ئازاد بەرزنجی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-12-15:51:00 - کۆدی بابەت: 8225
ئازاد بەرزنجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئازاد عەبدولمحەمەد بەرزنجی (بە ئینگلیزی: Azad Barznji) نووسەر و وەرگێڕێکی کوردی خەڵکی باشووری کوردستانە و خاوەنی زیاتر لە 50 كتێبە لە بوارەكانی: فەلسەفە، فیكر، ئەدەب، باس و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕەخنەیی. نووسینەکانی زۆرتر لە بابەتی وێژە و ڕەخنەی ئەدەبییە و لە کۆڤارەکانی ئەدەبیدا ئەندامی دەستەی نووسینە. ئازاد بەرزنجی لە دامەزرێنەرانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و وەکوو سەرپەرشتیاری گشتیی زنجیرەی کتێبەکانی سەردەم چالاکی دەکات. ھەروەھا کارەکانی وێژەی کوردی وەکوو ھۆنراوەکانی شێرکۆ بێکەسی بو زمانی عەرەبی وەرگێڕاندووەتەوە.

ژیان

ئازاد بەرزنجی لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بڕوانامەی دیبلۆمی لە شانۆ و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزیدا وەرگرتووە. ئازاد بەرزنجی بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و کوردی شارەزایە و بەم زمانانە نووسین و وەرگێڕانی ھەیە. لە دەیەی ١٩٨٠ دەستی کردووە بە چالاکی لە چاپەمەنییەکان و لە چەندین رۆژنامە و گۆڤاردا بابەتی بڵاوکردۆتەوە. ئەو لەو سەردەمە دەستی کرد بە وەرگێڕانی کارەکانی وێژەی فارسی، ئینگلیزی و عەرەبی و زۆر کاری لەم زمانانە بە کوردیی سۆرانی وەرگێڕاندەوە. بەرزنجی لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیان دامەزراندن و جگە لە کاری ڕۆژنامەوانی لەو دەزگایە وەکوو ئەندامی ئەنجومەنی دەزگای سەردەم چالاکی دەکات.

نووسین

  • تەرمی نەناسێک (پێنج کورتەچیرۆک)، چاپی یەکەم: ٢٠٠٤، چ٢: ٢٠١٧.
  • چەند وێستگەیەکی فیکری و ئەدەبی (وتار و باسی فیکری و ئەدەبی) چ١: ٢٠٠١، چ٣: ٢٠١٠.
  • لەگەڵ ئەقڵی خۆرئاوادا (گفتوگۆی فەلسەفی و ئەدەبی) چ١: ٢٠٠١.
  • دەربارەی ئەقڵی مۆدێرن (گفتوگۆی فەلسەفی و ئەدەبی)، بە ھاوکاری لەگەڵ ئاوات ئەحمەددا، ٢٠٠٤.
  • لاپەڕە پەرشەکان (چەند دەقێکی وەرگێڕراو و نووسراو)، چ١: ٢٠٠٥.
  • شازادە خاتوون و کیژۆڵەی دارستان (شانۆنامە بۆ مناڵان)، ٢٠١٠.
  • نیگاکان (وتار و باسی نووسراو و وەرگێڕراو)، چ١: ٢٠١١، چ٢: ٢٠١٣.
  • وەرگێڕان لە گفتوگۆدا (وتار و گفتوگۆ لەسەر وەرگێڕان)، ٢٠١٢.
  • مەرگ لە دەرگا دەدات (٣ شانۆنامە)، ٢٠١٤.
  • تیۆریی دراما لای ئەریستۆ (لێکۆڵینەوە)، ٢٠١٦.

