زانکۆی یەیڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-17-23:15:00 - کۆدی بابەت: 7625
زانکۆی یەیڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی یەیڵ (بە ئینگلیزی: Yale University)، زانکۆیەکی لێکۆڵینەوەیە لە شاری نیوهاڤنی ویلایەتی کۆنێتیکتی ئەمریکایە، لە 9ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1701 واتە 320 ساڵ پێش ئێستا وەکو خوێندنگەیەکی کۆلێجی دامەزراوە، هەروەها سێیەم و کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە نێو بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهاندایە.

زانکۆی یەیڵ یەکێکە لەو نۆ کۆلێجە کۆلۆنیالانەی کە پێش شۆڕشی ئەمریکا دامەزراوە، خوێندنگەی کۆلێجی لە ساڵی 1718دا ناونرا کۆلێجی یەیڵ بۆ ڕێزلێنان لە گەورەترین خێرخوازی تایبەتی قوتابخانەکە لە سەدەی یەکەمی بوونیدا بە ناوی ئیلایهیو یەیڵ (Elihu Yale).

مێژووی زانکۆی یەیڵ

خوێندنگەیی کۆلێجی لەلایەن کۆلۆنی کنکتیکوت (Connecticut Colony)ـەوە ڕێگە بە بنیاتنانی دراوه و لە ساڵی 1701 لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە دامەزراوە بە مەبەستی پەروەردەکردنی وەزیرانی تايبەت بە ئەندامانی پەرستگا پێش ئەوەی لە ساڵی 1716 بچن بۆ شاری نیو هاڤن (New Haven)، شێواز و جۆری وانەکان لە بنەڕەتدا سنوردار بوو بە بابەتی ئایینناسی و زمانە پیرۆزەکان، لە سەردەمی شۆڕشی ئەمریکا زانست و زانستە مرۆییەکان تێکەڵ بە نەخشەی وانەوتنەوەکە کران، هەروەها لە سەدەی نۆزدەهەمدا کۆلێجەکە فراوان بوو بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس و پیشەیی، لە ساڵی 1861 یەکەم بڕوانامەی دکتۆرای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێبەخشرا، لە ساڵی 1887دا وەک زانکۆیەک ڕێکخرا، ژمارەی دەستەی مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی یەیڵ لەدوای ساڵی 1890ەوە گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لەگەڵ ئەوەشدا سروشتی ناو زانکۆ و توێژینەوەی زانستی بەرفراوانبوونی خێرای بەخۆیەوە بینی.

بەشەکانی زانکۆکە

زانکۆی یەیڵ ڕێکخراوە بۆ چواردە قوتابخانەی پێکهێنەر، ئەوانیش کۆلێژی قۆناغی بەکالۆری بنەڕەتی و‌ خولەکانی ماستەر و دکتۆرای یەیڵ بۆ بەشە زانستی و هونەرییەکان لەگەڵ دوازدە قوتابخانەی پیشەیی، لەکاتێکدا کە زانکۆکە لەلایەن کۆمپانیای یەیڵەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، دەستەی مامۆستایانی هەر قوتابخانەیەک سەرپەرشتی پرۆگرامەکانی خوێندن و بڕوانامەکان دەکات، جگە لە کامپی ناوەندی لە ناوجەرگەی شاری نیو هاڤن، زانکۆکە چەندین بەشی وەرزشی هەیە لە ڕۆژئاوای نیو هاڤن، کامپێک لە وێست هاڤن لە ویلایەتی کنکتیکوت و بەشی زانستی ژینگەیی لە سەرتاسەری نیو ئینگلاند، لە ساڵی 2021دا داهاتی تەرخان‌کراوی زانکۆکە بڕی 42.3 ملیار دۆلار بووە کە دەکاتە دووەم زۆرترین داهاتی هەر دامەزراوەیەکی پەروەردەیی، هەروەها پەرتووکخانەی زانکۆی یەیڵ، کە خزمەتی هەموو خوێندنگە دامەزراوەکان دەکات، زیاتر لە 15 ملیۆن بەرگ "پەرتووک"ی هەیە و سێیەمین پەرتووکخانەی گەورەی ئەکادیمییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.

کەسە ناسراوەکانی دەرچووی ئەم زانکۆیە

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020، براوەی 65 خەڵاتی نۆبڵ و پێنج خەڵاتی فیڵدز و چوار خەڵاتی ئەبیلی و سێ براوەی خەڵاتی تورینگ سەربە زانکۆی یەیڵ بوون، هەروەها یەیڵ خاوەنی ژمارەیەکی زۆر دەرچووی ناسراوە لەوانە پێنج سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و 19 دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا و 31 ملیاردێری زیندوو و چەندین سەرۆکی دەوڵەت، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان ئەندامی کۆنگرێس و چەندین دیپلۆماتکاری ئەمریکی و 78 هاوڕێی ماک ئارتور و 252 زانای ڕۆدس، وە 123 زانای مارشاڵ و نۆ زانای میشێڵ سەربە زانکۆی یەیڵ بوون، هەروەها یەیڵ ئەندامێکی بیگ ثری (Big Three)ـیە "زانکۆی هارڤارد و زانکۆی یەیڵ و زانکۆی پرینستۆن"، لیژنەی زانستی ئێستای زانکۆی یەیڵ 67 ئەندامی ئەکادیمیای نەتەوەیی زانست و 55 ئەندامی ئەکادیمیای نەتەوەیی پزیشکی و 8 ئەندامی ئەکادیمیای نەتەوەیی ئەندازیاری و 187 ئەندامی ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی ئەمریکی لەخۆدەگرێت.


سەرچاوەکان



470 بینین