کلۆر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-03-31-23:13:00 - کۆدی بابەت: 8096
کلۆر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

توخمی کلۆر (بە ئینگلیزی: chlorine) توخمێکی کیمیاییە و هێما کیمیاییەکەی بریتییە لە Cl، دووەم سوکترین ئەندامی توخمی هالۆجینەکانە کە بریتیین لە کۆمەڵەی ١٧ی خشتەی خولی، توخمێکی ژەهراوی و سووتێنەرە و ڕەنگێکی زەردی سەوزباوی هەیە و لە دۆخی گازیدایە کە سووتێنەرە بۆ چاوەکان و کۆئەندامی هەناسە.

مێژوو

مرۆڤایەتی بۆ ماوەی هەزاران ساڵە بە خوێی چێشت کە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە کلۆریدی سۆدیۆم ئاشنایە، ئەم خوێیە باوترین پێکهاتەی خوێیە تواوەکانی دەریایە کە لەلایەن میسڕییە کۆنەکانەوە بە ڕێگای هەڵماندن دەرهێنراوە، لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا سەربازەکان وەک مووچە خوێیان پێدەدرا، لە ساڵی ١٦٤٨ کیمیاگەری ئەڵمانی (جۆهان ڕەدۆڵف) ترشێکی بەهێزی بەرهەمهێنا و ناوی نا ڕۆحی خوێ، ئەم ترشەی بە گەرمکردنی خوێی شێدار لە فڕنی خەڵووز و دەفری چڕکردنەوەی هەڵمدا بەرهەمهێنا، پاشان بە گەرمکردنی خوێ لەگەڵ ترشی گۆگردیک هەمان ئەو بەرهەمەی دەستکەوت کە ئێستا پێی دەوترێت ترشی هایدرۆکلۆریک.
لە ساڵی ١٧٧٤ کیمیاگەری سویدی (کاڕڵ ویڵهێڵم) کارلێکی بە ئۆکسیدی ڕەشی مەگنیسیۆم لەگەڵ ترشی هایدرۆکلۆریک کرد و گازێکی زەردی سەوزباوی دەستکەوت، بەڵام شکستی هێنا لەوەی کە ئەو گازە وەک توخمێک بناسێنێت.
سروشتی ڕاستەقینەی گازەکە وەک توخم لەلایەن کیمیاگەرێکی  ئینگلیزی بە ناوی (هەمفری داڤی) لە ساڵی ١٨١٠ ناسێنرا، کە دواتر ناوی نا کلۆر، ناوەکەی لە وشەی یۆنانی کلۆرۆز (chloros) وەرگرت کە بە واتای سەوزی زەردباو دێت.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی 

کۆمەڵە ١٧ (هالۆجینەکان)
خول خولی ٣
گەردیلە ژمارە ١٧
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ne] 3s2 3p5

فیزیایی 

کلۆر لە پلەی گەرمی ژوور و پەستانی ئاساییدا گازێکی زەردی سەوزباوە، دوو ئەوەندە و نیوی هەوا قورسە، لە پلەی گەرمی -٣٤ پلەی سیلیزیدا دەچێتە دۆخی شلییەوە، بۆنێکی خنکێنەری هەیە و هەڵمژینی دەبێتەهۆی خنکان و کرژبوونی سنگ و گیرانی قوڕگ، بە لایەنی کەمەوە بوونی یەک بەش لە هەزاری لە هەوادا لەماوە چەند خولەکێکدا دەبێتە هۆی مردن، کلۆر یەکەمین گازبوو کە وەک چەکی کیمیایی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا بەکارهات، ئەم گازە بە ئاسانی بە ساردکردنەوە یان پەستان خستنەسەری لە پلەی گەرمی ئاساییدا شل دەکرێتەوە.

