مانیای مووهەڵکێشان

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-24-15:47:00 - کۆدی بابەت: 7687
مانیای مووهەڵکێشان

ناوه‌ڕۆك

مانیای مووهەڵکێشان چییە؟ 

مانیای مووهەڵکێشان (بە ئینگلیزی: Trichotillomania) نەخۆشییەکی دەروونییە بریتییە لە هەستکردن بە زۆربۆهاتنێک و پێویستییەک بۆ هەڵکێشانی مووی جەستە. بەپێی توێژینەوەکان بە نزیکەیی ٠٫٥ بۆ ٢ لەسەدای خەڵک مانیای مووهەڵکێشانیان هەیە. 

ئەو کەسانەی لە تەمەنی منداڵیدا تووشی ئەم حاڵەتە دەبن زیاتر قژی تەپڵەسەریان هەڵدەکێشن و زیاتر سەرنج دەخەنە سەر یەک یان دوو ناوچەی تەپڵەسەر. هەرچەندە ئەم حاڵەتە تەنیا ڤژی سەر ناگرێتەوە، زۆرکەس مووی شوێنەکانی تری جەستە، وەکوو برۆ، برژانگ یاخود هەر شوێنێک مووی هەبێت هەڵدەکێشن، ئەمەش بەپێی کات دەبێتە هۆی تەنک بوونی قژ و پەڵەی کەچەڵی دروست دەکات لە شوێنی مووهەڵکێشانەکە.

زۆربەی ئەو کەسانەی مووی خۆیان هەڵدەکێشن هەستی پێ ناکەن و ئاگایان لە خۆیان نییە دواتر کە پێی دەزانن هەست بە دڵەڕاوکێ و شڵەژان دەکەن و دووبارە دەست بە مووهەڵکێشان دەکەنەوە و دواتر هەست بە ئاسوودەبوونێکی کاتی دەکەن و دیسانەوە تووشی دڵەڕاوکێ دەبنەوە، بۆیە ئەم کەسانە بەردەوام لەناو ئەم بازنەیە دەخولێنەوە، هەروەها لە چاپی پێنجەمی دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان مانیای مووهەڵکێشان بە حاڵەتێکی نەحۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو دانراوە.

مانیای مووهەڵکێشان بە گشتی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە سەر هەڵدەدات، بەڵام لە منداڵانیشدا بەدی دەکرێت، کاتێک دەست پێ دەکات دەکرێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بێت و تا تەمەنی پێگەیشتنیش بەردەوام بێت. لە تەمەنی منداڵیدا بە شێوەیەکی یەکسان لە نێوان ڕەگەزی مێیینە و نێرینەدا ڕوودەدات، بەڵام لە تەمەنی پێگەیشتندا زیاتر لە ڕەگەزی مێیینەدا ڕوودەدات.

بەپێی توێژینەوەیەکی دەروونی کە لە ساڵی ٢٠١٨ـدا کراوە ئافرەتانی تووشبوو بەم حاڵەتە، لەکاتی سوڕی مانگانەدا زیاتر هەست بە زۆربۆهاتن دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، کە پێشبینی دەکرێت گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان بەرپرس بن لەم حاڵەتە. هەروەها لە توێژینەوەیەکی تر تێبینی ئەوە کراوە کە نیشانەکانی مانیای مووهەڵکێشان لە کاتی دووگیانیشدا خراپتر دەبن.

نیشانەکان

  • هەڵکێشانی موو بەبەردەوامی، زۆرجار کەسەکە ئاگای لە خۆی نییە
  • بڕینی تاڵەکانی قژ
  • خواردنی موو (Trichophagy)
  • هەستکردن بە ئازادی دوای هەڵکێشانی موو

شوێنە باوەکانی جەستە بۆ مووهەڵکێشان:

  • تەپڵەسەر
  • برۆ
  • برژانگ
  • ڕیش
  • شوێنە هەستیارەکان وەکوو، ئەندامەکانی زاوزێ

بەپێی کات کەسانی تووشبوو بە مانیای مووهەڵکێشان هەست بەم کاریگەرییە لاوەکییانە دەکەن، وەکوو:

  • خوران و زوورانەوەی ئەو شوێنەی مووەکە لێی هەڵکێشراوە
  • کێشەکانی گەدە بەهۆی خواردنی موو
  • پەڵەی کەچەڵی
  • تەنکبوونی قژ
  • هەستیاریی پێست
  • دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی

هۆکار

هۆکاری مانیای مووهەڵکێشان بەدیاریکراوی نەزانراوە، پێشبینی دەکرێت ئەم حاڵەتە پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە پێکهاتە و فرمانی مێشەکەوە هەبێت. ئەو کەسانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن ئاماژەیان بەوە کردوە کە ئەنجامدانی ئەم کارە هەستێکی ئازادبوونیان لە فشار و دڵەڕاوکێ پێ دەدات.

