سوود و زیانەکانی شەربەتی سێو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-30-11:53:00 - کۆدی بابەت: 7448
سوود و زیانەکانی شەربەتی سێو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەشێوەیەکی گشتی هەموو جۆرەکانی سێو سوودبەخشن، بەڵام شەربەتەکەی دەکرێت سوودیش و زیانیشی هەبێت، کاتێک سێو دەکرێت بە شەربەت ڕێژەی شێدارییەکەی زیاد دەکات و هەندێک پێکهاتەی ڕووەکی دەمێنێتەوە، هەرچۆنێک بێت هەموو جۆرەکانی سێو کە دەکرێن بە شەربەت سوودەکەیان کەم دەکات، نموونەی ئەو پێکهاتانەی کەم دەکەن بریتیین لە پێکهاتەی ڕیشاڵی و توانای کەمکردنەوەی برسێتی.

سوودەکان

یارمەتی شێدارکردنەوەی لەش دەدات

شەربەتی سێو ٨٨٪ لە ئاو پێکدێت و تامێکی خۆشی هەیە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئاسان بێت بۆ هەرسکردن بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشن و مەترسی وشکبوونەوەی لەشیان هەیە، لە ڕاستیدا پزیشکی منداڵان پێشنیازی نیو پەرداخ شەربەتی سێو لەگەڵ نیو پەرداخ ئاو کە تێکەڵ کرابێت بۆ ئەو منداڵانە دەکەن کە نەخۆشن و تووشی وشکبوونەوەی لەش بوون و بە لایەنی کەمەوە تەمەنیان ١ ساڵە.
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ئەو منداڵانە ئەنجامدراوە کە تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و لەشیان بەشێوەیەکی مامناوەند وشکبووەتەوە، پێشنیازی شەربەتی سێوی تەڕکراوە و لە ئەنجامدا ٪٦٫٥ کەمتریان پێویستییان بە ئاوی مغەزی هەبووە کە لە ڕێگەی دەمارەوە وەریگرن، شەربەتی سێوی ڕوون (تەڕکراوە، لەگەڵ ئاو تێکەڵکراو) چارەسەرێکی کرداری و خۆشە بۆ منداڵ و کەسانی پێگەیشتووش.
دڵنیابە لەوەی ئەو شەربەتەی دەیخۆیتەوە ڕوونکراوەتەوە و زۆر خەست نییە، چونکە شەربەتی زۆر بەهێز و خەست ڕێژەی شەکری زۆرە بەمەش ئاوی زیاتر دەکێشێت و سکچوون خراپتر دەکات.

پێکهاتەی ڕووەکیی بەسوودی تێدایە

جۆرەکانی سێو بە پێکهاتەی ڕووەکی دەوڵەمەندن بەتایبەت پۆلیفینۆڵەکان، لە کاتێکدا کە ئەم پێکهاتەیە زۆربەی لە توێکڵەکەیدایە، بەڵام ئەو بەشەی کە لە گۆشتی سێوەکەدایە هەندێکی دەمێنێتەوە لە شەربەتەکەدا، ئەم پێکهاتە ڕووەکییانە دەتوانن خانەکان بپارێزن لە توشبوون بە هەوکردن و ئۆکسانە زەبر، ئەم دوو حاڵەتە هۆکارن بۆ تووشبون بە نەخۆشییەکانی وەک شێرپەنجە و نەخۆشی دڵ.
لە توێژینەوەیەکدا پیاوانی تەندروست ٢/٣ کوپێک (١٦٠ میلیلیتر) شەربەتی سێویان خواردووەتەوە، پاشان زاناکان نموونەی خوێنیان لێ وەرگرتن، لەماوەی ٣٠ خولەکدا ئۆکسانە زەبر لە خوێنیاندا دامرکایەوە، هەروەها ئەم کاریگەرییە بەردەوام بوو بۆ ماوەی ٩٠ خولەک، بۆ ئەوەی پۆلیفینۆڵی زیاترت دەست بکەوێت هەوڵبدە ئەو شەربەتە سێوانە بخۆیتەوە کە خەڵتەکەی تێدایە نەک ئەوانەی کە پاککراوەتەوە لە خەڵتە، چونکە شەربەتی سێوی نەپاڵێوراو زیاتر لە ٦٢٪ پۆلیفینۆڵی زیاتری تێدایە بە بەراورد بە شەربەتی سێوی پاڵێوراو.

