ئەنوەر قەرەداغی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-26-22:21:00 - کۆدی بابەت: 8398
ئەنوەر قەرەداغی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەنوەر قەرەداغی (بە ئینگلیزی: Anwar Qaradaghi) مۆسیقاژەنێکی خەڵکی باشووری کوردستانە، ساڵی 1946 لە شاری هەڵەبجە لە خێزانێکی ئایینی هاتووەتە دنیاوە. سەرەتای منداڵی خستوویانەتە حوجرەی فەقێیان لە مزگەوتی پاشا، بەڵام زۆر بەردەوام نەبووە چونکە قوتابخانەی دووەم کراوەتەوە و لەگەڵ براکانی چووەتە قوتابخانە.

ژیانی تایبەتی و هونەری

ساڵی 1954 ماڵیان گواستووەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی، لەوێ لە پۆلی سێیەمی قوتابخانەی (فەیسەلیەی) ئەوکاتە کە قوتابخانەی پێشکەوتنی ئێستایە خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، لەو سەردەمانەدا لە گروپی سروودی قوتابخانە لەلایەن مامۆستا ولیام یوحەنا هەڵبژێردراوە بۆ گروپی سروود. دواتر قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی سلێمانی تەواوکردوە. پاشان لەبەر ئاڵۆزی ژیان چووەتە خانەی مامۆستایان و هەموو ساڵێک بەسەرکەووتویی بەپلەی یەکەم لە ٢٦\١٠\١٩٦٤ تەواوی کردووە. هەر لە قوتابخانەی مامۆستایاندا لەسەر دەستی مامۆستا ولیەم یوحەننا فێری لێدانی ئامێری (شمشاڵ و عود و کەمان) بووە. لە چالاکی قوتابخانەکانی سلێمانی ڕاهێنەری هونەری مۆسیقا بووە و سەرپەرشتی هەموو قوتابخانەکانی کردووە لە بواری موسیقا و سروود و گۆرانی و چەندین تیپی سروودی دروستکردووە، قوتابیانی فێری سروودە نیشتمانییەکان کردووە لەگەڵ ئاوازە میللیەکاندا، هەموو ئەو سروودانەشی بە نۆتەی مۆسیقا نووسیوەتەوە و لەڕێی چالاکی قوتابخانەکانەوە بەسەر هەموو قوتابخانەکانی کوردستان و عێراق بڵاوی کردووەتەوە .
ساڵی 1965 و 1966 دوو خولی فێربوونی مۆسیقا کرایەوە لە چالاکی هونەری هەردوو ساڵەکە سەرپەرشتیاری خولەکە بووە. هەر لەساڵی 1964 تیپی مۆسیقای (کۆمەڵی خۆشی و بەختیاری) و دواتر تیپی مۆسیقای (هیوا)ی دامەزراندووە، دواتر ٢٣\٢\١٩٦٧ بوو بە تیپی مۆسیقای سلێمانی.
لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بووە ساڵی 1969. ساڵی 1971 گواستویانەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی چالاکی هونەری لە زانکۆی سلێمانی وەک لێپرسراوی بەشی مۆسیقا و تیپی زانکۆی سلێمانی لەگەڵ تیپی میللی زانکۆ دروستکردووە.
لە ساڵی 1973 بەشداری فێستیڤاڵی لاوانی جیهانی لە بەرلین کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی لە ناساندنی کولتووری کوردی لەو فێستیڤاڵەدا بینیوە. ساڵی 1974 پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە لەوێ تیپی مۆسیقای شۆڕشیان دروستکردووە. دوای گەڕانەوە لە شۆڕشی ئەیلوول بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زانکۆ دوورخراوەتەوە بۆ شاری سەماوە لە خوارووی عێراق، لەو ماوەیەدا تیپی مۆسیقای پەروەردەی سەماوەی بۆ چالاکی قوتابخانەکان دروستکردووە و لە فێستیڤاڵی ساڵانەدا بۆ دوو جار پلەی یەکەمی هێناوە. پاشان گوازراوەتەوە بۆ زانکۆی سلێمانی وەک کارەکەی پێشوی خۆی بە لێپرسراوی بەشی مۆسیقا و لەناو زانکۆدا چەندین تیپی مۆسیقا و گۆرانی دروستکردووە لەگەڵ کردنەوەی خولی فێربوونی مۆسیقا بۆ خوێندکارانی زانکۆ تا ساڵی 1981 کە زانکۆی سلێمانی گوێزراوەتەوە بۆ هەولێر.

