بەرد

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-25-11:39:00 - کۆدی بابەت: 7699
بەرد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرد (بە ئینگلیزی: Stone) خاو یان ماددەی قەبارە بچووکن یەکیان گرتووە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەک کە پێی دەوترێت بەرد، بە بەراورد بە تاوێر قەبارەکەی بچوکترە و دەتوانرێت بە چیمەنتۆ بەیەکەوە پەیوەست بکرێن بۆ دروستکردنی خانووبەرە، بەرد بنچینەی پێکهاتنی تاوێرە و لەبەر بچوکی قەبارەکەی لە هەموو شوێنێکی توێکڵی زەویدا بوونی هەیە، تاوێر (بە ئینگلیزی: Rock) لە زانستی زەویناسیدا بارستەیەکی ڕەقی سروشتییە کە لە کۆمەڵەبوونی بەرد و خاوەکان دروست دەبێت، خاو ماددەیەکی ڕەقە و لە سروشتدا هەیە و لە چەند ماددەیەکی نازیندوو پێکهاتووە، خاو گەردی بچووک بچووکی هەیە کە بە شێوازێکی ڕێک ڕیزبوون، ئەم شێوازە پێی دەوترێت کریستاڵی.
جۆری جیاوازی تاوێر بەپێی پێکهاتەی کیمیایی ئەو خاوەی کە تاوێرەکە پێک دەهێنێت و ڕێگای پێکهاتنەکەی پۆلێن دەکرێت، هەندێک لە تاوێرەکان هەروەک خاوەکان لەسەر ڕووی زەوی یان نزیک لە ڕووی زەوی دروست دەبن، هەندێکی تریان لە قووڵایی توێکڵی زەوی یان لە پۆشەری زەویدا دروست دەبن.
تاوێرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی دەکرێن بە سێ جۆرەوە کە بریتیین لە: (تاوێری ئاگرین، تاوێری نیشتەنی، تاوێری گۆڕاو)، بەرد خاوێکی ناکانزایی ڕەقە کە تاوێر پێک دەهێنێت.
بەرد لە دەنکۆڵەی خاو پێکدێن، کە کریستاڵی ڕەقن و لە گەردی کیمایی پێکدێن کە بە بەندی کیمیایی بەیەکەوە بەستراون و شێوەیەکی ڕێکیان وەرگرتووە، هەندێک تاوێر ماددەی لە خاوچوویان تێدایە، کە ماددەی ڕەقی شێوە خاون وەک شووشەی گڕکانی کە پێکهاتەی کریستاڵی تێیدا کەمە، جۆر و بوونی خاوەکان لە تاوێردا بە ڕێگای دروست بوونەکەیدا دیاری دەکرێت.

پۆلێنکردن

تاوێرەکان بەپێی تایبەتمەندییەکانی وەک خاو و پێکهاتەی کیمیایی و ئەو دۆخانەی پێیدا تێپەڕبووە و پێکهاتنی دەنکۆڵە پێکهێنە سەرەکییەکان و قەبارەی دەنکۆڵەکان پۆلێن دەکرێن، ئەم تایبەتمەندییە فیزیاییانە لە ئەنجامی ئەو پڕۆسەیەی تاوێری تێدا بەرهەم دێت دروست دەبن، دوای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر تاوێرەکان دەکرێت لە جۆرێکەوە بگۆڕێن بۆ جۆرێکی تر، بەپێی مۆدێلی زەویناسی کە پێی دەوترێت سوڕی تاوێر، ئەم گۆڕانە سێ پۆلێنی سەرەکی لە تاوێر پێک دەهێنێت کە بریتیین لە: ئاگرین، نیشتەنی و گۆڕاو.

تاوێری ئاگرین

لە ئەنجامی ساردبوونەوە و ڕەقبوونی گڕتاوی شلبووەوەی ناخی زەوی کە لە ڕێگای گڕکانەوە دێنە سەر زەوی و سارد دەبنەوە، بەشێوەیەکی سەرەکی شلبوونەوەی تاوێر بە هۆی یەکێک لەم سێ پڕۆسەیەوە ڕوودەدات: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، بەرزبوونەوەی پەستان یان گۆڕانی پێکهاتە.
تاوێری ئاگرین بۆ دوو جۆری سەرەکی دابەش دەکرێت:

تاوێری ئاگرینی ژێرزەوی

ئەو تاوێرانەن کە پێکدێن لە ئەنجامی ساردبوونەوە و بە کریستاڵ بوونی گڕتاوەکانی کە لەژێر زەویدا بە هێواشی ڕەق دەبن و کریستاڵ دروست دەکەن، نموونەی باو بۆ ئەم جۆرە تاوێرە بریتییە لە گرانایت. بەشی زۆری گرانایت دەنکۆڵەکانی بە توندی بەیەکەوە بەستراون، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گرانایت ببێت بە تاوێرێکی بەهێز و توند و بۆ ماوەیەکی زۆر بمێنێتەوە.