وەرگێڕان

  • بوزورگ عەلەوی، چاوەکانی (ڕۆمان)، چاپی یەکەم: ١٩٩٧، چاپی سیانزدەیەم: ٢٠١٧.
  • باخ، ریچارد، جۆناسانی نەورەس (کورتە ڕۆمان)، چاپی چوارەم: ٢٠١٤.
  • خەونێک لە وڵاتی پیاوە بچکۆلەکاندا (کورتە چیرۆکی جیھانی)، چ١: ١٩٩٧، چ٢: ٢٠١٠.
  • فرۆم، ئەریک، بەناوی ژیانەوە (وتار و لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ)، چ١: ١٩٩٨، چ٥: ٢٠١٦.
  • رۆلفۆ، خوان، پیدرۆ پارامۆ (ڕۆمان)، وەرگێڕان لەگەڵ ڕێبوار سیوەیلیدا، چ١: ١٩٩٩، چ٢: ٢٠١٠.
  • نورەدین، محەمەد، تورکیا لە سەردەمی گۆڕاندا، چ١: ٢٠٠١.
  • پۆڵ ستراتێرن، نیچە، ٢٠٠١.
  • پۆڵ ستراتێرن، سارتەر، ٢٠٠٢.
  • جەھانبەگلو، ڕامین، مۆدێرنەکان (وتار و باسی فیکری و ئەدەبی)، چ١: ٢٠٠٣، چ٢: ٢٠٠٩.
  • پۆڵ ستراتێرن، کیرکەگۆر، ٢٠٠٣.
  • یۆرگۆس ستاسیناکیس ، کازانتزاکیس، ٢٠٠٤.
  • جیدۆ کریشنامۆرتی، چاکە و خراپە، چ١: ٢٠٠٤، چ٢: ٢٠١٥.
  • ئەلێساندرۆ باریکۆ، ئاوریشم (ڕۆمان)، چ١: ٢٠٠٤، چ٣: ٢٠١٥.
  • ماکسێنس فێرمین، بەفر (ڕۆمان)، چ١: ٢٠٠٤، چ٣: ٢٠١٥.
  • ماکسێنس فێرمین، کەمانچە ڕەشەکە (ڕۆمان)، چ١: ٢٠٠٥، چ٣: ٢٠١٥.
  • ماکسێنس فێرمین، ھەنگەوان (ڕۆمان)، چ١: ٢٠٠٦، چ٣: ٢٠١٥.
  • ھامپڵ، ستیوارت و مارشاڵ، ئیریک، نامەی مناڵان بۆ خوا، چ١: ٢٠٠٥، چ٢: ٢٠١٧.
  • جۆن ماکواری، فەلسەفەی بوونگەرایی، چ١: ٢٠٠٥، چ٢: ٢٠٠٩.
  • پاولۆ کۆیلیۆ، حیکایەتەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ، چ١: ٢٠٠٦، چ٢: ٢٠١٦.
  • ویڵ دیورانت، مێژووی شارستانێتی، وەرگێران بە ھاوکاریی دانا ئەحمەد و نەبەز کەمال، ٢٠٠٧.
  • جۆزیف ئۆکۆنۆر، سازی ئاسنین (شانۆنامە)، ٢٠٠٧.
  • ئەلێساندرۆ باریکۆ، بەبێ خوێن (ڕۆمان)، ٢٠٠٨.
  • ئەلێساندرۆ باریکۆ، نۆڤێچێنتۆی پیانۆژەن (یان ئەفسانەی ١٩٠٠)، چ١: ٢٠٠٨، چ٢: ٢٠١٦.
  • ثۆرنتۆن وایڵدەر، شارۆچکەکەمان (شانۆنامە)، ٢٠١٠.
  • خالید حوسەینی، ھەزار خۆری درەوشاوە (ڕۆمان)، چ١: ٢٠١١، چ٢: ٢٠١٥.
  • عەتیق ڕەحیمی، خاک و خۆڵەمێش (ڕۆمان)، ٢٠١١.
  • ئەلبێر کامۆ، مرۆڤی یاخی، چ١: ٢٠١٢، چ٢: ٢٠١٦.
  • ئەلبێر کامۆ، ئەفسانەی سیزیف، چ١: ٢٠١٣، چ٢: ٢٠١٥.
  • عەتیق ڕەحیمی، ھەزار ماڵ لە خەون و ترس (ڕۆمان)، ٢٠١٢.
  • محێدین زەنگەنە، گوڵەکان بۆ کێن؟ (سێ شانۆنامە)، ٢٠١٢.
  • ئۆشۆ، نھێنییەکانی ژیان، چ١: ٢٠١٣، چ٢: ٢٠١٥.
  • عەتیق ڕەحیمی، نەفرەت لە دۆستۆیڤسکی (ڕۆمان)، چ١: ٢٠١٣، چ٢: ٢٠١٥.
  • دەوڵەت ئابادی، مەحموود، کۆڵۆنێل، ٢٠١٤.
  • یەسریبی، یەحیا، قەلەندەر و قەڵا (ڕۆمان)، ٢٠١٥.
  • ئەرنائووت، عەباس، حەللاج (ڕۆمان)، ٢٠١٦.
  • تاهیر بن جەللوون، بابە تیرۆریزم چییە؟ (گفتوگۆ لەسەر تیرۆر)، چ١: ٢٠١٧.
  • یاسمینە خەزرا، دواھەمین شەوی سەرۆک (ڕۆمان)، ٢٠١٦.
  • خالید حوسەینی، چیاکانیش دەنگیان دایەوە (ڕۆمان)، چ١: ٢٠١٥.
  • ژنێ لەبەردەم وەرزێکی سارددا: ژیان و شیعری فروغ فەڕوخزاد، چ١: ٢٠٠٢، چ٥: ٢٠١٦.
  • عاشق ھەمیشە تەنیایە: شیعر و ژیانی سوھراب سپھری، چ٥: ٢٠١٦.
  • لەبیر دەچیتەوە وەک ئەوەی ھەرگیز نەبووبیت: ژیان و شیعری مەحموود دەروێش، چ١: ٢٠١٧.
  • کاتێ کە من خۆشم دەوێیت: ژیان و شیعری نزار قەببانی، چ١: ٢٠١٧.

