یارمەتیدانی دەروونی کچێک کە دەستدرێژی کراوەتە سەر

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-07-17:21:00 - کۆدی بابەت: 7941
یارمەتیدانی دەروونی کچێک کە دەستدرێژی کراوەتە سەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچان لە کۆنەوە هەبووە و تاکوو ئێستاش بەردەوامە و ڕووی لە زیادبوونیش کردووە، قسەکردنی ئەو کەسەی کە قوربانییە دەربارەی ڕووداوەکە زۆر قوورسە و ترس لەوەی کە کەس باوەڕی پێ نەکات و بەسەر خۆیدا بشکێتەوە ناهێڵێت کە ڕاستییەکان بڵێت، بەڵام کاتێک کەسێک هەبێت هاوکاری بێت و بتوانێت یارمەتی بدات و گوێی لێ بگرێت، ئاسانتر دەتوانێت قسەی دڵی خۆی بکات، کاتێک قوربانییەک باسی حاڵەتەکەی خۆیت بۆ دەکات پێش هەموو شتێک دەبێت دڵنیاببیتەوە لە وردەکاری ڕووداوەکە و دواتر باوەڕی پێ بکەیت و ئینجا یارمەتی بدەیت.

چۆن بتوانیت یارمەتی بدەیت؟

گوێگرتن

زۆرینە حەزدەکەن کە دەربارەی ڕووداوەکە قسە بکەن و هەمووی باس بکەن، کەسێکیش هەبێت کە گوێیان بۆ بگرێت بەبێ ئەوەی کە بەردەوام قسەکەیان پێ ببڕێت یاخود بە هەڵە بڕیاریان لەسەر بدات، بۆیە زۆر گرنگە تاکوو کۆتایی گوێی بۆ بگریت و دواتر ڕای خۆت بڵێیت.

یارمەتیدانی بۆ هەڵبژاردنی هەڵبژاردەی دروست

بە گوێگرتن و دڵدانەوە و یارمەتیدان و خۆشەویستی دەربڕین بۆی وردە وردە کەسەکە وا لێدەکەیت کە بتوانێت هەڵبژاردەیەکی دروست هەڵبژێرێت لە هەنگاوەکانی داهاتوودا و بزانێت کە دەبێت چی بکات و چۆن بیربکاتەوە تاکوو قۆناغ بە قۆناغ چارەسەری ئەم کێشەیە بکات.

هەرگیز بە تاوانباری مەزانە

هەرگیز بیانووی بێمانا مەهێنەوە و کچەکە بە تاوانبار مەزانە لە حاڵەتێکدا ئەگەر دەستدرێژی کرابێتە سەر و بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەکی کردبێت.

پێش دەست لێدانی ئیزنی لێ وەربگرە

کچان دوای دەستدرێژی سێکسی پێیان خۆش نییە کە هیچ کەسێک دەستیان لێ بدات یاخوود ماچ و باوەشیان بکات، بۆیە کاتێک دەتەوێت هێوری بکەیتەوە و هاوخەمی خۆتی بۆ دەربڕیت ئیزنی لێ وەربگرە کە دەتەوێت باوەشی پێدا بکەیت یاخود ماچی بکەیت.

لەسەرخۆبە و هەقی پێ بدە

ئاساییە ئەگەر ئەو کەسەی کە دەستدرێژی کراواتە سەر تووڕە بێت و قسەی ناخۆش بکات و دڵت بئێشێنێت و ڕەفتاری نەگونجاو بنوێنێت، چونکە لەلایەنی دەروونییەوە تەواو تێکشکاوە و پێویستی بە کات و هاوکارییە تاکوو بتوانێت ئاسایی ببێتەوە.

ئاگاداری کێشە جەستەییەکانی بە

مەرج نییە تەنها بە قسەکردن و گوێ بۆ گرتن بتوانیت هاوکاری بکەیت لەوانەیە لە کاتی دەستدرێژییەکەدا دووچاری زەبری جەستەیی بووبێتەوە و برین بە جەستەیەوە هەبێت و لێیدرابێت، یاخوود دەکرێت بەهۆی دەستدرێژییەکەوە گومانی هەر یەکە لەمانەی لێ بکرێت و دەبێت پشکنینی بۆ بکرێت:

دوورکەوتنەوە لە بڕیاردانی هەڵە لەسەری

دەستدرێژی سێکسی ڕووداوێکی بچووک نییە و بە ئاسانییش کاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەکانی لاناچن کەواتە هەوڵ بدە بە هێمنی و پرسیارکردن و گوێگرتن بڕیاری هەڵە نەدەیت و هەموو ڕێگاکان بگریتە بەر ئەوکات بڕیار بدەیت.

چاودێری بەردەوام

ئەو قوربانییە نابێت بەهیچ شێوەیەک تەنها بێت تەنانەت بۆ چرکەیەکیش تاکوو بارودۆخی ئاسایی دەبێتەوە، چونکە لەڕووی دەروونییەوە تێکشکاوە و ئەگەری زۆرە هەوڵی خۆکوشتن بدات.

بێدەنگی بشکێنە

کاتێک دڵنیادەبیتەوە کە کچەک دەستدرێژی کراوەتە سەری و هیچ تاوانێکی نییە، دەبێت بێدەنگی بشکێنیت و کەسە نزیکەکانی ئاگادار بکەیتەوە و هەوڵ بدەیت کە بەباشی تێیان بگەیەنیت کە ڕووداوەکە چۆنە و مەرج نییە هەر کچێک دەستدرێژی کرایە سەر تاوانبار بێت و هەڵەی کردبێت و یارمەتیدانی ئەرکە.

ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار

کاتێک هەموو ڕێگاکان دەگریتە بەر و دڵنیادەبیتەوە لە دەستدرێژییەکە پێویستە سکاڵا تۆمار بکەیت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەیتەوە لەم حاڵەتە تاکوو کەسی تاوانبار بە سزای خۆی بگات، بەڵام ئەگەر کەسی قوربانی نەیەوێت لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە و یاخود تەنانەت نەیەوێت کە پشکنینیشی بۆ بکرێت ئاساییە و پێویستە ڕێز لە ڕاکە بگیردرێت و زۆری لێ نەکرێت، ئەگەری هەیە بە تێپەڕبوونی کات بیروباوەڕی لەم بارەیەوە بگۆڕدرێت.


سەرچاوەکان



405 بینین