شیکاگۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-21-20:20:00 - کۆدی بابەت: 8020
شیکاگۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شیکاگۆ (بە ئینگلیزی: Chicago)، بە فەرمی شاری شیکاگۆ، ئاوەدانترین شاری ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکایە و سێیەم ئاوەدانترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانە لە دوای شاری نیویۆرک و لۆس ئەنجلسەوە، لە سەرژمێریی ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە بە 2,746,388 کەس خەمڵێنرا، هەروەها لە ئاوەدانترین شاری ئەمریکای ناوەند و پێنجەمین ئاوەدانترین شاری ئەمریکای باکوورە، شیکاگۆ ناوەندێکی نێودەوڵەتی دارایی، کولتوور، بازرگانی، پیشەسازی، پەروەردە، تەکنەلۆجیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و گواستنەوەیە، ئەم شارە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناوەند، بەدرێژایی کەنارەکانی دەریاچەی میشیگان، لە ساڵی 2018دا 58 ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە شاری شیکاگۆ کرد، شیکاگۆ بۆ ماوەی چوار ساڵە لەلایەن کۆندی ناست تڕاڤڵەرەوە بە باشترین شاری ئەمریکا دەنگی پێدراوە، هەروەها لە شارەکەدا ژمارەیەک کۆلێج و زانکۆی لێیە، ئەوانیش زانکۆی شیکاگۆ، زانکۆی باکووری ڕۆژئاوا و زانکۆی ئیلینۆ لەخۆدەگرێت، هەروەها چەند تیپێکی وەرزشی پرۆفیشناڵ لە شارەکەدا هەن، لەوانە دوو تیپی سەرەکی خولی بەیسبۆڵ.

دانیشتوانی شیکاگۆ

ئەم شارە گەورەترین شاری ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکایە و سێیەم ئاوەدانترین شاری ویلایەتە یەکگرتووەکانە، لە ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 2,671,635 کەس بوو. لە کاتێکدا لە سەرژمێرییەکانی ساڵی 2010دا ژمارەی دانیشتوانی شارەکە 2,695,598 کەس بوو. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە زیاتر لە 234 میل دووجا داگیر دەکات، چڕی دانیشتوانی شیکاگۆ 11,750 کەسە لە هەر میلێکی چوارگۆشەدا، لەگەڵ ئەوەشدا گەشەی دانیشتوانی شارەکە هێواشە و ڕوو لە کەمبوونەوەیە، هۆکارەکەشی بۆ توندوتیژی، زیادکردنی باج و ئەو کێشانەی لە قوتابخانەکانیدایە دەگەڕێتەوە، بە گەڕانەوە بۆ داتا مێژووییەکان ئەوەمان پیشان دەدات کە هاوڵاتییە سپی پێستە نا هیسپانییەکان لە ساڵی 1970دا 59٪ی دانیشتوانی شیکاگۆیان پێک هێناوە، لە ساڵی 2010دا بۆ 31.7٪ دابەزی، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە زۆربەی خەڵکەکەی لە چەند دەیەی ڕابردوو شارەکەیان بەجێ هێشتووە، چونکە ژمارەی هاوڵاتییە سپی پێستەکان لە ناوچە سنوورییەکاندا زۆرترە. هاوڵاتیانی سپی پێست بە شێوەیەکی سەرەکی لە بەشی باکووری شارەکەدا نیشتەجێن و ڕەش پێستەکانیش لە بەشی باشووری شارەکەدان.

شارەکە لەڕووی دیمۆگرافییەوە

بەپێی تازەترین ACS پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری شیکاگۆ بریتین لە:

  • سپی پێست: 49.99٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقی ئەمریکی: 29.62٪
  • نەتەوەکانی تر: 10.58٪
  • ئاسیایی: 6.63٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: 2.85٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.31٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.03٪

کەشوهەوای شیکاگۆ

شاری شیکاگۆ کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە، زستانی ساردە و هەندێک کات پلەکانی گەرمی بۆ ژێر سفر پلەی سەدی دادەبەزێت، هاوینی شارەکەش گەرمە. هەروەها ساڵانە 960 ملیمەتر باران دەبارێت، وەرزی زستان وشکترین وەرزی ساڵە و دابارین بە شێوەی بەفر دەبارێت، ساڵانە بە تێکڕایی 98 سانتیمەتر بەفر دەبارێت، وەرزی زستان لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمەوە تا سەرەتای مانگی ئازار دەخایەنێت، کەشوهەوا زۆر ساردە و پلەکانی گەرمی لە ڕۆژە زۆر ساردەکاندا دادەبزێت بۆ 20- پلەی سەدی، هەندێک جاریش دەگاتە 30- پلەی سەدی، هاوینی شارەکەش لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا ئاب، کەش گەرم، شێدار و خۆرەتاوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک جار لە پاش نیوەڕوان یان ئێواراندا ڕەشەبای بروسکاوی هەڵ دەکات. ڕۆژەکانی هاوین خۆشن و پلەکانی گەرما لە دەوروبەری 25 بۆ 27 پلەی سەدییدایە، کەشی شەوانیش فێنکە، لەگەڵ ئەوەشدا لە کاتی هاتنی شەپۆلەکانی گەرمادا پلەکانی گەرما لە دەوروبەری 35 پلەی سەدی یان بەرزتردایە. وەرزی پاییز لە ئەیلوولەوە تا تشرینی دووەم دەخایەنێت، لە سەرەتای ئەیلوولدا کەشوهەوا زۆر جار گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆر بە ئاسمانەوە دەدرەوشێتەوە و پاش نیوەڕوان ڕەشەبای بروسکاوی هەڵ دەکات، لە کاتێکدا دواتر کەش شێدارتر دەبێت، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، بەتایبەتی کاتەکانی ڕۆژ لەوانەیە گەرم بن، بەڵام بە درێژایی مانگەکە دەشێت سووکە شەختەیەک دروست ببێت.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

  1. پەیمانگای هونەری شیکاگۆ
  2. پارکی هەزارە یان میلێنیەم
  3. مۆزەخانەی زانست و پیشەسازی
  4. کانی بەکینگهام
  5. ژووری چاودێریکردن و لێڕوانین لە دیمەنی شارەکە لە نهۆمی 94ی باڵەخانەی (جۆن هانکۆک) بە ناوی (360 شیکاگۆ)
  6. مۆزەخانەی کێڵگەیی بۆ مێژووی سروشتی
  7. یاریگای ڕیگلی
  8. پارکی لینکۆڵن
  9. پێشانگای زیندەوەرانی ئاوی شێد
  10. باخچەی ئاژەڵانی پارکی لینکۆڵن
  11. مۆزەخانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵات
  12. باڵەخانەی ڕوکەری


سەرچاوەکان



426 بینین