بە زۆر پێدانی خواردن بە منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-25-22:00:00 - کۆدی بابەت: 8388
بە زۆر پێدانی خواردن بە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خۆراک پێدان بە منداڵ کارێکی قوورسە بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە نەیەوێت خواردنەکە بخوات، هەموو دایکێک حەز دەکات منداڵەکەی بە باشترین شێوە گەورە ببێت و باشترین خواردنەکان بخوات، لێرەدا دایکەکە هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات تاکوو بتوانێت منداڵەکەی ڕازی بکات خواردنەکەی بخوات.
زۆرجار پەنا دەبات بۆ بە زۆر پێدانی خواردن بە منداڵەکەی ئەمەش کۆمەڵێک کێشە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

نیشانەکان

چەند نیشانەیەک دەریدەخات کە دایک بە زۆر خواردن دەدات بە منداڵەکەی:

  1. بڕیاردان دەربارەی بڕی خواردنەکە و ئەوەی کە منداڵەکەی بیخوات
  2. پێدانی خواردنی زۆر بە منداڵەکەی تەنانەت ئەگەریش حەزی لێی نەبێت
  3. بەراوردکردنی منداڵەکەی بە منداڵانی تر
  4. پێدانی بەڵێنێکی نەگونجاو لەپێناو ئەوەی خواردنەکەی بخوات وەک، ئەگەر ئێستا ئەمە بخۆی دواتر چپس یان ساردیت بۆ دەکڕم، یاخود مۆبایلت پێ دەدەم.
  5. گوێنەدان بە ڕای منداڵەکە کاتێک ڕای خۆی دەڵێت لەسەر ئەوەی چەند خواردنی پێ دەخورێت و حەز دەکات چۆن بیخوات

هۆکارەکان

نیگەرانی دەربارەی کەم خواردنی منداڵەکەی

زیاتر منداڵە بچووکەکان خواردنی کەم دەخۆن، کاتێک بڕێکی کەم خواردن دەخوات دایک وابیردەکاتەوە کە منداڵەکەی گەورە نابێت و سوود لە خواردنەکە وەرناگرێت، بۆیە ناچاری دەکات هەر جۆرێک بووە خواردنەکەی بە زۆر بخوات.

تەواوکردنی هەموو خواردنەکە

زۆرینە وابیردەکەنەوە ئەو بڕە خۆراکەی کرایە ناو قاپەکەی بەردەست دەبێت تەواو بکرێت، بەڵام منداڵ ناتوانێت ئەو هەموو خواردنە بخوات کە بۆت تێکردووە، چونکە بە ئەندازەی گەدەی خۆی دەخوات.

ناچارکردنی بۆ خواردنی خۆراکێکی نوێ

ئەو هەڵەیەی کە زۆرینەی دایکان دەیکەن ئەوەیە کە دەیانەوێت کاتێک خواردنێکی نوێ دەدەن بە منداڵەکەیان هەمووی بخوات، بەڵام بەگشتی منداڵ کاتێک تامی خواردنی نوێ دەکات ناتوانێت زوو بڕیار بدات و کاتی دەوێت تاکوو حەز لە خواردنەکە بکات.

تێنەگەیشتن لە منداڵەکە

بەگشتی دایک وابیردەکاتەوە کە منداڵەکەی پێویستی بە زۆرترین خواردنە و دەتوانێت هەموو کاتێک لێی تێ بگات، بەڵام دەکرێت زۆرجار دایک لە منداڵەکەی تێ نەگات و منداڵ نەیەوێت خواردن بخوات و برسی نەبێت بەڵام بەزۆر پێی بدات.

بەراوردکردنی بە منداڵی تر

دایک منداڵەکەی بەراورد دەکات بە منداڵی خزم و دراوسێکانیان، ئەمە کارێکی هەڵەیە، کاتێک منداڵێکی تر دەبینێت کە زیاتر دەخوات وادەزانێت نەیتوانیووە بەباشی منداڵەکەی خۆی گەورە بکات و خواردنی پێ بدات، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی کە منداڵەکەی خۆی کەسێکی جیاوازە و حەز و شێوازی ژیانی لە هەموو ڕوویەکەوە تایبەتە بەخۆی.

بۆ چەسپاندنی بیرکردنەوەی خۆت 

هەندێک جار بەڕای دایکەکە خواردنێک سوودی زۆرە و پێی وایە منداڵەکەی دەبێت بیخوات، ئەگەریش بەلای منداڵەکەیەوە تامی ناخۆش بێت و حەزی لێی نەبێت هەر ناچاری دەکات بیخوات.

