ساو پاولۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-02-28-15:00:00 - کۆدی بابەت: 7902
ساو پاولۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ساو پاولۆ (بە ئینگلیزی: São Paulo)، شارێکە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل، لە توێژینەوەیەکدا وەکوو شارێکی جیهانی ئەلفا دیاریکراوه، شارەوانێتی ساو پاولۆ لە بەڕازیل و ئەمریکا ئاوەدانترین ناوچەی جوگرافییە، نیوەگۆی ڕۆژئاوا و نیوەگۆی باشوور، هەروەها لەڕووی دانیشتوانەوە چوارەمین گەورەترین ناوچەی جوگرافی جیهانە، سەرەڕای ئەوەش، ساو پاولۆ گەورەترین شاری جیهانە کە دانیشتوانەکەی بە زمانی پورتوگالی دەدوێن، ئەم شارە وەکوو پایتەختی ویلایەتی ساو پاولۆ خزمەت دەکات، کە قەرەباڵغترین و دەوڵەمەندترین ویلایەتی بەڕازیلە، ساو پاولۆ لە ئاستی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیدا کاریگەری کولتووری و ئابووری و سیاسی هەیە و نیشتیمانی چەندین مۆنۆمێنت، پارک و مۆزەخانەیە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

لە ساڵی 2013دا شاری ساو پاولۆ قەرەباڵغترین شاری بەڕازیل و ئەمریکای باشوور بوو، بەپێی سەرژمێریی لە ساڵی 2010‌ نزیکەی 11,244,369 کەس نیشتەجێی شاری ساو پاولۆن، لە نێویاندا 6,824,668 کەس سپی پێستن کە دەکاتە 60.6٪ دانیشتوانەکەی، 3,433,218 کەس فرەڕەگەزن و 30.5٪ دانیشتوانەکەیان پێکهێناوە، 736,083 ڕەش پێستن بە ڕێژەی 6.5٪ پێکدەهێنن, هەروەها 246,244 کەس خەڵکی ئاسیان کە ڕێژەی 2.2٪ پێکدەهێنن، نزیکەی 21,318 بە ڕەچەڵەک لە هیندییە سوورەکانن و ڕءژەی 0.2٪ پێکدەهێنن.

ساو پاولۆ بە فرەکولتوورترین شاری بەڕازیل دادەنرێت، لە ساڵی 1870 تا 2010 نزیکەی 2.3 ملیۆن کۆچبەر لە هەموو بەشەکانی جیهانەوە گەیشتوونەتە ویلایەتەکە، کۆمەڵگەی ئیتاڵی یەکێکە لە زۆرترین ئامادەبووانی سەرتاسەری شارەکە، لە 9 ملیۆن دانیشتوانی ساو پاولۆ کە دەکاتە 50٪ (4.5 ملیۆن کەس) یان دایک و باوکیان هەردووکیان یاخود یەکێکیان بە ڕەچەڵەک ئیتاڵین، شاری ساو پالۆ زیاتر لە هەموو شارێکی ئیتاڵیا وەچەی ئیتالی تێدایە، هەروەها کۆمەڵگەی پورتوگالیش بەشێکی زۆر گەورەی دانیشتوانی شارەکه پێکدەهێنێت، مەزەندە دەکرێت سێ ملیۆن دانیشتوی شارەکە پورتوگالی بن و کۆمەڵەی جوولەکەش زیاتر لە 80,000 کەس پێکدەهێنێت.

