڕی مەعاز هاوەڵێکی بەڕێزی پێغەمبەرە ﷺ، ناوی تەواوت سەعدی کوڕی مەعاز کوڕی نیعمان کوڕی ئەمریئی قەیس کوڕی زەید کوڕی عەبدولئەشهەل، سەرۆکی هۆزی ئەووس بووە پێش کۆچکردنی پێغەمبەر ﷺ بۆ مەدینە، بە ئەبی عەمرو ناودەبرێت، لەسەر دەستی موسعەبی کوڕی عومەیر (ڕەزای خوای لێبێت) مسوڵمان بووە کاتێک پێغەمبەر ﷺ مەسعەبی وەک ڕێنیشاندەر بۆ لای خەڵکی مەدینە نارد، و هەر لە ساتی یەکەمەوە ئیسلام لە دڵی سەعد جێگیر بووە، بە هۆزەکەی ڕاگەیاند کە قسەکردنی لەگەڵیان قەدەغەیە هەتا هەموویان مسوڵمان نەبن، بۆیە هۆزەکەی هەموویان مسوڵمان بوون، لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دا چەند جەنگێکی بینیوە لەوانە: شەڕی بەدر و شەڕی ئوحود و شەڕی خەندەق، لە ساڵی پێنجەمی کۆچی دا کۆچی دوای کردووە و لەو کاتەدا تەمەنی سی و حەوت ساڵ بووە، پێغەمبەر ﷺ نوێژی لەسەر کردووە و لە بەقیع نێژراوە، کاتێ تەرمەکەیان هێنایە دەرەوە دایکی زۆر گریا پێغەمبەر ﷺ پێیگوت کە خەم نەخوات و نەگری و فەرمووی: (کە کوڕەکەت یەکەم کەس بوو کە خودای گەورە بە دەمیەوە پێکەنی و تەختی پاشایی خودا بۆی لەرزا).

چەند هەڵوێستێک لە ژیانی سەعدی کوڕی مەعاز

- بانگەواز بۆ لای خوای گەورە: چونکە کاتێک سەعدی کوڕی مەعاز مسوڵمان بوو مەرجی دانا بۆ هۆزەکەی کە ئەوانیش مسوڵمان بن، دەیتوانی کە مسوڵمان بوونی خۆی ڕابگەیەنێت و مەرجێکی ئاوا بۆ خەڵکەکەی دانەنێت، دەیتوانی پەلە نەکات لە هاتنە ناو ئیسلامەوە، بەڵام ئەو هاتنە ناو ئیسلام و سەرخستنی پێغەمبەری ﷺ پێ باشتر بوو.
- دادوەری سەعدی کوڕی مەعاز لە ڕووداوی بەنی قڕێزە: لە سەردەمی جاهیلی هۆزی بەنی قڕیزە هاوپەیمانی هۆزی ئەوس بوو، لە ڕۆژی ئەحزاب دا خیانەتێکی گەورەیان لە پێغەمبەر ﷺ کرد، دوای تەواوبوونی لە شەڕکردن لەگەڵ بێباوەڕانی مەککە پێغەمبەر ﷺ گەڕایەوە بۆ ئەوەی حکومی بەنی قەریزە بکات لەسەر خیانەتکردنیان لە مسوڵمانان، بۆیە مسوڵمانان نزیکەی بیست و پێنج ڕۆژ بۆ مانگێک گەمارۆیاندان، دواتر ویستیان وتووێژ بکەن لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ و ڕێگەیان پێبدات بچنە شام، بەڵام پێغەمبەر ﷺ ئەمەی ڕەتکردەوە و دادوەرێکی بۆ دانان کە ئەویش سەعدی کوڕی مەعاز (ڕەزای خوای لێبێت) بوو ئەوانیش بەمە زۆر دڵخۆش بوون، چونکە سەعد پێشتر هاوپەیمانیان بوو، بەڵام سەعدی کوڕی مەعاز لە هەموو لایەکەوە بیری لە بارودۆخەکە کردەوە و بیری لە گەورەی ستەم و خیانەتەکەیان کردەوە، بۆیە سزایەکی قورسیدان کە ئەویش ئەوە بوو کە هەموو پیاوەکانیان بکوژرێن و ژنەکانیان زیندانی بکرێن. 
- سەرخستنی سەعدی کوڕی مەعاز بۆ پێغەمبەر لە شەڕی بەدر؛ دوای ئەوەی پێغەمبەر ﷺ هاوەڵەکانی کۆکردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاروانەکەی قوڕەیش بۆیان دەرکەوت کە کاروانەکە لە ڕێگەکە دوورکەوتووەتەوە و جگە لە شەڕکردن لەگەڵ قوڕەیش هیچیان بۆ نەماوەتەوە، پێغەمبەر ﷺ ڕاوێژی بە هاوەڵەکانی کرد و ڕای کۆچکردووەکان ئەوە بوو کە ڕووبەڕووی قوڕەیش ببنەوە، پێغەمبەر ﷺ ویستی ڕای ئەنساڕییەکان بزانێت بۆیە سەعدی کوڕی مەعاز هەڵستا و گووتی: (ئێمە بڕوامان کرد بە تۆ، و باوەڕمان بە قسەکانی تۆ کرد، و شایەتیمان دا لەسەر ئەوەی کە پەیامەکەت حەقە،  لەسەر ئەمە پەیمانی گوێڕایەڵی و شوێنکەتنمان پێدایت، بڕۆ پێغەمبەری خودا بەرەو ئەوەی کە ئەتەوێت سوێند بە ئەوەی کە تۆی بە حەق ناردووە ئەگەر ئەم دەریایە بێتە بەردەمان و تۆ بچیتە ناوی لەگەڵ دەبین، هیچ پیاوێک لە ئێمە دواناکەوێت، ئێمە ڕقمان لەوە نییە کە سبەینێ ڕووبەڕوومان بکەیتەوە لەگەڵ دوژمن، بەڕاستی ئێمە ئارامگرین لە کاتی شەڕ، و ڕاستگۆین لە کاتی ڕووبەڕوونەوە، لەوانەیە خودای گەورە لە ئێمە دا ئەوەت پێنیشان بدات کە دڵخۆشت بکات، بۆیە لەسەر بەرەکەتی خودا پێشڕەویمان بکە)، پێغەمبەر ﷺ بە وەڵامەکەی سەعدی کوڕی مەعاز دڵخۆش بوو و بڕیاری جەنگی لەگەڵ قوڕەیش دا.

