لیسیۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-11-23:37:00 - کۆدی بابەت: 7573
لیسیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لیسیۆم (بە ئینگلیزی: Lithium) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە (Li) و گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە سێ، کانزایەکی ئەلکالی نەرمی سپیی زیوییە، لە پلەی گەرمی و پەستانی ستاندارددا (پلەی گەرمی ژووردا) توخمێکی ڕەقی کانزاییە کە کەمترین چڕی هەیە، لیسیۆم وەک هەموو کانزا ئەلکالییەکانی تر زۆر چالاک و گڕگرتووە و دەبێت لە بۆشایی یان بەرگە هەوای نەبزۆک یان شلەیەکی وەک کێرۆسین یان ڕۆنی کانزایی نەبزۆکدا هەڵبگیرێت، کاتێک لەت دەکرێت بریقەیەکی کانزایی هەیە، بەڵام شێی هەوا بە زووی وای لێدەکات ژەنگ بکات و ڕەنگی بگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشییەکی زیویی تاریک و دواتر بۆ ڕەشێکی تاریک.
بەشێوەی توخمی سەربەخۆ لە سروشتدا بوونی نییە، بەڵکوو تەنها بە شێوەی ئاوێتەی ئایۆنی بوونی هەیە، وەک کانزاکانی پێگماتیتیک کە سەرچاوەی سەرەکی لیسیۆمن، هەروەها بەهۆی توانای توانەوەکەیەوە زیاتر لە ئاوی ئەو زەریایانەدا بوونی هەیە کە ئاوەکەیان سوێرە، کانزای لیسیۆم بە شی بوونەوەی کارەبایی لە تێکەڵەی کلۆریدی لیسیۆم و کلۆریدی پۆتاسیۆم جیادەکرێتەوە.

مێژوو

ئاوێتەی پێتالایت (LiAlSi4O10) لە ساڵی ١٨٠٠ لەلایەن کیمیاگەرێکی بەڕازیلییەوە دۆزرایەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت تاکوو ساڵی ١٨١٧ توخمی لیسیۆم لەو ئاوێتەیەدا نەدۆزرایەوە، لەو ساڵەدا کیمیاگەرێک بە ناوی (جۆهان ئۆگەست) تێبینی بوونی توخمێکی نوێی کرد لەو ئاوێتەیەدا، ئەم توخمە وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم ئاوێتەی پێک دەهێنا، هەربۆیە کاربۆنات و هایدرۆکیسیدەکەی کەمتر تواوە بوون لە ئاودا.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ٣
کۆمەڵە ١ (هایدرۆجین و کانزا ئەلکالییەکان)
خول ٢
خشتۆک s-
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [He] 2s1

تایبەتمەندی فیزیایی

دۆخ ڕەق
پلەی گەرمی توانەوە

١٨٠,٥٠ پلەی سیلیزی، ٣٥٦,٩٠ پلەی فەهرەنایت

پلەی گەرمی کوڵان ١٣٣٠ پلەی سیلیزی، ٢٤٢٦ فەهرەنایت
چڕی ٠,٥٣٤ گرام/ سانتیمەتر سێجا

کانزا ئەلکالییەکان پێشیان دەوترێت خێزانی لیسیۆم، نموونەی کانزا ئەلکالییەکان وەک: (سۆدیۆم، پۆتاسیۆم، ڕابیدیۆم، سیزیۆم، فڕانسیۆم)، لیسیۆم هەروەک کانزا ئەلکالییەکانی تر یەک ئەلیکترۆنی هاوهێزی هەیە کە بە ئاسانی دەیبەخشێت، لەبەر ئەمە گەیەنەرێکی باشی گەرمی و کارەبایە و توانای کارلێککردنی بەرزە، بەڵام توانای کالێککردنی لە هەموو کانزا ئەلکالییەکانی تر کەمترە، هۆکاری توانای کارلێککردنی کەمی لیسیۆم دەگەڕێتەوە بۆ نزیکی ئەلیکترۆنی هاوهێزی لە ناوکەکەیەوە، هەروەها لیسیۆمی تواوە توانای کالێککردنی زیاترە بە بەراورد بە جۆرە ڕەقەکەی لیسیۆم.
کانزای لیسیۆم ئەوەندە نەرمە کە دەتوانرێت بە چەقۆ لەت بکرێت، کاتێک لەت دەکرێت ڕەنگێکی سپیی زیوی هەیە کە بەخێرایی دەئۆکسێت بۆ ئۆکسیدی لیسیۆم و ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشی.

