پێکهاتە و سوودەکانی کاکاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-31-21:50:00 - کۆدی بابەت: 7456
پێکهاتە و سوودەکانی کاکاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاکاو بۆ یەکەمجار لەلایەن خەڵکی شارستانییەتی مایای ئەمریکای ناوەڕاست بەکارهاتووە، پاشان لە ساڵی ١٥٤٤ گەیشتووەتە ئیسپانیا لەگەڵ نوێنەرەکانی خەڵکی مایا کە بۆ سەردان چوونەتە ئیسپانیا، دواتر بووە بە دەرمانێکی بەناوبانگی باشکەری تەندروستی، تۆزی کاکاو بە وردکردنی بەری ڕووەکی کاکاو و لابردنی چەورییەکەی دروست دەکرێت، لە سەدەی ٢١دا کاکاو یەکێکە لە بەناوبانگترین بەرهەمەکان لەبەر ڕۆڵی گرنگی بۆ دروستکردنی چۆکلێتدا، توێژینەوە پێشکەوتووەکان ئەوەیان سەلماندووە کە چەندین پێکهاتەی گرنگی تێدایە تاکوو یارمەتی باشترکردنی تەندروستی مرۆڤ بدات.

پێکهاتە 

لە هەر ١٠٠ گرامێکی تۆزی کاکاودا ئەم پێکهاتانە بوونیان هەیە:

پێکهاتە بڕ
وزە ٢٢٨ کیلۆکالۆری
کاربۆهیدرات ٥٧٫٩ گرام
چەوری ١٣٫٧٠ گرام
پڕۆتین ١٩٫٦ گرام
کالسیۆم ١٢٨ میلیگرام
ئاسن ١٣٫٨٦ میلیگرام
مەگنیسیۆم ٤٤٩ میلیگرام
مەنگەنیز ٣٫٨٣٧ میلیگرام
فۆسفۆڕ ٧٣٤ میلیگرام
پۆتاسیۆم ١٥٢٤ میلیگرام
سۆدیۆم ٢١ میلیگرام
زینک ٦٫٨١ میلیگرام
ئاو ٣ گرام
کافایین ٢٣٠ میلیگرام

سوودەکان

دەوڵەمەندە بە پۆلیفینۆڵەکان

پۆلیفینۆڵەکان دژەئۆکسانی سروشتیین کە لە خواردنی وەک میوە و سەوزە و چا و چۆکلێتدا بوونیان هەیە، ئەم پێکهاتانە پەیوەست کراون بە چەندین سوودی تەندروستییەوە، وەک کەمکردنەوەی هەوکردن و یارمەتیدانی جووڵەی خوێن و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، هەروەها ڕێککردنەوەی ئاستی کۆلیستڕۆڵ و شەکری خوێن.
کاکاو یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە دەوڵەمەندترینە بە پۆلیفینۆڵەکان، بەتایبەت بڕێکی زۆری لە فلاڤانۆڵەکان تێدایە کە کاریگەرییەکی بەهێزی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنی هەیە، هەرچەند پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گەرمکردن دەبێتە هۆی ئەوەی کاکاو چەندین تایبەتمەندی بەسوود لەدەست بدات، زۆرجار لە کاتی بەرهەمهێناندا ماددەی تفتی تێدەکرێت بۆ کەمکردنەوەی تاڵییەکەی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێژەی فلاڤانۆڵ تێیدا ٦٠٪ کەم بکات، کەواتە لە کاتێکدا کە کاکاو سەرچاوەیەکی گرنگی پۆلیفینۆڵەکانە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو بەرهەمانەی کاکاویان تێدایە هەمان سوودی تەندروستییان هەبێت.