- سەرخستنی سەعدی کوڕی مەعاز بۆ پێغەمبەر ﷺ لە ڕووداوی ناوزڕاندن و بوختانکردن بە خاتوو عائیشە: کاتێک قسەی درۆ لە بارەی عائیشەی کچی ئەبوبەکرەوە بڵاو بوویەوە، پێغەمبەر ﷺ چووە سەر مینبەر بۆ قسەکردن بۆ خەڵک، و گووتی کە بەو قسانەی کە دەربارەی خەڵکی ماڵەکەی بڵاوبووەتەوە زیانی پێگەیشتووە و ئەو تەنها چاکەی بینیوە لێیان، لەو کاتەدا سەعدی کوڕی مەعاز هەستا کە زۆر زیانی بینیبوو بەهۆی ئەوەی پێغەمبەر ﷺ زیانی بینیوە و گووتی (ئەی پێغەمبەری خودا ئەگەر ئەو کەسە لە ئەووسە من لەسەری دەدەم و دەیکوژم و ئەگەر لە برا خەرزەجیەکانمانە فرمانمان پێبکە با فرمانەکەت جێبەجێ بکەین)

سیفەتەکانی سەعدی کوڕی مەعاز

سەعدی کوڕی مەعاز خاوەنی چەندین سیفەتی جوان و گەورە بوو لە هەڵوێستە ئازایەتیەکانی لەگەڵ پێغەمبەر ﷺ دەرکەتووە، هەندێک لە سیفەتەکانی سەعدی کوڕی مەعاز:

  • خستنە پێشی خۆشەویستی خودا و خۆشەویستی پێغەمبەرەکەی پێش هەر خۆشەویستیەکی تر.
  • ورەیەکی بەرز لە بڵاوکردنەوە و بانگەشەکردن بۆ ئاینی ئیسلام
  • بێبەریبوون لە دوژمنانی خودای گەورە
  • هەوڵدان و تێکۆشان بۆ خزمەتکردنی ئاین
  • شانازیکردن بە حەق و بەکارهێنانی هێز تیایدا

گەورەیی سەعدی کوڕی مەعاز

سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی مسوڵمانبوونی سەعدی کوڕی مەعاز حەوت ساڵی تێپەڕ نەکرد بەڵام کاریگەریەکی گەورەی بەجێهێشت و گەورەییەکی لە لایەن خودای گەورەوە پێدرا کە پێغەمبەر ﷺ پێی ڕاگەیاند بوو، سەعدی کوڕی مەعاز پیاوێکی گۆشتن بوو، بەڵام لە ڕۆژی مردنی کە مسوڵمانان لاشەکەیان هەڵگرت کێش کەم بوو و زۆر سەرسام بوون بەمە، بۆیە پێغەمبەر ﷺ وەڵامی دانەوە و گووتی کە فریشتەکان لەگەڵیان لاشەکەیان هەڵگرتووە وەک ڕێزگرتنێک بۆی، وە جارێکیان قوماشێکی حەریر نێرابوو بۆ پێغەمبەر و هاوەڵەکانی لە جوانیەکەی سەرسام بوون بوو، پێغەمبەر فەرمووی کە دەستەسڕەکانی سەعدی کوڕی مەعاز لە بەهەشت دا لە حەریر نەرمتر و ناسکترە.


سەرچاوەکان



3213 بینین