ئاژاوەکانی دهۆک ٢٠١١

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-28-16:54:00 - کۆدی بابەت: 8067
ئاژاوەکانی دهۆک ٢٠١١

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی بابەت

ئاژاوەی دهۆک ٢٠١١ (بە ئینگلیزی: 2011 Duhok riots، بە عەرەبی: اضطرابات دهوك عام 2011) ئاژاوەیەک بوو کە لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لە پارێزگای دهۆک دەستی پێکرد. خەڵکانێک لە نوێژی هەینی، لەلایەن وتاربێژ، ئیسماعیل عوسمان سندی هاندران بۆ هێرشکردنە سەر فرۆشگای کهوول و ناوەندەکانی مەساج لە زاخۆ. دواتر ئاژاوەکە خزایە سەر مووڵکی ئێزیدی و ئاشوورییەکان لەناوچەکە و بووە هۆکاری زیانی چوار میلیۆن دۆلار.

ئاژاوەکە بە دەستێوەردانی زیاتری هێزەکانی ئاسایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، دواتر گرووپێک لە بەرامبەر ڕووداوەکاندا هێرشیان کردە سەر مەڵبەندەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و سووتاندنیان.

پاشخان

کەسایەتیە ئاشوورییەکان لە ناوچەکەدا ئەوکات لە گۆڕانکارییەکانی بەهاری عەرەبی و بەتایبەتی سەرهەڵدانی ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان بێزار بوون و خۆیان دوور دەگرت.

ڕووداو

لە وتاری هەینی ٢٠١١/١٢/٢ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی شاری زاخۆ داوایان کرد فرۆشگاکانی فرۆشتنی خواردنەوە کهوولییەکان لەناوببرێن. گەنجانی تووڕە هێرشیان کردە سەر کۆمپانیای ئاشووری و ئێزدییەکان، وەک دوکان و هۆتێل و گازینۆ و ناوەندەکانی مەساج لە شاری زاخۆ. دواتریش توندوتیژییەکان گەیشتنە شارەکانی دهۆک و سیمێل. زۆرینەی فرۆشگاکانی فرۆشتنی خواردنەوە کهوولییەکان تووشی زیان بوون.

ئامانجەکان

ڕۆژی ٢ـی کانوونی یەکەم

  • 30 کۆگای خواردنەوە، 4 هۆتێل، ساڵۆنێکی مەساج، ژمارەیەک دوکانی سەرتاش، کافتریا و قەشەیەکی کاسۆلیکی لە زاخۆ.
  • یانەی نۆهدرای ئاشووری لە دهۆک لەلایەن جەماوەرێکی ٢٠٠ کەسییەوه هێرشی کرایه سەر و بەهۆیەوه 50 هەزار دۆلار زیانی بەرکەوت.
  • یانەی تەندروستی ئێزیدی لە دهۆک
  • چێشتخانەی وان لە سیمێل

دەستگیرکردنی ٣٢ کەس.

ڕۆژی ٣ـی کانوونی یەکەم

  • گروپێکی ١٠٠ کەسیی ئیسلامییە ناوخۆییەکان لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا هێرشیان کردە سەر کڵێسای ئاشورییەکانی سەینت دانیال و چەندین ماڵی مەسیحی لە مەنسوڕییە.
  • کۆمەڵێک ماڵ لە گوندی شیز

ڕۆژی ٤ـی کانوونی یەکەم

  • لە گوندی دێرەلوکی ئاشوورییەکان سێ دوکانی فرۆشتنی خواردنەوە لەلایەن ٢٠ کەسەوە سووتێنران.
  • دوکانێکی خواردنەوە لە دهۆک تەقەی لێکرا

ڕۆژی ٥ـی کانوونی یەکەم

  • دوکانەکانی فرۆشتنی کحول لە کۆیە سووتێنران
  • سووتاندنی ناوەندێکی مەساج لە سلێمانی
  • ئەو دوکانانەی پێشتر لەزاخۆ سووتێنرابوون بە لکاندنی فلێکس و نووسین هەڕەشەی دووبارە سووتاندنیان لێ کرا گەر بێتوو دووبارە بیکەنەوە. 

دوای ڕووداوەکە

لایەنگرانی حیزبە باڵادەستەکانی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان) ڕایانگەیاند کە بەڕێوبەر و داڕێژەری ئەم هێرشە کەسە ئایینییە ئیخوانییەکانن لە هەولێر و دهۆک و ئەوان بوونەتە هۆکاری ئەو هێرشانە. دواتر لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان تەواوی توندوتیژی و هێرشەکانی بە ناڕەوا لەقەڵەم دا و ڕەتی کردەوە هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە هەبێت.

ڕۆژی ٣ـی کانوونی یەکەم دوای سووتاندنی تەواوی بارەگاکانی یەکگرتوو لە سنووری بادینان، ئاسایشی پارتی ٢٠ ئەندامی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی دەستگیرکرد کە ئەندامی پلەباڵای تێدابوون، هەریەک لە (بەرپرسی مەڵبەندی سێی دهۆک غازی سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق نەجیب عەبدوڵڵا، جێگری پێشوو سامی ئەترووشی و ئەحمەد حاجی) لەنێو دەستگیرکراواندا بوون.

مەسعوود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و شێلگیری کرد و ڕایگەیاند ئیدانەی ئەم کارە نایاسایی و گێرەشێوینییە دەکەم و داوا دەکەم نەوەکانی کوردستان ئارامی و پێکەوەژیانی کوردستان بپارێزن.


سەرچاوەکان



525 بینین