بەردەوامی چالاکییە هونەرییەکانی

  • لە دامەزرێنەرانی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە، هەروەها پاش گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی گوێزراوەتەوە بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و لەبەشی شانۆ مامۆستای وانەی (چێژی مۆسیقا و شانۆی گۆرانی و جووڵەی ئاوازی وەرزشی شانۆیی) بووە. دواتر بەشی مۆسیقای دامەزراند و بووەتە سەرۆکی بەشی مۆسیقا. هەر لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان ساڵی 1985 بۆ ماوەی چل ڕۆژ ناردوویانە بۆ تورکیا بۆ ڕاهێنانێکی هونەری لە کۆنسەرفتواری ئەزمیر بۆ سوود وەرگرتن لە شێوەی خوێندنی ئەو کۆنسەر فتوارەیە.
  • لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان کراوە بە ئەندامی لیژنەی پڕۆگرامی خوێندنی بەشی مۆسیقا لە هەموو پەیمانگاکانی عێراقدا.
  • لە ساڵی 1998 گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری وەک ڕاوێژکاری هونەری لەهەمان ساڵدا چووە بۆ وڵاتی سوید و لەگەڵ هونەرمەندانی کورد و سویدی چەندین چالاکی هونەری لەوێ ئەنجامداوە. پاش دوو ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، بەردەوام بووە لە کاری هونەری.
  • ئەنوەر قەرەداغی یەکێکە لە دامەزرێنەرانی تەلەڤزیۆنی (puk) و بەڕێوبەری هونەری بووە لە سەرەتای دروستبوونیەوە تا ساڵی 2010 دواتر کراوەتە ڕاوێژکاری هونەری لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک).
  • چەندین پارچە مۆسیقای کوردی و ئاوازی بۆ گۆرانیبێژان داناوە، لە وێستگەی کوردی و تەلەڤزیۆنی بەغداد و کەرکووک تۆماری کردوون، پاشان لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی کوردستاندا چالاکییەکی بەردەوامی هەبووە لە ئامادەکردنی بەرنامە و دەرهێنانی بەرهەمی ڕۆشنبیری و هونەری. هەندێک لە بەرهەمەکانی لە دەرەوەی کوردستان لەلایەن تیپی ئەو وڵاتانەوە بە تیپ و گروپی هەمەڕەنگ لێدراون.
  • ئاوازی بۆ زۆربەی زۆری هونەرمەندانی کوردستان داناوە لە گۆرانی و سروودی نیشتمانی و ئایینی و بابەتی منداڵان و دراما، هەندێک لەو بەرهەمانە خۆی بەدەنگی خۆی وتوویەتی.
  • لە چەندین فێستیڤاڵی هونەریدا بەشداری کردووە لەناو عێراق و دەرەوەی عێراقدا بەئاستێکی سەرکەوتوو.
  • هەر لە سوید کتێبێکیان بە هاوکاری هونەرمەند (فەرید عیسا) دەرکرد کە هەمووی گۆرانی منداڵانە بە سۆرانی بادینانی و بە نووسینی کوردی و لاتینی نووسراونەتەوە لەگەڵ نۆتەکانی کە بەتایبەت بۆ منداڵانی کوردە لە دەرەوەی کوردستان بوون.
  • لە سوید نووسەر فایەق سەعید کتێبێکی لەسەر ژیانی ئەم هونەرمەندە نووسیوە لەژێر ناوی (حەوت ڕۆژ لەگەڵ قەرەداغی دا) کە دەزگای سەردەم بۆی چاپکردووە.
  • چەندین بابەتی نووسراوی لەسەر مۆسیقا و ئەدەبیاتی مۆسیقا لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردی و عەرەبییەکان بڵاوکردووەتەوە.
  • چەندین ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر بەشێوەیەکی جوان لەسەر توانای هونەری و کارەکانی بەباشی نووسیویانە، چی بە کوردی چی بە عەرەبی و ئینگلیزی و سویدی.
  • خاوەنی ستۆدیۆیەکی تایبەت بەخۆیەتی لە ماڵەکەیدا کە سەدان بەرهەمی هونەری بۆ هونەرمەندانی سلێمانی و دەرەوەی سلێمانی تێدا تۆمارکردووە، کە یان ئاوازی بۆ داناون یان ئامادەکردن و دابەشکردنی بۆ کارەکانیان کردووە.
  • زیاتر لە چواردە کۆراڵی هەیە کە لەڕێگەی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی و گروپی کیژانی سلێمانی ئەنجامیداون.
  • دواکۆراڵ کە ئەنجامیداوە (لاس و خەزاڵ. هەڵسانەوەی هەڵەبجە. ئەنفال. هەواری هەڵەبجە).
  • زۆربەی زۆری سروودە نیشتمانییەکانی بەشێوەیەکی جوان لەسەر (CD)  تۆمارکردووەتەو.
  • بڵاوکراوەی زۆری لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا لەسەر مۆسیقای کوردی هەیە.
  • پێنج تابلۆی هەڵپەڕکێی هەیە کە هەندێکیان لە تەلەڤزیۆنەکانی کوردستان بەردەوام لێدەدرێن.
  • دامەزرێنەری (ئۆرکسترای سلێمانیە)ـەو بەڕێوەبەری تیپەکە بووە کە لە ساڵی 2002 دامەزراوە تا ساڵی 2011.
  • دامەزرێنەری (گروپی کیژانی سلێمانی)ـییە کە لە ساڵی 2003 و سەرپەرشتیاری گروپەکەیە.
  • ئەنوەر قەرەداغی توانیویەتی ڕۆڵێکی باش ببینێت لە گواستنەوەی مۆسیقا لەسەر شەقام و ماڵان بۆ سەر شانۆ و ستۆدیۆکان.
  • یەکەم کەس بووە کە بیرۆکەی دامەزراندنی ستۆدیۆی لە شاری سلێمانی لەڕێی چالاکیەکانی قوتابخانەکان و تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای زانکۆوە ئەنجامدا.
  • دەیان جار بەرانبەر خزمەت و چالاکی لە بواری هونەری کوردیدا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان خەڵاتکراوە .
  • ئەندامی گۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بووە دوای ئازادکردنی عێراق.
  • ڕاوێژکاری هونەری بووە لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ و سکرتێری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ و دواتر بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای رێکخراوی هونەرمەندانی کوردستان.



سەرچاوەکان



846 بینین