فڕۆکەوان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-10-17:21:00 - کۆدی بابەت: 7955
فڕۆکەوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فڕۆکەوان (بە ئینگلیزی: pilot) بەو کەسە دەوترێت کە کۆنترۆڵی فڕینی فڕۆکە دەکات لە ڕێگەی کۆنترۆڵەکانی ئاڕاستەکەری فڕینەوە، هەندێکی تر لە دەستەکانی فڕۆکەوانی وەک ڕێنیشاندەر یان ئەندازیاری فڕین وەک فڕۆکەوان دادەنرێن، لەبەر ئەوەی ئەوان ڕێکخەری سیستمی ڕێگە و بزوێنەری فڕۆکەن. وەک ناسێنەری لێهاتوویی و بەرپرسیارێتیی فڕۆکەوانەکان زۆربەی بوارەکانی سەربازی و دەستوورە جیهانییەکانی هێڵی ئاسمانی باجی فڕۆکەوانی دادەنێن بۆ فڕۆکەوانەکانیان.

مێژوو

یەکەم بەکارهێنانی تۆمارکراوی دەستەواژەی فڕۆکەوان لە ساڵی ١٨٨٧ لە زمانی فەڕەسیدا، بە دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی خەڵکی لەناو فڕۆکە و لەسەر زەویدا، لە کۆندا فڕۆکەوان دەبوو لەژێر کۆنترۆڵێکی ڕێکخراو و ڕاهێنانێکی گونجاو و باوەڕپێکراودا بێت، چونکە بەرپرس بوو لە سەلامەتی و یاسایی فڕینی فڕۆکە.

فڕۆکەوانی مەدەنی

فڕۆکەوانی مەدەنی هەموو ئەو جۆرە فڕۆکەوانانە دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی تایبەتی بۆ خۆشی، چاکە، ئەنجامدانی کاری کەسێتی، فەرمانپێکراوانە، بەپێی خشتەی کاری گەشتیار، بۆ کۆمپانیایەکی تایبەتی، کشتوکاڵ، کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان و چەندین ئەرکی تری مرۆڤانە کاردەکەن.
کاتێک بۆ هێڵی ئاسمانی کاردەکەن زۆرجار پێیان دەوترێت فڕۆکەوانی هێڵی ئاسمانی، ئەگەر لە ئەنجامدانی ئەرکێکی نیشتیمانی یان پاراستنیشدا بن پێیان دەوترێت کاپتن.

فڕۆکەوان لە ئاسیادا

لە هەندێک وڵاتی وەک پاکستان و تایلەنددا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لەنێوان سەربازی و هێڵە ئاسمانییە سەرەکییە نەتەوەییەکاندا، هەروەها هەندێک لە فڕۆکەوانەکان لە ڕێگەی سەربازییەوە دەبن بە فڕۆکەوان، لە کاتێکدا کە ئەم یاسایە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپادا بەو شێوەیە نییە.

فڕۆکەوانی سەربازی

فڕۆکەوانە سەربازییەکان لەگەڵ هێزی چەکداراندا فڕۆکەوانی دەکەن، ئەرکەکانیان دەکرێت جەنگی یان ناجەنگی بێت، فڕۆکەوانی سەربازی چەندین ڕاهێنانی تایبەتی پێ دەکرێت، کە هەندێک جار ئەم ڕا‌هێنانە دەکرێت بەکارهێنانی چەکیش بگرێتەوە، نموونە بۆ ئەم جۆرە فڕۆکەوانانە وەک: فڕۆکەوانی شەڕکەر، فڕۆکەوانی بۆمباوێژ، فڕۆکەوانی گوێزەرەوە، فڕۆکەوانی ئەزموونی و بۆشایی ئاسمان.
فڕۆکەوانی سەربازی بەرنامەی خوێندنی جیاوازە لە فڕۆکەوانی مەدەنی، چونکە لەلایەن مامۆستای سەربازییەوە فێردەکرێن، ئەمەش لەبەر جیاوازی بەرپرسیارێتییانە لە ئامانجی فڕین و جۆری فڕۆکە و حاڵەت و زنجیرەی فڕیندا، زۆربەی فڕۆکەوانە سەربازییەکان لەدوای جێهێشتنی سوپا ئەزموونەکەیان دەگوازنەوە بۆ کاری فڕۆکەوانی مەدەنی، هەروەها ئەزموونە سەربازییەکەیان بنچینەیەکی کاریان دەداتێ بۆ مۆڵەتی فڕۆکەوانی مەدەنی.