کیمیایی

کلۆر کارۆسالبێتی و هۆگریی ئەلیکترۆنی بەرزە، هۆگریی کلۆر بۆ توخمی هایدرۆجین زۆر بەرزە بەشێوەیەک کە تەوژمێکی لەناکاوی ڕووناکی لەگەڵیدا دەردەچێت، وەک ئەم کارلێکەی خوارەوە کە ڕووناکی تێدا بەکارهاتووە:

تێکەڵکردنی کلۆر و هایدرۆجین بە بوونی خەڵووز لە تاریکیدا خێرا ڕوودەدات و هیچ تەوژمێکی ڕووناکی لەگەڵدا نابێت، سووتەمەنی هایدرۆجین لەناو کلۆردا دەسووتێت و گڕێکی ڕەنگ زیوی دەبێت، لەبەر هۆگرییە زۆرەکەی کلۆر بۆ هایدرۆجین توخمی کلۆر لەگەڵ چەندین ئاوێتەی جیاوازدا کارلێک دەکات کە هایدرۆجینی تێدابێت، لەگەڵ هایدرۆکاربۆنەکاندا کارلێک دەکات، بۆ نموونە ئەگەر هایدرۆکاربۆنەکە ناتێر بێت، هەرچۆنێک بێت گەردیلەی کلۆر ئامادەیە زیاد ببێت بۆ بەندی دووانی و سییانی هایدرۆکاربۆنەکان.
گەردەکانی (Cl2) کلۆرین لە دوو گەردیلەی کلۆر پێکدێن، کلۆرین لەگەڵ زۆربەی زۆری توخمەکاندا بەند دروست دەکات، جگە لە گازە خانەدانە سووکترەکان.

بەرکارهێنان

ئاو

ماددەی کیمیایی کلۆر یارمەتیدەرە بۆ بە سەلامەت هێشتنەوەی ئاوی خواردنە و مەلەوانگە، پێش ئەوەی کە مرۆڤایەتی دەست بکات بە بەکارهێنانی کلۆر وەک چارەسەرکەر لە ئاوی خواردنەوەدا، ساڵانە هەزاران کەس بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیسەوە نەخۆش دەکەوتن و دەمردن، وەک نەخۆشی کۆلێرا و سکچوون.

پاککەرەوەی ناوماڵ

ماددەی کیمیایی کلۆر لە دروستکردنی پاککەرەوەی سپیکەرەوەی ناوماڵدا بەکاردێت، کە بۆ سپیکردنەوەی ڕووکاری جلوبەرگ و چێشتخانە و گەرماو بەکاردێت، گیراوەی سپیکەرەوە و ئاو کاریگەرییەکی تایبەتی هەیە لە کوشتنی ئەو میکرۆبانەی کە لەسەر ڕووکارەکان کۆدەبنەوە و دەبنەهۆی تووشبوون بە نەخۆشیی وەک پەتای وەرزی.

خۆراک

کلۆر یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سەلامەتی و بەپیتی خۆراک بە پاراستنی دانەوێڵە و ئەو کەلوپەلانەی لە چێشتخانەدا بەکاردێن، کلۆر بەکتریای salmonella و  E. coli و چەندین میکرۆب و بەکتریای تری زیانبەخش لەناودەبات.

تەندروستی

کلۆر لە دروستکردنی چەندین دەرمانی سەرەکیدا بەکاردێت، وەک دەرمانەکانی دابەزاندنی کۆلیستڕۆڵ و کۆنترۆڵکردنی ئازاری ئاوسانی جومگەکان و کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەستیاری، بەرهەمەکانی کلۆر دەکرێت لە جانتای هەڵگرتنی خوێنی بەخشراویشدا بوونیان هەبێت، هەروەها کلۆر لە دروستکردنی  چاویلکەی سەلامەتی و پڕژێنەی هەڵمژینی هەناسەداندا بەکاردێت.

تەکنەلۆجیا

کلۆر لە دروستکردنی ئەو پڕۆسە خێرایانەدا بەکاردێت کە توانا دەدەن بە مۆبایلی زیرەک و تابلێت و کۆمپیوتەر، هەروەها بەکاردێت لە دروستکردنی ساردکەرە و باتری ئۆتۆمبێل.

بەرگری و جێبەجێکردنی یاسا

کلۆر بەکاردێت لە دروستکردنی جلوبەرگی گولـلەنەبڕ کە لەلایەن سەرباز و پۆلیسەکانەوە لەبەر دەکرێت.


سەرچاوەکان



1570 بینین