واتای ڕەنگەکان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-30-17:52:00 - کۆدی بابەت: 8087
واتای ڕەنگەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو ئەو شتانە ڕەنگیان هەیە کە ڕۆژانە مرۆڤ لە هەر ساتێکدا لە چواردەوری خۆیدا دەیبینێت، ڕەنگی ئارامکەرەوەی شینی ئاسمان و سەوزی گژوگیا و ڕووەک یان هەر ڕەنگێکی تر کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر دەروونی مرۆڤ، هەر ڕەنگێک واتای تایبەتی خۆی هەیە و ڕاستەخۆ دەچێتە قووڵایی هەستەکانی مرۆڤەوە، زانست و هونەرێکی تەواو لە واتای ڕەنگەکاندا بوونی هەیە.
کەسانی بازرگان و دیزاینەر دەبێت بەشێوەیەکی سەرەکی لەبەر هەڵبژاردنی ژیرانەی ڕەنگەکان زیاتر گرنگی بە واتای ئەم ڕەنگانە بدەن، چونکە ئەگەر بزانیت چۆن ڕەنگەکان هەڵبژێریت ئەوکات دەتوانیت سوود لە هێزی ڕەنگەکان وەربگریت.
لە کاری بازرگانیدا چەندین جۆری حاڵەت هەیە کە تیایدا ڕەنگەکان ڕۆڵی تێدا دەبینن، وەک: لۆگۆ، کارتی بازرگانی، کەرەستەی نووسین.
هەروەها هەڵبژاردنی ڕەنگەکان بۆ پەیوەندی کۆمەڵایەتی وەک وێبسایت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئیمەڵ و سیمینار دەکرێت کاریگەری هەبێت.

واتای ڕەنگەکان لە چییەوە هاتووە؟

بە درێژایی ملیۆنان ساڵ حاڵەتە بایۆلۆجییەکان پەیوەستییەکی تایبەتییان لەنێوان ڕەنگ و شتەکان یان هەستەکاندا هێناوەتە بوون، هەرچەند هەندێک لەم پەیوەستییانە دەکرێت زیاتر نوێ بن، بەڵام تێگەیشتن لەم پەیوەستییان دەتوانێت لەبەرگیراوەیەکی دڵ و هەستێکی تایبەت و تەنانەت دەکرێت خویەکی کەسەکەت پێ ببەخشێت.
هەستەکان زۆر بەهێزترن لە ئەو بیرکردنەوە ئەقڵانییانەی کە لە ڕاستییەوە سەرچاوەیان گرتووە، هەروەها بەکارهێنانی واتا و هێمای ئەم ڕەنگانە دەکرێت وا لە هەوڵی دروشم و دیزاینەکان بکات زیاتر کاریگەربن، واتای ڕەنگەکان لە کاریگەریی دەروونی و حاڵەتی بایۆلۆجی و گەشەسەندنی کولتوورەوە سەرچاوەی گرتووە، هەندێک لە واتای ڕەنگەکان بە قووڵی لە مێشکدا ڕەگ دادەکووتن، وەک ڕەنگی سوور کە ڕەنگی ئاگرە و پەیوەستکراوە بە گەرمی و سەوزیش پەیوەستکراوە بە سروشتەوە، مرۆڤ بەشێوەیەکی سروشتی سەرنج دەخاتەسەر ئاژەڵ و ڕووەکە ڕەنگ ڕووناک و بریقەدارەکان، چونکە زۆرجار ئەو ئاژەڵ و ڕووەکانەی خاوەنی ئەو ڕەنگانەن ژەهراوین، هەروەها مرۆڤ زیاتر حەزی لە میوەی ڕەنگ سوورە نەک سەوز، چونکە ڕەنگی سوور دەرخەری شیرینی و پێگەیشتوویی میوەیە.
ڕەنگەکانی تر بەپێی تێپەڕبوونی کات واتای کولتوورییان گەشەی سەندووە و واتاکەیان لەلایەن کۆمەڵگاوە چەسپێنراوە، وەک ڕەنگی پەمەیی کە تایبەتکراوە بە کچان و ڕەنگی شین تایبەتکراوە بە کوڕان لە کولتووری ڕۆژئاوادا.

