مۆسکۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-23-22:30:00 - کۆدی بابەت: 7683
مۆسکۆ

ناوه‌ڕۆك

شاری مۆسکۆ

مۆسکۆ (بە ئینگلیزی: Moscow)، پایتەخت و گەورەترین شاری ڕووسیایە و باکووریترین و ساردترین گەورەشاری جیهانە کە دەکەوێتە سەر ڕووباری مۆسکڤا لە ناوەڕاستی وڵاتی ڕووسیا، لە سەرەتادا شاری سان پترسبۆرگ پایتەختی ڕوسیا بوو بەڵام لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر مۆسکۆ کرا بە پایتەخت، ژمارەی دانیشتوانی مۆسکۆ لەنێو سنوورەکانی شارەکەدا بە 12.4 ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا زیاتر لە 17 ملیۆن دانیشتووی ناوچەی شارنشینن و زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ناوچەکانی سەر بە پایتەختن، شارەکە ڕووبەری 2511 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە، مۆسکۆ لەنێو گەورەترین شارەکانی جیهاندایە و بووە بە ئاوەدانترین شار لە تەواوی ئەورووپادا.

مێژووی مۆسکۆ

مێژووی بنیادنانی شاری مۆسکۆ دەگەڕیتەوە بۆ ساڵی ١١٤٧، ئەم شارە بە درێژایی مێژوو چەندین جار توشی داگیرکردن و کاولکاری بووەتەوە، لە سەدەی ١٨ـدا مۆسکۆ ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە بەرەوپێش بردنی ڕووسیا بەهۆی دروستکردنی زانکۆیەک کە ئێستا بە زانکۆی مۆسکۆ ناسراوە و یەکەم زانکۆیە لە ڕووسیادا، مۆسکۆ خاوەنی مێژوویەکی هەشت سەدەییە، لە ساڵی 1993ـەوە وەکوو شارێکی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێت کە وەکوو ناوەندی سیاسی، ئابووری، کولتووری و زانستی ڕووسیا و ئەورووپای ڕۆژهەڵات خزمەت دەکات، هەروەها وەکوو شارێکی جیهانی خاوەنی یەکێک لە گەورەترین ئابوورییە شارستانییەکانی جیهانە، ئەم شارە یەکێکە لە خێراترین شوێنە گەشتیارییەکانی جیهان و یەکێکە لە شارە هەرە سەردانکراوەکانی ئەورووپا، هەروەها هەندێک لە بەرزترین باڵەخانەکانی ئەورووپا لەم شارەدایە و مۆسکۆ لە ساڵی 1980ـەوە يارييە ئۆڵۆمپييە هاوینەكانی لێ ئەنجام دەدرێت و یەکێک لەو شارانەی کە جامی جیهانیی فیفای 2018 لێ ئەنجامدراوە، هەرچەندە مۆسکۆ پێی خستۆتە ناو سەدەی ٢١ بەڵام ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی گەورە بووەتەوە کە بریتین لە گرفتی هاتووچۆ، کەمی شوێنی نیشتەجێ بوون، زیادبوونی ڕێژەی توندووتیژی لەلایەن چەتە، مافیاکان و کەمبوونەوەی هێزی کار واتە (گەنجانی وڵات)، سەرەڕای هەموو ئەو کێشانە هێشتا مۆسکۆ بە شارێکی سەرنجڕاکێش و کوالێتی بەرز ماوەتەوە بەتایبەت لای ڕووسەکان، مۆسکۆ وەکوو کرۆکی مێژوویی ڕووسیا و بەهۆی بوونی مۆزەخانە، دامەزراوە ئەکادیمی، سیاسی و شانۆ جۆراوجۆرەکانییەوه وەکوو نیشتیمانی چەندین هونەرمەند، زانا و کەسایەتی وەرزشی ڕووسی خزمەت دەکات، شارەکە نیشتیمانی چەندین شوێنەواری کەلەپووری جیهانیی یونسکۆیە، هەروەها بە نواندنی تەلارسازی ڕووسی ناسراوە، بەتایبەتی ڕێد سکوێری مێژوویی و باڵەخانەکانی وەکوو کەنیسەی سەینت باسیل و مۆسکۆ کرێملین، کە دواتر وەکوو بینا و دامودەزگای حکومی ڕووسیا خزمەتیان کرد،

