خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٤ی ئۆکرانیا بۆ پاڵپشتی لە ڕووسیا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-10-23:05:00 - کۆدی بابەت: 7959
خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٤ی ئۆکرانیا بۆ پاڵپشتی لە ڕووسیا

ناوه‌ڕۆك

زانیاریی گشتی

خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٤ی ئۆکرانیا بۆ پاڵپشتی لە ڕووسیا (بە ئینگلیزی: 2014 pro-Russian unrest in Ukraine، بە عەرەبیاضطرابات 2014 الموالية لروسيا في أوكرانيا) یەکێکی ترە لە قەیرانەکانی ئۆکرانیا لەدوای ٢٠١٣ـەوە و کۆمەڵێک خۆپێشاندانە لە کۆتاییەکانی شوباتی ٢٠١٤ لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بۆ پاڵپشتی لە ڕووسیا و دژایەتی حکوومەتی نوێی ئۆکرانیا. ئەم خۆپێشاندانانە لەدوای مەیدانی ئەورووپییەوە سەریان هەڵدا کە بووە هۆی لابردنی سەرۆکی ئۆکرانی (یانوکۆڤیچ) کە پاڵپشتی لە بڕیارەکانی ڕووسیا دەکرد.

زۆرێک لە کەناڵ و میدیاکانی ڕووسیا ئەم هەڵمەتەیان بە بەهاری ڕووسی (بە ڕووسی: Русская весна) ناوبرد. خۆپێشاندانەکان بووە هۆی جیابوونەوەی نیمچەدوورگەی قرم لە ئۆکرانیا و دروستبوونی ململانێی چەکداری لە ڕۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکە.

ڕووداوەکان

دوای سەرگرتنی مەیدانی ئەورووپی و لابردنی سەرکۆمار ڤیکتۆر یانوکۆڤیچی لایەنگری مۆسکۆ، لە ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە زۆرینەیان ڕووسیین ناڕەزایی لێ کەوتەوە و داوایان کرد لەجێی ئەورووپا لەگەڵ ڕووسیا یەک بگرن و هاوپەیمانی ببەستن. بنەچەی ئەم خۆپێشاندانانە لە نیمچەدوورگەی قرمەوە سەری هەڵدا و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی قرم لە ٢٠١٤.

لە ڕۆژی ١ی ئازار، چالاکوانانی ڕووسی لە ژمارەیەک لە ئۆبلاستەکانی ئۆکرانیا باڵەخانەکانی بەڕێوبردنی ناوچەکانیان داگیرکرد. لە 11ی ئازار هەموو داگیرکردنی بیناکان کۆتایی هات و لەلایەن پۆلیس و ئاسایشی ئۆکرانیاوە بەدەست هێنرانەوە. لە دۆنێتسک خۆپێشاندان لە چەند شوێنێک توندوتیژی لێ کەوتەوە، لە 13ی ئازار، خۆپێشاندەرێکی لایەنگری ئۆکرانیا هەتاوەکوو مردن بە چەقۆ لێی درا. لە خارکیڤ ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوەکانی ئۆکرانیا خۆپێشاندەرێکی دژە مەیدانی ئەورووپییان کوشت. لە شەوی ١٥ـی ئازاریشدا کە خۆپێشاندەرانی دژە مەیدانی ئەورووپی هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی کەرتی ڕاستڕۆ، کەسێکی پیادەیان کوشت.

ئۆبلاستی دۆنێتسک کۆمەڵێکی زۆر ڕووسی لە ڕووسیا و قرمەوە هاتنە نێو خۆپێشاندەران بۆ پشتگیری لێیان کە بەپێی قسەی بەڕێوبەری ئۆبلاستی دۆنێتسک کەسانی تاوانباری تێدابووە. لە نێوان ٤ بۆ ٢٥ـی ئازار زیاتر لە ٨٢٠٠ ڕووسی ڕێگرییان لێ کرا بڕۆنە خاکی ئۆکرانیا بۆ پشتگیری لە خۆپێشاندەرانی دژی حکوومەت.

بەڵام خۆپێشاندانەکان نەوەستان تاوەکوو قەیرانی قرم گەورەتربوو و جەنگی دۆنباس دروست بوو.

بیروبۆچوون دەربارەی هاوپەیمانییەکان

پەیمانگای نێودەوڵەتی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی کیێڤ لە نێوان ٨ و ١٨ی شوباتی ٢٠١٤ ڕیفراندۆمێکی ئەنجامدا بۆ هەڵسەنگاندنی ڕادەی پشتگیری بۆ بیرۆکەی یەکگرتن لەگەڵ ڕووسیا. پەیمانگاکە بۆی دەرکەوت کە 12٪ـی دەنگدەران بە گشتی پشتگیری یەکگرتن لەگەڵ ڕووسیا دەکەن و 68٪ـی دەنگدەران لە چوار هەرێمدا جەختیان لەسەر پێویستیی مانەوەی ئۆکرانیا بە سەربەخۆیی کردووە، لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییەکی ئاسایی و باش لەگەڵ ڕووسیا.

ڕێژەی دەنگی یەکگرتن لەگەڵ ڕووسیا لەم ناوچانە زۆرترین ڕێژەی هەبوو:

  • ٤١% لە قرم
  • ٣٣,٢% لە ئۆبلاستی دۆنێتسک
  • ٢٤,١% لە ئۆبلاستی لوهانسک
  • ٢٤% لە ئۆبلاستی ئۆدیسا
  • ١٦,٧% لە ئۆبلاستی زاپۆریژا
  • ١٥,١% لە ئۆبلاستی خارکیڤ
  • ١٣,٨% لە ئۆبلاستی دنیپرۆپترۆڤسک


سەرچاوەکان



647 بینین