دەکرێت پەستانی خوێن کەمبکاتەوە 

کاکاو بە هەردوو جۆری تۆز و چۆکلێتی ئاسایی دەکرێت یارمەتی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بدات بە ڕێککردنەوەی ئاستی ئۆکسیدی نایترۆجین لە خوێندا، ئەم کاریگەرییە بۆ یەکەمجار لە خەڵکی دوورگەیەکی ئەمریکای ناوەڕاست تێبینی کرا، دەرکەوت ئەو کەسانەی کە کاکاویان دەخواردەوە پەستانی خوێنیان کەمتر بوو لەو کەسانەی کە کاکاویان نەدەخواردەوە، هۆکاری ڕێکخستنی ئۆکسیدی نایترۆجین دەگەڕێتەوە بۆ فلاڤانۆڵەکان، کە دەتوانن هانی کرداری دەمارەکانی خوێن بدەن و پەستانی خوێن کەم بکەنەوە، دەبێت ئەو لە یاد نەکرێت کە لە کاتی پڕۆسەی بەرهەمهێناندا ڕێژەی فلاڤانۆڵ کەم دەکات بۆیە مەرج نییە ئەم کاریگەرییە بۆ هەموو جۆرێکی کاکاو و چۆکلێت ڕاست بێت.

مەترسی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەم دەکاتەوە

لەگەڵ ئەوەی کە کاکاو دەتوانێت پەستانی خوێن کەم بکاتەوە، تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە ئەویش کەم کردنەوەی مەترسی تووشبوونە بە جەڵتەی دڵ و مێشک، کاکاوی دەوڵەمەند بە فلاڤانۆڵ ئاستی ئۆکسیدی نایترۆجین لە خوێندا ڕێکدەخات، کە ئەمەش یارمەتی خاوبوونەوە و کشانی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان دەدات و جووڵەی خوێن ڕێکدەخات، جگە لەوە دەرکەوتووە کە کاکاو کۆلیستڕۆڵی خراپ (LDL) کەم دەکاتەوە و کاریگەری لە ڕوونکردنەوەی خوێندا وەک ئەسپرین وایە، هەروەها شەکری خوێن ڕێکدەخات و هەوکردن کەم دەکاتەوە، کە ئەم تایبەتمەندییانە پەیوەستن بە کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی جەڵتەی دڵ و مێشک، لە پێداچوونەوەیەک کە ٩ توێژینەوەی لە خۆگرتبوو تیایدا ١٥٧٨٠٩ کەس بەشدارییان کردبوو، دەرکەوت کە ئەو کەسانەی چۆکلێت دەخۆن مەترسی تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەم بووە، دوو توێژینەوەی سویدی ئەوەیان سەلماندووە کە خواردنی (١٩-٣٠)گرام لە چۆکلێت ڕۆژانە پەیوەستە بە کەمکردنەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی دڵ، بەڵام ئەم کاریگەرییە دەرنەکەوت کاتێک کە بڕێکی زیاتر دەخورا، ئەم ئەنجامانە ئەوە دەگەیەنن کە خواردنی بڕێکی دیاریکراو و کەم لە چۆکلێتی دەوڵەمەند بە کاکاو سوودی پارێزەری دەبێت بۆ تەندروستی دڵ.

پۆلیفینۆڵەکان ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک و کرداری مێشک ڕێکدەخەن

چەندین توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە پۆلیفینۆڵەکان، وەک ئەو پۆلیفینۆڵانەی کە لە کاکاودا بوونیان هەیە، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی مێشک کەم دەکەنەوە، فلاڤانۆڵەکان دەتوانن بە بەربەستی خوێنیی مێشکدا تێپەڕن و بەشداری بکەن لەو ڕێگا زیندەییانەی کە تێیدا خانە دەمارەکان و گەردە گرنگەکان بۆ کرداری مێشک بەرهەم دێن، لەگەڵ ئەوەشدا فلاڤانۆڵەکان کاریگەرییان هەیە لە بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نایترۆجین، کە ماسولکەکانی خوێنبەرەکان خاودەکاتەوە و یارمەتی جووڵەی خوێن و ڕۆیشتنی خوێن دەدات بۆ مێشک، لە توێژینەوەیەکی دوو هەفتەییدا کە ٣٤ کەسی بە تەمەنی پێگەیشتوو کاکاوی دەوڵەمەند بە فلاڤانۆڵیان خواردووە و دەرکەوتووە کە ڕۆیشتنی خوێن بۆ مێشک دوای یەک هەفتە بە ڕێژەی ٨٪ و دوای دوو هەفتە بە ڕێژەی ١٠٪ زیادی کردووە.

