منداڵە پێنج ساڵەکەت باشتر بناسە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-02-17-12:35:00 - کۆدی بابەت: 7844
منداڵە پێنج ساڵەکەت باشتر بناسە

ناوه‌ڕۆك

منداڵی پێنج ساڵ

لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دایک و باوک ڕووبەڕووی قۆناغێک دەبنەوە کە دەربارەی وتراوە باشترین رۆژەکانی ژیانی منداڵ و باشترین کاتەکانە کە دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکەیان هەیانە، بەهەمان شێوە کە دوو ساڵ و شەش مانگی، خراپترین ڕۆژەکانە. منداڵانی پێنج ساڵ بەو فریشتانە ناسراون کە لەم جیهانەدا لەگەڵ ئێمەدا دەژین، باشترین ڕۆژەکانی ژیانیان بەسەر دەبەن و بەگشتی یادەوەریەکانی ئەم ڕۆژانه باشترین و خۆشترین یادەوەرین بۆیان. 
لە پێنج ساڵیدا لەدایکبوونی کۆمەڵایەتی منداڵ (social birth) ڕوودەدات، منداڵ چێژ لەو ساتانە وەردەگرێت کە لە ژیانیدا ڕوودەدات و لەحاڵەتی فێربووندایە دەربارەی خۆی و دونیای دەوروبەری، ڕۆڵی ئێوە لە یارمەتیدانی بۆ بەرەوپێشەچوونی کارامەییە جەستەیی، عەقڵی و کۆمەڵایەتییەکانی زۆر کاریگەر و گرنگە. 

تایبەتمەندییە ڕەفتاریەکانی منداڵی پێنج ساڵ

لە تەمەنی پێنج ساڵیدا زۆربەی منداڵان بەوە دەزانن هەندێک کار هەیە کە پێویستە خۆیان ئەنجامیان بدەن، کاتێک کە منداڵێک دەبێتە پێنج ساڵ خۆی زۆربەی کارەکانی بەتەنها ئەنجام دەدات وەکوو شۆردنی ددانەکانی، گەرماوکردن و خۆ ئامادەکردن بۆ قوتابخانە. لەوانەیە پێویستی بە هەندێک ڕێنمایی و بیرخستنەوە هەبێت بۆئەوەی هەموو ئەم چالاکیانە بەتەواوی ئەنجام بدات و لەبیریان نەکات. هەروەها لەم تەمەنەدا دەست بە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانیتردا دەکەن.
ڕەنگە منداڵەکەتان وەکوو سەردەمی بچووکی گرینۆک بێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو زۆر زیاتر لەژێر کاریگەری هەستەکانیدا دەبێت، دەکرێت لەکاتیکدا کە یاری دەکات بکەوێت، کەمێک بگری و دووبارە دەست بکاتەوە بە یاریکردن، تەنانەت ڕەنگە تووڕە ببێت و هەندێک کات کۆنترۆڵی خۆی لەدەست بدات.  
زۆربەی منداڵانی پێنج ساڵ بەتەواوی فێری ئەوە بوون کە بەباشی هەستەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، لەدوای هەڵچوونی زۆری هەستەکان لە قۆناغی چوار ساڵیدا، هەرچەندە لەوانەیە لە پێنج ساڵیشدا هەستیار بن بەڵام بەو ڕادەیەی پێشتر نییە.

کارامەییە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵی پێنج ساڵ

منداڵی پێنج ساڵ دەتوانێت باش و خراپ لەیەکتر جیابکاتەوە و خۆی بەتەنها بڕیار بدات، ئەو لەم تەمەنەدا لۆجیکی گەورەکان بەکارناهێنێت. منداڵ لەم تەمەنەدا ئامادەباشی هاوکاری، یارمەتی و میهرەبانی تێدایە، بەشێوەیەک کە زۆربەی کات دەتوانێت دەستبەرداری ماف و بەشی خۆی ببێت، مافی خۆی و کەسانی تر دەناسێت و دەتوانێت لەیەکیان جیابکاتەوە. بەڵام ئەم تەمەنە ساڵی لەدایکبوونی کۆمەڵایەتییە، ئەمەش واتا منداڵ توانای ئەوەی هەیە کە خۆی بخاتە جێگای کەسانی تر، لە هەست، بیروڕا، بارودۆخ، پێویستییەکانی ئەوانی تر تێبگات و لە پەیوەندییەکانیدا بنەمای مرۆڤایەتی و ڕەوشتی لە هەڵسوکەوتەکانیدا بەکاربهێنێت.  
منداڵ زیاتر یاری دەکات و یاریکردنی لەگەڵ هاوڕێکانی لە یاریکردن بەتەنها پێ خۆشترە، منداڵ دەزانێت لە هەر یارییەکدا هەر کەسێک ڕۆلێکی هەیە، بەڵام لەکاتی یاریکردنی بەکۆمەڵدا پێویستیان بە کەسێکی گەورەتر هەیە بۆئەوەی یارییەکەیان بۆ ڕوون بکاتەوە و لە نێوانیاندا دادوەری بکات. منداڵ زۆر حەز بە بردنەوە دەکات و دۆڕان لەلای ترسناکه، چونکە بەتەواوی مانای بردنەوە و دۆڕاندن نازانێت، لەگەڵ کچان و کوڕانیش یاری دەکات بەڵام یاریکردن لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆی زیاتر پەسەند دەکات، هەوڵی بەدەستهێنانی ستایشکردن دەدات لە گەورەکان و هاوتەمەنەکانیەوە.

