هەرێمی کەشمیر

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-07-23:34:00 - کۆدی بابەت: 8165
هەرێمی کەشمیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کشمیر یان کەشمیر (بە ئینگلیزی: Kashmir، بە عەرەبی: كشمير) ناوچەیەکی جوگرافی جێناکۆکە کە دەکەوێتە نێوان هیندستان، پاکستان و چین لە ئاسیای ناوەڕاست. لە مێژوودا، کەشمیر بە ناوچەی دەشتایی ناسراوە لە باشووری هیمالایا لە بەرەی ڕۆژاوا. هەروەک لە نەخشە ڕوونە لەلایەن کۆماری چین و پاکستان و هیندستانەوە داگیرکراوە.

مێژوو

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا وشەی کەشمیر ئاماژەی بە دۆڵی نێوان هیمالایا و چیاکانی بیر بەنگال دەکرد. ئەمڕۆ وشەکە ئاماژە بە ناوچەیەکی فراوانتر دەکات کە جامو و کەشمیری هیندستان دەگرێتەوە (پێکهاتووە لە جامو و دۆڵی کەشمیر و لاداخ)، لەگەڵ ناوچەکانی پاکستان (ئازاد کەشمیر و گیلگیت بەڵتیستان)، لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چین (ئاکسای چین، ترانس کاراکۆرام تراکت). هەرچەندە جامو بەشێکە لە کەشمیری جێناکۆک، بەڵام لە ڕووی جوگرافییەوە نە بەشێک لە دۆڵی کەشمیرە و نە لە ناوچەی لاداخ. جامو گەلی دۆگرای تێدا نیشتەجێیە، کە لە ڕووی مێژوویی و کولتووریی و زمانەوانی و جوگرافییەوە سەر بە هەرێمەکانی پونجاب و باهاریین، کە پێشتر سەر بە "وڵاتانی بەرزاییەکانی پونجاب" بوو و ئێستا شاری هیماچال پرادیشە. لە نیوەی یەکەمی هەزارەی یەکەمدا کەشمیر بوو بە ناوەندێکی گرنگی کامبوگاس و دواتر بوو بە ناوەندێکی گرنگی بودیزم. لە سەدەی نۆزدەیەم شیڤی لە کەشمیر سەری هەڵدا. 

لە ساڵی ١٣٣٩، (شا میر) بوو بە یەکەم فەرمانڕەوای موسڵمانی کەشمیر و دەسەڵاتی نوێ دەستی پێکرد، کە دواتر بە "سوڵتانەکانی کەشمیر" یان سەردەمی سواتی ناسرا. لە ماوەی پێنج دەیەی داهاتوودا، کەشمیر لەلایەن پاشا موسڵمانەکانی بنەماڵەی شا میرەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، بە موغلزیشەوە کە لە ساڵی ١٥٨٦ تا ١٧٥١ فەرمانڕەوایی کەشمیری دەکرد و پاشان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی دوڕانی ئەفغانییەوە لە نێوان ١٧٥١ بۆ ١٨٢٠ حوکم کرا. لەو ساڵەدا سیخەکان بە سەرۆکایەتی ڕەنجیت سینگ دەستیان بەسەر کەشمیردا گرت. لە ساڵی ١٨٤٦دا پاش ئەوەی سیکەکان لە یەکەم شەڕیان لەگەڵ بەریتانیادا شکستیان هێنا و پێش ئەوەی هەرێمەکە لە بەریتانیاوە بکڕرێت بە پێی پەیماننامەی ئەمریتسار، گۆلاب سینگی پارێزگاری جامو بوو بە دەسەڵاتداری نوێی کەشمیر. پاشایەتییەکەی و میراتگرەکانی لە ژێر چاودێری بەریتانیەکان تا ساڵی ١٩٤٧ بەردەوام بوون. پاشان کەشمیر بووە بابەتی ناکۆکییەکانی نێوان هیندستانی بەریتانی و پاکستان و کۆماری گەلی چین.

ڕووبەر و دانیشتوان

ڕووبەری هەرێمەکە ٢٤٢,٠٠٠ کیلۆمەتر دووجایە و بەپێی داتای ساڵی ٢٠٢١ لە هەموو کەشمیر ١٣,٦٥ ملیۆن کەس نیشتەجێن. لەو ڕێژەیە %٦٨,٣ و هیندووەکان %٢٨,٤، سیکەکان %١,٩، بودیزم %٠٩ و مەسیحییەکانیش بە %٠,٣ دادەنرێن.

ناکۆکی 

بابەت: جەنگەکانی هیندستان و پاکستان

هەروو وڵاتی هیندستان و پاکستان وەک دوو لایەنی سەرەکی لە ساڵی ١٩٤٧ـەوە چەند دەیەک جارێک لەسەر سنوور و ناوچەی کەشمیر شەڕیان بووە پێکەوە. هندستان نزیکەی نیوەی ویلایەتی پێشووی شازادەیی جاموو و کەشمیر کۆنترۆل دەکات کە جاموو و کەشمیر و لاداک دەگرێتەوە. پاکستانیش کۆنترۆڵی سێیەکی ناوچەکە دەکات کە بەسەر دوو پارێزگادا دابەشکراون ئازاد کەشمیر و گلگیت بەڵتستان. (جاموو و کەشمیر) و (لاداک) لە ٢٠١٩/٨/٥ـەوە وەک هەرێمێکی فیدراڵی لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوەدەبرێن پاش هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆنۆمی سنووردار و دابەشبوونی ویلایەتەکە.

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی شازادەی پێشووی کەشمیریش لە ناکۆکیەکی سنووریدا بەشدارە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم دەستی پێکرد و هەتا سەدەی ٢١ بەردەوام بوو. سەرەڕای واژووکردنی چەند ڕێککەوتنێکی سنووریی نێوان بەریتانیای گەورە و ئەفغانستان و ڕووسیا لەسەر سنووری باکووری کەشمیر، چین هەرگیز ئەو ڕێککەوتنانەی قەبووڵ نەکرد و بۆچوونی فەرمی چین نەگۆڕا بەتایبەت دوای شۆڕشی کۆمۆنیستی ساڵی ١٩٤٩ کە کۆماری گەلی چین دامەزراند. لە نێوان ١٩٥٦ بۆ ١٩٥٧ سوپای چین ڕێگایەکی سەربازییان لە ناوچەی ئاکسای چین تەواو کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی باشتر لە نێوان سیانگ و ڕۆژئاوای تبت دابین بکەن. درەنگ ئاگابوونی هیندستان لە ڕووداوەکە بووە هۆی پێکدادانی سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٢دا لە جەنگی چین و هیندستان سەریهەڵدا.

بەم پێیە پاکستان لە باکووری ڕۆژئاوا و هیندستان لە باشوور و ناوەڕاست و چینیش لە بەشی ڕۆژهەڵات دەسەڵاتداری ناوچەکەن.


سەرچاوەکان



1118 بینین