بەنزین

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-14-17:28:00 - کۆدی بابەت: 7831
بەنزین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەنزین (بە ئینگلیزی: benzene) شێوگی کیمیایی بریتییە لە (C6H6)، سادەترین ئاوێتەی ئەندامیی بۆنداری (ئاڕۆماتیکی) هایدرۆکاربۆنییە، ئاوێتەی باوانی چەند ئاوێتەی بۆنداری تری گرنگە، شلێکی بێڕەنگە کە بۆنێکی تایبەتی هەیە و بەزۆری لە بەرهەمهێنانی پۆلیستایریندا بەکاردێت، پۆلیستایرین پلاستیکێکی هەمەکارە کە بەرکادێت بۆ دروستکردنی چەندین بەرهەمی ویستراو، بەنزین توانای ژەهراویکردنەکەی بەرزە و بە یەکێک لە ماددە ژەهراوییەکان ناسراوە، بەرکەوتن لەگەڵیدا دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی خوێن، لەبەر ئەم هۆکارەش بەکارهێنانی بەنزین سنووردار کراوە.

دۆزینەوەی بەنزین

بۆ یەکەمجار بەنزین لەلایەن زانای ئینگلیزی (مایکڵ فارادای) لە ساڵی ١٨٢٥ لە گازی ڕووناککردنەوەدا دۆزرایەوە، لە ساڵی ١٨٢٤ کیمیاگەری ئەڵمانی (ئایلهارت میکرلیک) ترشی بەنزویکی لەگەڵ ئۆکسیدی کالیسیۆمدا گەرم کرد و بەنزینی بەرهەم هێنا، لە ساڵی ١٨٤٥ کیمیاگەری ئەڵمانی (ڤۆن هۆفمان) بەنزینی لە قەتران (تاری خەڵووز) جیاکردەوە.
شێوگی پێکهاتنی بەنزین لەژێر پرسیاردابوو تاکوو ساڵی ١٨٦١ کە زانای ئەڵمانی (جۆزێف لۆسچمید) و (ئۆگەست کێکول) لە ساڵی ١٨٦٦ بەشێوەیەکی سەربەخۆ پێشنیازی ڕێکخستنی ئەڵقەیی شەش کاربۆن لەگەڵ بەندی یەکی و دووانی یەک لەدوای یەکیان کرد.

تایبەتمەندی 

مۆدێلە پێشکەوتووەکانی بەند (وەک بەندی هاوهێزی و تیۆری خولگەی مۆڵی) بەدەستەواژەی بەشبوونی شەش ئەلیکترۆنەکەی پێکهاتن و جێگیریی بەنزین ڕوون دەکەنەوە، دەستەواژەی جێگۆڕکێ دەگەڕێتەوە بۆ ڕاکێشانی یەک ئەلیکترۆن لەلایەن هەر شەش کاربۆنەکەی ئەڵقەی بەنزینەوە، ئەم بەشبوونە هۆکارە بۆ ئەوەی کە ئەلیکترۆنەکان بە توندی جێگیربن، ئەمەش جێگیری زیاتر دەبەخشێت بە بەنزین و توانای کارلێککردنی لەوە کەمتر دەکاتەوە کە لە هایدرۆکاربۆنێکی ناتێر چاوەڕوان دەکرێت، لە ئەنجامی ئەمەشدا بەهایدرۆجین کردنی بەنزین بە هێواشتر ڕوودەدات بە بەراورد بە ئەلکینەکانی تر (ئەلیکنەکان ئەو ئاوێتە ئەندامییانە دەگرێتەوە کە بەندی دووانی کاربۆن-کاربۆنیان هەیە).
زۆربەی کارلێکەکانی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پۆلەی پێیان دەوترێت گۆڕانی ئەڕۆماتیکی حەز بە ئەلیکترۆن، کە ئەم پۆلە خۆی بە ساغی ئەڵقەی بەنزینەکە بەجێدەهێڵێت و یەکێک لە هایدرۆجینە پەیوەستەکان جێگۆڕکێ پێدەکات، ئەم کارلێکە هەمەکارەیە و بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکاردێت بۆ ئامادەکردنی چەندین جۆری لێوەرگیراوی تری بەنزین.
توێژینەوە ئەزموونییەکان ئەوەیان دەرخستووە کە بەنزین پێکهاتنێکی تەختی هەیە کە هەر دووریەکی بەندی نێوان کاربۆن-کاربۆن بەنزیکەیی دەکاتە ١٫٤٠ ئەنگسترۆم (Å)، ئەم بڕە بەتەواوی کەمترە لە نێوان بەندی دووانی کاربۆن-کاربۆندا کە دەکاتە ١٫٣٤ ئەنگسترۆم و دووری بەندی یەکیی کاربۆن-کاربۆن دەکاتە ١٫٤٦ ئەنگسترۆم لە هەر یەکەیەکی C=C—C=Cدا، هەروەها گۆشەی هەموو بەندەکان دەکاتە ١٢٠.
پلەی کوڵانی بەنزین یەکسانە بە ٨٠٫١ پلەی سیلیزی و پلەی شلبوونەوەی دەکاتە ٥٫٥ پلەی سیلیزی، لە توێنەرە ئەندامییەکاندا تواوەیە و لە ئاودا کەم تواوەیە، هەروەها زۆر بەخێرایی بەهەوادا دەچێت.

بەکارهێنان

بەنزین پێکهاتەیەکی سەرەکی دەرپەڕاندنی گازە لە بەرهەمە سروشتییە سووتاوەکان و لە زۆربەی بوارەکاندا بەسوودە، بەشێکی گرنگی گازۆلین پێکدەهێنێت و بەشێوەیەکی فراوان وەک ماددەیەکی کیمیایی پیشەسازی بەکاردێت، بەکارهێنانی بەنزین لە ژیانی ڕۆژانەدا وەک: 

  • دروستکردنی ماددەی کیمیاییەکان و پلاستیک 
  • پاککەرەوە
  • توێنەر
  • دروستکردنی لاستیک
  • دروستکردنی بۆیەی وێنەکێشان
  • وەک سووتەمەنی

مەترسییە تەندروستییەکانی بەنزین

بەرکەوتنی بەردەوام لەگەڵ بەنزیندا دەکرێت ببێتە هۆی سەرئێشە و ناهاوسەنگی و بێهۆشی و کزانەوەی پێست، بەپشت بەستن بە جۆر و ماوەی بەرکەوتنەکە کاریگەرییەکان دەکرێت توند یان کەم بن، بەرکەوتنی بەرزی بەنزین تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی مردنیش.


سەرچاوەکان



1728 بینین