مشک (٢٠٢١)

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-09-20:16:00 - کۆدی بابەت: 8189
مشک (٢٠٢١)

ناوه‌ڕۆك

دەربارەی زنجیرەکە 

زنجیرەی مشک (بە ئینگلیزی: Mouse) لە چەشنی ئاکشن، تاوانکاری، هەستبزوێن، ئاڵۆز، زانستی خەیاڵییە. بەرهەمی کۆریای باشوورە، نمرەی ١٠\١٠ی وەرگرتووە لە سایتی IMDB کە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی فیلم و دراماکان، ئەم زنجیرەیە لە ٣/٣/٢٠٢١ـدا دەستی بە پەخشکرد لە کەناڵی TVN و ژمارەی ئەڵقەکانی بیست ئەڵقە بوو، ئەمە جگە لە هەبوونی چەند ئەڵقەیەکی تایبەت و جیاواز، زنجیرەکە کاری دەرهێنانی لەلایەن (چۆی جون بێی) و (کانگ چۆل وو) بۆ کراوە، لە نووسینی (چۆی ڕان) و هەروەها نواندنکارەکانی ئەم زنجیرەیە ئەمانە بوون: 

  • لی سۆنگ یی لە ڕۆڵی جۆنگ باریوم
  • لی هی جون لە ڕۆڵی کۆ موشی
  • پارک جۆ هیۆن لە ڕۆڵی بۆنگ یی
  • کیۆنگ سو جین لە ڕۆڵی خاتوو چۆی
  • کوان هوا وون لە ڕۆڵی سۆنگ یو هان

چیرۆک

(جۆنگ باریوم) ئەفسەرێکی پۆلیسی تازە کارە، کە ڕووبەڕوو دەبێتەوە لەگەڵ بکوژێکی زنجیرەیدا و دوای ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ بکوژەکەدا لەگەڵ (کۆ موچی) لێکۆڵەر دەست دەکەن بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک تاکوو (جۆنگ باریوم) ژیانی بەرەو بارێکی تردا بڕوات.

ڕوونکردنەوەی زنجیرەکە

(چی دەبێت ئەگەر پێشوەختە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی دەروونی دیاری بکەین پێش لەدایکبوونیان؟)
ساڵانێکە کە بەشێک لە لێکۆڵەران و خوێندکارانی بەشی بۆماوەیی لێکۆڵینەوە دەکەن لەسەر بۆهێڵی کەسە بکوژەکان، لە زنجیرەی مشکدا لە سەرەتاوە بڕیار دەدرێت لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بۆهێڵی هەموو کۆرپەلەکان ئەنجام بدرێت و ئەگەر بۆهێڵی کۆرپەلەکە بۆهێڵێکی کەسی تووشبوو بە نەخۆشی دەروونی بوو پێویستە منداڵەکەی لەباربرێت، زنجیرەکە لێرەوە دەست پێ دەکات.

چەند ڕاستییەک دەربارەی زنجیرەکە

نووسەری زنجیرەکە بیرۆکەی زنجیرەکەی لە دۆسیەیەکی بکوژی قوتابخانەیەکی سەرەتایی شاری (ئینچان) وەرگرتووە کە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا ڕوویداوە.
(دەمەوێت تۆمەتبارەکە بزانێت کە منداڵە بچووکەکەی من چەند گرنگ بوو بۆم) ئەمە ئەو ڕستەیە بوو دایکی منداڵە قوربانییەکە لە ساڵی ٢٠١٧ لە دادگایی کوشتارگەی قوتابخانەی سەرەتایی ئینچاندا وتی، بەڵام بەداخەوە ئەوەی چاوەڕێی دەکرد ڕووینەدا، کاتێک کە دایکی قوربانییەکە له بکوژەکەی پرسی قورسترین کار چییە لە ئێستادا، وەڵامی بکوژەکە پەشیمانی و هەستکردن بە تاوان نەبوو بەڵکوو وتی (هەوا خۆشە، بەڵام قورسە بۆ من کە ئیتر خونچەکانی گێلاس نەبینم) تەواوی خەڵکی وڵات تووڕەبوون لە وەڵامی قوربانییەکە و شۆک بووبوون کە لەو کاتەدا بیری لەلای خونچەی گێلاس بوو نەک ئەو کارە قێزەونانەی کە ئەنجامی داوە، لەوانەیە ئاسایی بێت کە بکوژەکە وەڵامێکی بەوجۆرەیەی دابێتەوە چونکە بکوژەکە بە بۆهێڵێکی جیاوازەوە لەدایکبووە کە بۆهێڵی نەخۆشی دەروونییە، کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە هەمان مێشکی کەسانی ئاساییان هەیە بەڵام بەبێ هاوێنە دەمارەکان، کە ئەو کەسانە بەهیچ شێوەیەک لە ئازاری کەسانی تر تێناگەن و ناتوانن هەستەکانی وەک: تاوان، هاودەردی، دڵسۆزی، پەشیمانییان هەبێت هەر بۆیە هەرگیز پەشیمان نین لە کارەکانیان.

زنجیرەکە ڕیکۆردی زۆرترین بینەری شکاند لەنێوان دراماکانی چوارشەممان و پێنجشەممان کە لە TVNـدا پەخش دەکران لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا، هەروەها بەپێی دەنگی کەسانی تەمەن ٢٠ بۆ ٢٩ ساڵ پلەی یەکەمی بەدەست هێنا، و دەنگی ٪٩٠.٦ـی بینەرانی بەدەست هێناوە.


سەرچاوەکان



697 بینین