باری دەروونی و نیشانەکانی خەمۆکی ڕێکدەخات

جگە لەوەی کاکاو کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر تێکچوونە هۆشییەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە، کاریگەرییەکەی لەسەر مێشک دەکرێت باری دەروونی و نیشانەکانی خەمۆکیش ڕێک بخات، کاریگەری ئەرێنی لەسەر باری دەروونی دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی فلاڤانۆڵ تێیدا، بە گۆڕانی ترشی ئەمینی تریپتۆفان (بە ئینگلیزی: tryptophan) بۆ هۆڕمۆنی جێگیرکەری باری دەروونی سێرۆتۆنین (بە ئینگلیزی: serotonin) بەهۆی کاریگەری کافایین یان هەستی خۆشی لە کاتی خواردنی چۆکلێتدا، توێژینەوەیەک ئەوەی سەلماندووە کە خواردنەوەی کاکاوی دەوڵەمەند بە پۆلیفینۆڵەکان یارمەتی ئارام بوونەوە و ئاسوودەیی دەدات، توێژینەوە و بەدواداچووەی زیاتر پێویستە بۆ سەلماندنی کاریگەری کاکاو لەسەر باری دەروونی.

کێشی لەش کۆنتڕۆڵ دەکات

خواردنی کاکاو تەنانەت بە شێوەی چۆکلێتیش دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کێشی لەش، کاکاو بەکارهێنانی وزە لەلایەن لەشەوە ڕێکدەخات، حەزی خواردن و هەوکردن کەم دەکاتەوە، هەروەها ئۆکسانی چەورییەکان و هەستی تێربوون زیاد دەکات، توێژینەوەیەکی دابەزاندنی کێشی لەش بە بەکارهێنانی ژەمی کاربۆهیدراتی کەم، ئەوەی دۆزییەوە کە ئەو دەستەیەی کە ڕۆژانە ٤٢ گرام لەو چۆکلێتەی کە ٨١٪ کاکاو بووە خواردووە، کێشی لەشیان لە دەستەکانی دیکە زیاتر دابەزیوە، هەرچەند توێژینەوەی دیکە باسیان لەوە کردووە کە خواردنی چۆکلێت کێش زیاد دەکات، بەڵام زۆربەیان ئاماژەیان بە جۆری چۆکلێتەکە نەداوە، چونکە چۆکلێتی سپی و چۆکلێتی شیر هەمان ئەو کاریگەرییەیان نییە کە چۆکلێتی ئاسایی هەیەتی.
بەشێوەیەکی گشتی وا دەردەکەوێت کە کاکاو و بەرهەمەکانی دەوڵەمەند بە کاکاو یارمەتیدەرن لە دابەزاندنی کێش، بەڵام توێژینەوەی زیاتر پێویستە.

پوختە

کاکاو هەزاران ساڵە سەرنجی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هەروەها بەشێکی گەورەی دروستکردنی کێک و شیرینییە لە شێوەی چۆکلێتدا، سوودە تەندروستییەکانی کاکاو بریتییە لە کەمکردنەوەی هەوکردن و رێکخستنی تەندروستی دڵ و مێشک و شەکری خوێن و کۆنتڕۆڵکردنی کێشی لەش، بە چەندین شێوازی دەکرێت بخورێت و بخورێتەوە، دڵنیابە لەوەی کە ئەو کاکاوەی بەکاری دەهێنیت بە تفت نەکرابێت، یان ئەو چۆکلێتەی (بە ئینگلیزی: dark chocolate) دەیخۆیت ڕێژەی کاکاوەکەی زیاتر بێت لە ٧٠٪ ئەگەر سوودی تەندروستی زۆرت دەوێت.
هەروەها ئەوەت بیر بێت کە چۆکلێت بڕێکی پێویست لە شەکر و چەوری تێدایە، کەواتە ئەگەر بڕیارت داوە بیخۆیت بڕێکی گونجاو بخۆ و لەگەڵ خواردنێکدا بیخۆ کە هاوسەنگی تەندروستیت ڕابگرێت.


سەرچاوەکان



859 بینین