چەندین شتی تر هەیە کە کاریگەرییان لەسەر واتای ڕەنگەکان هەیە، وەک:

جیاوازی کولتوور

لە وڵاتی چین ڕەنگی سوور دەرخەری بەختی باشە، لە ئەفریقای باشوور ڕەنگی بەیانییانە.

ئەمریکییەکان ڕەنگی سەوزیان پەیوەست کردووە بە پارەوە و لەبەر ئەوەشە کە ڕەنگی دۆلار سەوزە، بەڵام ئەم حاڵەتە لە هەموو شوێنێکی جیهان وانییە. 

لە کولتووری وڵاتانی خۆرئاوادا ڕەنگی ڕەش ڕەنگی بەیانییانە، لە کاتێکدا کە لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا ڕەنگی سپی ڕەنگی بەیانییانە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەنگی سەوز ڕەنگی ئیرەییە، لە کاتێکدا کە لە وڵاتی ئەڵمانیا ڕەنگی زەرد ڕەنگی ئیرەییە.

کات

گرنگی و واتای ڕەنگەکان دەکرێت بەپێی تێپەڕبوونی کاتیش بگۆڕێت، بۆ نموونە پێشتر وا باو بووە کە ڕەنگی سوور وەک واتای بەهێزی و جوامێری ببینرێت، لە کاتێکدا کە ڕەنگی شین ڕەنگێکی خانمانە بووە و تایبەت بووە بە کچان.

سێبەر و تۆن

دەکرێت ڕەنگێک واتایەکی گشتی هەبێت، بەڵام سێبەرە ڕووناکترەکەی بە بەراورد بە سێبەرە تاریکترەکەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو جیاواز بێت، واتە سێبەرە سروشتییە ماتەکان جیاوازن لە ڕەنگە دەستکردە بریقەدارەکان، بۆیە پێویستە بەکارهێنەر شارەزایی هەبێت لە پەیوەستی سێبەر و تۆنە جیاوازەکانی ڕەنگەکان، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک ڕەنگی سەوزی بریقەدار بەکاربهێنێت ئەوا نابێت وابزانێت تەنها لەبەر ئەوەی سێبەرێكی ڕەنگی سەوزی هەڵبژاردووە ئیتر ئەو ڕەنگە گونجاوە بۆ مەبەستی گەیاندنی پەیامێکی ژینگەپارێزی.

تێکەڵکردنی ڕەنگەکان

ئەگەر لە کارەکەت یان دیزاینەکەتدا زیاتر لە یەک ڕەنگ بەکاردەهێنیت، ئەوا دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت کە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان و هەموویان بەیەکەوە واتایەکی گشتی دەبەخشن. هەر ڕەنگێک کار لە ڕەنگەکەی تر دەکات، دەکرێت ڕەنگێک دەرخەری ڕەنگێکی تر بێت و ئاوێتەی یەکتر ببن، یان دەکرێت دژی یەک بن و بەیەکەوە نەگونجێن، کەواتە دەبێت زانیاریت هەبێت دەربارەی ئەو واتایەی کە تێکەڵەی ڕەنگەکانت دەیبەخشێت و کاریگەری ئەم تێکەڵکردنە لەسەر مەبەستە سەرەکییەکەت.

واتای ڕەنگەکان

سوور

ڕەنگی سوور پەیوەستکراوە بە گەرمی و وزە و سۆز و خۆشەویستییەوە، کە مرۆڤ تووڕە دەبێت زیاتر تێبینی ڕەنگی سوور دەکات، هەروەها ڕەنگی خوێن و هێز و مەترسییە، کە ئەمەش وای لێدەکات ڕەنگێکی بەهێز بێت بۆ دروشمێکی تایبەت.
دەوترێت ڕەنگی سوور هەستی برسیبوون هاندەدات لەبەر ئەم هۆیەشە لە زنجیرەکانی خواردنە خێراکانی وەک ماکدۆناڵدزدا بەناوبانگە، کە ڕەنگی سوور وەک ڕەنگی سەرەکی لەگەڵ ڕەنگی زەرددا بەکارهاتووە.
هەروەها پێگەی نێتفلیکس سەرنجی بەکارهێنەرانی بە ڕەنگی سوور بۆ سەکۆکەیان ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی بەشداری بکەن و ببن بە بەکارهێنەر، یەکێکی تر لە بڕاندە بەناوبانگەکان کە ڕەنگی سوور تیایدا بەکارهاتووە خواردنەوە گازییەکانی کۆکاکۆلایە.
کەواتە ئەگەر دەتەوێت سەرنجی کەسێک یان کەسانێک بۆ شتێک ڕابکێشیت ئەوا ڕەنگی سوور هەڵبژاردەیەکی گونجاوە بۆت.