تایبەتمەندی کیمیایی

لیسیۆم لەگەڵ ئاودا بە ئاسانی کارلێک دەکات، بەڵام توندی و بەهێزی کەمترە لە کانزا ئەلکالییەکانی تر، ئاوێتەکانی لیسیۆم کاتێک دەخرێنە سەر ئاگر ڕەنگێکی سووری تێری سەرنج ڕاکێشیان دەبێت، بەڵام کاتێک کانزاکە بە بەهێزی دەسووتێنرێت گڕەکەی ڕەنگێکی ڕوونی زیوی دەبێت، لیسیۆم کاتێک ئاو یان هەڵمی ئاوی بەردەکەوێت لە ئۆکسجیندا دەسووتێت یان گڕ دەگرێت.
لە شێی هەوادا لیسیۆم ڕاستەوخۆ ڕەنگی لێڵ دەبێت بۆ دروستکردنی ڕووپۆشێکی ڕەش لە هایدرۆکسیدی لیسیۆم (LiOH) و نیتریدی لیسیۆم (Li3N) و کاربۆناتی لیسیۆم (Li2CO3)، لیسیۆم یەکێکە لەو کانزا کەمانەی کە کارلێک لەگەڵ گازی نایترۆجیندا دەکەن.

بەکارهێنان

لە ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی ئەو لیسیۆمەی بەکارهاتبوو، بۆ دروستکردنی باتریی ئایۆنی لیسیۆمی ئۆتۆمبێل و مۆبایلی کارەبایی بەکارهات.

ئۆکسیدی لیسیۆم بە شێوەیەکی فراوان وەک گۆڕێنێک بەکاردێت لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان سیلیکادا، چونکە پلەی شل بوونەوە و لینجی ماددەکە کەم دەکاتەوە.

سێیەم باوترین بەکارهێنانی لیسیۆم بەکارهێنانییەتی لە ڕۆندا، هایدرۆکسیدی لیسیۆم بنچینەیەکی بەهێزە و کاتێک لەگەڵ چەورییەکدا گەرم دەکرێت سابوون دروست دەکات.

لیسیۆم لە بواری کانزاسازیشدا بەکاردێت و بۆ نموونە کاربۆناتی لیسیۆم وەک زیادکراوێک بەکاردێت بۆ داڕشتنی بەردەوامی گۆڕینی قاڵبی کۆزەر بۆ زیادکردنی شلێتی.

لیسیۆم کاریگەرە لە پێدانی بێخەوشی بە لکێنەری نانۆیی سلیکۆن لە پێکهاتە کارەباییەکانی ناو باتری و ئامێری تری کارەباییدا.

ئاوێتەکانی لیسیۆم لە یاری ئاگریندا بەکاردێن وەک ڕەنگکەر و ئۆکسێنەر.

ئاوێتەکانی وەک کلۆریدی لیسیۆم و بڕۆمیدی لیسیۆم مژەری شێن و لە تەوژمی گازیدا وەک ماددەی وشککەرەوە بەکاردێن، (تەوژمی گازی لە کاتی پاڵاوتنی پێترۆڵ و پڕۆسەی گازی سروشتیدا بەرهەم دێت)، هایدرۆکیسدی لیسیۆم و ژوورئۆکسیدی لیسیۆم خوێن و لە شوێنی تەنگدا بەکاردێن وەک کەشتی ئاسمانی بۆ لابردنی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن و پاککردنەوەی هەوا.

ئاوێتە ئەندامییەکانی لیسیۆم بەشێوەیەکی فراوان لە بەرهەمهێنانی پۆلیمەر و ماددە کیمیاییە بێزیانەکاندا بەکاردێت، پۆلیمەر واتای ناوەکەی بریتییە لە فرەبەش، ماددەیەکە کە لە دووربارەبوونەوەی بەشی جیای گەردی کیمیایی زۆر گەورە و زۆر بچوک پێکدێت، هەردوو جۆری پۆلیمەری سروشتی و دەستکرد ڕۆڵێکی بێسنووریان هەیە لە ژیانی ڕۆژانەدا لەبەر تایبەتمەندییە فراوانەکانیان.

لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی پۆلیمەردا ئاوێتە ئەلکالییەکانی لیسیۆم وەک کارای یاریدەدەر بەکاردێن.

لە بواری سەربازیدا کانزای لیسیۆم و هایدرایدەکانی وەک لیسیۆم ئەلەمنیۆم هایدراید بەکاردێت وەک زیادکەرێکی وزە بەرز بۆ بزوێنەری مووشەک، هەروەها ئەم هایدرادە دەتوانرێت بە تەنها وەک سووتەمەنی ڕەق بەکاربێت.

لیسیۆم بەسوودە بۆ چارەسەری نەخۆشی دوو جەمسەری.


سەرچاوەکان



1082 بینین