زیانەکان

ڕشانەوە

کاتێک بە زۆر و بڕێکی زیاد لە پێویست خواردن دەدەیت بە منداڵەکەت لەوانەیە بڕشێتەوە، چونکە گەدەی بچووکە بەرگەی ئەو هەموو بڕە زۆر ناگرێت و ناچارە بیهێنێتەوە.

بێزاربوون لە خواردن

ئەگەر ببێتە پیشەت هەمیشە بە زۆر خواردن بدەیت بە منداڵەکەت، نەک تەنها بێزار دەبێت لە جۆرە خواردنێکی تایبەت بەڵکوو لەوانەیە بەردەوام بەتەواوی بێزار ببێت لە خواردن بەگشتی.

نەمانی حەزی خواردن

منداڵیش وەک کەسانی گەورە کاتێک کە برسی دەبێت خواردن دەخوات، بەڵام کاتێک دایک و باوک بە زۆر خواردن دەدەن بە منداڵەکەیان بەبێ ئەوەی بزانن ئایا برسییەتی یاخود نا، ئەمە وادەکات منداڵ حەزی بۆ خواردن نەمێنێت.

ڕق لێبوونەوه

جیا لەوەی کە ئیتر بەهۆی ئەم زۆر پێدانەوە ڕقی لە کۆمەڵێک خواردن دەبێتەوە، ئەگەری زۆرە ئیتر ڕقیشی لە دایکی ببێتەوە.

خواردنی ناتەندروست

لەوانەیە بەهۆی ئەم زۆر پێدانەوە منداڵەکە حەزی بۆ ئەو جۆرە خواردنانە نەمێنێت و بەردەوام داوای خواردنی دەرەوە و خواردنی ناتەندروست بکات.

لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ

گەورەترین کێشە کە لە زۆر پێدانی خواردنەوە دروست دەبێت لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی خودییە بۆ خواردن، هەندێک جار منداڵەکە بەبێ ئەوەی برسی بێت بەردەوام شت دەخوات و وای لێ دێت هەموو ژیانی دەبێتە خواردن و نازانێت چی کاتێک پێویستە خواردن بخوات.

کەمی متمانە بەخۆبوون

دایک و باوک کاتێک بە زۆر خواردن دەدەن بە منداڵەکەیان مافی ئەوەی لێ دەسەننەوە کە خۆی بڕیار بدات کەی و چۆن خواردن دەخوات، بەمەش وای لێ دێت بۆ هەموو کارەکانی ژیانی پەنا دەبات بۆ دایک و باوکی و متمانەی بەخۆی نامێنێت.

چارەسەر 

بە زۆر پێدانی خۆراک بە منداڵ کۆمەڵێک کێشەی جەستەیی و دەروونی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر منداڵەکەت وەک خوشک و براکانی تری نییە ئاسایی وەریبگرە ئەو کەسێکی جیاوازە و هەموو کەسەکان وەک یەک نابن، ئەگەر زۆر خەریکی یاری کردنە و بەو هۆیەوە نایەوێت نان بخوات، وازی لێ بهێنە و ئارام بگرە چونکە هەر کاتێک خۆی برسی بوو داوای خواردن دەکات.

هەروەها دەتوانیت ئەم چەند ڕێنماییە جێبەجێ بکەیت:

  • لەگەڵ منداڵەکەت پێکەوە نان بخۆن
  • کاتێک خواردنێکی نوێی پێ دەناسێنیت پەلەی لێ مەکە بۆ خواردنی
  • ئارامبگرە و هەڵەشە مەبە
  • ئەگەر بەردەوام خەیاڵی دەڕوات بە جۆرە یارییەک خەیاڵی بهێنەرەوە بۆ لای خواردنەکەی

منداڵی بەدخۆراک و بەزۆر خۆراک پێدانی

ئەگەر منداڵەکەت بەدخۆراکە پێش ئەوەی کە زۆری لێ بکەیت بۆ خواردنەکە، هۆکاری بەدخۆراکییەکەی بدۆزەرەوە، ئەگەر کێشەی جەستەیی و کەمی ڤیتامینەکانی هەیە پێش هەموو کارێک چارەسەری بۆ وەربگرە و پاشان وردە وردە خۆی دەست دەکاتەوە بە خواردن.


سەرچاوەکان



1565 بینین