دانانی سۆندەی میز بۆ پیاوان

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-29-22:46:00 - کۆدی بابەت: 8078
دانانی سۆندەی میز بۆ پیاوان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆر حاڵەت هەیە کە نەخۆش پێویستی بە دانانی سۆندەی میزە و خۆی ناتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی میز بکات، پیاوان و خانمان هەردووکیان تووشی کۆمەڵێک حاڵەت دەبنەوە کە دەبێت سۆندەی میزیان بۆ دابنرێت، بەڵام جیاوازی هەیە لە شێوازی دانانی سۆندە بۆ خانمان و پیاوان.

پیاوان کەی پێویستییان بە دانانی سۆندەی میزە؟

  • کاتێک کە ڕێڕەوی میز گیرابێت بە هەر هۆکارێک
  • نەخۆشەکە نەتوانێت بەشێوەیەکی سروشتی میز بکات 
  • هەر نەشتەرکارییەکی تری پیاوانە کە پیاوەکە نەتوانێت بە سروشتی میز بکات
  • پیاوەکە بێهۆش بێت و بۆ ماوەیەک ئاگای لە خۆی نەبێت
  • بۆ نموونە وەرگرتن و چارەسەر لە میزەڵدان

ئامادەکاری بۆ دانانی سۆندەکە

ئامادەکردنی کەرەستەکان

پێش هەر کارێک دەبێت پزیشک یاخود پەرستارەکە کەرەستەکان بەتەواوی ئامادە بکات کە ئەمانەن، سۆندەیەکی پاک و هەڵنەپچڕاو بە قەبارەی گونجاو بە پیاوەکە، گۆز، دەرمانی پاککەرەوە (ئایۆدیین)، جیێڵی سڕکردن (لیدۆکایین)، سرنجێکی ١٠ سیسی، پلاستەر، ئاوی دڵۆپێنراو، کیسی میز، دەستکێش.

ئامادەکاری پزیشک و پەرستار

ئەو پزیشک یاخود پەرستارەی کە هەڵدەستێت بە دانانی سۆندەکە دەبێت دەستی بەباشی بشوات و دەستکێشی گونجاو لەدەست بکات، دواتر ڕوونکردنەوە بدات بۆ نەخۆشەکە کە دەیەوێت چی بۆ بکات و ڕەزامەندی نەخۆشەکە وەربگرێت، هەروەها زۆر گرنگە دوای ڕەزامەندی نەخۆش گرنگی بە لایەنی دەروونی نەخۆشەکە بدەیت و ئەم پڕۆسەیە لە شوێنێکی داخراودا ئەنجام بدەیت و تەنها خۆت و نەخۆشەکەتبن.

دانانی سۆندەکە

هەنگاوی یەکەم

نەخۆشەکە لە شوێنێکی پاکوخاوێندا پاڵ دەکەوێت و لەسەر پشت دەکەوێت، کەرەستەکان دەهێنیت و سەرەتا چووکی پیاوەکە بە ئایۆدیین پاک دەکەیتەوە، ڕێڕەوی تۆواو و میزی پیاو یەک دەرچەیە و بۆیە دانانی سۆندەی میزەکە ئاسانترە و تەنها لەو دەرچەیەوە دەیکەیتە ناوەوە.

هەنگاوی دووەم

پاشان سۆندەکەی بۆ دەهێنیت بە قەبارەی گونجاوی خۆی و بە جێیەڵی لیدۆکایین ڕووپۆشی دەکەیت تاکوو نەخۆشەکە کەمتر ئازاری هەبێت، و بە دەستێکت چووکی پیاوەکە دەگریت و بە دەستەکەی ترت سۆندەکەی بۆ دادەنێیت، ئەگەر ڕاستەی ئەوا بە دەستی چەپت چووکی دەگریت و بە دەستی ڕاستت سۆندەکە پاڵ دەنێیت بۆ ناوەوە، ئەگەریش چەپلەریت بە دەستی ڕاستت چووکی نەخۆشەکە دەگریت و بە دەستی چەپت سۆندەکە پاڵ دەنێیت بۆ ناوەوە و پاڵی دەنێیت بۆ ناوەوە تاکوو میز دێت هەر کە میز هات واتە ڕۆشتووەتە ناو میزەڵدانەوە و جێگیر بووە.

هەنگاوی سێیەم

دواتر ١٠ سیسی لە ئاوەکە دەکەیتە ناوەوە و باڵۆنەکەی پێ پڕ دەکەیت تاکوو سۆندەکە جێگیر ببێت و نەیەتە دەرەوە لە میزەڵدانیدا و بەمشێوەیە پڕۆسەکە کۆتایی دێت.

دەرهێنانی سۆندەکە

ئەگەر بەهەر هۆکارێک پێویست بکات کە سۆندەی میزەکە دەربهێنێت، ئەوا سەرەتا دەستکێش لەدەست دەکەیت و پاشان سرنجێکی ١٠ سیسی ئامادە دەکەیت و لە دەرچەی سۆندەکەوە لەڕێگەی سرنجەکەوە ئەو ئاوەی کە کاتی دانانی سۆندەکە کرابوویە ناوەوە بەمەبەستی پڕکردنی بڵۆنەکە دەیهێنیتە دەرەوە و بەمەش باڵۆنەکە خاڵی دەبێتەوە و بەهێواشی سۆندەکە ڕادەکێشیت و دێتە دەرەوە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

دوای ئەوەی کە سۆندەکەت بۆ دانرا ئەگەر تێبینی هەر یەکە لەم حاڵەتانەت کرد دەبێت بە پزیشکی بڵێیت و ئاگاداری بکەیتەوە:

  • هەبوونی تا
  • میزی خەست و بوونی پەڵە خوێن تێیدا
  • میزی پەمەیی یاخود سوور
  • میزەکەت بۆنێکی زۆری هەیە
  • سووتانەوە و ئازاری میزەڵدان و سکت هەیە
  • سووربوونەوە و ئاوسانی چووک
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە
  • پەستانکرد بۆ میزکردن
  • زۆر میزکردن


سەرچاوەکان



534 بینین