دەریای تاسمان

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-21-22:00:00 - کۆدی بابەت: 7656
دەریای تاسمان

ناوه‌ڕۆك

دەریای تاسمان

دەریای تاسمان (بە ئینگلیزی: Tasman Sea)، دەریایەکی پەراوێزی باشووری زەریای هێمنە و دەکەوێتە نێوان ئوسترالیا و نیوزیلاند، درێژییەکەی 2,800 کیلۆمەترە و پانییەکەی 2,200 کیلۆمەترە، دەریاکە بە ناوی دۆزەرەوەی هۆڵەندی ئابەڵ جانسۆن تاسمان ناونراوە کە لە ساڵی 1642 وەک یەکەم ئەوروپی تۆمارکراوە کە نیوزلەندا و تاسمانیای دۆزییەوە، دواتر دۆزەرەوەی بەریتانی جەیمس کووک وەکوو بەشێک لە یەکەم گەشتی بۆ گەڕان و لێکۆڵینەوە لە ناوچەکە و لە ساڵی 1970کاندا بە شێوەیەکی گشتی و بەرفراوان بە دەریای تاسماندا گەڕا، دەریای تاسمان بە فەرمی لە هەردوو وڵاتی ئوسترالیا و نیوزلەندای ئینگلیزی بە کەند ناودەبرێت، بۆ نموونە، گەشتکردن بۆ کەندەکە واتە گەشتکردن بۆ ئوسترالیا لە نیوزلەنداوە یان بە پێچەوانەوە، زاراوەی بچووک کراوە کە بۆ دەریای تاسمان بەکاردێت هاوشێوەی ئەو زاراوەیە کە ئاماژە بە باکووری ئۆقیانوسی ئەتڵەسی دەکات و بە مانای گۆماو دێت.

کەشوهەوا

بارستەی هەواییەکان کە لەژێر گوشار و پاڵەپەستۆیەکی کەمدان و لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕۆن بە بەشی باشووری دەریاکەدا تێدەپەڕن، سنووری باکووری ئەم بایە ڕۆژئاواییانە نزیکە لە 40 پلەی باشوورەوە، بەدرێژایی زستانی باشوور لە مانگی نیسانەوە تا مانگی تشرینی یەکەم لقی باکووری ئەم بایە لە ڕۆژئاواوە بەرەو باکوور ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت و ڕووبەڕووی بای بازرگانی دەبێتەوە، بەم شێوەیە دەریاکە لەو ماوەیەدا لە باشووری ڕۆژئاواوە بایەکی زۆری پێدەگات، لە وەرزی هاوینی وڵاتی ئوسترالیادا (تشرینی دووەم تا ئازار)، لقی باشووری بای بازرگانی ڕووبەڕووی بای ڕۆژئاوا دەبێتەوە و بای زیاتر لە ناوچەکەدا بەرهەم دەهێنێت.

لەڕووی جوگرافییەوە

ڕووبەری ڕووی دەریای تاسمان 2,300,000 کیلۆمەتری دووجایە و قوڵی دەریاکە 5,493 مەتره، بنکەی دەریاکە لە ليتەی گلۆبيجرينی نيشتەی دەريا قووڵەكانە، كە لە بنچينەدا لە سەدەفە قسڵييە وردەكانی گيانەوەری گلۆبيجرينا پێكدێت كە لە نيشتەی قوڕی تەڕ (ليتە) پێکهاتووە، هەروەها لە باشووری کالیدۆنیای نوێ ناوچەیەکی بچووکی ليتەی پەيكەری قاچ باڵييەكان هەیە و لە بەشی باشووریشدا دەتواندرێت لیتەی بەردە سلیکۆن ببینرێت.

دوورگەکانی دەریای تاسمان

دەریای تاسمان ژمارەیەک لە گرووپەکانی دوورگەی ناوەڕاستی دەریایی تێدایە، بەتەواوی جیا لە دوورگەکانی کەناراوی نزیک خاکی سەرەکی کیشوەرەکانی ئوسترالیا و نیوزلەندا:

  • دوورگەی لۆرد هاو کە بەشێکە لە ویلایەتی نیو ساوت وێڵز.
  • دوورگەی تۆپی هەڕەمی یان هەڕەمی تۆپ، کە بەشێکە لە ویلایەتی نیو ساوت وێڵز.

سنووری ئاوی دەریای تاسمان

  • لە باکوورەوە، دەریای کۆڕاڵ
  • لە خۆرهەڵات و خۆرهەڵاتی باکوورەوە، زەریای هێمن
  • لە خۆرهەڵاتەوە، دەربەندی کوک
  • لە باشوور و خۆرهەڵاتی باشوورەوه، زەریای باشوور
  • لە خۆرئاواوە، دەربەندی باس

ژیانی ئـاژەڵانی دەریاکە

کەشتییەکی توێژینەوەی قوڵایی دەریا بە ناوی (RV Tangaroa) بە دەریای تاسماندا گەڕا و لێکۆڵینەوەی لە دەریاکە کرد و ئەوەی بۆ دەرکەوت کە 500 جۆر ماسی و 1300 جۆر گیانەوەری بێ بڕبڕەكان لە دەریاکەدا هەن، هەروەها ددانی megalodon کە جۆرە قرشێکی قڕتێکەوتووە لەلایەن لێکۆڵەرەوەکانەوە دۆزراوەتەوە.

مێژوو

مۆنکریف و جۆرج هوود یەکەم کەس بوون وەکوو دوو هاوڵاتی نیوزیلاندی کە لە 10ی کانوونی دووەمی ساڵی 1928 هەوڵیاندا بە فڕۆکە بە سەرتاسەری دەریای تاسماندا گەشت بکەن و دیارنەمان، یەکەم گەشتی سەرکەوتوو بەسەر دەریاکەدا ساڵی دواتر و لەلایەن چاڕلز کینگسفۆرد سمیز و چاڕلز ئوڵمەوە بوو، یەکەم کەسیش لە ساڵی 1977دا بە بەلەم و سەوڵ‌لێدان و بە تەنیا بە دەریاکەدا گەشتی کرد کۆڵین کوینسی بوو، لە ساڵی 2010شدا کوڕەکەی کۆڵین (شاون کوینسی) گەشتێکی تری سەرکەوتووی بە تەنیا و لەڕێگەی سەوڵ‌لێدانەوە بە دەریاکەدا کرد.


سەرچاوەکان



426 بینین