تەکەڵ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-16-22:10:00 - کۆدی بابەت: 8275
تەکەڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەکەڵ (بە ئینگلیزی: Smog) جۆرێکی خەستی پیسبوونی هەوایە کە توانای ڕوونبینی کەمدەکاتەوە، تەکەڵ ئاماژەیە بۆ هەوای پیسبوو و پێکهاتەکەی جۆراوجۆرە و زیاتر بۆ ئەو حاڵەتە بەکاردێت کە بەهۆی ئۆتۆمبێل و شوێنە پیشەسازییەکانەوە دروست دەبێت و زۆرێک لە شارەکان دادەپۆشێت. وشەی تەکەڵ لە هەردوو وشەی تەم و دووکەڵ (Fog) و (Smoke) وەرگیراوە بەهۆی لێڵی و بۆنەکەیەوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٠٥ لەلایەن ئێچ. ئەی دی ڤوو بەکارهات بۆ باسکردنی ئەو حاڵەتە کەشییەی کە لە زۆرێک لە شارۆچکەکانی بەریتانیا هەبوو. ئەم جۆرەی بینراوی پیسبوونی هەوا پێکهاتووە لە ئۆکسیدەکانی نایترۆجین، ئۆکسیدەکانی گۆگرد، ئۆزۆن، دووکەڵ و ماددەکانی تری ناو هەوا. دروستبوونی تەکەڵ بەگشتی پشت بە پیسکەرە سەرەتایی و دووەمییەکان دەبەستێت، پیسکەرە سەرەتایییەکان ڕاستەوخۆ لە سەرچاوەیەکەوە دەردەدرێن وەکوو دەردانی ئۆکسیدی گۆگرد لە سووتانی خەڵووزەوە، هەروەها پیسکەرە دووەمییەکان یان لاوەکییەکان بۆ نموونە ئۆزۆن، دروست دەبن کاتێک پیسکەرە سەرەتایییەکان کارلێکی کیمیایییان لە هەوادا بەسەردا دێت. تەکەڵ بەگشتی ژەهراوییە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی نەخۆشکەوتنی توند و مەترسیی هەیە بۆ کورتبوونەوەی ماوەی ژیان. 

هۆکارەکان

خەڵووز

ئاگری خەڵووز دەتوانێت بڕێکی پێویستی دووکەڵ دەربدات کە ببێتە هۆی دروستبوونی تەکەڵی زستانە، خەڵووز وەک سووتەمەنی بۆ گەرمکردنی بینا و باڵەخانەکان یان بۆ دابینکردنی وزەی وێستگەکانی بەرهەمهێنەری کارەبا بەکار دێت. 

دەردانی گوێزەرەوەکان

دەردانی بەرهەمە لاوەکییەکان لەلایەن دەرهاوێشتەی دووکەڵی گوێزەرەوەکانی وەکوو بارهەڵگر، پاس و ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و دروستبوونی تەکەڵ لە هەندێک لە شارە گەورەکان. گرنگترین پیسکەرەکانی هەوا کە لە گوێزەرەکانەوە دەردەدرێن بریتین لە یەکەئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین، ئاوێتە ئەندامییە بەهەواداچووەکان و هایدرۆکاربۆنەکان، کە هایدرۆکاربۆنەکان پێکهاتەی سەرەکیی سووتەمەنییە پێتڕۆڵیەمییەکانن وەکوو گازۆلین و سووتەمەنیی دیزڵ.

هۆکارە سروشتییەکان 

گڕکان 

گڕکانی هەڵچوو بڕێکی زۆر لە دوانەئۆکسیدی گۆکرد و تەنۆلکە هەڵواسراوەکانی هەوا دەردەدات، کە دوو پێکهاتەی سەرەکیی دروستبوونی تەکەڵن، هەرچەندە زۆرجار ئەو تەکەڵەی کە بەهۆی هەڵچوونی گڕکانییەوە دروست دەبێت پێی دەوترێت تەکەڵی گڕکانی (Vog) بۆ ئەوەی وەک ڕووداوێکی سروشتی جیابکرێتەوە.

ڕووەک

ڕووەکەکان سەرچاوەیەکی سروشتیی هایدرۆکاربۆنەکانن کە لە بەرگەهەوادا کارلێکیان بەسەردا دێت و تەکەڵ دروست دەکەن. بە گشتی ڕووەک و خاک دوو سەرچاوەی گەورەی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆنەکانن ئەویش بەهۆی بەرهەمهێنانی ئایزۆپرین و تێرپینەکان.

جۆرەکانی تەکەڵ

بەلایەنی کەمەوە دوو جۆری تەکەڵ ناسراون کە ئەوانیش بریتین لە تەکەڵی گۆگردی و تەکەڵی ڕۆشنەکیمیایی.