ئابووری مۆسکۆ

شاری مۆسکۆ سێیەم شاری جیهانە کە زۆرترین ملیاردێرەکانی تێدا کۆبووەتەوە و ناوەندی دارایی ڕوسیایە، چەندین پیشاسازی لە مۆسکۆ هەیە وەک، پیشەسازییە سەرەتاییەکان، پیشەسازی کیمیایی، چنین و خواردن، بەهۆی ئەوەی مۆسکۆ شارێکی گەشتیارییە و خاوەنی چەندین هۆتێل، مۆزەخانە، بینای سەرنجڕاکێش و مێژووییە گەشتیاران لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانەوە سەردانی دەکەن ئەمەش بووەتە هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی ئابووری وڵاتەکە، مۆسکۆ کەمترین ڕێژەی بێکاری تێدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٠ ڕێژەی بێکاری لە مۆسکۆ تەنها ١٪ بووە، مۆسکۆ نیشتیمانی زۆرێک لە کۆمپانیا ڕووسییەکانە وەک کۆمپانیای ڕۆزنەفت، کۆمپانیاکان لە چەندین پیشەسازیدا و لەلایەن تۆڕێکی گواستنەوەی گشتگیرەوە خزمەت دەکرێت کە ئەمانە لەخۆدەگرێت، چوار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی، نۆ تێرمیناڵی هێڵی شەمەندەفەر، سیستەمێکی ترام (شەمەندەفەری کارەبایی)،‌ سیستمی مۆنۆرەیل (ڕێی ئاسنی یەک‌ڕەیلە) و دیارترینیان میترۆی مۆسکۆیە کە قەرەباڵغترین سیستەمی میترۆیە لە ئەورووپا و یەکێکە لە گەورەترین سیستەمی گواستنەوەی خێرایە لە جیهاندا، شارەکە زیاتر لە سەدا 40ی خاکەکەی بە سەوزایی داپۆشراوە و بووەتە یەکێک لە سەوزترین شارەکانی ئەورووپا و جیهان.

کەشوهەوای مۆسکۆ

شاری مۆسکۆ کەشوهەوایەکی کیشوەریی شێداری هەیە لەگەڵ هاوینی گەرم و هەندێک جار تاقەت پڕوکێن، تاڕادەیەک شێدارە، هەروەها زستانیشی درێژ و ساردە، پلەکانی گەرما لە مانگەکانی حوزەیران، تەموز و ئابدا بەرزە و نزیکەی 23 پلەی سەدییە، بەڵام لە کاتی هاتنی شەپۆلەکانی گەرمادا، کە دەشێت لە هەر کاتێکدا و لە مانگی ئایارەوە تا ئەیلول ڕوو لە شارەکە بکات، پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە و دەگاتە 30 پلەی سەدی، وەرزی هاوین لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا سەرەتای مانگی ئەیلول بەردەوام دەبێت، هەروەها وەرزی زستانیش لە مانگی تشرینی دووەم دەستپێدەکات بۆ مانگی ئازار کە تیایدا پلەی گەرمی دەچێتە خوار ٢٣ پلەی سەدی، زۆرترین کات بەفر دەبارێت کە ساڵانە بە نزیکەیی دەگاتە ٧٠٠ ملم، 

شوێنە گەشتیارییەکانی مۆسکۆ

  • مۆزەخانەی ئەرميتاج
  • یاریگای کریستۆڤسکی
  • کۆشکی پیتەرهۆف
  • مۆزەخانەی پوشکین
  • پارکی کۆلۆمەنسکۆی
  • دەیر یان ڕەبەنگەی نۆڤۆسپاسکی
  • جبەخانەی قەڵا
  • گردەکانی چۆلەکە یان پەڕەسێلکە
  • پارکی نەتەوەیی لوزینی ئۆسترۆڤ
  • سەرمایەی ئەڵماس
  • تاوەری ئۆستانکینۆ
  • کۆشکی گراند کرێملین
  • شوێنی گەشتیاری VDNKh
  • شانۆی بۆڵشۆی
  • ڕێد سکوێر
  • مۆسکۆ کرێملین
  • کەنیسەی سەینت باسیل
  • باخچەی ئاژەڵانی مۆسکۆ


سەرچاوەکان



1286 بینین