جەلیل زەنگەنە

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-09-23:20:00 - کۆدی بابەت: 8589
جەلیل زەنگەنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

جەلیل سەعید حەمید ناسراو بە جەلیل زەنگەنە، (بە ئینگلیزی: Jalil Zangana) هونەرمەند، نووسەر، ئەکتەر، وەرگێڕ و دەرهێنەرێکی دیاری کوردە، لە ساڵی ١٩٤٧ لە گەڕەکی شاترلوی شاری کەرکووک لەدایکبووە، لە ناوڕاستی ساڵی ٦۰ـەکانەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە. 


چوونە ناو سیاسەت 

ژینگە جیاوازەکەی شاری کەرکووک لە ڕووی کولتووری و سیاسییەوە وا دەکات زووتر چاوی بە ڕووی هونەر و سیاسەتدا بکرێتەوە، لە تەمەنی هەشت ساڵاندا مامێکی بە ناوی محیەدین زەنگەنە دەستگیر دەکرێت کاتێک پرسیار لە هۆکاری دەستگیر کردنەکەی دەکات پێی دەڵێن: مامت لەسەر ڕۆمانی (دایک)ـی مەکسیم گۆرگی دەستگیر کراوە، ئەم ڕووداوە دەبێتە گرێییەک بۆی پاش ماوەیەک لەو ڕووداوە خاڵێکیشی دەستگیر دەکرێت بە تاوانی ئەوەی لە وەڵامی پرسیاری مامۆستای قوتابخانەکەیدا کە پرسیویەتی دەتەوێت لە داهاتوودا ببیت بە چی؟ خاڵی جەلیل زەنگەنەش وتویەتی: دەمەوێت ببم بە کرێکار، بەڵام دواتر بۆی ڕووندەکەنەوە کە هەم ڕۆمانی دایک هەم وشەی کرێکار دوو دروشمی دیاری شیوعیەتن و لە بنەڕەتدا لەسەر شیوعیبوون گیراون، ئەم دوو ڕووداوە لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەری دەکەنە سەر جەلیل زەنگەنە لە ساڵ ١٩٦٢ـدا پەیوەندی بە حیزبی شیوعییەوە دەکات و دەبێتە ئەندامی حیزبەکە و دژی چەوساندنەوەی چینی هەژار دەست بە خەباتی سیاسی دەکات.


سەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەری 

لە تەمەنی ۱۰ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەیدا گەشتێک بۆ شاری سلێمانی دەکەن لەوێ بینەری شانۆیەک دەبن کە تەها خەلیل ڕۆڵی تێدا گێڕاوە و بەم شانۆیە سەرسام بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لای خێزانەکەیدا خۆی دەگۆڕێت و وەک تەها خەلیل ڕۆڵدەگێڕێت لەو کاتەوە توانای ڕۆڵگێڕانی تێدا دەبینرێت و هانی دەدرێت ببێت بە شانۆکار، هەندێک هۆکاری لەم چەشنە کاریگەری دەکەنە سەر جەلیل زەنگەنە و وادەکەن بەو تەمەنە کەمەوە دەست بداتە نووسین و بیر لە بەرهەمهێنان بکاتەوە، چەند جارێک نووسینەکانی بۆ ڕادیۆی تاران دەنێرێت و لە کۆتاییدا ناوی جەلیل زەنگەنە دەهێنرێت، پاشان دەبێتە هۆی پرسیاری خەڵک کە بۆچی ناوی باوک و باپیری لێکراوەتەوە ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: ناوەکەم هەمووی عەرەبییە خەڵک بەو جۆرە نازانن کوردم، لەو کاتەوە بە جەلیل زەنگەنە ناوبانگی دەرکردووە. ساڵانی حەفتاکاندا تا ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن. بەهۆی کارە هونەری و چالاکییە سیاسیەکانەوە نەهامەتی زۆری بینیووە.


گرینگترین کارە هونەرییەکانی 

لە ساڵی ١٩٦٩ شانۆگەری برسێتی دەنوسێت، لە ساڵی ١٩٧١ وەک ئەکتەر و وەرگێڕ بەژداری لە شانۆگەری کچە لاڵەکە دەکات، هەروەها لە ساڵی ١٩٧٢ لە شانۆگەری بەهاری دزراو و کاوەی ئاسنگەر وەک ئەکتەر بەژداری دەکات، جەلیل زەنگەنە یەکەم بەرهەمی خۆی وەک دەرهێنەر بە ناوی مەرەزە لە ساڵی ١٩٧٣ ـدا بەرهەمدەهێنێت، پاشان لە ساڵی ١٩٧٤ هەردوو شانۆیی خێزانی شڵەژاو و ڕەوڕەوەی مێژوو ئامادە دەکات و کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، لە ساڵی ١٩٨١ زنجیرە درامای ڕادیۆیی هاوارێکی تاساو بەرهەم دەهێنێت. لە ساڵی ١٩٨٢ لە شانۆگەری شیرین و فەرهاد وەک ئەکتەر و دەرهێنەر بەژداری دەکات، لە ساڵی ١٩٨٥ زنجیرە درامای ژاڵە دەنوسێت کە هونەرمەند ناسر حەسەن کاری دەرهێنانی بۆ دەکات، لە ساڵی ١٩٩٠ شانۆگەری سروودی خۆشنوودی پێشکەش کردووە کە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی خۆیەتی، پاش چەند ساڵێک لە ساڵی ١٩٩٨ فیلمی خولە پیزەی بەرهەمهێناوە لە ئامادەکردن و دەرهێنانی خۆیەتی، پاشان لە ساڵی ٢٠٠١ فیلمی مامە ڕیشەی بەرهەمهێناوە وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاری تێدا کردووە، یەکێک لە گرنگترین و دیارترین کارەکانی کاری سیناریۆ و دەرهێنانە بۆ زنجیرە درامای گەردەلوول کە لە سێ بەش پێکهاتووە و لە کەناڵی کوردسات پەخشکراوە بەشی چوارەم و پێنجەمیشی لە نووسیندایە، هەروەها دوو بەرهەمی تری بە ناوی ساتێک بۆ خۆشەویستی و کێ سالە شێتی کوشت ئامادەی تۆمارکردنن. بە شێوەیەکی گشتی بەرهەمەکانی جەلیل زەنگەنە کوردانەن و باس لە دۆخی کورد و هەژاری دەکەن و هەوڵدان بۆ پاراستی کولتووری کوردی لە بەرهەمەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. 


دیارترین بەرهەمەکانی 

  • مەرەزە
  • ژیان
  • ژاڵە
  • کەژاوەی مەرگ
  • خولە پیزە
  • مامە ڕیشە
  • گەردەلوول


سەرچاوەکان



657 بینین