پرتەقاڵی

ڕەنگی داهێنان و گەنجی و تامەزرۆییە، پەیوەستکراوە بە تین و گەرمی ڕەنگی سوورەوە لەگەڵ خۆشحاڵی و چێژی ڕەنگی زەرد، سەرنجی بینەر ڕادەکێشێت بەڵام نەک بە ئەندازەی ڕەنگی سوور، هەروەها لە قووچەکی هاتووچۆ و ئەو جلوبەرگانەی کە ڕووناکی فۆلۆرسێنت یان ماددەی ڕووناکی دەرەوەیان تێدایە بەکاردێت.
پرتەقاڵی ڕەنگێکی وزەبەخشە کە دەتوانێت تەندروستی و کەیف بۆ مێشک بهێنێت، پەیوەستییەکی ئاشکرای لەگەڵ پرتەقاڵ و ڤیتامین C هەیە، هەروەها ڕەنگێکی گەنجانەیە کە پەرۆشی و خۆشی بۆ ناخی مرۆڤ دەهێنێت.
کەواتە ڕەنگی پرتەقاڵی هەڵبژارەدەیەکی نایابە بۆ دەرخستنی گەنجی و داهێنان، بۆ کەسێک کە بیەوێت لە ڕێڕەوی گشتی جیاوازبێت، ڕەنگێکی ئاشنایە کە هانی جووڵە و داهێنان دەدات، بۆیە دەکرێت وەک ڕەنگی سوور بەکاربێت بۆ ڕاکێشانی سەرنجی چاوی کڕیار، بینەر یان کەسێکی مەبەست.

زەرد

زەرد ڕەنگی خۆشبەختی و هیوا و خۆڕسکییە، ڕەنگی خۆر و ڕووخساری خەندەئامێز و گوڵەبەڕۆژەیە، هەروەها ڕەنگی خۆشی و گەنجی و هیوا و ئەرێنی بوونە، یەکێکی ترە لەو ڕەنگانەی کە سەرنجی بینەر ڕادەکێشێت و لەبەر ئەم هۆیە دەکرێت وەک ڕەنگی سوور و پرتەقاڵی نیشانەی ئاگادارکردنەوە بێت.
ڕەنگی زەرد هەڵبژاردەیەکی نایابە بۆ خێرایی و خۆشی و تێچووی کەم، بەڵام دەبێت ئەو کەسەی هەڵیدەبژێرێت دەربارەی سێبەرە جیاوازەکانی ئاگاداربێت، چونکە ڕەنگی زەردی ڕووناک سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشێت بۆ شوێنی مەبەست و ڕێگەیەکی بەسوودە بۆ دیاریکردنی گرنگی و هێزی دیزاین، هەروەها زەردی کاڵ یان مات دەکرێت سروشتی و تەندروست دەربکەوێت.

سەوز

ڕەنگی سەوز وەک دەرخەری سروشت و گەشە و گونجان و هەندێک کات سامان و جێگیری بەکاردێت، سەوز بەگشتی پەیوەستکراوە بە سروشتەوە چونکە ڕەنگی گیا و ڕووەک و درەختە، هەروەها دەرخەری گەشە و نوێ بوونەوەیە، چونکە ڕەنگی بەهار و دووبارە لە دایک بوونەوەی سروشتە.
هەروەها پەیوەستییەکی تری ڕەنگی سەوز ئەوەیە کە هێمای دەستکردنی بە جووڵە بۆیە لە هێمای هاتووچۆدا بەکاردێت، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕەنگی سەوز (بەتایبەت سەوزی تۆخ) پەیوەستکراوە بە پارەشەوە و لەبەر ئەم هۆیە دەکرێت ئەم ڕەنگە دەرخەری دەوڵەمەندبوون و جێگیریش بێت.
پەیوەستی بەهێزی ڕەنگی سەوز بە سروشتەوە وای لێکردووە کە هەڵبژاردەیەکی دەرخەری ژینگەدۆستی و ئەندامی و بەردەوامی بێت، بەڵام هەروەک ڕەنگی زەرد دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت سێبەرە ڕووناک و ماتەکانی دەرخەری سروشتن، بەڵام وەشانی بریقەدار (نیۆنی) زیاتر دەستکرد دەردەکەوێت.