وەرگێڕان بۆ عەرەبی

  • مضيق الفراشات (قصيدة طويلة للشاعر شيرکو بيکس)، بيروت، لبنان ط١: ١٩٩٦، ط٢: السليمانية، دار سردم للطباعة والنشر، ٢٠٠٧.
  • عار تماما کالماء (مختارات شعرية للشاعر دلاوەر قرەداغي) سوريا، دمشق، ط١: ٢٠٠٠.
  • سفر الروائح (قصيدة طويلة للشاعر شيرکو بيکەس)، دار نينوی، دمشق، سوريا، ٢٠٠١.
  • انبھارات (مختارات للشاعر شيرکو بيکس) المرکز القومي للترجمة، القاھرة، ٢٠١١.

کۆمەڵێک پرسیار لەسەر ژیان و کارەکانی

تۆ كە ئەزموونێكی باشت لەگەڵ وەرگێڕان هەیە، پێتوایە بایەخی دەقی وەرگێڕدراو لای خوێنەری كورد لەهەمان ئاستی دەقی خۆماڵیدایە؟ هێندەی خوێنەری دەقی وەرگێڕدراو هەیە، هێندە بۆ دەقی خۆماڵی هەیە؟

ئازاد بەرزنجی: بە بڕوای من سەرباری ئەو دۆخە شپرزەیەی كە بە گشتی باڵی بەسەر نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا كێشاوە و لە هەموو بوارەكاندا باش و خراپ تێكەڵ بووە و هێشتا هۆشیارییەكی ئەدەبی و هونەریی بەرز لەناو خوێنەراندا نییە بۆ هەڵسەنگاندنێكی دروستی كاری ئەدەبی و هونەری، بەڵام خوێنەرانێك هەن كە كاری داهێنانە و جوان لە كاری بێئاست و بازاڕی جیادەكەنەوە. مەسەلەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە كە ئەو كارەی خوێنەری جددی لە دەور كۆدەبێتەوە دەقێكی كوردییە یان وەرگێڕانە، بەڵكو من پێموایە ئەوە زیندوویی ئەو دەقەیە كە خۆی دەسەپێنێ، تەنانەت گەر لە ڕۆژگاری خۆیشیدا نەبێت، دواتر هەر خۆی دەسەپێنێ. ڕاستە ئەمڕۆ پێودانگێك نییە بۆ هەڵسەنگاندنی زانستییانە و هونەرییانەی كارێكی داهێنراو، جا چ لە بواری نووسیندا بێت یان وەرگێڕان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرە هەستێكی ئێستاتیكییانە لای بژاردەیەك لە خوێنەران هەیە بۆ جیاكردنەوەی دەقە زیندووەكان لە دەقە مردووەكان، یان دەقە ڕەسەنەكان لە دەقە ناڕەسەنەكان. ڕەنگە ئێستا پێوەرێكی باش لەئارادا نەبێت بۆ نرخاندنی كاری وەرگێڕدراو، هەڵبەت مەبەستم لەو كارانەیە كە بە مانای وشە دەچنە خانەی داهێنانەوە، یان ڕەنگە تێڕوانینێك هەبێت بۆ كەم تەماشاكردنی وەرگێڕ بە بەراورد لەگەڵ نووسەردا، بەڵام هێشتا هەندێ دەقی وەرگێڕدراو هەن كە سنووری دەقی نووسراو تێدەپەڕێنن و ژمارەیەكی زۆر لە خوێنەران لە دەوری خۆیان كۆدەكەنەوە. خۆ دەبێ بپرسین بۆ؟ بۆچی ئەو ژمارە زۆرە لە دەوری دەقێك كۆدەبنەوە كە لە زمانێكی ترەوە كراوە بە كوردی، بەڵام بە دەوری دەیان دەقی تردا كۆنابنەوە (هەندێ دەقی كەمی لی دەربچێت) كە نووسەرەكانیان كوردن؟ دیارە ئەمە پەیوەندی بە كۆمەڵێك هۆكارەوە هەیە؛ هەر لە لایەنی ئیبداعیی كارەكە تا ئەو مەسەلانەی كە دەقەكە دەیانخاتە ڕوو، تا مەسەلەی زمان و هەروەها متمانەكردن بەو وەرگێڕە و كۆمەڵێك هۆكاری تریش. 

