تێکەڵکردنی ڕەنگەکان

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-02-19:24:00 - کۆدی بابەت: 7910
تێکەڵکردنی ڕەنگەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکەڵکردنی ڕەنگەکان (بە عەرەبی: مزج الوان، بە ئینگلیزی: Mix colors) ڕێگایەکی سەردەمیانەیە بۆ بەرهەمهێنان و دروستکردنی ڕەنگی نوێ، ڕەنگە سروشتییەکان لە گرنگترین کەرەستەکانی جوانییە لە ژیاندا، ڕەنگ وزە و ژیان دەبەخشێتە شتەکان، ئەگەر بە دروستی و بە ڕێکی بەکاربهێنرێت لە دیزاین و جوانکاریی شتەکان دەکرێت درەوشاوەیی و وزە و چالاکیی ببەخشێتە کەسەکان، چونکە ڕەنگەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر کاردانەوە و هەست و دەروونی مرۆڤەکان.
زۆرێک لە نیگارکێشان و دیزاینەری پۆشاک و ئەندازیارانی دیزاین لەم بوارەدا کاریان کردووە و لە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بۆ دروستکردنی ڕەنگی نوێ سوودیان بینیوە.
هەروەها تێکەڵکردنی ڕەنگەکان لە چەندان بواری پیشەسازی بەکارهاتووە، لە بۆیە و ڕەنگکردنی دیوار و تەلارەکان ڕۆڵی گرنگی هەیە، هەروەها لە بەرهەمهێنانی چەند بابەتێکی جوانکاریی خانمان سوودی گرنگی هەیە، نموونەی بۆیەی قژ و هەموو جۆرەکانی ماکیاج و ئارایشتکردن. 

یاسای تێکەڵکردنی ڕەنگەکان

بۆ بەرهەم هێنانی ڕەنگی نوێ و تێکەڵکردنی هەر ڕەنگێک پێویستە سەرەتا جۆر و تایبەتمەندیی و کاریگەریی ڕەنگەکان لەسەر یەکتر بزانرێت و دیاریی بکرێت.
لە سروشتدا ڕەنگە سەرەکییەکان بریتیین لە ڕەنگی زەرد و سوور و شین، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی هەر ڕەنگێک لەم سێ ڕەنگە دەرەنجامی سەرنجڕاکێش بەدەست دەهێنرێت و ڕەنگی نوێ دروست دەبن.
ڕەنگە لاوەکییەکان ئەو ڕەنگانەن کە لە تێکەڵکردنی دوو ڕەنگی سەرەکی دروست دەبن.
تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بە بڕ و ڕێژەی یەکسان و دیاریکراو دەبێت.
هەروەها تێکەڵکردنی دوو ڕەنگی سەرەکی یان تێکەڵکردنی ڕەنگێکی سەرەکی و لاوەکی، یاخود تێکەڵکردنی دوو ڕەنگی لاوەکی بۆ بەدەستهێنانی پلەی تۆخی و تێری و کاڵی ڕەنگەکان لە هەرە ڕێگا باوەکانن بۆ دروستبوونی ڕەنگی نوێ.
تێکەڵکردنی ڕەنگە تۆخەکان بە بەراورد بە ڕەنگە کاڵەکان ئەنجامی زیاتر و باشتر دەخەنەڕوو.
تێکدان و تێکەڵکردن بەباشی کاریگەریی بەرچاوی هەیە لە پلەی تێری و کاڵی ڕەنگی بەرهەم هاتوو.
زیاتر بۆ تۆخکردنی ڕەنگ بڕێکی کەم یاخود دڵۆپێک لە ڕەنگی شینی تۆخ بەکاردەهێنرێت، بەڵام بۆ کاڵکردنەوەی ڕەنگ بڕێکی زۆر لە ڕەنگی سپی پێویستە.

چەند نموونەیەک بۆ تێکەڵکرنی ڕەنگەکان 

پلەکانی ڕەنگی سەوز

لە ڕێگەی تێکەڵکردنی بڕێکی یەکسان لە هەردوو ڕەنگی شین و زەرد ڕەنگی سەوز دروست دەبێت، ئەگەر بڕێکی کەم لە ڕەنگی سووریشیان بۆ زیاد بکرێت ڕەنگی نەوتی دروست دەبێت، بڕێکی کەم لە ڕەنگی زەرد تێکەڵی ڕەنگی نەوتی بکرێت ڕەنگی نەوتی تۆخ دروست دەبێت.

پلەکانی ڕەنگی زەرد

بە تێکەڵکردنی بڕێکی دیاریکراو لە ڕەنگی زەرد لەگەڵ چارەگێکی ڕەنگی زەردەکە لە ڕەنگی سوور و کەمێک سپی ڕەنگی زەردی مەیلەو سوور دروست دەبێت، هەروەها تێکەڵکردنی بڕێکی کەم لە ڕەنگی شین و سپی و زەرد ڕەنگی زەردی مەیلەو سەوز دروست دەبێت. 

پلەکانی ڕەنگی سوور

ڕەنگی جەرگی یاخود ماڕۆنی لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سوور لەگەڵ بڕێکی دیاریکراو لە شین و زەرد بەرهەم دەهێنرێت.
ڕەنگی سووری کاڵی زەردکار لە تێکەڵکردنی بڕێکی یەکسان لە ڕەنگی سپی و سوور و بڕێکی کەم لە زەرد دروست دەبێت.

نموونەی تێکەڵکردنی چەند ڕەنگێکی تر

لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سوور و شین ڕەنگی مۆر دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی شین و زەرد ڕەنگی سەوز دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سپی و شینی تۆخ ڕەنگی شینی ئاسمانی کاڵ دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سپی و سوور ڕەنگی پەمەیی دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سەوز و شین ڕەنگی پیرۆزەیی دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سەوز و سوور ڕەنگی قاوەیی دروست دەبێت.
لە تێکەڵکردنی ڕەنگی سوور و شینی تۆخ و زەرد ڕەنگی ڕەش دروست دەبێت.


سەرچاوەکان



6027 بینین