دەکرێت تەندروستی دڵ باش بکات

پێکهاتە ڕووەکییەکانی وەک پۆلیفینۆڵ لە شەربەتی سێودا دەکرێت بەتایبەت بەسوود بێت بۆ تەندروستی دڵ، پۆلیفینۆڵەکان ڕێگری لە ئۆکسان و کەڵەکەبوونی کۆلیستڕۆڵی خراپ (LDL) دەکەن لە خوێنبەرەکاندا، بەرزی ڕێژەی کۆلیستڕۆڵی ئۆکساو پەیوەستە بە تووشبوون بە جەڵتەی مێشک و جەڵتەی دڵ، توێژینەوەیەک ئەوەی سەلماندووە کە کاتێک کەسانی پێگەیشتووی تەندروست ڕۆژانە بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ ١٫٥ کوپ (٣٧٥ میلیلیتر) شەربەتی سێوی پاڵفتەکراو دەخۆنەوە، کۆلیستڕۆڵی خراپیان بە ڕێژەی ٢٠٪ زیاتر بەرگری ئۆکسان دەکەن، هەروەها کاتێک خانمانی تەندروست ڕۆژانە ١٫٢٥ کوپ (٣١٠ میلیلیتر) شەربەتی سێو دەخۆنەوە، چالاکی دژەئۆکسان لە خوێنیاندا بە ڕێژەی ١١٪ زیادی کردووە لەماوەی یەک کاتژمێردا، زۆری چالاکی دژەئۆکسان مانای زیاتری توانای پاراستنی لەشە دژی ناخۆشییەکانی دڵ.

بەپێی تەمەن چالاکی مێشک دەپارێزێت

توێژینەوە سەرەتاییەکان پێشبینی ئەوە دەکەن کە شەربەتی سێو دەتوانێت یارمەتی پاراستنی کردارەکانی مێشک و تەندروستی بیر و هۆش بدات، هەندێک لەم پاراستنانە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی دژەئۆکسانی پۆلیفینۆڵەکان کە لە ناو شەربەتدا هەیە، ئەم پۆلیفینۆڵانە دەتوانن مێشک بپارێزن لە زیانبەرکەوتن بەهۆی ئەو تەنۆلکە ناجێگیرانەی کە پێیان دەوترێت تەنۆلکەی سەربەست، (تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن).

زیانەکان

بە شەربەتکردنی سێو دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەندێک سوودی سێو و دروستبوونی چەند مەترسییەک بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، ئەم ڕیزبەندییەی خوارەوە چەند کێشەیەکی تەندروستییە کە پەیوەستە بە خواردنەوەی شەربەتی سێو، هەروەها چەند ڕێگەچارەیەکی تێدایە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی لەش

ئەگەر تۆ کەسێکیت شەربەتی سێو دەخۆیتەوە، ئەوا کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی خواردەنەوەکی کارێکی گرنگە، کوپێک (٢٤٠ میلیلیتر) لە شەربەتی سێوی ئامادەکراو بڕی ١١٤ کالۆری تێدایە، لە کاتێکدا سێوێکی قەبارە مامناوەند نزیکی ٩٥ کالۆری تێدایە، شەربەتی سێو بە بەراورد بە سێو زووتر هەرس دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ لەماوەیەکی کەمدا کالۆرییەکی زۆر وەربگرێت، هەروەها شەربەت نابێتە هۆی کەمکردنەوەی برسێتی و هەستکردن بە تێربوون، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کالۆری زیاتر بەکاربێنیت.
لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر کەسانی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە، تێیدا سێوێک یان شیرینی سێو یان شەربەتی سێو بە ڕێژەیەکی دیاریکراوی کالۆرییان پێدەدرا، ئەوانەی سێویان خواردبوو هەستیان بەتێری کردبوو، بەڵام ئەوانەی شەربەتی سێویان خواردبوو کەمترین هەستی تێربوونیان هەبوو لە کاتێکدا کە شەربەتەکە ڕیشاڵی تێکرابوو، لەبەر ئەم هۆکارانە مەترسی وەرگرتنی کالۆری زۆر و لەدەستدانی کێش لە شەربەتدا زیاترە بە بەراورد بە سێو، ئەم ئەنجامە بۆ منداڵ و تازەپێگەیشتووانیش وەک یەکە.
ئەم خشتەیەی خوارەوە پێشنیازی ڕێژەی گونجاوی ڕۆژانەی شەربەتی سێوە.

