شاخەوان

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-01-03-13:45:00 - کۆدی بابەت: 7478
شاخەوان

ناوه‌ڕۆك

شاخەوان کێیە؟

شاخەوان (بە ئینگلیزی: Mountaineer)، بە ئەو کەسە دەگوترێت کە وەرزشی سەرکەوتن و هەڵگەڕان بە شاخ و چیا بەرزەکاندا ئەنجام دەدات لە چەندین ناوچەی جیاوازی جیهان و پێشتر هیچ ڕاهێنانێکی بۆ ئەنجام نەداوە، ئەم کەسانە تەنها وەک ئارەزوو و خولیا و چالاکییەک و سەرکێشییەکی خۆش ئەم کارە ئەنجام دەدەن و چێژی لێدەبینن، ئەم وەرزشە لەگەڵ ئەوەی چێژبەخش و جیاوازە مەترسیداریشە، بۆیە شاخەوانەکان پێویستە لەکاتی ئەنجامدانی شاخەوانیدا چەند کەلوپەلێک بەکاربهێنن تا پارێزراو بن و ڕووبەڕووی بریندار بوون و مردن نەبنەوە.

پێداویستییەکانی شاخەوان

ئەمانە هەندێکن لە ئەو پێداویستییانەی کە پێویستە شاخەوانەکان لە کاتی وەرزشی شاخەوانیدا بەکاریبهێنن:

  • جووتێک پێڵاو: هەڵبژاردنی جووتێک پێڵاوی گونجاو زۆر گرنگە بۆ ئەم وەرزشە، پێویستە ڕووی دەرەوەی پێڵاوەکان ماددەی ڕەق بن و ناوەوەی نەرم و گەرم و ئاسوودە بێ.
  • کرامپسۆن: ئامێرێکە لە کاتی سەرکەوتن بە شوێنە سەهۆڵەکاندا لەپێ دەکرێت، بەشی سەرەوەی چەند پارچە چەرمێکە و بەشی ژێرەوەی کانزایە و بەلایەنی کەمەوە ١٢ نوکی تیژی پێوەیە.
  • گوریس (پەتی ئەستوور): گوریسەکان بەکاردێن بۆ هەڵگەڕان و بەرزبوونەوە بۆ شوێنە بەرزەکان و درێژییان بە نزیکەیی حەوت تا دە مەتر دەبێت.
  • چەسپێنەری گوریس: ئەم ئامێرە چەند جۆر و شێوازێکی جیاوازی هەیە کە شاخەوانەکان بەپێی شێوازی هەڵگەڕانەکەی خۆیان بەکاریدەهێنن، ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم ئامێرە ڕێگری کردنە لە هەر کەوتنەخوارەوەیەکی لەناکاو لە کاتی سەرکەوتن بە گوریس.
  • کەمەربەند: ئامڕازێکی گرنگە کە لە ڕێگەیەوە گوریسەکان دەبەسترێن بە شاخەوانەکەوە.
  • تەوری سەهۆڵی: ئەم تەورە سەرێکی تیژی هەیە لە شوێنە سەهۆڵەکاندا بەکاردێت و یارمەتی شاخەوان دەدات لەکاتی هەڵگەڕاندا بەجۆرێک کە دەچەقێتە ناو سەهۆڵەکەوە و ڕێگری لە کەوتن و خزانی شاخەوانەکە دەکات.

سوودەکانی وەرزشی شاخەوانی

  • چالاککردنی سوڕی خوێن لە هەموو جەستەدا: کرداری سەرکەوتن و هەڵگەڕان بە شوێنە بەرزەکاندا هانی چالاککردنی سوڕی خوێنی هەموو جەستە دەدات.
  • بەهێزکردنی ماسولکەکانی لەش: شاخەوانی دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ماسولکەکانی جەستە بەگشتی و ماسولکەکانی قاچ بەتایبەتی.
  • فێربوونی ئارامگری: شاخەوانی سەرکێشییەکی سەخت و گرانە و پێویستی بە ئارامگرییە، هەندێکجار شاخەوان تووشی ڕوداوێک دەبێت و پێویستە ئارامبگرێت و لەسەرخۆبێت.
  • هاوسەنگی نێوان توانای جەستەیی و دەروونی: شاخەوانەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان پێویستە هاوسەنگی نێوان جەستە و دەروونیان ڕابگرن ئەگەر وانەکەن ناگەنە ئەنجام و شکست دەهێنن.
  • فێربوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان: لوتکەی چیاکە لەوانەیە بە مانای زۆر لە ئامانجەکانی ژیان بێت کە بۆ گەیشتن بە هەردووکیان پێویستە هێز و ویست و سووربوون بەکاربهێنین.


سەرچاوەکان



1259 بینین