خۆشەویستیی یەکلایەنە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-04-08-23:06:00 - کۆدی بابەت: 8174
خۆشەویستیی یەکلایەنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشەویستیی یەکلایەنە (بە ئینگلیزی: One-Sided Love) بریتییە لە هەبوونی هەستی خۆشەویستی بەرامبەر کەسێک کە ئەو کەسە هەمان ئەو هەستەی بۆ تۆ نییە، خۆشەویستیی یەکلایەنە دەکرێت پێناسە بکرێت بە شەیدابوون یان هەر جۆرە سەرنجدانێک، لە هەمان کاتدا ئەمە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەیە، ئەم هەستە بۆ کەسێکە کە هەستەکانیت لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ ناکاتەوە، هەروەها کەسێک کە خۆشەویستییەکی تاکلایەنە ئەزموون بکات ئەو هیوایەی لە ناخی دڵیدا بۆ دروست دەبێت کە ڕۆژێک دێت ئەو کەسە تایبەتەی کە خۆشی دەوێت ئەمی خۆش دەوێت، دەشێت ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت ڕێک هاوتای تۆ نەبێت لە ڕووی دووری، نزیکی شوێنی نیشتەجێبوون، تەمەن، جوانی و باڵا، لە ئەنجامدا ئەم خۆشەویستییە تاکلایەنە دەکرێت هەستی ئازار و خەم و شەرمت لا دروست بکات.

ئەو ئاماژانەی کە دەریدەخات خۆشەویستییەکەت تاکلایەنە


١- هەستکردن بەوەی کە ئەو کەسە بۆ تۆ زۆر گونجاوە.

٢- خۆشەویستیی یەکلایەنە وا لە تۆ دەکات کە هەست بە لاوازی خۆت بکەیت چونکە هەموو هەوڵێکت داوە و لە بەرامبەردا هیچ شتێکت بەدەست نەهێناوە.

٣- گرنگی پەیوەندیەکانی تر لە ژیانی تۆدا کەم دەبێتەوە و هەموو گرنگی پێدانەکانت تەنها بۆ ئەو کەسە تایبەتە دەبێت کە تۆ خۆشت دەوێت.

٤- تۆ هەرگیز ئەو گرنگییە لەلایەن ئەو کەسەوە بەدەست ناهێنیت کە پێی دەبەخشیت و دەبێت هەمیشە لە خەیاڵەکانتدا بژیت.

٥- تۆ بەردەوام پاساو دەهێنیتە بۆ بینینی ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت چونکە تەنها بینینی ئەو تەواوی ڕۆژەکەت دەگۆڕێت و دڵخۆشت دەکات.

٦- تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت نیشانت بدات کە ئەو هەمان هەستی بۆ تۆ نییە، هێشتا تۆ بەردەوام دەبیت لە هیوا خواستن لەوەی کە ڕۆژێک دێت ئەویش تۆی خۆش دەوێت.

٧- لەوانەیە تۆ بەردەوام چاودێری ئەو کەسە بکەیت لەڕێگەی سەرجەم ئەکاونتەکانییەوە و لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو جووڵە و چالاکییەکانی بیت.

٨- زۆر بە ئاسانی تووشی خەمۆکی و بێتاقەتی دەبیت کاتێک دەبینیت ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت پشتگوێت دەخات یان ناتوانیت نامە و تەلەفونی بۆ بکەیت.

٩- بەردەوام لە تەواوی ڕۆژەکەتدا دەربارەی ئەو قسە بۆ هاوڕێکەت دەکەیت.

١٠- تۆ هەمیشە ئەو کەسەیت کە هەوڵی دەسپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسە دەدەیت کە بە شێوەیەکی یەکلایەنە خۆشت دەوێت.

١١- پەیوەندییەکە وا دەکات هەست بە ماندووبوون بکەیت.

١٢- تۆ وا هەست دەکەیت کە پەیوەندییەکی ڕاستەقینە و مانادارت نییە.

١٣- ئەو کەسەی کە خۆشت دەوێت هەرگیز هیچ شتێک ناکاتە قوربانی کە بۆ ئێوە گرنگە.

١٤- هەمیشە تۆ ئەو کەسەیت کە سەرەتا داوای لێبوردن دەکەیت. 

١٥- لە کاتی خۆشەویستیی یەکلایەنەدا تۆ هیچ هەڵەیەکی ئەو کەسە نابینی کە خۆشت دەوێت، تەنانەت ئەگەر هەڵە و کەموکورتیشی هەبێت، هەمیشە پاساو بۆ هەڵەکان و لێدوانەکانیان دەهێنیتەوە.

١٦- ئەو هەمیشە تۆ وەک هاوڕێ تەماشا دەکات.


سەرچاوەکان



861 بینین