تەمەن بڕی سنووردار
١-٣ ساڵ نیو کوپ (١٢٠ میلیلیتر)
٤ - ٦ ساڵ ١\٢ - ٣\٤ کوپێک (١٢٠ میلیلیتر - ١٧٥ میلیلیتر)
٧ - ١٨ ساڵ ١ کوپ (٢٤٠ میلیلیتر)

کەمیی کانزا و ڤیتامینەکان

یەک کوپ (٢٤٠ میلیلیتر) لە شەربەتی سێو سەرچاوەیەکی باش نییە بۆ هیچ ڤیتامین و کانزایەک، واتە بەلایەنی کەمەوە ١٠٪ ی هیچ ڤیتامین و کانزایەکی پێویستی ڕۆژانەی لەشی تێدانییە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شەربەتی سێو بەپێزکراوە و ڤیتامین C بۆ زیادکراوە، کە دەتوانێت ١٠٠٪ یان زیاتر ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی ئەو ڤیتامینە بۆ لەش دابین بکات، ئەگەر بەپێزنەکرابێت ئەوا شەربەتی سێو تەنها نزیکی ٢٪ ڕێژەی پێویستی ڕۆژانەی لەم ڤیتامینە تێدایە، ئەگەر ڕۆژانە میوە و سەوزەی جیاواز بخۆیت ئەوا بڕی پێویستی ڤیتامین C دەست دەکەوێت بەبێ خواردنەوەی شەربەتی سێوی بەپێزکراو.

شەکری زۆر و ڕیشاڵی کەم

جۆرە جیاوازەکانی شەربەت هەڵبژێرە لەبری ئەوەی تێکەڵەیەکی شەربەتی سێو بخۆیتەوە، کە شەکر و ئاوی تێکرابێت، لە ڕاستیدا هەموو ئەو کالۆرییەی لە ڕێگای شەربەتی سێوەوە دەست دەکەوێت ١٠٠٪ لە کاربۆهیدرات و زۆربەی لە فرەکتۆز و گلۆکۆز پێکدێت، کە ئەم دووانە پێکهاتەی سروشتی ناو شەکرن، لە هەمان کاتدا، کوپێک (٢٤٠ میلیلیتر) لە شەربەی سێو (پاڵێوراوبێت بێت یان خەڵتەدار) تەنها ٠٫٥ گرام ڕیشاڵی تێدایە.
ڕیشاڵ و پڕۆتین و چەوری یارمەتی خاوکردنەوەی کرداری هەرسکردن دەدەن و هەروەها یارمەتی هێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن دەدەن، کەڵەکەبوونی شەکری زۆر و کەمی ڕیشاڵی ناو شەربەت دەبێتە هۆی زیادکردنی شەکری خوێن، ئەگەر شەربەتی سێو لەگەڵ خواردنێک بخورێت کە پڕۆتین و چەوری تەندروستی تێدابێت ئەوا دەتوانێت کاریگەری شەربەتی سێو لەسەر شەکری خوێن کەم بکاتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست لە نانی بەیانیانیدا شەربەتی سێو و نان و کەرەی گەنمەشامی بخوات، ئەوا شەکری خوێنی بە ڕێژەی ٣٠٪ و کەمتر دەگۆڕێت.

هانی ڕزینی ددان دەدات

خواردنەوەی شەربەتی سێو پەیوەستکراوە بە کلۆربوونی ددانەکانەوە، بەکتریاکانی ناودەم شەکری ناو شەربەت بەکاردەهێنن بۆ بەرهەمهێنانی ئەو ترشەی کە دەتوانێت مینای ددان دابخورێنێت و ببێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکان، ئەگەر شەربەتی سێوت خواردن دووربە لە سوڕاندنەوەی لەناو دەمتدا، تاکوو زیاتر ددانەکانت شەکریان بەر بکەوێت، ئەگەری کلۆربوونیان زیاترە، بەکارهێنانی قامیشی خواردنەوە (قەسەب) دەتوانێت مەترسی کلۆربوونی ددان کەم بکاتەوە.

پوختە

شەربەتی سێو دەتوانێت سوودبەخش بێت بۆ شێدارکردنەوەی لەش لە کاتی نەخۆشیدا، پێکهاتە ڕووەکییە دژەنەخۆشییەکانی دەتوانێت دڵ و مێشک بپارێزێت بەپێی تەمەن.
لە هەمان کاتدا شەربەتی سێو بە بەراورد بە سێو توانای تێرکردنی کەمترە، ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزای پێویستی تێدانییە.
ئەگەر تۆ کەسێکیت حەزت لە شەربەتی سێوە، شەربەتی سروشتی و خەڵتەدار هەڵبژێرە بۆ ئەوەی لەشت پێکهاتەی ڕووەکی سوودبەخش وەربگرێت، لەبەر زۆری ڕێژەی کالۆری و شەکر تێیدا، هەوڵ بدە بە ڕێژەیەکی گونجاو بیخۆیتەوە.


سەرچاوەکان



793 بینین