هێزی ئاسمانی عێراق

هێزی ئاسمانیی عێراق (بە ئینگلیزی: Iraqi Air Force) (بە عەرەبی: القوات الجوية العراقية) هێزێکی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی سەربازییە کە لقێکە لە هێزی سوپای عێراق، لە ٢٢ی مانگی نیسانی ساڵی  ١٩٣١ لەماوەی کۆنترۆڵکردنی عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لەدوای شکستی عوسمانییەکان لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا دامەزراوە، بارەگا ناوەندییەکەی لە شاری بەغدادی پایتەختی وڵاتی عێراقە، بەرپرسە لە بەرگری ئاسمانیی عێراق و پاراستنی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی.

ئەو لێهاتوویانەی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی کاری فڕۆکەوانی

پەیوەندی

دەبێت لێهاتوویەکی باشت هەبێت لە دروستکردنی پەیوەندی و چارەسەرکردنی کێشە و سەرنج خستنە وردەکاری.

کاری هەرەوەزی

توانات هەبێت وەک بەشێک لە دەستەیەک کاربکەیت، چونکە دەبێت لەگەڵ کۆنترۆڵکەرانی هاتوچۆی ئاسمانی و دەستەی فڕیندا بەردەوام لە پەیوەندیدا بیت.

ڕێکخستن

بتوانیت کە پێشهات و پڕۆژەکان بەپێی گرنگیان پێش بخەیت.

پیشەگەری

گرنگە کە لە هەموو کاتێکدا بەشێوەیەکی کرداری و ڕێگایەکی پیشەگەرانە و ڕەوشت بەرزانە هەڵسوکەوت بکەیت.

توانای گونجان

بتوانیت لەگەڵ کات و مەرجەکانی کارکردندا بگونجێیت.

ئەرک

  • پشکنینی فڕۆکە پێش و پاش فڕین.
  • هەڵبژاردنی هێڵێکی سەلامەت و گونجاوی فڕین.
  • پاراستنی بەڵگەنامە وردەکان بۆ مەبەستی کارپێکردن.
  • بوونی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا و دامەزراوەی پێویست لە کاتی فڕیندا.
  • دڵنیابوونەوە لە ئاسوودەیی و سەلامەتی گەشتیاران و دەستەی کارکردن و فڕۆکەوانی.

کاری ڕۆژانەی فڕۆکەوان

  1. زانیاریدان بە دەستەی فڕین دەربارەی وردەکارییەکانی فڕین.
  2. پشکنین پێش هەستانی فڕۆکە.
  3. ئاگادارکردنەوەی دەستەی بەرپرس لە شكانی هەر پارچەیەکی فڕۆکە.
  4. داواکردنی هەستانی فڕۆکە و نیشتنەوە و فڕینی لە کۆنترۆڵکەرانی هاتوچۆی ئاسمانیی فڕۆکە.
  5. لێخوڕینی فڕۆکە.
  6. چاودێریکردنی هەموو سیستمەکانی فڕۆکە.
  7. پڕکردنەوەی بەڵگەنامەیی فڕۆکە.
  8. پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمان و فڕۆکەوانەکانی تردا.
  9. چارەسەرکردنی پێشهاتەکان لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی بۆ دووربوون لە سووتانی فڕۆکە.


سەرچاوەکان



1069 بینین