ماکاو

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-20-16:00:00 - کۆدی بابەت: 8006
ماکاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماکاو (بە ئینگلیزی: Macau، بە چینی: 澳門)، شارێک و ناوچەی کارگێڕی تایبەت بە کۆماری گەلی چینە، ئەم شارە دەکەوێتە کەناری باشووری چینەوە و 60 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری هۆنگ کۆنگەوە دوورە، لە بەشی ڕۆژئاوای دێلتای ڕووباری پیرل. ژمارەی دانیشتوانەکەی بە نزیکەیی 680,000 کەس دەخەمڵێندرێت، ڕووبەری ڕووی شارەکە 32.9 کیلۆمەتر دووجایە و ئاوەدانترین ناوچەی جیهانە.

دانیشتوانی شاری ماکاو

بەپێی سەرژمێری کۆتایی ساڵی 2018، ژمارەی دانیشتوانی شاری ماکاو 667,400 کەسە، لەگەڵ ئەوەشدا چڕی دانیشتوانەکەی 21,340 کەسە لە هەر کیلۆمەترێک چوارگۆشەدا. زۆربەی دانیشتوانی ئەم شارە کە دەکاتە 88.7% هاوڵاتی چینین و 11.6% کەی تری دابەش بوون بە سەر سێ نەتەوەی کەمینەدا کە بە شێوەیەکی سەرەکی فلیپینییەکان 4.6%، ڤێتنامییەکان 2.4% و پورتوگالییەکان 1.8%ی دانیشتوان پێک دەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا 49.4% ی دانیشتوان لە شاری ماکاو لەدایکبوون، لە کاتێکدا 43.1% ی لە خاکی چین لەدایکبوون، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەی لە ساڵی 2018دا کرا، تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیانی ناو شارەکە لە نێرەکاندا 81.6 ساڵییە و لە مێینەدا 87.7 ساڵییە، بەمەش دانیشتوانی شارەکە لەڕووی تەمەنەوە بە پلەی چوارەم دێن لە ئاستی جیهاندا. شێرپەنجە، نەخۆشی دڵ و ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندی بە هەناسەدانەوە هەیە هۆکری سەرەکی مردنی هاوڵاتیانن.

زمان

زمانی سەرەکی شاری ماکاو کانتۆنیزە و 87.5%ی دانیشتوانی شارەکە قسەی پێ دەکەن، لەو ڕێژەیەش80.1%ی وەکوو زمانی یەکەم و 7.5% وەکوو زمانی دووەم قسەی پێ دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا 2.3%ی دانیشتوان دەتوانن بە پورتوگالی قسە بکەن، 0.7%ی قسەکەری ڕەسەنن و 1.6% وەکوو زمانی دووەم بەکاری دەهێنن. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی زیادبوونی کۆچ لە خاکی چینەوە ژمارەی قسەپێکەرانی ماندەرينی زیاد کردووە و نزیکەی نیوەی دانیشتوان پێکدەهێنن. هەروەها زیاتر لە چارەکێکی دانیشتوانی شارەکە بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن و ڕێژەی 27.5% پێک دێنن، لەو ڕێژەیەش 2.8%ی قسەکەری ڕەسەنن و لەسەدا 24.7%ی وەکوو زمانی دووەم بەکاری دەهێنن.

ئایین

بەپێی دەزگای زانیاری حکومەت، 80%ی خەڵکی پەیڕەوی بودیزم دەکەن، 6.7%ی دانیشتوان شوێنکەوتەی ئایینی مەسیحییەتن و 13.7% پەیڕەوی ئایینەکانی تر دەکەن. هەروەها ئایینە کەمینە بچووکەکانی تری ناو شارەکە کە کەمتر لە 1%ی دانیشتوان پێک دەهێنن بریتین لە، هیندۆسی، جوولەکە و ئیسلام.

کەشوهەوای شاری ماکاو

ئاووهەوای شاری ماکاو نیمچە خولگەییە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی مامناوەندە و هاوینی گەرم، باراناویی و شێدارە، وەرزی زستان لە کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی شوبات، لەم وەرزەدا کەشوهەوا مامناوەندە و پلەکانی گەرمی نزیکەی 18 بۆ 20 پلەی سەدییە، بە ڕۆژدا هەور بە ئاسمانی شارەکەوە دەبیندرێت، تەم و مژ دروست دەبن و هەروەها نمە بارانیش دەبارێت. بەهاری ئەم شارە لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات تا ئایار، کەشوهەوای ماکاو لەم وەرزەدا گەرمێکی خۆشە، بەڵام ئاسمانی شارەکە هەمیشە هەوراوییە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەکرێت لە مانگی ئازار و نیساندا تەمومژاو بێت، وەرزی هاوینیش لە مانگی حوزەیرانەوە تا مانگی ئەیلوول دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزدا گەرم، شێدار و باراناوییە، لەگەڵ لێزمە باران یان ڕەشەبای بروسکاوی، هەرچەندە خۆر بە تێکڕایی بۆ چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا دەدرەوشێتەوە، پلەکانی گەرما بە ڕۆژدا لە دەوروبەری 30 بۆ 32 پلەی سەدییدایە، پاییزی ئەم شارە کورتە، لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمدا بەدەگمەن باران دەبارێت و خۆریش کەمێک لە وەرزەکانی تر زیاتر بە ئاسمانی شارەوە دەدروەوشێتەوە، لە مانگی تشرینی دووەمدا پلەی گەرما بە شێوەیەکی گشتی خۆشە و نزیکەی 24 پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنه گەشتیارییەکانی شاری ماکاو

  1. گۆڕەپانی سینادۆ، شوێنەوارێکی کەلەپووری جیهانیی یوونسکۆ
  2. ئوتێلی ڤێنیزی
  3. تاوەری ماکاو
  4. پەرستگای ئەی-ما
  5. مۆزەخانەی ماکاو
  6. کەناردەریای هاک سا
  7. کڵێسای سانت لۆرێنس
  8. قەڵای گۆیا: یەکێک لە کۆنترین قەڵاکانی شاری ماکاو
  9. شاری خەونەکان
  10. گوندی تایپا
  11. سەنتەری زانستی ماکاو
  12. شاری ستۆدیۆ
  13. باخچەی فلۆرا
  14. دەریاچەی نام ڤان: گەورەترین کانی دەستکردی مرۆڤ لە ئاسیا
  15. نیمچەدوورگەی ماکاو
  16. کڵێسای سانت دۆمینیک
  17. گۆڕەپانی سەینت ئۆگوستین
  18. گۆڕەپانی لۆتۆس‌
  19. پەرستگای پوجی


سەرچاوەکان



413 بینین