شین

شین ڕەنگی ئارامی و بێدەنگییە و دەرخەری متمانە و زیرەکی و بەرپرسیارێتییە، ڕەنگێکی سارد و هێورکەرەوەیە، شینی کاڵ ئاشتیخوازانەیە، شینی تۆخ دەکرێت نیشانەی ئەقڵ و توانا بێت، شین بەناوبانگترین ڕەنگە لە جیهاندا، بەتایبەت کە دێتە سەر باسی پەسەندکردنی خود لە هەردوو ڕەگەز و لۆگۆی بازرگانی.
چەندین کۆمپانیای تەکنەلۆجیا و پەیمانگا و کاری بازرگانی جیهانی هەن کە ڕەنگی شینیان وەک ڕەنگی ناسێنەری خۆیان داناوە، ڕەنگی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک شینە، چونکە مارک زوکەربێرگی دامەزرێنەری تۆڕەکە ڕەنگکوێری سوور-سەوزی هەیە و ڕەنگی شین لە هەموو ڕەنگەکانی تر جوانتر دەبینێت.
ئەگەر دەتەوێت پەیوەستییەکی تەواوت هەبێت لەگەڵ پیشەگەری و متمانە، کەواتە ڕەنگی شین گونجاوترین ڕەنگە، هەروەها ڕەنگێکی خوازراوە لەلایەن پیاوان و خانمانیشەوە، پەیوەستییەکەیە لەگەڵ ئارامی و ئاسوودەییدا واتای ئەوەیە کە ڕەنگی شین زۆر گونجاوە بۆ کاری ئارامکەرەوە و چارەسەر و دەرمان.

مۆر

ڕەنگی مۆر دەرخەری کەشخەیی و ڕاز و مانایی بوونە، ڕەنگێکی سەرنجڕاکێشە و هەم گەرمە و هەم ساردە، پەیوەستە بە سۆز و وزەی ڕەنگی سوور و هێمنی و ئارامی ڕەنگی شینەوە، لەبەر ئەوەی کە پەیوەندی هەیە بە دڵسۆزییەوە، بۆیە بەشیوەیەکی خۆڕسکانە ڕەنگێکی کەشخە و شکۆمەندانەیە، لە مێژوودا بۆیەی ڕەنگ مۆر زۆر گرانبەهابووە، کە تەنها خانەدانە دەوڵەمەندەکان دەیانتوانی بەکاری بهێنن، هۆبەی دەسەڵاتدار و پاشا و شاژنەکان دەبوو ڕەنگی مۆربێت، هەروەها شاژنە ئێلیزابێس بەکارهێنانی ڕەنگی مۆری بۆ کەسانی دەرەوەی خێزانی شاهانە قەدەغەکردبوو.
لەو کاتەی کە خێزانە خانەدانە کۆنەکان پێیان وابووە ئەم ڕەنگە ڕەنگێکی خوداییە، بۆیە پەیوەستیشە بە ئایین و مانایی بوونەوە، بەتایبەت لە ئایینی کاسۆلیکی و جوودیزم و بوودیزم.
ئەگەر دەتەوێت پەیوەندییەکی شاهانەیی و دڵسۆزیی دەربخەیت ئەوا ڕەنگی مۆر لەگەڵ ئاڵتوونیدا بەکاربهێنە، هەروەها ئەگەر دەتەوێت جیاوازییەکی سەرنجڕاکێش دەربخەیت ئەوا ڕەنگی سەوزی بۆ زیاد بکە، یان ئەگەر دەتەوێت خانمانەتر دەربکەویت ڕەنگی پەمەیی بۆ زیادبکە.

