لەچک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-07-23:00:00 - کۆدی بابەت: 7528
لەچک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەچک (بە ئینگلیزی: scarf) پارچە قوماشێکە بۆ داپۆشینی سەر و ملی خانمان و بە قەبارە و شێوە و ڕەنگی جیاواز دەکرێت بۆ چەند مەبەستێک بەکاربهێنرێت وەک، لەسەرکردن لە پێناو فەرمانی خوا کە لەچک یەکێکە لە فەرزەکانی خوای گەورە، کولتوور، خۆپارێزی لە گەرما، ڕاگرتنی پاکوخاوێنی قژ، یاخود بۆ جوانی.
هەروەها شێوەی جیاوازی هەیە وەک لەچکی چوارگۆشە، سێگۆشە، لاکێشە، وە بە قەبارەی جیاوازی گەورە و بچووک و مامناوەند.

لەچک لە کۆندا و مێژووەکەی

مێژوویی درووستبوونی لەچک دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویی دروستبوونی جلوبەرگ و هەر لەوکاتەوە داپۆشینی سەر و ملیش بە چەند هۆکارێکی جیاواز هەبووە، لە کۆندا بۆ خۆپاراستن لە گەرما و سەرما و داپۆشینی سەر و قژ لە ڕەشەبا و تۆز و خۆڵ لەچک بەکارهاتووە نەک تەنها لە خانماندا بەڵکوو پیاوانیش بەکاریان هێناوە، بەڵام لەلای زۆرینە لەچککردن هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ئایینەوە و لە قورئانی پیرۆزدا باس لەوە کراوە کە خانمان لەو تەمەنەوەی کە ئیتر هەموو ئەرکێکیان لەسەر واجب دەبێت، پێویستە لەچک بکەن و قژ و سەر و ملیان دابپۆشن، ئەمە نەک تەنها لە ئایینی ئیسلامدا بەڵکوو لە سەردەمانی کۆندا لە ئاینی مەسیحی و جولەکەشدا لەچککردن بەشێک بووە لە دینەکە و بە جۆرێک لە سەدەی ١٧ بۆ ١٨ـی زایینیدا کە جۆرە لەچککردنێکی خانمانی موسوڵمان لەناو خانمە مەسیحییەکانیشدا زۆر باو بووە.
هەروەها لە هەندێک وڵاتیشدا جیا لە هەموو هۆکارەکانی دیکە خانمان لەچکیان بەکارهێناوە بۆ سەلماندنی خانمێتی خۆیان.

لەچک لە ئێستادا

لەم سەردەمی ئێستادا زۆرینەی خانمان لەچک لەبەر فەرمانی خودا دەکەن و لەچککردن بۆ مەبەستی کولتوور و خۆپارێزی کەمتر بووەتەوە، شێوازی کردنی لەچک و قوماش و ڕەنگ و نەخشەکانی لە ئێستادا هەمووی گۆڕاوە و خانمان وەک سەردەمانی پێشوو لەچک ناکەن و ڕۆژ بە ڕۆژیش لەچککردنی جیاوازتر و بە مۆدێلی جیاوازتر بەکاردەهێنن.

لەچککردن لە ئیسلامدا

لەچککردن یەکێکە لە فەرزەکانی خوای گەورە و لەسەر هەموو خانمێکی پێگەیشتوو واجبە، خوای گەورە لە سورەتی النور لە ئایەتی ٣١ـدا دەفەرمێت ﴿وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا لِبُعُولَتِهِنَّ أَوْ آبَائِهِنَّ أَوْ آبَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ أَبْنَائِهِنَّ أَوْ أَبْنَاءِ بُعُولَتِهِنَّ أَوْ إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي إِخْوَانِهِنَّ أَوْ بَنِي أَخَوَاتِهِنَّ أَوْ نِسَائِهِنَّ أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُهُنَّ أَوِ التَّابِعِينَ غَيْرِ أُولِي الْإِرْبَةِ مِنَ الرِّجَالِ أَوِ الطِّفْلِ الَّذِينَ لَمْ يَظْهَرُوا عَلَى عَوْرَاتِ النِّسَاءِ وَلَا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِنْ زِينَتِهِنَّ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَ الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ﴾ ﴿۳۱﴾

