بینا سووتاوەکەی سیروان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-07-15:31:00 - کۆدی بابەت: 7523
بینا سووتاوەکەی سیروان

ناوه‌ڕۆك

جەنگی عێراق و ئێران

وڵاتی عێراق بۆ ماوەی هەشت ساڵ لە نێوان ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨ لە جەنگێکی خوێناویی بەرانبەر بوو لەگەڵ ئێراندا، هەردوو وڵات لەو ماوەیەدا ملیۆنێک کوژراویان دا و بەشێکی زۆری ناوچە سنوورییەکانیان وێران بوو، کوردستانیش تووشی چەندین کارەسات بوو لەو ماوەیەدا، وەک: کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت، کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و داگیرکردنی سەرپێڵی زەهاو و داگیرکردنی کرماشان لەلایەن ڕێکخراوی موجاهیدی خەلق.

لەم ماوەیەدا هەردوو وڵات یەکترییان تۆپباران دەکرد و زۆرینەی کاتیش تۆپباران دەبووە هۆی شەهیدبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی و بێ چەک لەناو شارەکان، ڕووداوی بینا سووتاوەکەی سیروانیش یەکێکە لەو ڕووداوە تراژیدیانەی ئەو ماوەیە.

بیناکەی سیروان

لە ڕۆژی ١٩٨٦/٨/٦ لە ماوەی جەنگی ئێران و عێراق، بەهۆی تۆپبارانی سوپای ئێرانەوە بۆ سەر سنووری دەشتی شارەزوور، (خوێندنگەی سیروانی سەرەتایی) لە شارەدێی سیروان تۆپباران کرا، خوێندنگاکە وەک پەناگەیەک لەلایەن هاوڵاتیانی ناوچەکەوە بەکارهاتبوو بۆ خۆپاراستن لە تۆپباران، بەهۆی لێدانی تۆپەوە زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی لەنێو بیناکە بە زیندوویی سووتان و گیانیان لەدەست دا. لەگەڵیشیاندا ١٨٠ کەس برینداربوون.

ڕووداوەکە

ئەوانەی لەناو بیناکە بوونە قوربانی کەسانی بەساڵاچوو و ژن و منداڵی دانیشتووی بەشێک لە گوندەکانی هەورامان و شارەزوور بوون. بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان لە باخچەی بیناکەدا کۆمەڵێکی زۆر بەرمیلی سووتەمەنی و نەوتی هاوڵاتیان هەبووە و لەبەردەم دەرگەی خوێندنگەکەش ئۆتۆمبێلێک هەبووە، لە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەشی مانگ یەکێک لە تۆپەکانی ئێران بەر حەوشەی بیناکە دەکەوێت و دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو بەرمیلە نەوتەکان و ئاگر تاوەکوو نهۆمی دووەمی بیناکە بەرزدەبێتەوە و بە یەکجاری هەردوو نهۆمەکە گڕدەگرن، دواتر شۆرتی کارەبای خوێندنگەکە ئاگرەکە بەتینتر دەکات. دوای چەند خولەکێک ئۆتۆمبێلی بەردەم دەرگەی خوێندنگەکە ئاگر دەگرێت و ئەو چەند کەسە کەمەی ڕزگاریان بووە بە سووتاوی لەژێر ئۆتۆمبێلەکەوە دەرچوون. هەندێکیش بە گڕی ئاگر و بە سووتاییەوە دەهاتن و دەیان کێشا بە ئۆتۆمبێلەکەدا و شەهید دەبوون. ئەو کەسانەی لەوێ سووتابوون زۆربەیان جەستەیان بەیەکتریییەوە لکابوو و جیانەدەبوویەوە.

ئەو کەسانەی توانییان ڕزگاریان بێت یان بە سووتاوی لەژێر ئۆتۆمبێلەکەوە ڕزگاریان بووە، یان لە نهۆمی دووەمەوە خۆیان خستووەتە خوارەوە و کەم ئەندام بوون.

چیرۆکی چەند کەسێکی ڕووداوەکە

کەسێک بەناوی ئیسماعیل خەیات کە دەبیستێت شەش کەسی خێزانەکەی لەناو بیناکەدان، بۆ ڕزگارکردنیان دەڕواتە خوێندنگەکە و ئەویش لەگەڵیان دەسووتێت، کەسێکی دیکە بەناوی کۆچەر مەولوود لەو کاتەدا منداڵ بووە، دوای ڕووداوەکە دەشۆردرێت و کفن دەکرێت و دەبڕێتە گۆڕستان، بەڵام لەوێ گیانی بەبەردا دێتەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە لەبەر هەڵمژینی بڕێکی زۆر دووکەڵ بووراوەتەوە و نەمردووە. دوای ڕووداوەکە چەند دایک و منداڵێک پێکەوە بینراون کە لە ئامێزی یەکتریدا سووتاون و جیانەکراوەتەوە.

بەجینۆساید نەناساندن

بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئەگەر کۆمەڵە مرۆڤێک پێکەوە لە شوێنێکدا بەبێ تاوان پەلامار بدرێن و بکوژرێن دەچنە خانەی جینۆسایدەوە، بەڵام کارەساتی خوێندنگەکەی سیروان نەخراوەتە لیستی تاوانێکی کۆمەڵکوژییەوە. لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە بیناکە کراوە بە مۆنیومێنت و وێنەی شەهیدەکانی تێدا هەڵواسراوە، بەڵام گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە و لەلایەن خەڵکەوە کراوە بە گەوڕی بەخێوکردنی ئاژەڵ، بیناکەش بووەتە شوێنی فڕێدانی خاشاک و پاشماوە.

بەرهەمی هونەری و ئەدەبی

ساڵانە یادی شەهیدانی کارەساتەکە لە شارۆچکەی سیروان دەکرێتەوە و دەسەڵاتدارانی شارەکە بانگهێشت دەکرێن و چەند وتە و مەراسیمێک پێشکەش دەکرێت.

ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن فریاد هەورامییەوە کتێبێک بەناوی (بینا سوتاوەکەی سیروان، لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە) بڵاوکرایەوە.


سەرچاوەکان



644 بینین