کەی پێویستە بێدەنگ ببین؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-11-22:45:00 - کۆدی بابەت: 8609
کەی پێویستە بێدەنگ ببین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک جار ئەوەندە تووڕە دەبین کە بەڕێوەبردنی هەڵسوکەوتمان لە کۆنتڕۆل دەردەچێت و بە ناهۆشیارانە دەستی بەسەردا دەگری، لەبری ئەوەی بێدەنگ بین ئەو شتانە دەڵێین کە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکوو قورستری دەکەین.

کەی و لەکوێ بێدەنگ ببین؟ 

کاتی بیرکردنەوە

لەکاتی دەمەقاڵەکردن لەگەڵ کەسێکی تر بێدەنگی یارمەتیت دەدات باشتر گوێت لە قسەکانی کەسی بەرانبەر بێت، دەرفەتی ئەوەت پێ دەدات تا بیر لەو قسە و کاردانەوانە بکەیتەوە کە دەتەوێت بەرانبەر کەسەکە دەری ببڕیت، باشتر وایە پێنج چرکە بێدەنگ بمێنیتەوە پێش ئەوەی هیچ قسەیەک بکەیت، تاکوو بتوانیت لایەنەکانی قسەکەی خۆت بە باشی هەڵبسەنگێنیت.
لە هەندێک حاڵەتدا نیشاندانی هاوسۆزی باشترە لە دانپێدانانی قسەکانی کەسێکی تر، نیشاندانی هاوسۆزی لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕێگە لە هەر ململانێیەکی شاراوە دەگرێت.

کاتێک دەتەوێت هەڵەی کەسێک ڕاست بکەیتەوە

تەنانەت ئەگەر تۆ هەوڵ بدەیت یارمەتی کەسێک بدەیت کە کارێکی هەڵەی کردووە، باشترە بێدەنگ بمێنیتەوە، بە تایبەتی ئەگەر بەباشی کەسەکە نەناسیت، وازهێنان لە هەندێک خووی هەڵە لای زۆر کەس کارێکی قورسە و ئەگەر بیریان بهێنینەوە دەبێتەهۆی تووڕەیی و بێتاقەتکردنیان.

کاتی تووڕەیی

زۆر تووڕەبوونی خۆت لە حاڵەتی فشاردا نەک هەر یارمەتی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر نادات بەڵکو کێشە و تێنەگەیشتنی زیاتر دروست دەکات، لەم جۆرە دۆخانەدا کە قسەکردن تەنیا شتەکان خراپتر دەکات باشترە بێدەنگ بمێنیتەوە، هەروەها لە هەندێک حاڵەتدا کە گفتوگۆ لەگەڵ کەسەکەدا هیچ سوودێکی نییە و لە کۆتاییدا ئەوەی دەتەوێت بەدەست ناهێنیت باشترە وزەت بەفیڕۆ نەدەیت و  لە گفتوگۆی بێ هۆکار دوور بیت.

کاتی ناپێویست

یەکەم یاسای قسەکردن بە دروستی ئەوەیە کە بێ هۆ قسە نەکەیت و ئەگەر وشەکانت یارمەتی ئەوانەی دەوروبەرت نادات، واز لە وتنیان بهێنیت، بەگشتی لە قوتابخانە یان شوێنی کاردا تووشی ئەم جۆرە شێوازی قسەکردنە دەبیت.
بۆ نموونە کاتێک وانەیەک یان دانیشتنێکی کار کۆتایی دێت پێشکەشکردنی پرسیارێکی ناوەخت لەوانەیە ببێتە هۆی درێژەکێشانی بێسەروبەرەی ئەو کۆبوونەوەیە.

کاتی باسکردنی نهێنی کەسانێکی تر

زانینی نهێنییەکانی هاوڕێکانت تۆیان لێ نزیک دەکاتەوە، بەڵام قسەکردن لەسەر نهێنییەکانی کەسانی تر شتێکی ناخۆشە کە دەتوانێت ببێتە هۆی دەنگۆی بێ بنەما لەسەریان، کەس نهێنی ژیانی کەسانی تر نازانێت، بۆیە ناتوانیت بە ئاسانی بڕیار لەسەر ئەوانی تر بدەیت.

کاتێک کەسی بەرانبەر پشتگوێت دەخات

هەندێک کەس لەدۆخی ناڕەحەتی و بێزاریدا قاڵبێکی بێدەنگی بەکاردەهێنن واتە باس لەکێشەکانیان ناکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان نادەن، لەم دۆخەدا باشتر وایە سەرەتا قسە لەگەڵ ئەو کەسەدا بکەیت ئەگەر  هەوڵێکی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دروست نەبوو ئەو کەسە لە سەرنجی خۆت بێبەش بکە و بێدەنگ بە.

کاتێک وشەکانت هەستەکانی کەسێکی تر لەناودەبات

دوورکەوتنەوە لە وتنی شتانێک کە هەستی کەسانی تر بریندار دەکات گرنگە، هەموومان تایبەتمەندی نەرێنیمان هەیە بۆیە نابێت گلەیی لە تایبەتمەندییە نەرێنییەکانی ئەوانی تر بکەین، باشترە کاتێک شتێکی باشمان نییە بۆ وتن بێدەنگ بین و پێش وتنی هەر شتێک بیر لە دەرئەنجامەکانی بکەینەوە.

ئەنجامە ئەرێنیەکانی بێدەنگبوون چییە؟

  •  بێدەنگی تەرکیز و داهێنان زیاد دەکات
  • بێدەنگی نیگەرانی کەم دەکاتەوە
  • کاتێک بێدەنگ دەبیت، مێشک بێ کارە و بە پاڵنەرە دەرەکییەکان ناورووژێت  
  • بێدەنگی، هۆکاری هەڵەی کەمتر و داوای لێبوردنی کەمترە


سەرچاوەکان



550 بینین