زڕگۆنیۆم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-16-18:33:00 - کۆدی بابەت: 8670
زڕگۆنیۆم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زڕگۆنیۆم (بە ئینگلیزی: Zirconium) توخمێکی کیمیاییە و هێماکەی بریتییە لە Zr، گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە 40. بارستە ژمارەکەی دەکاتە 91.22. لە زمانی کوردیدا زیاتر بە زڕگۆن ناسراوە نەک زڕگۆنیۆم، بەڵام زڕگۆنیۆم ناوی توخمەکەیە و نابێت لەگەڵ ناوی خاوەکەیدا کە زڕگۆنە تێکەڵ بکرێت. ناوی زڕگۆنیۆم لە ناوی خاوی زڕگۆنەوە هاتووە، کە لە زمانی فارسیدا بە واتای (لە زێڕچوو یان وەک زێڕ) دێت. زڕگۆنیۆم دەرکەوتەیەکی بریقەداری خۆڵەمێشیی زیوی هەیە. کانزایەکی گۆڕاوی بەهێزە کە زیاتر لە توخمی هافنیۆم دەچێت.

مێژوو

خاوی زڕگۆن و چەند خاوێکی تر کە لە توخمی زڕگۆنیۆم پێکهاتوون لە نووسینە بابلییەکاندا ئاماژەیان پێدراوە، ئەم خاوانە تاکوو ساڵی 1789 نەزانرابوو کە لە زڕگۆنیۆم پێکهاتوون، تاکوو لە ئەو ساڵەدا کیمیاگەرێکی ئەڵمانی بە ناوی (مارتن هێنریچ کلاپرۆت) خاوێکی بە ناوی جارگوون شیکردەوە و توخمێکی نوێی دۆزییەوە و ناوی نا (زڕگۆنیا). لە ساڵی 1808 زانای بەریتانی (هامفری داڤی) هەوڵیدا لە ڕێگەی شیکردنەوەی کارەباییەوە ئەم توخمە نوێیە جیابکاتەوە، بەڵام شکستی هێنا. کانزای زڕگۆنیۆم لە ساڵی 1824 لەلایەن کیمیاگەری سویدی بە ناوی (بەرزیلیوس) بە گەرمکردمی تێکەڵەی پۆتاسیۆم و فلۆریدی پۆتاسیۆمی زڕگۆنیۆم لە تیوبی ئاسندا بۆ یەکەم جار بەشێوەی ناخاوێن جیاکرایەوە.
یەکەمین پڕۆسەی پیشەسازی بەرهەمهێنانی بازرگانی کانزای زڕگۆنیۆم لە ساڵی 1925 لەلایەن (ئەنتۆن ئێدوارد و جان هێندریک) دۆزرایەوە، ئەم پڕۆسەیە بە قاڵبی کریستاڵ یان پڕۆسەی ئایۆداید ناسراوە، لەم پڕۆسەیەدا چوارەیۆدیدی زڕگۆنیۆم (ZrI4) بەرهەم دەهێنرێت و دواتر بەگەرمی شیکردنەوەی بۆ دەکرێت. پاشان لە ساڵی 1945 بە پڕۆسەی کڕۆڵ دۆزرایەوە لەلایەن (ویلیام جەستن کرۆڵ) کە تێچووی کەمتری تێدەچوو، لە ئەم پڕۆسەیەدا چوارەکلۆریدی زڕگۆنیۆم (ZrCl4) بە بەکارھێنانی مەگنیسیۆم کارلێکی کەم کردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرا، لە ئەنجامدا پڕۆسەی کرۆڵ جێگای پڕۆسەی قاڵبی کریستاڵی گرتەوە، بە ئەم کارلێکی کەمکردنەوەیەی خوارەوە زڕگۆنیۆم بەرهەم دەهێنرێت:

ZrCl4 + 2Mg → Zr + 2MgCl2

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە 40
کۆمەڵە  کۆمەڵەی 4
خول خولی 5
خشتۆک  d-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Kr] 4d2 5s2

فیزیایی

ڕەنگ خۆڵەمێشیی زیوی
دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) ڕەق
پلەی شلبوونەوە 1852 پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان 4377 پلەی سیلیزی
چڕی 6.52 g/cm3
گەرمیی شلبوونەوە 14 kJ/mol
گەرمیی هەڵماندن 591 kJ/mol

زڕگۆنیۆم کانزایەکی زۆر بەهێز و شکۆک و کوتۆکە، بریقەیەکی کانزایی خۆڵەمێشیی زیویی هەیە. بەرگرییەکی بەهێزی هەیە دژی گەرمی و ژەنگ، لە ستیل ڕوونتر و بریقەدارترە و توندییەکەی وەک مس وایە. ئەم کانزایە کاتێک ورد دەکرێت و دەکرێت بە تۆز، لەخۆوە لە هەوادا بەتایبەت لە پلە گەرمییە بەرزەکاندا گڕ دەگرێت، تۆزی (پاودەر) زڕگۆنیۆم ڕەنگی ڕەشە و مەترسی ئاگر گرتنی زۆرە. 

