یۆستاین گاردەر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-04-30-11:54:00 - کۆدی بابەت: 8442
یۆستاین گاردەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یۆستاین گاردەر (بە ئینگلیزی: Jostein Gaarder) نووسەر، مامۆستا و ڕووناکبیری نەرویجی، خاوەنی چەند ڕۆمانێک، کورتە چیرۆک و کتێبی منداڵانە. پەرتووکی جیهانی سۆفیا (Sophie's World) یەکێکە لە پڕفرۆشترین پەرتووکەکانی لە زیاتر لە ٤٠ وڵات و بۆ ٥٣ زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە. گاردەر زۆرجار لە ڕوانگەی منداڵانەوە نووسیویەتی، بە نێو پرسیار و سەرسامییەکانیاندا گەڕاوە سەبارەت بە جیهان، لە ڕێگەی پەرتووکەکانییەوە مێژووی فەلسەفە و ئایینی شی کردووەتەوە بۆ خوێنەرە گەنجەکان،

ژیاننامە

یۆستاین گاردەر نووسەر و ڕووناکبیری نەرویجی لە ڕێکەوتی ٨ی ئابی ساڵی ١٩٥٢ لە ئۆسلۆ لە خێزانێکی خوێندەوار لەدایکبووە. ئاستی خوێندەواری و ڕووناکبیریەتی خێزانەکەی کاریگەرییەکی مەزنی هەبووە بەسەر گەشەسەندنی حەزە قووڵەکەی گاردەر بۆ خوێندنەوە، نووسین و فێرکردن. باوکی بەڕێوبەری قوتابخانە بووە و دایکیشی مامۆستا و نووسەری پەرتووکی منداڵان بووە. لە قوتابخانەی ئامادەیی کاتیدراڵی ئۆسلۆ خوێندوویەتی، هەروەها زمانی ئەسکەندەناڤی و ئایینزانیشی لە زانکۆی ئۆسلۆ خوێندووە.

ژیانی تایبەت

پیشەی ئەدەبی گاردەر لە ساڵی ١٩٧٤ دەستی پێکرد دوای هاوسەرگیری کردنی. یەکەمین کارەکانی کە بڵاویکردوونەتەوە پێکهاتوون لە چەند پەرتووکێکی فێرکاری سەبارەت بە فەلسەفە و ئایینزانی. لە ساڵی ١٩٨١ کاتێک ماڵی گواستەوە بۆ شاری بێرگن لەوێ بۆماوەی چەند ساڵێک وانەی فەلسەفەی دەوتەوە بە قۆناغی ئامادەیی. لە ساڵی ١٩٨٦ گاردەر یەکەمین چیرۆکی خەیاڵی لە نووسینی خۆی بڵاوکردەوە بە ناوی دەستنیشانکردن و چیرۆکەکانی تر (Diagnosis and other stories)، دوابەدوای ئەوەش دوو چیرۆکی بۆ منداڵان بڵاوکردەوە لە ژێر ناوەکانی منداڵانی سوکهەڤاتی ١٩٨٧ (The children from sukhavatai) و کۆشکی بۆق ١٩٨٨ (The frog castle)، لە هەردوو پەرتووکەکەدا گاردەر جیهانێکی خەیاڵی دروستکردووە بەرامبەر جیهانی ڕاستەقینە، دەرفەتێکی بەخشیوە بە کەسایەتییە سەرەکییەکە بتوانێت بگەڕێت و پرسیار بکات سەبارەت بە بیرۆکە و بەهاکان.
لە ساڵی ١٩٩٠ بوو بە براوەی خەڵاتی ڕەخنەگرانی ئەدەبیاتی نەرویجی و خەڵاتی ئەدەبی وەزارەتی کولتوور و کاروباری زانستی بۆ پەرتووکی نهێنی یاری کاغەز (The solitaire mystery)، ڕۆمانەکە باسی کوڕێک دەکات بە ناوی هـانز تۆمس لەگەڵ باوکیدا بەدوای دایکی کوڕەکەدا دەگەڕێن کە بۆ ماوەی هەشت ساڵە ون بووە لێیان، گاردەر هەستی کرد کە هانز تۆمسی گەنج پێویستی بە تێگەیشتنێکی زیاترهەیە بۆ فەلسەفە، بەم شێوەیە بیرۆکەی نووسینی مێژووی فەلسەفەی بۆ هات لە پەرتووکی جیهانی سۆفیا.
ڕۆمانی جیهانی سۆفیا (Sophie's World) بەناوبانگترین کاری گاردەرە کە لە ساڵی ١٩٩١ بڵاوبووەتەوە. ئەم پەرتووکەی سەرکەوتنێکی گەورە بوو و ڕاستەوخۆ چووە تۆماری پڕفرۆشترینەکانەوە، بۆماوەی سێ ساڵ پڕفرۆشترین پەرتووک بوو لە نەرویج و بە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، بە شێوەیەک لە ساڵی ١٩٩٥ توانی ببێت بە پڕفرۆشترین پەرتووک لە جیهاندا. چیرۆکەکەی باسی کچێک دەکات بە ناوی سـۆفـیا، ڕۆژێک نامەیەکی نەناسراوی بەدەست دەگات دوو پرسیاری تێدایە: "تۆ کێیت؟" و "جیهان چۆن دروستبووە؟". ئەمە ڕابەری کەسایەتییە سەرەکییەکە و خوێنەر دەکات گەشتێک بکات بەناو مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە سەردەمی پێش سوکراتەوە تا دەگاتە لای هیگڵ، کیرکەگارد و ژان پۆڵ سارتەر.

