چەند ڕێگایەکی گونجاو بۆ بەتامکردنی شیری دایک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-14-00:06:00 - کۆدی بابەت: 7824
چەند ڕێگایەکی گونجاو بۆ بەتامکردنی شیری دایک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شیری دایک باشترین سەرچاوەی خۆراکییە بۆ منداڵێک تاکوو دەگاتە تەمەنی دوو ساڵی، دایکانی شیردەر هەر وەک دایکانی دووگیان دەبێت زۆر وریای خواردن و ئەو دەرمانانە بن کە بەکاری دەهێنن چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکەش، منداڵ کاتێک تامی شیری دایک ناخۆش ببێت نایخواتەوە و حەزی لێ ناکات، بۆیە واباشترە کە هەموو دایکەکان ئاگاداری ئەو کارانە بن کە ڕۆژانە دەیکەن و ئاگاداری خواردنیان بن تاکوو تامی شیرەکەیان ناخۆش نەبێت.

ئەو ڕێگایانە چین کە تامی شیری دایک خۆش دەکەن؟

ئاگاداری پلەی گەرمی ساردکەرەوەکە بە

ئەو دایکانەی کە کاریان هەیە لە دەرەوە و شیری خۆیان دادەدۆشن بۆ منداڵەکەیان دەبێت ئاگاداری پلەی گەرمی ساردکەرەوەبن، ئەگەر پلەی گەرمییەکە گونجاو نەبێت ئەوە شیرەکە ترش دەبێت و تامەکەی دەگۆڕێت، سەنتەری کۆنتڕۆڵ و ڕێگری نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) ڕایدەگەیەنێت کە پێویستە پلەی گەرمی بەستەر (فریزەر) ١٥ پلە ژێر سفر بێت، هەروەها هەرگیز شیرەکە لە دەرگای بەستەر و ساردکەرەوەکەدا دامەنێ چونکە ڕۆژانە دەرگاکان زۆر دەکرێنەوە.

هەڵگرتنی شیرەکە بە گونجاوی

ئەو دایکەی کە شیری خۆی دادەدۆشێت تاکوو هەڵیگرێت، دەبێت زۆر وریا بێت کە شیرەکەی لەناو شتێکی پیس و خراپدا هەڵنەگرێت و ئامێری تایبەت بەکاربهێنێت بۆ هەڵگرتنی شیرەکەی.

یاسای شەش جێبەجێ بکە

کاتێک دایکێک دەیەوێت شیری خۆی هەڵگرێت، بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێت تاکوو بەباشی هەڵیگرێت و شیرەکە تێک نەچێت و تامەکەی نەگۆڕێت، لێرەدا دایکەکە واباشە یاسای شەش جێبەجێ بکات کە ئەویش واتە شیری دایک دوای دادۆشینی دەتوانیت شەش کاتژمێر لە پلەی گەرمی ژووردا هەڵیبگریت و شەش ڕۆژیش لە ساردکەرەوەدا و شەش مانگیش لە فرێزەردا هەڵیبگریت.

ئەو هۆکارانەی تامی شیری دایک ناخۆش دەکەن

ئاگاداری وەرزش کردن بە

هەندێک دایک دوای منداڵبوون دەیەوێت وەرزش بکات و جەستەی بگەڕێنێتەوە باری ئاسایی خۆی هەر بۆیە دەست دەکات بە کۆمەڵێک وەرزشی قوورس، کە ئەم وەرزشانە کاریگەرییان هەیە لەسەر شیری دایکەکە و ئەنجامدانی وەرزشی قوورس هۆکارێکە تاکوو دوای وەرزشەکە ترشی لاکتیک لە جەستەتدا زۆر ببێت و لەگەڵ سوێری ئارەقی جەستەدا تێکەڵ ببێت و تامی شیرەکەت ناخۆش بکەن.

دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵێک خۆراک

کۆمەڵێک خواردن هۆکارن تاکوو شیری دایک تامێکی ناخۆشی هەبێت، ماددە شیرەمەنییەکان، خواردنی پڕ بەهارات، سیر و ئەو خواردنانەی کە بۆنیان زۆرە، جگەرەکێشان، قاوە، هەموو ئەمانە تامی شیری دایک ناخۆش دەکەن، هەروەها ئاگاداری ئەو دەرمانانە بیت کە لەماوەی شیرداندا بەکاری دەهێنێت، لەوانەیە کۆمەڵێک دەرمان زیانیشیان نەبێت بۆ خانمی شیردەر بەڵام تامی شیرەکەی ناخۆش بکەن و دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵە بیت.

چەند خۆراکێک کە شیری دایک بەتام دەکەن

گێزەر

گێزەر تامی شیری دایک زۆر خۆش دەکات، واباشە دایکان لەماوەی شیرداندا شەربەتی فرێشی گێزەر بخۆنەوە بەمەش شیری دایکەکە تامی گێزەر دەگرێت و منداڵەکە زۆر حەزی لێی دەبێت.

نەعنا

تام و بۆنی نەعنا شەش کاتژمێر دوای خواردنی لەلایەن دایکەکەوە لە شیرەکەیدا دەردەکەوێت، تامی نەعنا لە زۆر ماددەی خوراکیدا وەک بۆنخۆشکەر و تامبەخشێک بەو ماددە خۆراکییە بەکاردێت، نەعناش تامی شیری دایک خۆش دەکات بەڵام زۆر خواردنی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شیری دایک بۆیە دەبێت دایکان زیادەڕەوی نەکەن لە بەکارهێنانیدا.

ڕازیانە

ڕازیانە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C، ڕیشاڵ، پۆتاسیۆم، و خۆراکێکە کە دەبێتە هۆی بەتامکردنی شیری دایک.


سەرچاوەکان



7526 بینین