گیزە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-21-17:30:00 - کۆدی بابەت: 8018
گیزە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گیزە (بە ئینگلیزی: Giza، بە عەرەبی: الجيزة)، دووەم گەورەترین شاری میسرە لە دوای قاهیرە و چوارەم گەورەترین شاری ئەفریقایە لە دوای کینشاسا، لاگۆس و قاهیرە. ئەم شارە پایتەختی پارێزگای گیزەیە و کۆی گشتی دانیشتوانەکەی لە ساڵی 2021دا بە 9.2 ملیۆن کەس خەمڵێندرا، شارەکە دەکەوێتە سەر کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری نیل و 4.9 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای قاهیرەی ناوەندییەوە دوورە و بەشێکه لە گەورە شاری قاهیرەی پایتەخت، گیزە دەکەوێتە کەمتر لە 30 کیلۆمەتر لە باکووری پایتەختی پێشووی میسری کۆن (مێمفیس)ەوە، هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە 1,579.75 کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات.

مێژووی شارەکە

شاری گیزە 642 ساڵ پێش زایینی دامەزراوە، ئەم ناوچەیەی ئێستا شاری گیزەیە لە ماوەی هەزارەی دووەمی پێش زایینی وەکوو گۆڕستانی چەند فیرعەونێک خزمەتی کردووە کە فەرمانڕەوایی میسری کۆنیان دەکرد، سێ لەو مەزارانە لە شێوەی هەڕەمی زەبەلاحدان، هەروەها شارەکە شوێنی هەندێک لە کاریگەرترین مۆنۆمێنتە کۆنەکانی جیهانە.

کەشوهەوای شارەکە

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری گیزە کەشوهەوایەکی بیابانی گەرمی وەکوو وشکە کەشی هەیە. کەشوهەوای شاری گیزە هاوشێوەی شاری قاهیرەیە، تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە وەرزی زستاندا 16 بۆ 20 پلەی سەدییدایە، لە کاتێکدا پلەکانی گەرما لە کاتەکانی شەودا دادەبەزێت بۆ خوار 7 پلەی سەدی. لە وەرزی هاوینیشدا بەرزترین ‌پلەی گەرمی 40 پلەی سەدییە و هەندێک کاتیش دادەبەزێت بۆ نزیکی 20 پلەی سەدی، باران لەم شارەدا بە ڕێژەیەکی کەم دەبارێت و هەروەها بەدەگمەن بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما بۆ پلەی بەستن دادەبەزن، هەتا مانگی ئابی ساڵی 2013، بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 46 پلەی سەدی بوو لە 13ی حوزەیرانی 1965، لە کاتێکدا نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 2 پلەی سەدی بوو لە هەشتی کانوونی دووەمی 1966.

شارەکە لەڕووی گەشتیارییەوە

گیزە یەکێکە لە گرنگترین شارە گەشتیارییەکانی وڵاتی میسر و بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر مۆنۆمێنتی فیرعەونییەوە گەشتیارێکی زۆر لە سەرتاسەی جیهانەوە ڕوو لە ناوچەکە دەکەن، هەروەها شارەکە خاوەنی یەکێک لە حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانە بە ناوی "هەڕەمەکانی گیزە"، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین شوێنی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی لێیە. هەندێک لە شوێنە سەرنج ڕاکێشەکانی شاری گیزە بریتین لە:

  1. هەڕەمی گەورەی گیزە
  2. مۆزەخانەی کەشتی خۆفۆ
  3. مۆزەخانەی گەورەی میسر
  4. گوندی فیرعەونی
  5. سفينكسی مەزن
  6. سەنتەری هونەری ویصا واصف
  7. هەڕەمەکانی زۆسەر پاشا
  8. گوندی دەهشور
  9. مێمفیس


سەرچاوەکان



394 بینین