هەڕەمەکانی میسڕ

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-23-22:19:00 - کۆدی بابەت: 8370
هەڕەمەکانی میسڕ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەڕەمەکان (بە ئینگلیزی: Pyramids، بە عەرەبی: الأهرام) بە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و سەرسڕمێنەرترین کارەکانی دەستی مرۆڤ لە مێژووی کۆن و بواری شوێنەوار دادەنرێن، هەڕەمەکان لە زۆر وڵاتی جیهاندا هەن، وەکوو هەڕەمەکانی میسڕ، هەڕەمەکانی مەکسیک و هەڕەمەکانی سوودان لەگەڵ هەندێک هەڕەمی تر لە وڵاتانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەڕەنسا، کرواتیا، سلۆڤینیا، ڕووسیا، یۆنان و ئەمریکا.

دیارترین هەڕەمەکانی جیهان

هەڕەمەکانی گیزە: هەڕەمەکانی گیزە دەکەونە بانی گیزە لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، مێژووی بنیاتنانیان بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی خێزانی چوارەمی فیرعەونەکان دەگەڕێتەوە کە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین فەرمانڕەوایەتیی میسڕیان کردووە.

هەڕەمی خۆر لە مەکسیک: لە ساڵی ١٠٠ـی پاش زایین لەلایەن گەلی ئازتیک بنیاتنراوە کە ئەو کاتە لە مەکسیک نیشتەجێ بوون و بە گەورەترین بنیاتنراوی تیۆتیواکان دادەنرێت. ئەم هەڕەمانە بە مەبەستی پەرستشی خۆر و مانگ، گۆڕستانی پاشا و سەرانی خاکەکە و بوونی مەزارگەیەک بۆ قوربانیکردن بۆ خوا بنیاتنراون.

هەڕەمەکانی نووبی لە سوودان: ئەم هەڕەمانە لە شاری نووبیە لە خەرتووم بنیاتنراون، ئەم هەڕەمانە وەک شوێنی نیشتەجێبوونی پاشا و شاژنەکان دروست کراون، هەروەها شوێنی ناشتنی پاشاکان و مەزارگەی قوربانیکردنیشی تێدایە. شێوەی هەڕەمەکانی سوودان هاوشێوەی هەڕەمەکانی میسڕە بەڵام قەبارەیان زۆر بچووکترە کە درێژیی بنکەکەیان پێنج مەتر و بەرزییەکەشیان شەش بۆ هەشت مەترە. 

هەڕەمی مایا لە مەکسیک: گەلی مایا ئەم هەڕەمەیان بنیاتناوە کە وەک مەزارگەیەک بۆ نزیکبوونەوە لە خواکان بەکارهاتووە، گەلی مایا بەوە ناسراون کە جادووی ڕەشیان بەکارهێناوە، هەروەها ئەم هەڕەمانەشیان وەک ڕووانگەیەکی ئەستێرەناسی و پەرستگەیەک بۆ ئەو جەنگاوەرانە بەکارهێناوە کە بەرگرییان لە شاری مایا کردووە. 

هەڕەمەکانی میسڕ  

هەڕەمەکانی میسڕ (بە ئینگلیزی: Egyptian pyramids، بە عەرەبی: الأهرامات المصرية) بەتایبەتیش هەڕەمەکانی گیزە بنیاتنراوی مەزن و گەورە و سەرسڕمێنەرن کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی شارستانییەتی کۆنی میسڕی دەگەڕێتەوە، بنکی هەڕەم شێوەیەکی چوارگۆشەی هەیە و لووتکەکەشی لە چوار سێگۆشە پێکهاتووە کە لە یەک خاڵدا یەک دەگرن بۆ ئەوەی شێوەی هەڕەم دروست ببێت. هەڕەمەکان لە بەردی زۆر ڕەق و قایم دروست کراون، هەندێک هەڕەم هەن پێیان دەوترێت پلەدار لەبەرئەوەی دیوارەکەیان لەشێوەی پلیکانەیە کە بەناوبانگترینیان هەڕەمی سەقاڕەیە. هەروەها هەڕەمە بنیاتنراوەکانی سەردەمی پاشا فیرعەونەکان کە سەرسڕمێنەرترین هەڕەمەکانی میسڕن بۆ ئەوە دروست کراون ببن بە گۆڕستانی فیرعەونەکان و هاوسەرەکانیان و مێژووی دروستکردنیان بۆ (٢٦٣٠ - ١٥٣٠) ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، ژمارەی هەڕەمە دۆزراوەکانی میسڕ گەیشتووەتە ١٣٥ هەڕەم و تا ئێستاش لەسەر شێوازی بنیاتنانی هەڕەمەکان بەو مەزنییەوە پرسیارگەلێکی زۆر هەن. 

هەڕەمەکانی میسڕ بریتین لە:

هەڕەمی زووسەر: هەڕەمێکی پلەدارە و دەکەوێتە ناوچەی سەقاڕە، یەکەمین هەڕەمی میسڕ و کۆنترین هەڕەم و بنیاتنراوە مەزنەکانە لە جیهاندا کە لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیکردنی خێزانی سێیەمی فیرعەونەکان لە سەردەمی پاشا زووسەر بنیاتنراوە. 

هەڕەمی سوور: دەکەوێتە باشووری شاری قاهیرە و ناوەکەی هەڕەمی ڕۆژهەڵاتنە، بەردی قسڵی سوور لە دروستکردنی ئەم هەڕەمە بەکارهاتووە بۆیەش پێی دەوترێت هەڕەمی سوور و پلەی سێیەمی هەیە لە ڕووی گەورەییی قەبارەیەوە و لە کاتی فەرمانڕەوایەتیی فیرعەونەکان لە سەردەمی پاشا سینیفرۆ بنیاتنراوە.

هەڕەمی خۆفۆ: گەورەترین هەڕەمی گیزەیە کە فیرعەون خۆفۆ دروستی کردووە و نزیکەی ٢.٣ ملیۆن بەرد بۆ بنیاتنانی ئەم هەڕەمە بەکارهاتوون و بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی ١٤٧ مەتر. ئەم هەڕەمە بە یەکێک لە حەوت سەیروسەمەرە کۆنەکەی جیهان دادەنرێت. 

هەڕەمی خەفرەع: دووەم گەورەترین هەڕەمی گیزەیە و نزیکەی ٢٥٢٠ ساڵ پێش زایین لەلایەن فیرعەون خەفرەعەوە دروستکراوە.

هەڕەمی مەنقورەع: سێیەم هەڕەمی گیزەیە کە لەوانەی تر بچووکترە و پەرستگایەکی مردووەکانی تێدایە، ئەم هەڕەمەش نزیکەی ٢٤٩٠ ساڵ پێش زایین لەلایەن فیرعەون مەنقورەعەوە دروست کراوە.


سەرچاوەکان



11187 بینین