هۆکارە جێی مەترسییەکان 

  • تەمەن: تەمەنی ١٠ بۆ ١٣ ساڵی زۆرتر تووشی ئەم حاڵەتە دەبن. 
  • بۆماوە: ئەم حاڵەتە دەکرێت لەڕێی بۆماوەوە بگوازرێتەوە.
  • فشار: لە هەندێک خەڵکدا فشار و زەبری دەروونی لە منداڵیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتی مانیای مووهەڵکێشان.
  • نەخۆشییە دەروونییەکانی تر: مانیای مووهەڵکێشان حاڵەتێکە کە دەکرێت پەیوەندی بە هەبوونی نەخۆشی دەروونیی ترەوە هەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو تووشبووێکی ئەم نەخۆشیانە تووشی حاڵەتی مانیای مووهەڵکێشان ببن. نەخۆشییە دەروونییەکان، وەکوو:
  1. نەخۆشیی ڕاڕاییی بیرەسەپێنراو
  2. دڵەڕاوکێ
  3. خەمۆکی
  4. ئۆتیزم
  5. نەخۆشیی کەمیی هۆشپێدان و فرەجووڵەیی

دەستنیشانکردن 

بەپێی ڕێبەری پێنجەمی دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان، بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بە مانیای مووهەڵکێشان پێویستە هۆکارەکانی تری دروستبوونی حاڵەتەکە جیابکرێنەوە و هەندێک مەرجیش هەن، وەکوو:

  • هەڵکێشانی قژ وو مووی جەستە بەبەردەوامی کە بووبێتە هۆی هەڵوەرینی قژ
  • هەوڵدانی کەسەکە بۆ ئەوەی ئەم خووە بوەستێنێت یان کەمی بکاتەوە
  • مووهەڵکێشانەکە بووبێتە هۆی پەکخستنی لایەنی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە
  • مووهەڵکێشان یان هەڵوەرینێک کە هۆکارەکەی نەخۆشیی تری جەستەیی نەبێت وەکوو نەخۆشییەکانی پێست
  • کاتێک مووهەڵکێشانەکە هیچ هۆکارێکی تری وەک نەخۆشییە دەروونییەکانی تری نەبێت

چارەسەر

چارەسەری دەروونی

چارەسەری ڕەفتاری: جۆرێک لە چارەسەری ڕەفتاری هەیە پێی دەوترێت چارەسەری پێچەوانەکردنەوەی خوو (HRT) کاریگەرە بۆ چارەسەرکردنی مانیای مووهەڵکێشان و بە یەکەمین هەڵبژاردەی چارەسەری ئەم حاڵەتە دادەنرێت، ئەم چارەسەرە لە پێنج قۆناغ پێکدێت کە بریتین لە:

١- ڕاهێنانی هۆشیاری: تێیدا کەسەکە هۆکارە دەروونی و ژینگەیییەکانی دیاری دەکات کە دەبنە هۆی هاندانی حاڵەتی مووهەڵکێشان.

٢- ڕاهێنانی وەڵامدانەوەی پێشبڕکێیانە: تێیدا کەسەکە ڕاهێنان دەکات لەسەر ئەوەی ڕەفتاری مووهەڵکێشان بە ڕەفتارێکی جیاوازتر بگۆڕێت.

٣- هاندان و گوێڕایەڵبوون: کەسەکە پەیوەست دەبێت بەو ڕەفتار و چالاکییانەی کە پابەندبوون بە چارەسەرەکەی بیر دەهێننەوە، بۆ نموونە پیاهەڵدانی ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانی بۆ ئەو بەرەوپێشچوونەی لە چارەسەرەکە هەیەتی. 

٤- ڕاهێنانی خاوبوونەوە: کەسەکە تەکنیکەکانی خاوبوونەوەی وەکوو تێڕامانی قووڵ و هەناسەدانی قووڵ ئەنجام دەدات، ئەمەش فشار و کرداری مووهەڵکێشانەکە کەمتر دەکاتەوە.

٥- ڕاهێنانی گشتی: کەسەکە ئەزموونی کارامەیییە نوێیەکانی دەکات لە بارودۆخی جیاوازدا، ئەمەش وا دەکات ڕەفتارە نوێیەکانی ببنە خوویەکی ئاسایی و خۆکردەیی.

چارەسەر بە دەرمان 

بەپێی پێداچوونەوەیەک لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ کۆمەڵە توێژینەوەک کە ژمارەیان هەشت توێژینەوە بوو لەسەر کۆمەڵە دەرمانێک کرابوون، دەرکەوت کە ئەم سێ دەرمانە کاریگەرییان هەیە لە چارەسەرکردنی حاڵەتی مانیای مووهەڵکێشان:  

  • کلۆمیپرامین کە دەرمانێکی دژەخەمۆکیی سێ ئەڵقەیییە
  • ئۆلانزپین کە دەرمانێکی دژەسایکۆسسە
  • ئێن-ئەسیتیلسستین


سەرچاوەکان



844 بینین