چۆنیەتی خۆشەویستکردنی وانەخوێندن لای منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-18-20:55:00 - کۆدی بابەت: 8695
چۆنیەتی خۆشەویستکردنی وانەخوێندن لای منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

زۆربەی منداڵان لە هەندێک بواردا فێربوونی باشیان هەیە بەڵام هاندانی منداڵان بۆ خوێندن لەلایەن دایک و باوکەوە دەتوانێت یارمەتیان بدات بە گشتی ببنە فێرخوازی باشتر.

ئەو کردارانەی حەزی منداڵ بۆ خوێندن کەم دەکەنەوە

  1. ناچارکردنی بە خوێندن: ئەگەر دایک و باوک بە تووڕەیی، هەڕەشە و ڕووی ناخۆشەوە منداڵەکە ناچار بکەن بخوێنێت، بە توندی داوای لێبکەن بچێتە قوتابخانە یان ئەرکی ماڵەوەی ئەنجام بدات، بەم شێوەیە پاڵنەرەکانی منداڵەکە لاواز دەبن، هەر وەکوو چۆن ڕقی لە تووڕەیی و هەڕەشە دەبێتەوە بۆ وانەکانیش وا دەبێت.
  2. ڕەخنە و سەرزەنشت: منداڵەکە گرنگی بە خوێندن نادات، بەڵام دایک و باوکی بەردەوام سەرزەنشتی دەکەن بۆ ئەم کارە، بۆ نموونە پێی دەڵێن کە لە داهاتوودا ناگات بە هیچ نابێت بە هیچ، ئەم ڕەفتارانە نەک هەر پاڵنەر نییە و یارمەتی نادات، بەڵکو تامەزرۆیی و ئارەزووی خوێندنی ناهێڵێت.
  3. کێشەی خێزان: ئەگەر دایک و باوک لەنێوان خۆیاندا کێشەیەکیان هەبێت و لە ئامادەبوونی منداڵەکەدا دەمەقاڵە بکەن، ئەوا پاڵنەرەکانی منداڵەکە تێکدەچن.
  4. سزا: سزادانی منداڵ لەبەر قوتابخانە یان ئەرکی ماڵەوە کاریگەری تێکدەرانەی لەسەر پاڵنەرەکانی هەیە، بە تایبەت ئەگەر سزاکە جەستەیی بێت.