کارامەیی جووڵە و جەستەییەکانی منداڵی پێنج ساڵ

له لایەنی جەستەییەوە، منداڵی پێنج ساڵ لە چاو ساڵێ پێشتر توانایەکی زیاتری بۆ ئەنجامدانی کارەکان هەیە، بۆ نموونە یاری ڕاکردن دەکات، بەهاوسەنگییەوە بەسەر لێوارەکاندا دەڕوات، وەکوو کەسێکی گەورە ڕادەکات، هاوسەنگییەکی زیاتری هەیە و بە متمانە بەخۆبوونێکی زیاترەوە کەلوپەل و یارییەکانی بەکاردەهێنێت، دەتوانێت یاری پەتپەتێن بکات، بۆ ماوەی دە چرکە لەسەر یەک قاچ بوەستێت، قەیتانی پێڵاوەکانی ببەستێت، دەتوانێت وەکوو کەسێکی گەورە قەڵەم بەدەستەوە بگرێت و وێنە بکێشێت، بەبێ ئەوەی لە چوارچێوەکەی دەرچێت وێنەکان ڕەنگ بکات.

ئەو یارییانەی کە زۆر جووڵە و چالاکیان تێدایە بۆ پەرەسەندنی لێهاتووییە جووڵەییەکانی منداڵ زۆر پێویستن هەروەها بۆ سەلامەتی سیستمی بەرگری، دەبنە هۆی گەشەکردنی ماسولکەکان، بەهێزکردنی ئێسکەکان، یارمەتی باشتر نانخواردن و خەوتنی منداڵ دەدەن.

کارامەیی ناسینی شتەکان لای منداڵی پێنج ساڵ

منداڵ لە واتای ئەندازە، قورسایی و قەبارە تێدەگات و هەستی پێدەکات، کارامەییەکانی ژماردن و خوێندن و نووسین لای گەشە دەکات، منداڵ فێردەبێت بخوێنێتەوە و کاتێک وشەیەک دەبینێت کە پێشتر پێی ئاشنا بووە، دەیناسێتەوە.    
منداڵی پێنج ساڵ ئارەزووی فێربوونی هەیە، لەبەرئەوە هەوڵی فێربوونی بواره جیاوازەکان دەدات، بۆ ئەنجامدانی کارەکان مۆڵەت وەردەگرێت، زۆر لە دایک و باوکی نزیکە بەڵام زیاتر بەدوای دایکی و ڕەزامەندی دایکیەوەیەتی.
خۆی خۆش دەوێت و هەستێکی باشی بەرانبەر بە خۆی هەیە، بە ئاشکرا و بە نهێنی لەبەردەم ئاوێنەدا زۆر کات بەڕێدەکات، هەندێک کات جلی جۆراوجۆر تاقیدەکاتەوە، جلی دایک و باوکیشی لەبەردەکات و دەیەوێت وەکوو ئەوان دەرکەوێت، بۆیە لەسەر ئەم بابەتە بۆخۆی بەنهێنی هەندێک یاری تایبەتی هەیە.

کارامەییە زمانەوانییەکان لای منداڵی پێنج ساڵی

منداڵ بەڕوونی قسە دەکات، شێوازی دەربڕین و جێناوی دروست بەکاردەهێنێت، زۆربەی کات فەرمانی ڕاست لە قسەکانیدا بەکاردەهێنێت، وشە دژەکان دەناسێتەوە و بەردەوام هەوڵی فێربوونی وشەی تازە دەدات.

پڕۆگرامی خۆراکی منداڵی پێنج ساڵ

بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە خۆراکی منداڵی پێنج ساڵەدا ڕوودەدات، زۆربەی منداڵان لەوانەیە ڕووبکەنە خواردنی سەوزەواتەکان. لەم تەمەنەدا دەتوانن خواردن و مێزی نانخواردن ئامادەبکەن، هەروەها لەوانەیە نەتوانن ژەمێکی نانخواردن بەتەواوی بخۆن و بۆیان تەواو بکرێت، ڕەنگە لە دانیشتن لەسەر مێزی نانخواردن و قسەکردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیان لەکاتی نانخواردندا چێژ وەربگرن، ئەم تەمەنە باشترین کاتە بۆئەوەی نەریتەکانی دانیشتن لەسەر مێز و سفرە و نانخواردن فێری منداڵ بکرێت.

