جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-27-23:20:00 - کۆدی بابەت: 7722
جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا یاخود جەنگی بەرزاییەکانی قەرەباغی ساڵی 2020 (بە عەرەبی: حرب مرتفعات قرة باغ، بە ئینگلیزی: Nagornoـ Karabakh War) ئەم جەنگە بریتی بوو لە شەڕێکی چەکداریی نێوان ئازەربایجان بە پشتیوانی وڵاتی تورکیا و کۆماری ئارتساخ بە پشتیوانی ئەرمینیا، کۆماری ئارتساخ کۆمارێکە بە فەرمی دانی پێدانەنراوە، دەکەوێتە ناوچەی قەرەباغ، بەهۆی شوێنی جوگرافی قەرەباغ و سنووریی ناوچەییەوە، بووەتە ناوچەیەکی کێشەلەسەر و جێناکۆک لە نێوان وڵاتی ئازەربایجان و وڵاتی ئەرمینیا، لە ئێستادا بە فەرمی ناوچەی قەرباغ بەشێکە لە سنووری ئازەربایجان، بەڵام کۆماری ئارتساخ کە لەلایەن ئەرمینیاوە پاڵپشتی دەکرێت لەسەر کۆمار و هەرێمێکی نافەرمی تایبەت بەخۆی بنیاتناوە.

مێژووی جەنگی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا

ـ مێژووی ناکۆکی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ڕابردوود، بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، لەسەر ناوچەکانی سنووری نێوان هەردوو وڵاتەکە کێشە و ئاڵۆزی دروستبووە، به چەند قۆناغێک جەنگ لە نێوان هەردوو وڵات ڕوویداوە.
ـ جەنگی قەرەباغی یەکەم لە ساڵی 1994 بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 725هەزار ئازەربایجانی و 500 هەزار ئەرمەنی دووچاری ئاوارەبوون بن و زیانێکی زۆری بە هەردوو وڵات گەیاند، دواتر بەپێی پڕۆتۆکۆل و پەیماننامەی "بیشکێک" لە ساڵی 1994 جەنگ کۆتایی پێهێنرا، بەشێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەی قەرەباغ کەوتە ژێردەستی ئەرمینیا.
ـ سەرەڕای وەستانی جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات بۆ ماوەی سێ دەیە، بەڵام جەنگی سارد و جەنگی ڕاگەیاندنەکان لەنێوانیان بەردەوامی هەبوو.
ـ لە ساڵی 2016 پێکدادان و شەڕ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەنێوان هەردوو وڵات ڕوویدا. 

دروستبوونی ڕووداوی جەنگی قەرەباغی 2020

لە چەند ڕاپرسییەکی نافەرمی بڵاوکرایەوە کە دانیشتوننی قەرەباغ نایانەوێت ببنە بەشێک لە ئازەربایجان و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ڕەتدەکەنەوە، هەروەها لە مانگی تەمموزی ساڵی 2020 لەلایەن دانیشتوانی قەرەباغەوە چەند پێشێڵکاری و ڕووبەڕووبوونەوەوەیەک لەسەر سنووری وڵات ئەنجام درا، لە ئەنجامدا بە هەزاران خۆپیشاندەر لە ئازەربایجان داوای ڕاگەیاندنی جەنگیان کرد دژی ئەرمینیا، لەم نێوەندەدا وڵاتی تورکیا پاڵپشتی خۆی بۆ ئازەربایجان دووپاتکردەوە، لە هەمان مانگ حکوومەتی ئەرمینیا بە هاوکاری هێزەکانی ڕووسیا دەستیکرد بە ڕاهێنان و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری وڵاتەکە، وڵاتی ئەرمینیاش بە هاوکاری تورکیا دەستیکرد بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی سەربازی.
لە 27ـی ئەیلول پێکدادانی سەربازی لەنێوان هەردوولا دروست بوو، ئازەربایجان دەستپێشخەری پێکدادانەکان بوو بە بەکارهێنانی زریپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەستی کرد بە هێرشەکانی، لە ئەنجامدا هێزەکانی ئەرمینا و کۆماری ئارتساخ دوای زیانگەیاندنێکی زۆر بە هێزەکانی ئازەربایجان پاشەکشێیان کرد، هێرشە ئاسمانییەکانی ئازەربایجان بەهێزتر و ڕێکتر بوو، بە پلانەوە ناوچە ستراتیجییەکانی بۆردۆمان دەکرد، نموونەی پایتەختی کۆماری ئارتساخ و چەند پردێکی ستراتیجی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "گینجە"، ئازەربایجان زۆرێک لەو ناوچانەی گەڕانەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بە تایبەتی ئەو ناوچانەی کە ئەرمینیا لە جەنگی قەرەباغی یەکەم لە ساڵی 1994 داگیری کردبوو.

کۆتایی و ئەنجامەکانی جەنگەکە

لە 10ـەی تشرینی دووەم هەریەک لە "ئیلهام عەلیێڤ" سەرۆکی ئازەربایجان و "نیکۆل باشینیان" سەروەزیرانی ئەرمینیا و "ڤلادیمیر پۆتین" سەرۆکی ڕووسیا لە ناوچەی هەرێمی قەرەباغ ئاگربەستیان واژووکرد، سەرۆکی کۆماری ئارتساخ "ئارایک هارتیۆنیان" ڕازی بوو بە کۆتایی هێنانی کارە پشێوییەکانی سەر سنوور.
بەپێی خاڵەکانی ئاگربەستەکە پێویست بوو هەردوولا دیلەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و هێزەکانی ئەرمینیا لە زۆرێک لە ناوچەکانی قرەباغ کشانەوە، لە 15ـەی کانوونی یەکەم دوای چەند هەفتەیەک لە ئاگربەست هەردوو وڵات دیلەکانیان گۆڕییەوە.
ئەو ناوچانەی لە جەنگەکەدا ئازەربایجان کۆنتڕۆڵی کرد نزیکی 60%ـی قەرەباغ بوو، لە دوای جەنگەکەش هەر لە ژێر دەسەڵاتی مانەوە و گۆڕانکاریی لەسەر ناوچە سنوورییەکان دروستکرد، لە ئەنجامدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لەلایەن دانیشتوانی ئەرمینیا دروست بوو، سەروەزیرانی وڵاتەکەیان بە خیانەتکار ناوزەندە دەکرد، لەبەرامبەردا دانیشتوانی وڵاتی ئازەربایجان ئاگەربەستەکەیان وەکوو دەسکەوت و سەرکەوتنێک لەقەڵەمدا و لە سەرانسەری وڵات ئاهەنگی سەرکەوتن ئەنجام درا.


سەرچاوەکان



482 بینین