یارییە هزرییەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-21-21:38:00 - کۆدی بابەت: 7867
یارییە هزرییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یارییە هزرییەکان یان یارییەکانی مێشک (بە عەرەبی: العاب العقل، بە ئینگلیزی: mind games) زۆرن ئەو یارییانەی کە یارمەتی زیرەکی مێشک و بەهێزکردنی یادەوەری دەدەن، ئەنجامدانی ئەو یارییانەی كە ئەو تایبەتمەندییانەیان هەیە و پەیوەستن بە لۆجیک بیرکردنەوە پێیان دەوترێت یارییەکانی مێشک، هەندێک لەو یارییانە تایبەتن بە منداڵان لە ڕێگەیانەوە دەکرێت ئاستی ژیریی و زیرەکی و فێربوونی منداڵ باشتر بکرێت، هەندێکی تریش کەسانی پێگەیشتوو دەتوانن لە ڕێگەیانەوە یادگە و ئاستی زیرەکییان بەرەوپێش بەرن.

گرنگترین یارییە هزرییەکانی مێشک 

یاریی شەتڕەنج

سەرباری ئەوەی یاریی شەتڕەنج یارییەکی کۆن و دێرینە بەڵام تا ئێستایش لەناو خەڵکیدا یارییەکی بەربڵاوە و یاریی دڵخوازی زۆر کەسە، هەروەها لەو یارییە هزرییە سوودبەخشانەیە کە چەندان توێژینەوەی زانستی لەسەر کراوە، دەرکەوتووە کە چالاکی مێشک زیاتر دەکات و یادەوەری بەهێز دەکات، چونکە یارییەکی ستراتیجییە و پەیوەستە بە یادەوەری و ژیری کەسەکەوە، هەر هەنگاوێکی یارییەکە کاریگەری لەسەر هەنگاوی دواتر دەبێت، هەردوو یاریزانەکە بە تەواوی پێشبینی جووڵەی بەرامبەر دەکەن و یارییەکە پێویستی بە سەرنج و ئاگایی هەیە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کەسەکە فێری ئارامگرتن و ئەزموون و بیرکردنەوەی لۆجیکی نوێ بکات. 

یارییە ئەلیکترۆنییەکان

یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕەواجێکی زۆری هەیە، لەسەر کاریگەری ئەرێنی و نەرێنییەکەی مشتومڕێکی زۆر بوونی هەیە، بەپێی توێژینەوە زانستییەکان دەرکەوتووە کە ئەم یارییانە سەرباری ئەوەی زیانیان هەیە، بەڵام سنووردارکردنی بەکارهێنانیان ڕۆڵێکی کارای هەیە بۆ بەهێزکردن و چالاککردنی مێشک، یارییە ئەلیکترۆنییەکان پەرە بە هەستی ئارامگرتن و دووبارە هەوڵدان و کۆڵنەدان دەدەن، هەروەها ڕۆحی یارمەتی و هاریکاری بە کۆمەڵ لە تاکەکاندا زیاتر دەکەن، چونکە هەندێک لەو یارییانە بە کۆمەڵ دەکرێت، یارمەتی جووڵە و هاوڕێککردنی چەند ئەندامێکی لەش دەدات، نموونەی جووڵەی دەستەکان و چاو بەیەکەوە، ئەم تایبەتمەندییە یارمەتیدەرە کە لە یەک کاتدا توانای ئەنجامدانی چەند کارێکت هەبێت.

یاریی سۆدۆکۆ

یاریی سۆدۆکۆ ئەو یاریەیە کە تا ڕادەیەکی دیاریکراو بە ژمارەکانەوە پەیوەستە، ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی بیرگە و بەشی یادەوەریی کورتخایەنی کەسەکان، هەروەها یارمەتی بیرکردنەوەی مێشک دەدات چونکە لەو یارییانەیە کە پشت بە یادگە و ژیریی و شیکارکردن دەبەستێت.

یاریی وشەی یەکتربڕ

یاریی وشەی یەکتربڕ یارییەکی کلاسیکی کۆن و سادەیە، ئەم یارییە وێنای ڕاهێنەرێکە بۆ مێشک و یادگە، شێوازێکی کاریگەرە بۆ فراوانکردنی بیروهۆش و دەوڵەمەندکردنی زانیارییەکان و فێربوونی دەستەواژەی زمانەوانیی نۆێ، هەروەها توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستوە ئەنجامدانی ئەم یارییە بە بەردەوامی ڕێگری دەکات لەوەی کەسەکان لە داهاتوودا دووچاری نەخۆشی زەهایمەر و خەڵەفاوی و لەبیرچوونەوە ببن. 

یاریی ڕێکخستنی وێنەی پارچە پارچە (پوزەڵ)

ئەم یارییە بۆ بەرەوپێشبردنی بەشی یادەوەریی کورتخایەنی مێشک سوودبەخشە، چونکە پێویستە مێشک چەندان پارچەی ڕەنگاوڕەنگ و هەمەجۆر ڕێکبخات بۆ دروستکردن و تەواوکردنی وێنەیەک، هەرچەند ژمارەی پارچەکان زۆرتر بن ئاستی یارییەکە قورستر دەبێت ئەمەش یارمەتی سەرنجدان و وردبینی زیاتر دەکات. 

چەند ماڵپەڕێکی جیهانی تایبەت بە یارییەکانی مێشک

ماڵپەڕی Lumosity: پێگەیەکی ئەلیکترۆنی جیهانییە، گرنگی بە ڕاهێنانە هزرییەکانی مێشک دەدات و چەندان یاریی هەمەجۆری لەخۆگرتووە، لە ڕێگەی ئەنجامانی یارییەکانی ڕۆژانەوە دەتوانیت تێستی ئاستی هۆشیاریی مێشکت بکەیت،
یارییەکانی ئەم پێگەیە لە ڕێگەی ئاپڵیکەیشنیش بەردەستن، هەروەها بە شێوەی خۆڕایی و خۆتۆمارکردنی مانگانەش یارییەکان فەراهەم کراون.
ـ ماڵپەڕی Happy Neuron: ئەم پێگەیە چەندان چالاکی و یاریی هەمەجۆری لەخۆگرتووە، لە ڕێگەی یارییەکانی هەریەک لە ئاستەکانی بیرگە، یادەوەری، زمان، هێزی تێبیی کردن و سەرنجدانی تاک تاقی دەکاتەوە، یارییەکان بە پشت بەستن بە چەندان توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی دانراون.
ـ ماڵپەڕی Braingle: ئەم پێگە ئەلیکترۆنییە زیاتر لە دە هەزار یاریی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە و دەتوانیت بە هاوبەشی یاریی بکەیت، هەروەها ڕێگەت پێدراوە کە دیزاین بۆ یاریی دڵخوازی خۆت بکەیت.
ـ ماڵپەڕی Queendom: ئەم پێگەیە تایبەتە بە تاقیکردنەوە و دیارییکردنی جۆری کەسایەتی، هەروەها بە هەزاران یاریی هەمەجۆر لەخۆدەگرێت کە یارمەتی بەهێزکردنی مێشک دەدەن و لە ڕێگەی یاریی و پرسیارەکانەوە دەتوانیت ئاستی زانیاریی و زیرەکیت بزانیت.


سەرچاوەکان



1288 بینین