پەمەیی

ڕەنگی پەمەیی دەرخەری مێینەیی و بەکەیفی و ڕۆمانسییەتە، لەسەردەمی پێشکەوتوودا مەحاڵە کە ڕەنگی پەمەیی ببینیت و بیر لە کچی بچووک و شیرینی و بنێشتی ڕەنگ کاڵ نەکەیتەوە، لەگەڵ مێینەیی و ڕۆمانسییەتدا دەرخەری هەستیاری و دڵنەرمییە، هەروەها خۆی لە خۆیدا ڕەنگێکی شیرین و ژیکەڵە و دڵبەرە.
ڕەنگی پەمەیی لەگەڵ قاوەییدا لە لۆگۆی بازرگانیدا کەمترین بەکارهێنانی هەیە، کۆمپانیاکانی تایبەت بە هاوسەرگیری و بڕاندە خانمانەکان زیاتر ڕەنگی پەمەیی ڕووناک و کاڵ بەکاردەهێنن.
لە ئەو بازرگانی و کارانەی کە تایبەتن بە خانمان و پێداویستی خانمان ڕەنگی پەمەیی هەڵبژاردەیەکی گونجاو دەبێت.

قاوەیی

ڕەنگی قاوەیی دەرخەری تەواوی و تین و ڕاستییە، ڕەنگێکی سروشتییە و پەیوەستە بە زەوییەوە، لەبەر ئەم هۆیەش هەستی جێگیری و پشتگیری دەبەخشێت، ڕەنگی قاوەیی کشتوکاڵ و کێڵگە و چالاکییە دەشتییەکانی تر بیری مرۆڤ دەخاتەوە، ڕەنگێکی بەتین و دۆستانەیە، کرداری و باوەڕپێکراوانەیە، هەروەها دەتوانێت دەرخەری جلوبەرگی کۆن و دێرین بێت.
بۆ بەخشینی هەستی ئەندامی و سروشتیی زەوی دەتوانرێت ڕەنگی قاوەیی لەگەڵ ڕەنگی سەوزدا بەکاربێت، هەروەها بۆ گەیاندنی پەیامی ڕەسەنایەتی و کەلەپووری بەکاردێت.

ڕەش

ڕەش ڕەنگی شۆخوشەنگی و کەشخەیی و پێشکەوتوویی و توانایە، ئەم ڕەنگە هەمەکارترین ڕەنگە و زۆرترین بەکارهێنانی هەیە لە کاری گرافیک دیزایندا، کاتێک دێتە سەر باسی بازاڕکردن و دروشمی کارکردن ڕەنگی ڕەش بەشێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە هەڵبژاردەیی و توانا و کەشخەییەوە.
ڕەنگێکی تێر و بەهێز و کەمێک نهێنی ئامێزە، کە ئەمەش وای لێکردووە لە دروشمە بە‌هێزە پێشکەوتووەکاندا زیاتر باوبێت، هەروەها بە پشت بەستن بە دیزاینی ڕێکخستنەکەی دەتوانرێت بۆ دەرخستنی دەرکەوتەیەکی جوان و تاک بەکاربێت، لە هەمان کاتدا ڕەنگێکی بێلایەنە کە دەتوانرێت لەگەڵ هەر ڕەنگێکی تردا بەکاربێت و کاریگەری خۆی هەبێت.
دروشمە کەشخەکانی وەک دیۆر و شانێڵ بۆ هێشتنەوەی جوانی شتەکانیان لۆگۆیەکی دیاری ڕەش و سپییان هەیە.
ئەگەر دەتەوێت هەستی کەشخەیی و شۆخوشەنگی بگوازیتەوە ئەوا هەڵبژاردنی ڕەنگی ڕەش و سپی هەڵبژاردنێکی گونجاو دەبێت، بە تێکەڵکردنی ڕەنگی ڕەش لەگەڵ ئاڵتوونی یان زیوی یان ڕەنگی مۆر دەتوانیت بایەخ و هەڵبژاردەیی بدەیت بە دروشمەکەت.
لە لایەکی ترەوە ڕەنگی ڕەش دەتوانرێت لەگەڵ ڕەنگە ڕووناکەکانی وەک سوور و پرتەقاڵی بۆ زیاتر دەرخستنیان و کاریگەرترکردن و هەژاندنی زیاتر بەکاربێت.