تەکەڵی گۆگردی هەروەها پێشی دەوترێت تەکەڵی لەندەن، لە ئەنجامی بوونی خەستییەکی زۆری ئۆکسیدی گۆگرد لە هەوادا دروست دەبێت بەهۆی بەکارهێنانی ئەو سووتەمەنییە بەبەردبووانەی کە گۆگرد بەرهەم دەهێنن وەکوو خەڵووز. ئەم جۆرەی تەکەڵ بە بوونی شێ و ماددەی تری هەڵواسراوی ناو هەوا خراپتر دەبێت و زیاتر لە وەرزی زستاندا ڕوودەدات.

زۆربەی تەکەڵی ئێستا کە دروست دەبێت بریتییە لە جۆری ڕۆشنەکیمیایی، تەکەڵی ڕۆشنەکیمیایی هەروەها بە تەکەڵی لۆس ئەنجلسیش ناسراوە بەزۆری لە ناوچە شارستانییەکاندا کە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی تێدا هەیە ڕوودەدات. ئەم تەکەڵە بەهۆی دەردانی ئۆکسیدی نایترۆجین و هەڵمی هایدرۆکاربۆنەوە (ماددە ئەندامییە بەهەواداچووەکان) لەلایەن ئۆتۆمبێلەکان و سەرچاوەکانی ترەوە دروست دەبێت، کە دواتر کارلێکی ڕۆشنەکیمیایییان بەسەردا دێت، ماددە ئەندامییە بەهەواداچووەکان لەلایەن گازۆلین، بۆیە و زۆربەی توێنەرە پاککەرەکانەوە دەردەدرێن. ئاستی گازە ژەهراوییەکەی ئۆزۆن بەهۆی کارلێکی ئۆکسیدی نایترۆجین لەگەڵ هەڵمی هایدرۆکاربۆن بە هەبوونی تیشکی خۆر، بەرز دەبێتەوە، هەروەها هەندێک دوانەئۆکسیدی نایترۆجین لە کارلێکی ئۆکسیدی نایترۆجین لەگەڵ تیشکی خۆر بەرهەم دێت. لە ئەنجامدا تەکەڵەکە دەبێتە هۆی قاوەییبوونی بەرگەهەوا، کەمبوونەوەی ڕوونبینی، زیانگەیاندن بە ڕووەک، کولانەوەی چاو و هەراسانیی لە هەناسەدان، ‌ئەم تەکەڵە زیاتر لە وەرزی هاویندا ڕوودەدات کاتێک پلەکانی گەرما بەرزن و تیشکی خۆر زۆرە. ئاستی ئۆزۆنی ڕووی زەوی یان زەمینی بە ناتەندروست و زیانبەحش دادەنرێت ئەگەر زیاتر بێت لە ٧٠ بەش لە ملیارێکدا بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر یان زیاتر.

کاریگەرییە تەندروستییەکان

تەکەڵ کێشەیەکی مەترسیداری زۆربەی شارە گەورەکانە و بەرکەوتنی بەردەوامی مەترسیی زۆری بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، ئۆزۆنی زەمینی، دوانەئۆکسیدی گۆگرد، دوانەئۆکسیدی نایترۆجین و یەکەئۆکسیدی کاربۆن بۆ منداڵان و کەسانی توشبوو بە نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان زۆر زیانبەخشن. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە تەکەڵ دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختە بەهۆی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی هەناسەدان، مەترسیی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات، مەترسی هەیە بۆ ناتەواویی کۆرپە لە کاتی لەدایکبوون و کاردەکاتە سەر کەمیی کێشی کۆرپە. 

ناوچە کارتێکراوەکان

تەکەڵ دەکرێت لە هەر کەشوهەوایەکدا دروست ببێت کە شارەکان و شوێنە پیشەسازییەکان بڕێکی زۆر لە پیسکەرەکانی هەوا وەکوو دووکەڵ و گازەکان دەربدەن، نموونەی هەندێک لەو شوێنانەی تەکەڵ زۆر لێیان ڕوودەدات، وەکوو کەنەدا، دەلهی-هیندستان، بێیجینگ-چین، لەندەن، مەکسیکۆ ستی، تاران-ئێران، ‌ئەمریکا، باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و پاکستان. زۆرێک لە وڵاتان بۆ نموونە ئەمریکا یاسایان بۆ کەمکردنەوەی تەکەڵ داناوە، هەندێک لەو یاسایانە جۆری ‌ئەو ماددە کیمیایییانەی کە لەلایەن کارگەکانەوە دەردەدرێنە ناو هەوا سنووردار دەکەن، یاخود کاتی دەردانەکەی دیاری دەکەن.


سەرچاوەکان



619 بینین