تاوێری ئاگرینی گڕکانی

ئەم جۆرە تاوێرە ئاگرینە دروست دەبێت لە ئەنجامی ساردبوونەوەی ئەو گڕتاوەی کە لەسەر زەویدا سارد دەبنەوە پێش ئەوەی کاتیان بۆ بڕەخسێت کریستاڵی گەورە دروست بکەن، نموونە بۆ ئەم جۆرە تاوێرە بریتییە لە تاوێری بازاڵت، کە بەربڵاوترین جۆری تاوێرە کە لەسەر زەویدا سارد دەبێتەوە ڕەنگێکی ڕەشی تێری هەیە.

تاوێری نیشتەنی

تاوێری نیشتەنی لە ڕووکاری زەویدا بەهۆی کۆبوونەوە و بە چیمەنتۆبوونی پارچەی تاوێر و خاوە کۆنەکانەوە دروست دەبن، یان وەک نیشتووی کیمیایی و گەشەی ئەندامی لە ئاودا کۆدەبنەوە (نیشتنی دەنکۆڵەی پارچە تاوێر لە ئاودا).
ئەم پڕۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی پارچە تاوێرەکان و دەنکۆڵە ئەندامییەکان بنیشن و یەکبگرن، یان خاوەکان بەشێوەیەکی کیمیایی بنشین و گیراوەیەک دروست بکەن، پاشان ئەم ماددە تایبەتانە یەک دەگرن و بەچیمەنتۆ دەبن لە پلەی گەرمی و پەستانێکی مامناوەنددا.
نموونە بۆ ئەم جۆرەی تاوێر تاوێری لیتەیە کە تاوێرە نیشتینییە قەبارە بچووکەکان دروستیان کردووە

تاوێری گۆڕاو

تاوێری گۆڕاو لە ئەنجامی گۆڕانی هەر جۆرێکی تاوێرەوە دروست دەبێت، دەکرێت ئەو تاوێرە ئاگرین یان نیشتەنی هەر جۆرێکی تری تاوێری گۆڕاو بێت، ئەم گۆڕانە بەهۆی گۆڕانی پلەی گەرمی و پەستانەوە ڕوودەدات، لە ئەنجامدا تایبەتمەندی فیزیایی و کیمیایی بەردەکە دەگۆڕێت.
ئەو پلەی گەرمی و پەستانی پێویستە بۆ گۆڕانی تاوێر هەمیشە بەرزترە لەوەی کە بە ڕووکاری زەویدا دۆزراوەتەوە، پلەی گەرمی بەرزتر لە ١٥٠-٢٠٠ پلەی سیلیزی و پەستانی گەورەتر لە ١٥٠٠ باڕ.

سوڕی تاوێر

کریستاڵە خاوەکان و تاوێرەکەیان دەکرێت بە چەندین جۆری جیاوازی تاوێردا تێپەڕ ببن، ئەم پڕۆسەیەش پشت دەبەستێت بە پلەی گەرمی و پەستان و کات و گۆڕانی بارودۆخی ژینگەیی توێکڵی زەوی و ڕووکارەکەی.

جیاوازی نێوان بەرد و تاوێر

بەرد تاوێر

ماددەی ڕەقن کە لە ئەنجامی یەکگرتنی خاوی هەڵبژاردەی وەک بەردی لمین و قسڵەوە دروست بوون.

خاوی ڕەقە کە بە شێوەی سروشتی دروست بووە، بەشێک لە توێکڵی زەوی داگیرکردووە و بەگشتی لە هەموو شوێنێکی سەرزەویدا بوونی هەیە.

بچووکتر و سووکترن، ماددە خاوە بچووکترەکان لەژێر دەستەی بەرددا دروست دەبن

بە بەراورد بە بەرد تاوێر گەورەتر و قورسترە، تاشەبەردەکان لەژێر دەستەی تاوێردا دروست دەبن.

بەردەکان چەندین بەکارهێنانی جیاوازییان هەیە لە بەشە جیاوازەکانی بیناسازی وەک دیوار و کۆنکرێت و گەچ.

تاوێرەکان ماددەی خاوی وایان تێدایە کە زۆر بەسوودن لە گەشەسەندنی تەکنەلۆجیای وەک ئارایشت و ئۆتۆمبێل و ڕێگاوبان.


سەرچاوەکان



4258 بینین