سپی 

ڕەنگی سپی بۆ هونەریی کەمینەیی و سادەیی بەکاردێت، لە زانستدا باس لەوە کراوە کە ڕەنگی سپی کۆکراوەی هەموو ڕەنگەکانی تری پەلکەزێڕینەیە، بەڵام لە چاوی مرۆڤدا بە پێچەوانەوە ڕەنگی سپی واتای بێڕەنگی دەدات، لە کولتووری ڕۆژئاوادا ئەم ڕەنگە ئاماژەیە بۆ کچێنی و پاکیزەیی، هەر لەبەر ئەم هۆیەش جلی بووک ڕەنگی سپییە، لە کاتێکدا کە لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا پێی دەوترێت ڕەنگی بەیانیان.
ڕەنگێکی تەواو سادە و خاوێن و پێشکەوتووە، هەروەها چونکە بێلایەنترین ڕەنگە دەتوانرێت وەک بنچینەی ڕەنگەکانی تر بەکاربێت.
دروشمەکانی تایبەت بە تەندروستی و جوانی کە دەیانەوێت هەوایەکی خاوێن و سروشتی بگوازنەوە ڕەنگی سپی بەکاردەهێنن.
بۆشایی سپی لە کاری دیزایندا لە هەموو توخمە داهێنەرانەکانی تر گرنگترە، ڕەنگێکە کە لە پاش‌خانی ماڵپەڕ و نووسیندا بەکاردێت تاکوو دڵنیایی خوێندنەوەیەکی ئاسوودە بدات، لەگەڵ ڕەنگە سادە و ناسکەکانی تردا دەکرێت دەرخەری بەهار و مێینەیی بێت، تێکەڵکردنی لەگەڵ ڕەشدا دەرخەری کلاسیکی و هونەری کەمینەییە.

خۆڵەمێشی

ڕەنگی پیشەگەری و فەرمی و دەستووری بوونە، بە پەیوەستی لەگەڵ قژی خۆڵەمێشی و تەمەنی زۆرەوە ڕەنگێکی پێگەیشتوو و دەرخەری بەرپرسیارێتییە، پەیوەستییە ئەرێنییەکەی بریتییە لە فەرمی بوون و باوەڕپێکراوی، بەڵام لایەنە نەرێنییەکەی ئەوەیە کە دەرخەری بێهەستی و کۆنەپەرستی و دەستووری کۆنە، ڕەنگێکی مات و سەلامەت و هێمن و جدی و خۆڕاگرە.
ئەگەر دروشمێکی جدیت هەیە و دەتەوێت دەسەڵات و جێگیری لەگەڵ دەمەزراوەیەکی یەکگرتوو یەکبخەیت ئەوا ڕەنگی خۆڵەمێشی بەکاربهێنە، بۆ لووتکەی متمانە و کۆنەپارێزی لەگەڵ ڕەنگی شین بەکاری بهێنە، هەروەها ئەم ڕەنگە زۆر بەناوبانگە لە کاری وێب دیزایندا.

ڕەنگە کانزاییەکان

ڕەنگی ئاڵتوونی و زیوی و بڕۆنز و ڕەنگە کانزاییەکانی تر دەرخەری سامان و پێشکەوتن و سەرکەوتنن، ئاڵتوون و زیو دوو کانزای گرانبەهان، بۆیە پەیوەستن بە خشڵە گران و بە بەهاکانەوە، ئەگەر ئەم ڕەنگانە لەگەڵ ڕەش تێکەڵ بکرێن، لەگەڵ پێدانی بریسکانەوەی کانزاکە دەتوانرێت بەتەواوی دڵڕفێنی بدات بە دروشمی مەبەست.
ئاڵتوونی لەبەر ئەوەی پەیوەستە بە مەدالیای یەکەم بوونەوە بۆیە ڕەنگی بردنەوە و سەرکەوتنە، ڕەنگێکی گەرمە و پەیوەستە بە زەردەوە، لەبەر ئەم هۆیەش دەکرێت دەرخەری درەوشانەوە و خۆشحاڵی بێت.
زیوی ڕەنگێکی ساردترە و کەشخەیی کەمێک لە ئاڵتوونی کەمترە، لەدوای ئاڵتوونییەوەیە لە بەکار‌‌هێناندا، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەنگی جوانی و کەشخەییە.
بڕۆنزی دەرخەری کوالیتی ڕەنگی قاوەییە بۆیە زیاتر پەیوەستە بە زەوی و سروشت و پێگەیشتنەوە.


سەرچاوەکان



3271 بینین