بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-09-20:00:00 - کۆدی بابەت: 7546
بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی

ناوه‌ڕۆك

بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی چییە؟

بەراوردکردن بارێکی قورس دەخاتە سەر دەروونمان، کاتێک خۆمان بەراورد دەکەین بە خوشک، برا، دراوسێ، هاوکار، کۆمەڵە هەستێکی جۆراوجۆرمان دەبێت، مێژووی تیۆری بەراوردکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێک لەمەوبەر، له ساڵی 2014 لیۆن فێستنگر (Leon Festinger) یەکەم کەس بوو کە ئەم تیۆرییەی دانا، ئەو پێی وابوو مرۆڤەکان تووشی پشێوییەکی دەروونی دەبن بە هەڵسەنگاندنی خۆیان و بەراوردکردنی خۆیان بە کەسانی تر، ئێمە هەموومان جیاواز بڕیار لەسەر خۆمان دەدەین و بۆ هەڵسەنگاندنی خۆمان بەراوردی کۆمەڵایەتی دەکەین، بۆ نموونە، کاتێک ناوی خۆت له وانەیەکی مۆسیقا دەنووسیت، دوای چەند وانە و پێشکەوتنی پۆلەکە دەست دەکەیت بە بەراوردکردنی خۆت بە هاوپۆلەکانت، هەمووان هەڵدەسەنگێنیت و دەتەوێت بزانیت له کامەیان باشتریت و لە کامەیان خراپتر، ئەگەر بۆت دەربکەوێت کە لە هاوپۆلاکانی تر باشتریت ورە و هەوڵدانت زیاتر دەبێت، لیۆن فێستنگر دەڵێت: ئێمە دەست دەکەین بە بەراوردکردنی خۆمان بە کەسانی تر تا بە بەدەستهێنانی هەندێ نموونە، هەڵسەنگاندنێکی ڕاست بۆ خۆمان بکەین.

جۆرەکانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی

  1. بەراوردکردنی خود بە کەسانی باشتر: هەندێ کات بۆ بەراوردکردن دەچینە سۆراغی ئەو کەسانەی کە وا هەست دەکەین لە ئێمە باشترن، بە دروستبوونی بەراوردێکی ئاوا هەستی پێشکەوتن و باشتربوون دروست دەبێت لە ناخماندا. بە هەڵسەنگاندنی کارەکانی کەسێکی لە خۆمان باشتر ئێمەش دەمانەوێت باشتر بین و خۆمان بەرزتر بکەینەوە، بۆ نموونە، لە تیمی تۆپی باسکەی قوتابخانە بەشداریت و دەبینیت هەندێک بەشداربوو بەهێزترن، سەرەتا لەوانەیە کەمێک پێت ناخۆش بێت و وابزانیت لەوان کەمتریت، لێرەدا بەراوردکردن ڕێگایەکە بۆ ئەوەی هەوڵبدەی بگەیت بە ئەوان و بەهێزتر بیت، لە کاتی ڕاهێنان تێدەگەیت تۆش دەتوانیت باشتر بیت وەکوو ئەوانی تر تەنانەت باشتر لەوانیش بیت.
  2. بەراوردکردنی خود لەگەڵ کەسانی خراپتر: هەندێ کات خۆمان بەراورد دەکەین بە کەسانی لە خۆمان خراپتر کە سەرکەوتنی کەمتریان هەیە، ئەم شێوازە بۆ بەهێزکردنی ڕۆحییەت و متمانەبەخۆبوونی ئێمەیە، هەڵبەت کەس لە کەس زیاتر نییە، بەڵام دەبێت قبوڵی بکەین کە توانای مرۆڤەکان جیاوازە لە یەکتر و هەر کەسەو دەتوانێت لە بوارێکدا باشتر بێت لە یەکێکی تر، بۆ نموونە، تۆ خۆت بە هاوڕێکەت بەراورد دەکەیت و دەبینیت کە تۆ وەرزشکاریت و جەستەیەکی ڕێکت هەیە ئەمەش بوێریت پێ دەدات کە بەشداری بکەیت لە پێشبڕکێی ماراسۆن، کاتێک لەوێ ئامادە دەبیت، ڕووبەرووی کەسانێک دەبیتەوە کە زیاتر ئامادەن و باشترن لەوانەشە وا نەبێت، بەهەرحاڵ بەراوردکردنی خود بە کەسانی لاوازتر ڕێگایەکە بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێش چوون.

سوودەکانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی چییە؟

بەراوردکردنی خود بە لاوازترەکان لەوانەیە ببێتە هۆی بەهێزکردنی متمانەبەخۆبوون. لەوانەشە وێنا و هەستێکی باشمان دەربارەی خۆمان بۆ دروست بکات، لایەنی ئەرێنی بەراوردکردنی خود بە باشترەکان و خراپترەکان لەوەدایە کە ئەنگیزە دروست دەکات بۆ زیاتر هەوڵدان و گۆڕینی پێگە و به ئامانج گەیشتن، وەرگرتنی وزەی ئەرێنی له بەراوردکردنی خود لەگەڵ باشترەکان، ڕێگایەکە بۆ پێشکەوتن، بەڵام مەرج نییە هەمیشە وابێت و دەکرێت بەراوردکردن بە هەر دوو جۆرەکەیەوە لایەنی نەرێنیشی هەبێت.

لایەنە نەرێنییەکانی بەراوردکردنی کۆمەڵایەتی

تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت (Theodore Rooseveltتێڕوانینێکی سەیری بۆ بەراوردکردن هەیە. بەڕای ئەو بەراوردکردن (دزی دڵخۆشییە)، هەندێک کات بەراوردکردن ئەو کاریەگەرییە باش و ئەرێنییانەی نابێت کە باسکرا و دەکرێت له ئەنجامدا ببێتە هۆی دروستبوونی هەستی زۆر خراپ لە ئێمەدا، زیاد له پێویست ململانێ لەگەڵ ئەوانی تر لە ئەنجامە نەرێنییەکانی بەراوردکردنە، ئەگەر بمانەوێت ململانێ و پێشبڕکێیەکی زۆر بکەین لەگەڵ ئەوانی تر و بگەین بە ئاستی کەسە باشەکان له بواری جیاوازدا، ماندوو دەبین و ئارامی دەروونیمان نامێنێت، متمانە بەخۆبوونمان کەم دەبێتەوە، هەستی خراپی وەکوو ئیرەییمان تیا دروست دەبێت، بەراوردکردنی خود بەوانی تر هەندێ کات دەبێتە هۆی هەڵە تێگەشتن لە ناسینی کەسەکان و بیرکردنەوەی نا تەندرووست لە بیرماندا دروست دەکات. بۆ نموونە، هەندێ کات بەراوردکردنی خود بە کەسانی لە خۆمان خراپتر ئەو بیرکردنەوەیەمان لا دروست دەکات کە لە کەسانی تر باشترین، بەڵام لە کاتی بەراوردکردن بە کەسە باشترەکان لە هەمان بواردا دەریدەخات کە ئێمە بەراستی لەو بوارەدا باشترین و تایبەتترین نین.


سەرچاوەکان



3890 بینین