کیمیایی

زڕگۆنیۆم بە بڕێکی دیارینەکراو توانای مژینی ئۆکسجین و نایترۆجین و هایدرۆجینی هەیە. لە نزیکی 800 پلەی سیلیزیدا بەشێوەیەکی کیمیایی لەگەڵ ئۆکسجیندا یەک دەگرێت و دووانە ئۆکسیدی زڕگۆنیۆم (ZrO2) بەرهەم دەهێنێت. ئەم حەزە زۆرەی زڕگۆنیۆم بۆ ئۆکسجین و گازەکانی تر هۆکارە بۆ ئەوەی بەکاربێت بۆ لابردنی گازە نەخوازراوەکان لە تیوبی ئەلیکترۆن. بە باشترین شێوە لە ترشی هایدرۆفلۆریکدا دەتوێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی لە پلەی گەرمی ئاساییدا ناچالاکە (توانای کارلێککردنی نییە)، بەڵام لە پلەی گەرمی بەرزدا و لەگەڵ هەندێک ناکانزادا کەمێک چالاکە.

هاوتاکان

زڕگۆنی سروشتی پێنج هاوتای هەیە، کە بریتیین لە: 90Zr, 91Zr, 92Zr و 94Zr کە ئەمانە جێگیرن، 96Zr کەمتر باوە و تەنها 2.80% زڕگۆنیۆم لە جۆری ئەم هاوتایەیە. نزیکەی 28 هاوتای دەستکردنی زڕگۆنیۆم بەرهەم هێنراوە، کە بارستەکەیان دەکەوێت نێوان 78 بۆ 110.

هاوتا واتە ئەندامی خێزانی یەک توخم کە هەمان ژمارەی پڕۆتۆنیان هەیە، بەڵام ژمارەی نیوترۆنەکانیان جیاوازە، ژمارەی پرۆتۆن دیاریکەری توخمە و بۆ هەر توخمێک نەگۆڕە، بەڵام ژمارەی نیوترۆن دەکرێت لە جۆرەکانی هەمان توخمدا جیاواز بێت.

بوونی لە سروشتدا

زڕگۆنیۆم بە خەستی نزیکەی 130 mg/kg لە توێکڵی زەویدا بوونی هەیە، هەروەها بە نزیکەی 0.026 μg/L لە ئاوی دەریادا بوونی هەیە. ئەم توخمە بە شێوەیەکی سەربەست و جێگیر لە سروشدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵکوو لە خاوی زڕگۆندا (ZrSiO4) دۆزراوەتەوە، ئەم خاوە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بازرگانی زڕگۆنیۆمە. زڕگۆن بەشێوەیەکی سەرەکی لە ئوستڕالیا، بەڕازیل، هیندستان، ڕووسیا، ئەفریقای باشوور و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بوونی هەیە. لە ساڵی 2013 زایینیدا نزیکەی 75% زڕگۆن لە ئوستڕاڵیا و باشووری ئەفریقا دۆزراوەتەوە.

بەکارهێنان

  • لەبەر ئەوەی زڕگۆنیۆم نیوترۆنەکان نامژێت، کانزایەکی نایابە بۆ بەکارهێنانی لە وێستگەی وزەی ناوەکی، زیاتر لە 90% لە ئەم بوارەدا بەکاردێت.
  • کانزای زڕگۆنیۆم بە چینێکی تەنکی ئۆکسید دادەپۆشرێت تاکوو بەرگری هەبێت لە دژی ژەنگکردن بەهۆی ترشەکان و تفتەکان و ئاوی دەریاوە. لەبەر ئەم هۆیە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە پیشەسازی کیمیاییدا بەکاردێت.
  • دووەم ئۆکسیدی زڕگۆنیۆم لە سیرامیکی زۆر بەهێزدا بەکاردێت، هەروەها لە دروستکردنی ئەو کەلوپەل و ئامێرانەی پێوسیتیان بە بەرگەگرتنی بڕێکی زۆر بەرزی پلەی گەرمی و شۆکی گەرمی هەیە بەکاردێت. ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانرێت چەقۆ و مقەستی لێ دروست بکرێت.
  • دووەم ئۆکسیدی زڕگۆنیۆم لە دروستکردنی ئارایشت و پێچانەوەی خواردن و پاڵفتەکەری مایکرۆوەیڤدا بەکاردێت.
  • زڕگۆن گەوهەرێکی نیمچە گرانبەهای سروشتییە کە بە چەندین ڕەنگی جیاواز دۆزراوەتەوە، ئەو جۆرەی کە ڕەنگێکی ئاڵتوونی هەیە زۆرترین خواستی لەسەرە، بۆ یەکەمجار توخمی زڕگۆنیۆم لەشێوەی ئەم خاوە زڕگۆنەدا دۆزرایەوە.
  • زڕگۆنیای شەشپاڵوویی (ئۆکسیدی زڕگۆنیۆم) گەوهەرێکی دەستکردە، ڕەقە و بێ‌ڕەنگە، بەڵام دەتوانرێت بە چەندین ڕەنگی جیاواز دروست بکرێت.
  • زڕگۆن لەگەڵ ڤەنادیۆمدا تێکەڵدەکرێت بۆ دروستکردنی بۆیەی شین و زەرد بۆ مەبەستی ڕەنگکردنی کەرەستەی گڵین.


سەرچاوەکان



583 بینین