خەوی منداڵی پێنج ساڵ

منداڵان لەم تەمەنەدا بە ڕۆژ ناخەون، لەبەرئەوە زوو خەوتن لەشەودا و خووگرتن بە خەوێکی باشی ڕۆژانە زۆر گرنگە، بەخەبەر هاتنەوەی بەردەوام بەدرێژایی شەو ڕوونادات. منداڵ لە نێوان تەمەنی پێنج بۆ دە ساڵی بەگشتی پێویستی بە دە بۆ ١٢ کاتژمێر خەو هەیە، کە ڕێژەی خەوی پێویست لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، واتا ڕەنگە هەندێک لە منداڵان پێویستیان بە هەشت کاتژمێر خەو هەبێت لەکاتێکدا کە هەندێکی تریان پێویستیان بە ١٢ کاتژمێر یان زیاترە بۆئەوەی لە ڕۆژدا چالاک بن.

منداڵی پێنج ساڵ و چۆنیەتی ڕۆیشتن بۆ باخچەی منداڵان

منداڵ دەچێتە باخچە و قۆناغی خوێندنی دەست پێدەکات، دەچێتە ناو جیهانێکی نوێ و چەندین هاوڕێی نوێ دەناسێت و لایەنی کۆمەڵایەتی گەشە دەکات. منداڵ چەند کاتژمێرێکی زۆر لە دەرەوەی ماڵەوە بەسەردەبات، ڕەنگە منداڵ نیگەران ببێت بە دوورکەوتنەوەی لە ماڵەوە یان بترسێت لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ منداڵانی تر یان مامۆستاکانی، هەروەها کێشەی هەبێت لەگەڵ ئەو بەرپرسیارێتییە نوێیانەی لێی چاوەڕێ دەکرێت وەکوو گوێگرتن، ئاگاداربوون لەپۆلدا و هاوکاریکردنی کەسانی تر.

کێشەکانی ڕەفتاری منداڵی پێنج ساڵ

منداڵان لەم تەمەنەدا هەوڵ دەدەن لە شتەکانی دەوروبەریان تێبگەن، کەسایەتیان گەشەدەکات بەڵام هەندێ بارودۆخی تایبەت لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە ڕەفتاری منداڵدا، هەوڵ بدەن هۆکاری هەریەکێک لە کێشه ڕەفتاریەکانی منداڵ بدۆزنەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشانە ڕۆیشتنی منداڵه بۆ باخچەی منداڵان یان قوتابخانەی سەرەتایی. ئەمەش شێوازێکی تازەیە لە ژیانیدا کە پێویستە لەشوێنێک بە ئارامی دابنیشت بەبێ بوونی ئەو ئازادییەی کە لە ماڵەوە هەیبووە.
لەم تەمەنەدا منداڵ بە تواناکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان نازانێت، دەیەوێت هەرکارێک کە ئەنجامی دەدات تەواو و بێ کەموکووڕی بێت، بەڵام شکست دەهێنێت. ئەمەش دەبێتەهۆی نائومێدی و تووڕەبوون لە منداڵدا. 

چۆن ڕەفتار لەگەڵ ئەو منداڵە پێنج ساڵانە بکەین کە کێشەی ڕەفتاریان هەیە؟

ڕووخۆشبوون

منداڵی پێنج ساڵ ناتوانێت لە لۆجیکی ڕەفتاری خۆی تێبگات، بۆیە ڕوونکردنەوەی زۆر تەنها زیاتر گێژی دەکات، منداڵ لەسەر لاساری و توڕەییەکەی بەردەوام دەبێت تا کاتێک کە شتێک بەویستی ئەو نەبێت، کەواتە پێویستە ئێوە بەهێمنی و بە سادەترین شێوە بۆی ڕوون بکەنەوە و هەڵەکەی پێ بڵێن، بەجوانی داوای لێبکەن کە دووبارەی نەکاتەوە. 

تووڕەبوون لە کاتی پێویست

هەندێک هەڵەی وەکوو هەڵدانی شتەکان یان شکاندنی کەلوپەل پێویستە بەتوندی وەکوو ڕەفتارێکی ناشرین کە جێگەی قبوڵکردن نییە نیشان بدرێت. هەرجۆرێک لە نواندنی دەستدرێژی یان توندوتیژی لەم تەمەنەدا دەبێت دەستبەجێ ڕێگری لێبکرێت.

دروستکردنی پەیوەندییەکی باش

ڕەفتارە باشەکان بە پەیوەندی دروست لەنێوان دایک و باوک و منداڵ دەستپێدەکەن، ئەگەر ئێوە پێشتر ئەم کارەتان بەباشی ئەنجام نەداوە، هەوڵبدەن ڕێگایەک بدۆزنەوە کە بە گرتنەبەری بتوانن کێشەکانی منداڵ بدۆزنەوە. بۆ نموونە، ئێوە دەتوانن بۆ قسەکردن دەربارەی کێشە ڕەفتارییەکانی منداڵەکەتان لەماڵەوە ژوورێکی تایبەتتان هەبێت کە لەم بارەیەوە قسەی لەگەڵدا بکەن و هەندێک ڕێگەچارەی بخەنەبەردەست، هەروەها ئێوە دەتوانن یاسایەک دابنێن کە دوای ئارامبوونەوەی منداڵەکەتان باسی کێشەکانی لەگەڵدا بکەن، چونکە کاتێک منداڵ ئارامی خۆی بەدەست بهێنێت باشتر دەتوانن ڕێنمایی بکەن.


سەرچاوەکان



794 بینین