واتە: (به‌ ئافره‌تانی ئیمانداریش بڵێ: چاویان بپارێزن (لە سەیرکردنی نامەحرەم) داوێنی خۆیان بپارێزن له‌ گوناهـ و جوانی خۆیان ده‌رنه‌خه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی که‌ دیاره‌ وه‌ك (ڕووخسار و ده‌ست) با سه‌رپۆشه‌کانیان بده‌ن به‌سه‌ر سینه‌ و ملیاندا و جوانی و ڕازاوەیی خۆیان ده‌رنه‌خه‌ن به‌ته‌واوی بۆ هاوسه‌ره‌کانیان نه‌بێت، یان باوکی خۆیان، یان باوکی مێرده‌کانیان، یان کوڕی خۆیان، یان کوڕی مێرده‌کانیان، یان بۆ براکانی خۆیان، یان برازاکانیان، یان خوشکه‌زاکانیان، یان ئافره‌تێك که‌ په‌یوه‌ندیان هه‌یه‌ پێکه‌وه‌، یان ئه‌وانه‌ش که‌ که‌نیزه‌کانیان (که‌ له‌ بارودۆخی تایبه‌تدا هه‌بوون) یان ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ ماڵه‌کانتاندا ده‌ژین و پێویستیان به‌ ئافره‌ت نییه‌ (له‌ به‌ر پیری، یان نه‌خۆشی...هتد) یاخود ئه‌و منداڵانه‌ی که‌ هێشتا شاره‌زاییان له‌ ئافره‌تان نییە و (ئاره‌زووی جنسیان بۆ دروست نه‌بووه‌ و نازانن باسی عه‌ورات بکه‌ن) نابێت ئافره‌تانی ئیماندار قاچیان ده‌ربخه‌ن و پێیان بده‌ن به‌ زه‌ویدا (تا ده‌نگی خشڵ و پاوانه‌کانیان بێت) و بزانرێت که‌ زینه‌تدارو خشڵدارن، که‌واته‌ هه‌مووتان ئه‌ی ئیمانداران به‌ره‌و لای خواو به‌ده‌ستهێنانی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگار و سه‌رفرازبن.

جۆرەکانی قوماشی لەچک

  1. لەچکی نەرم
  2. لەچکی ئاوریشم
  3. لەچکی بریسکەدار
  4. لەچکی کرێب
  5. لەچکی جۆرجێت
  6. لەچکی شلیلەیی
  7. لەچکی حەریر
  8. لەچکی شل
  9. لەچکی قەدیفە
  10. لەچکی خوری

هەریەکە لەم قوماشانە بەپێی وەرز و شوێن و کاتەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لەچکی قەدیفە و خوری و شلیلە زیاتر لە وەرزی زستان و سەرمادا دەکرێن چونکە ئەستوورن و لەچاکەکانی تریش دەبێت بەپێی شوێن و ئەو جلەی لەبەرتدایە بیگونجێنیت بۆ نموونە لەچکی بریسکەدار وا جوانترە بۆ سەر جلی کوردی و بۆنەی تایبەت بکرێت.

شێوازەکانی لەچککردن 

شێوازی سادە

لەم شێوازەدا لەچکەکە ئەگەر چوارگۆشە یان لاکێشە و سێگۆشە بێت بە شێوەیەکی سادە دەکرێت و بە دەرزییەک لەلای ملدا جێگیر دەکرێت و لاکانی دەبرێتە دواوە و یاخود لایەکی دەهێنرێتە پێشەوە، ئەم شێوارە کردنی ئاسانە.

شێوازی تێکەڵ

لەم جۆرەدا ئیتر لەچکەکە هەر جۆرێک بێت دوای ئەوەی کە توندکرا لە ملدا لاکانی دەبرێنە سەرەوە و بەپێی ئارەزووی خانمەکە خۆی بە شێوازی جیاواز دەیبەستێت و دەیڕازێنێتەوە و کردنی ئەم شێوازە تا ڕادەیەک ئاڵۆز و قورسە.

نیو لەچک

لەم جۆرەدا هەموو قژ داناپۆشرێت و نیوەی قژەکە لە دەرەوەیە و زۆرجاریش مل و بەشێک لە سنگیش بە دەرەوەیە.

تۆربان

ئەم جۆرەیان تەنها قژ دادەپۆشێت و لەچکەکە بەرەو دواوە دەبرێتەوە و نایەتەوە بەسەر مل و سنگدا شێوەکەی وەک کڵاوێکە، هەندێک بە جلی داپۆشراو مل و سنگیان دادەپۆشن تاکوو کاتی کردنی تۆربانەکە دیار نەبێت و هەندێکی دیکەش جیا لە قژ و پەرچەمیان مل و سنگیشیان دەردەکەوێت و تۆربانەکە تەنها بۆ بەشێکی کەم لە قژیانە.


سەرچاوەکان



1466 بینین