شارەکە بەهۆی ئابوورییە بەهێزەکەی و بوون بە سەنتەری زۆربەی کۆمپانیا بەڕازیلییەکان سەرنجی چەندین پەنابەری لە سەرتاسەری بەرازیل و تەنانەت وڵاتانی دەرەوەش ڕاکێشاوە، لە سەدەی نۆزدەیەمەوە تا نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، ساو پاولۆ کۆچبەرانی ئەڵمانی، ئیسپانی و لیتوانیایی وەردەگرت، هەروەها ساڵانە چەندین شەپۆلی کۆچکردن لە هایتی و زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا و کاریبی ڕوو لەم شارە دەکەن، گرووپە سەرەکییەکانی شاری ساو پاولۆ بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ناوچەکانی سەر بە پایتەخت بریتین لە:

  • 6 ملیۆن کەسی بە ڕەگەز ئیتالی
  • 3 ملیۆن کەسی پورتوگالی
  • 1.7 ملیۆن کەسی ئەفریقی
  • 1 ملیۆن کەسی بە ڕەچەڵەک عەرەب
  • 665,000 ژاپۆنی
  • 400,000 کەسی بە ڕەگەز ئەڵمانی
  • 250,000 کەسی فەڕەنسی
  • 150,000 کەسی یۆنانی
  • 120,000 کەس بە ڕەچەڵەک چینی
  • 120,000 بۆ 300,000 پەنابەری بۆلیڤیا
  • 50,000 کەسی بە ڕەگەز کۆری
  • 80,000 جوولەکە

مێژووی شارەکە

یەکەم نیشتەجێی ئەورووپی لە ناوچەکەدا دەریاوانێکی پرتوگالی بوو بە ناوی (جۆو راماڵهۆ)، کە لە کەشتییەکی شکاودا مایەوە و یەکەم جار بوو بە ناوچەی ساو پاولۆی ئەمڕۆدا گەڕا و لێکۆڵینەوەی لە ناوچەکە کرد، وەکوو زۆرێک لە شارەکانی بەڕازیل، ساو پاولۆ لەلایەن ئەندامێکی کۆمەڵگەی کاسۆلیکی ڕۆمانی عیساوە لە ساڵی 1554دا دامەزراوە، ئەم شارە سەرەتا ناونرا ساو پاولۆ دۆس کامپۆس دی پیراتینینگا بەناوی سەینت پاول، لە ساڵی 1711 بوو بە شارێکی فەرمی.

کەشوهەوای ساو پاولۆ

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن شاری ساو پاولۆ کەشوهەوایەکی شێداری نیمچە خولگەیی هەیە، لە وەرزی هاویندا و لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئازار تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی نزیکەی 19 و بەرزترین پلەی گەرمی 28 پلەی سەدییە، هەروەها لە وەرزی زستاندا پلەکانی گەرما لە نێوان 12 بۆ 22 پلەی سەدییدایە، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 37.8 پلەی سەدی بوو لە 17ی تشرینی یەکەمی 2014دا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو −3.2 پلەی سەدی بوو لە 25ی حوزەیرانی 1918.

شارەکە چوار وەرزی هەیە، هاوینی گەرم و باراناوییە، لە پاییز و بەهاردا کەشی شارەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، زستانیشی ساردترین وەرزی ساڵە، ڕێژەی بارانبارین لەم شارەدا زۆرە و ساڵانە تێکڕای 1,454 ملیمەتر باران دەبارێت، بەتایبەتیش لە مانگە گەرمەکانی ساڵدا بە تێکڕایی 219 ملیمەتر دەبارێت و لە وەرزی زستاندا ئەم ڕێژەیە دادەبەزێت و بە تێکڕای 47 ملیمەتر دەبارێت، نە لە ساو پۆیلۆ و نە لە کەنارەکەی هیچ کاتێک گێژەڵووكەی خولگەیی و گەردەلوولی هەڵناکات.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی ساو پاولۆ

  • بازاڕی شارەوانی
  • کڵێسای کاتیدرال
  • مۆزەخانەی MASP
  • مۆزەخانەی پیناکۆتیکا
  • هۆڵی سالا ساو پاولۆ
  • فێرگەی بوتانتان
  • ڕەبەنگە یان دەیری سۆ بێنتۆ
  • تەلاری OCA
  • کۆڵانی باتمان
  • شانۆی شارەوانی
  • پارۆی ڤیلا لۆبۆس


سەرچاوەکان



314 بینین