بۆیە ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە كە ئەو دەقە چیمان پێ دەبەخشێت؟ چ پرسیارێكمان لا دروست دەكات؟ چیمان لا دەورووژێنێ و تێڕوانینمان چۆن بۆ دنیا و واقیعی خۆمان دەگۆڕێت؟ من نایشارمەوە هەر لە سەرەتای لاوێتیمەوە هێندەی دەقە جیهانییەكان ڕۆشنبیریی منیان پێكهێناوە و چێژم لێیان بینیوە و جیهانبینیی منیان گۆڕیوە، كەم دەقی كوردی هەبووە ئەوانەم پێ ببەخشێ. هەڵبەتە هەمیشە خۆزیاشم خواستووە كە ئێمەی كورد دەقی باڵای لە چەشنی ئەو دەقانەمان هەبێت؛ دەقی وەها كە بتوانێ لە ئاستی پرسیار و كێشە و مەسەلەكانی ئێستاماندا بێت. بێگومان ئەمە ئەوە ناگەیەنێ كە دەقی باشمان نییە، بەڵام دەشێ ئەو دەقانە، هەم لەڕووی چلۆنایەتی و هەم لەڕووی چەندایەتیشەوە لە ئاستی خەونماندا نەبن.

هیچكات هەوڵتانداوە بۆ پێكهێنانی رێكخراوێك یان كۆمەڵەیەك بە هاوكاریی خەڵكی زمانەوان تا لەڕێیەوە كار بكرێت لەسەر داتاشینی وشە و زیادكردنی بۆ ناو فەرهەنگی كوردی؟ 

ئازاد بەرزنجی: من زۆر كەم خۆم لە قەرەی كاری بەكۆمەڵ داوە، چونكە بە بڕوای من كاری ئەدەبی و داهێنان بەشێوەیەكی دەستەجەمعی ناكرێ، بۆیە ئەمە لە ژیان و كارەكانمدا ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام كارێكی لەم چەشنە پێویستی بە دەزگایەك و كۆمەڵێك زمانەوان هەیە كە بە مانای وشە زمانەوان و زمانزان بن و كار بۆ دانان و داتاشین و ڕێكخستنی زاراوە بكەن لە هەموو بوارەكاندا. كاتی خۆی لە بەغدا كۆڕی زانیاریی كورد هەبوو كارێكی لەمجۆرەیان كرد، بەڵام بەداخەوە كارەكەی ئەوانیش هەم كامڵ نەبوو، هەم بەردەوام نەبوو، گەرچی بۆ ئەو سەردەمە گرنگیی زۆری هەبوو. ئێستا جۆرێك لە بێسەروبەری لەئارادایە. بەبێ هیچ پێودانگ و لێپرسینەوەیەك هەر كەس هەڵدەستێ دەست دەداتە نووسین و وەرگێڕان و سەروسەكوت شكاندنی زمانی كوردی، وەكو گوتم دەزگا میدیاییەكانیش لەم ڕووەوە درێغییان نەكردووە و ڕۆژانە دەیان وشەی سەقەت بە ڕووی بینەرەكانیاندا دەدەنەوە و وای لێ هاتووە ئەو وشە سەقەتانە بوون بە دیفاكتۆ و وشە ڕاستەكانیش سەریان چووە بە قوڕدا.