کارەکانی

گرنگرین کار و پەرتووکە بڵاوکراوەکانی بریتین لە:

  • جیهانی سۆفیا ١٩٩١ (Sophie's World)
  • نهێنی کریسمس ١٩٩٢ (The christmas mystery)
  • پەرتووکخانە جادووییەکەی بیبی بۆکین ١٩٩٣ (Bibbi Bokken’s magic library)
  • لە ئاوێنەیەکدا، لە نهێنییەکدا (١٩٩٣) (Through a Glass, Darkly)
  • سڵاو، کەس لەوێیە؟ ١٩٩٦ (Hello? Is Anybody There)
  • ژیان کورتە: نامەیەک بۆ قەشە ئۆگەستین ١٩٩٨ (Vita Brevis: A Letter to St Augustine)
  • مایا ١٩٩٩ (Maya)
  • .کچی بەڕێوبەری سێرک ٢٠٠١ (The Ringmaster’s Daughter)
  • کچەی پرتەقاڵ ٢٠٠٥ (The Orange Girl)
  • کش مات ٢٠٠٦ (Checkmate)
  • کورتەباڵا زەردەکان ٢٠٠٦ (The Yellow Dwarves)
  • قەڵاکەی پیرەنیس ٢٠٠٨ (The Castle in the Pyrenees)
  • جیهانی ئانا ٢٠١٣ (The world according to anna)

خەڵات

گاردەر بەهۆی هەوڵە ماندوونەناسەکانی لە بواری ئەدەبیاتدا بووەتە براوەی چەند خەڵاتێکی ناسراو، لەوانە:

  • خەڵاتی ڕەخنەگرانی ئەدەبیاتی نەرویجی ١٩٩٠
  • خەڵاتی پەرتووکفرۆشانی نەرویجی ١٩٩٣
  • خەڵاتی ئەدەبیاتی گەنجی ئەڵمانی ١٩٩٤
  • .خەڵاتی ویڵی بڕانت ٢٠٠٤

لە پاڵ نووسینیشدا بەشدار بووە لە چالاکییەکانی سەبارەت بە مافی مرۆڤ و گەشەسەندنی بەردەوام، هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ١٩٩٧ هاوسەرەکەی و گاردەر خەڵاتێکیان دامەزراند بە ناوی خەڵاتی سۆفیا بە ناوی پەرتووکەکەی (جیهانی سۆفیا). خەڵاتێکی ساڵانەیە بۆ گەشەسەندن و ژینگەی نێودەوڵەتی. گاردەر لە چەندین ڕووداویشدا وەکو نوسەر و ڕووناکبیرێک دەنگی هەڵبڕیوە بۆ نموونە لە دژی داگیرکاری و مامەڵە نابەجێکانی ئیسرائیل بەرامبەر بە فەلەستین.

ژیانی ئێستا

گاردەر لە دوای پەرتووکی جیهانی سۆفیا بە تەواوی ژیانی خۆی بۆ نووسین تەرخان کرد و کردی بە پیشەی هەمیشەیی. گاردەر هەر ساڵ نا ساڵێک بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی پەرتووکە نایابەکانی. لە ئێستادا لەگەڵ هاوسەرەکەی و دوو کوڕەکەیدا لە ئۆسلۆ دەژین.


سەرچاوەکان



411 بینین