ڕێگاکانی خۆشەویستکردنی وانەخوێندن لای منداڵ

  • هاندان: هاندانی منداڵ بۆ وانەخوێندن دەبێتە هۆی پێشکەوتنی.
  • لەگەڵ منداڵەکەت دابنیشە بۆ خوێندن: باشترین شت کە دەتوانیت وەک دایک و باوکێک بۆ منداڵەکەتی بکەیت ئەوەیە کە لەگەڵی بیت کاتێک دەخوێنێت، لەم کاتەدا لە کارکردن لەسەر مۆبایل یان لاپتۆپ دوور بکەوەرەوە، هەرچەندە نمرەی باش گرنگە، بەڵام ئەگەر بۆت دەرکەوت کە منداڵەکەت هەموو سەرنجی لای ئەوەیە کە نمرەکەی باشترین بێت، سەرنجی بۆلای گرنگی فێربوون بگەڕێنەوە لەبارەی چالاکییەکانی و ئەوەی لە پۆلدا فێری بووە پرسیاری لێ بکە.
  • لەگەڵی میهرەبان بە: زۆر لە منداڵەکەت مەکە بۆ ئەوەی نمرەی بەرز بەدەست بهێنێت، میهرەبان بە و هەوڵبدە شتەکان لە ڕوانگەی ئەوەوە ببینیت.
  • قسەی لەگەڵ بکە: باسی ئەو کارانە بکەن کە منداڵەکەت لە پۆلدا کردوویەتی پرسیارکردن لێی وای لێ دەکات زیاتر ئاگای لە پۆل بێت پرسیاری ئەو بابەت و مامۆستا و کارانەی لێ بکە کە زۆر حەزی لێیەتی.
  • پلان دابنێن بۆ خوێندن: هەموو ئەو شتانەی کە بەپێی پلان و ڕێکارێکی دیاریکراو ئەنجام دەدرێن ئەنجامێکی ئەرێنییان دەبێت، ئەمەش بۆ خوێندن ڕاستە، بۆ ئەوەی منداڵ ئارەزووی لە خوێندن بێت پلانێکی بۆ دابنێ و پێوەی پابەند بن.
  • هاوڕێیەکی بۆ پەیدا بکە: منداڵەکەت و هاوڕێکەی هان بدە تاکوو یارمەتی یەکتر بدەن لەو وانانەی کە یەکێکیان تێیدا بەهێزترە، ڕەنگە یەکێکیان لە وانەی بیرکاری و ئەوی تریان لە کوردیدا باشتر بێت، بوونی هاوڕێیەک لە کاتی خوێندن ڕێگایەکی باشە بۆ ڕاهێنانی منداڵ لەسەر هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆی و کەسانی تر.
  • ژینگەی گونجاو بۆ خوێندن: پێویستە ئاگادار بیت کە هەر شتێک کە سەرنجی منداڵ پەرت دەکات، وەکوو دەنگی تەلەڤزیۆن یان دەنگە دەنگی خوشک و براکانی لە دەوروبەری نەبێت، منداڵ سەرنجی کەمە و ئەگەری هەیە بە بچووکترین دەنگ سەرنجی لەدەست بدات.
  • لەگەڵ مامۆستاکەی قسە بکە: ئەگەر بۆت دەرکەوت کە منداڵەکەت لە وانەیەکی دیاریکراودا کێشەی هەیە یان زۆر حەزی لێی نییە، دەربارەی ئەمە لەگەڵ مامۆستاکەی قسە بکە.
  • شێوازی فێربوونی منداڵەکەت بزانە: زۆر گرنگە ئەوە بزانیت کە منداڵەکەت چی جۆرە فێرخوازێکە، بیستن، بینین یان پراکتیکی، باشتر وایە هەوڵبدەیت بەرنامەکانی ڕاهێنان بەپێی ئەم تایبەتمەندییانەی منداڵەکەت هەڵبژێریت.
  • پێکەوە ئامانجەکان دابنێن: بیرۆکەیەکی زۆر باشە کە هەندێک ئامانج دابنێن، کە بە هەوڵدان بەدەست دەهێنرێن، پێکەوە ئامانجە کورتخایەن و مامناوەند و درێژخایەنەکان بۆ وانەکە دیاری بکەن تاکوو هەمیشە ورەی هەبێت و تۆش بتوانیت چاودێری پێشکەوتنەکانی بکەیت.
  • گوێ لە بۆچوونەکانی بگریت: گرنگە گوێ لە بۆچوونەکانی ئەو بگریت و ڕێزی لێ بگیرێت تەنانەت ئەگەر هەندێک جار هەست بکەیت کە هەڵەیە بە پێدانی مۆڵەت پێی بۆ بڕیاردان متمانە بەخۆبوونی بەهێز دەبێت.
  • یارمەتی بدە لە شکستەوە فێر ببێت: تەنانەت ئەگەر منداڵ نمرەیەکی کەمی بەدەست هێنا خۆت بەدوور بگرە لە لۆمەکردن یان بەراوردکردنی، ئەمە وا دەکات هەست بە بێ بەهابوون بکات، هاوسۆزی منداڵەکەت بکە و پێی بڵێ باشترە لە هەڵەکانییەوە فێر ببێت.
  • دوور بکەوەرەوە لە ئامۆژگاری: هەموو دایک و باوکێک باشەی منداڵەکەیان دەوێت و ئەم ئاواتە دڵسۆزانەیە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئامۆژگاری منداڵەکە بکەن کە چی ڕاستە و چی هەڵەیە، دوور بکەوەرەوە لەو کارە چونکە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی منداڵەکەت، لەبری ئەوەی فەرمان بکەیت، هەڕەشە بکەیت یان وتارێکی بۆ بدەیت، ڕێنمایییەکی تایبەت بە منداڵەکەت بدە.
  • دەستکەوتەکانی ببینە: هەموو کەسێک چێژ لە ستایش و پیا هەڵدان وەردەگرێت و منداڵیش لەوە بێبەری نییە، زۆر گرنگە ستایشی بچوکترین دەستکەوتەکانی منداڵەکەت بکەیت و دەست خۆشی لێ بکەیت، ئەمەش نەک هەر دڵخۆشی دەکات بەڵکوو پاڵنەرێکە بۆ باشتر هەوڵدانی.
  • سزادان قەدەغەیە: لەبیرت بێت سزادان یان لۆمەکردن بە توندی لەبەر ئەنجامە خراپەکانی، دەبێتە هۆی ترسی لە پرۆسەی فێربوون، کەواتە لەبری ئەوەی سزای بدەی بۆ نمرەی خراپ یان کاردانەوەی توندت هەبێت، لە هەموو لایەنێکەوە پاڵپشتی بکە، با بەبێ ترس لە کاردانەوەی ئێوە باسی نائومێدیەکانیان بکەن.


سەرچاوەکان



987 بینین