تۆ كاری وەرگێڕانت هەیە لە بوارەكانی فیكر، ئەدەب و شانۆ و لێكۆڵینەوە، ئەم دەستبردنە بۆ هەر بابەتێك پەرتەوازەیی دروست ناكات؟ مەبەستم وەرگێڕ وەك پزیشك پێویستە تایبەتمەندی وەربگرێت لە بوارێكدا..

ئازاد بەرزنجی: كاركردن لە زیاتر لە بوارێكدا پەیوەندی بە پێشزەمینە و ئاستی ڕۆشنبیریی نووسەر و وەرگێڕەوە هەیە. كەسانێك هەن لە چەند بوارێكدا توانایان هەیە و دەتوانن لە هەموو ئەو بوارانەدا كاری جوانمان پێشكەش بكەن. گرنگ ئاستی ئەو بەرهەمانەیە كە پێشكەشی دەكەن. هیچ ڕێسایەكیش نییە ئەوە بسەپێنێ كە دەبێ نووسەر یان وەرگێڕ لە تاقە بوارێكدا كار بكات. لە مێژووی ئەدەب و هزر و هونەردا سەدان نموونەی زیندوو هەن كە لە پتر لە بوارێكدا كاریان كردووە و تێشیاندا سەركەوتوو بوون. وەكچۆن سەدان نموونە هەن هەم ڕۆماننووس بوون و هەم شاعیر بوون و هەم نووسینی ڕەخنەییان هەبووە و سینەماكار بوون و شانۆنووس بوون و هتد، بە هەمان شێوە وەرگێڕیش هەیە توانای ئەوەی هەیە لە زیاتر لە بوارێكدا كار بكات. بۆ كەس نییە بە نووسەرێك یان وەرگێڕێك بڵێت تۆ نابێ لەو بوارانەدا كار بكەیت و دەبێ تەنها لە یەك بواردا كار بكەیت. بەڵام ئەگەر ڕەخنەگرێكی شارەزا بێت، ئەوا كە سەرنجێكی هەبوو لەسەر كارێك لەو كارانە، دەتوانێ لەسەری بنووسێت. دواجار ئاستی بەرهەمەكە خۆی سەنگی مەحەكە. من خۆم تەنها لە زانستە سروشتی و زانستە وردەكاندا نەبێت، باوەڕم بە پسپۆڕێتی نییە. بێگومان كە نووسەر یان وەرگێڕیش ئەم ڕاستییەی زانی، خۆی لە قەرەی ئەو بوارانە نادات. بۆ نموونە من خۆم لە قەرەی وەرگێڕانی كتێبێكی كیمیا یان فیزیك نادەم، چونكە ئەمانە پێویستییان بە كەسی پسپۆڕە لەو بوارەدا، بەڵام بەلای منەوە دونیای ئەدەب چەندان ژانر دەگرێتە خۆی، كە دواجار هەر ئەدەبن و دەشێ ئەو وەرگێڕە شارەزایی هەبێت تێیاندا، بۆیە ئاساییە هەم چیرۆك و هەم ڕۆمان و هەم شانۆنامە و هەم نووسینی ڕەخنەیی و هەم شیعر و هتد وەربگێڕێت. گرنگ ئەوەیە تا چەند دەتوانێ ئەو كارانە "دابهێنێتەوە". بەڵام بێگومان وەرگێڕ لەو بوارانەدا زیاتر كار دەكات كە هەم لە دونیاكەیەوە نزیكن و هەم ئەو بوارانەش لە یەكەوە نزیكن.

زۆر جار دەگوترێ وەرگێڕ پێویستە نووسەریش بێت لەهەمان كاتدا، تۆ كە زیاتر بەهۆی كاری وەرگێڕانەوە ناسراوی، ئەمە چۆن دەبینی؟

ئازاد بەرزنجی: ئەوەی كە پێویستە وەرگێڕ نووسەریش بێت، بەو مانایەی كە دەبێ شارەزای كار و هونەرەكانی نووسین بێت و هەڵبەتە پێویستە بتوانێ بنووسێت، ئیتر مەرج نییە هەموو وەرگێڕێك وەكچۆن لە وەرگێڕاندا سەركەوتوو بووە، لە دنیای نووسینیشدا وا سەركەوتوو بێت، هەروەها بەپێچەوانەشەوە، مەرج نییە نووسەرێكی سەركەوتوو بتوانێ ببێتە وەرگێڕێكی سەركەوتوو. بە هەرحاڵ ئەمە شتێكە ڕەخنەگران و خوێنەران بڕیاری لەسەر دەدەن. ڕاستە من بەرهەمەكانم لە وەرگێڕاندا زۆر زیاترن وەك لە نووسیندا، بەڵام ڕەنگە ئەمەش هۆكاری خۆی هەبێت. من هەر لە سەرەتاوە بایەخێكی زۆرم بە وەرگێڕان داوە و كاتی زیاترم بۆ تەرخان كردووە و عیشقێكم بۆی هەبووە. وەختێكیش بە عیشقەوە ئەوەم كردووە، بیرم لەوە نەكردووەتەوە ناوی پێ پەیدا بكەم، چونكە گەر مەبەستم لە ناوپەیداكردن بووایە، زۆر بواری تر هەبوون كە بە ئاسانی دەمتوانی تێیاندا كار بكەم و زۆر بەناوبانگیش بم و دەسكەوتی زۆریشم هەبێت. لەم ڕۆژەدا چی ئاسانە، ناوبانگ پەیداكردن. هێندە بەسە كەمێك لەبلەبان بیت و دیماگۆگی و فریودەر بیت، ئیتر نەخوێندەواریش بیت قەیناكا، تا بە پلە و پایە و ناوبانگ بگەیت. من هەرگیز هەڵوەدای ئەمجۆرە لە ناوبانگ نەبووم و نابم، چونكە هەست دەكەم بوونی ڕەسەنی خۆمی تێدا ون دەكەم. من لە سەرەتای لاویمەوە پەیجۆری دوای داهێنان و جوانیی ڕاستەقینە بووم و لەناو زەلكاودا بە دوای مرواریی ونبوودا گەڕاوم. نازانم ئەگەر ئەو هەموو ساڵانەی تەمەنی خۆم بە وەرگێڕان نەدایە، ئێستا چۆن دەبووم. لەوانە بوو بۆ بوارێكی تر تەرخانم بكردایە لەو بوارانەی كە بەشێكی تری خۆمیان تێدا دەبینمەوە. ئیتر ئێستا ناوم دەبوو یان نا ئەوە مەسەلەیەك نەبووە لەلام. جارێكیان لە چیرۆكنووسی سووری "زەكەریا تامر"یان پرسی: ئەگەرچی چیرۆكنووسێكی زۆر بەتوانایە كەچی لای عەرەب ئەو ناوبانگەی نییە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: ژنە سەماكاری عەرەبی وا هەیە لە گەورەترین نووسەرەكانی عەرەب بەناوبانگترە. ئێمەش ئێستا لەناو كورددا لەمجۆرە كەسە بەناوبانگانەمان زۆرە. 

لەكاتی وەرگێڕان لەنێوان دوو زماندا چ شتێك زۆر گرنگە؟

ئازاد بەرزنجی: لە كاتی وەرگێڕاندا كۆمەڵێك شت ڕوودەدەن كە زەحمەتە بتوانین بە وردی دەستنیشانیان بكەین، بەڵام بەگشتی دەتوانم بڵێم وەرگێڕانی دەقێكی ئەدەبی جیاوازە لە وەرگێڕانی دەقێكی فیكری یان فەلسەفی. لە دەقێكی ئەدەبیدا، بۆ نموونە ڕۆمانێك، وەرگێڕ وەكو ئەكتەرێكی لێهاتوو و لێزان دەبێ بچێتە دۆخی نووسەرەكەوە و ئەوەی ئەو بە زمانە بیانییەكە نووسیویەتی، ئەم بە زمانی دایك دووبارە بینووسێتەوە و بەرهەمی بێنێتەوە. دەبێ لە چوارچێوەی ئەو دەقەی وا لەبەردەستیدایە، لە داڕشتنەوە و نووسینەوەی لە زمانی ئامانجدا داهێنان بكات. لە پرۆسەی نووسیندا هیچ بەربەست و سنوور و چوارچێوەیەك لەبەردەم نووسەردا نییە و دەستی واڵایە و ئازادە، بەڵام لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕ ناتوانێ لەو دەقە دەربچێت كە لەبەردەستیدایە. ئەو مەحكوومە بەوەی لەناو ئەو چوارچێوەیەدا داهێنان بكات. بۆیە لەم ڕووەوە ئەركی وەرگێڕ دژوارترە لە ئەركی نووسەر. 

دەمێنێتەوە ئەوەی بڵێین ئەوەی گرنگە لە وەرگێڕاندا ئەوەیە كە ئاخۆ دەقە وەرگێڕدراوەكە بووەتەوە بە دەقێكی ئیبداعی؟ ئاخۆ وەختێ خوێنەر مامەڵەی لەگەڵ دەكات، هەست دەكات لەبەردەم دەقێكی نامۆدایە، یان وا هەست دەكات دەقێكە هۆگری دەبێت و ئاشنایە پێی. ئەم هەستە بۆ خوێنەر لە ئاست دەقێكی وەرگێڕدراودا زۆر گرنگە. وەرگێڕ دەبێ لە زەین و خەیاڵدانی خۆیدا ئەو دەقە ئەسڵە هەڵبوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ لە زمانی ئامانجدا بیخولقێنێتەوە. لەم پرۆسەیەشدا گەلێ شت ڕوودەدەن كە وردەكارییان زۆرە و لێرەدا جێی لێدوانیان نابێتەوە.

تۆ كاتێك دەقێك لە زمانێكەوە وەردەگێڕیتە سەر زمانی كوردی ، ئەو دەقە بەراورد دەكەی بە هەمان دەق لە زمانێكی دیكە، لەم بەراوردكارییەدا بەدوای چیدا دەگەڕێی و چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر كارەكەت؟

ئازاد بەرزنجی: من كاتێك دەقێك وەردەگێڕم، ئەگەر دەقە ئەسڵییەكەم بە زمانی خۆی لەبەردەستدا بێت، ئەوا یەكسەر لەو زمانەوە وەریدەگێڕمە سەر زمانی كوردی، گەر نا، پتر لە دەقێك پەیدا دەكەم و بەیەك بەراوردیان دەكەمەوە، ئەمەش هەم لەڕووی ئەمانەتی ئەدەبییەوە و هەم لەو ڕووەشەوە كە مامەڵەكردنم لەگەڵ زمانێك زیاتری دەقەكەدا، پتر ئاسۆی زمان و گوزارشت و داڕشتنم لەبەردەمدا واڵا دەكات. هەروەها بۆ هەندێ دەقی ئاڵۆز، بوونی دەقەكان بە زمانی جیاواز، كاری پەیبردن بە نهێنییەكانی ئەو دەقەم بۆ فەراهەمتر دەكات. لە هەموو حاڵەتێكدا بوونی دەقێك بە چەند زمانێك لەبەردەستی وەرگێڕدا، كارەكەی پوختتر و دەوڵەمەندتر دەكات. من خۆم هەست دەكەم ئەم كارە دەبێتە مایەی زمانپاراویی زیاتر بۆ وەرگێڕ و فەرهەنگی وشەی زەنگینتر دەبێت و ئاستەكانی دەربڕینی فرەچەشنتر دەبێت. بەشبەحاڵی خۆم سوودێكی زۆرم لەم بەراوردكارییانە بینیوە، گەرچی ئەركەكەی قورستر كردووم، لێ هەست دەكەم ئەزموونی دەوڵەمەندتر كردووم.


سەرچاوەکان



604 بینین