دەبڵین

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-20-18:07:00 - کۆدی بابەت: 8715
دەبڵین

ناوه‌ڕۆك

دەبڵین 

دەبڵین، دەبلین، دەبلن، دوبلن یان دوبلین (بە ئینگلیزی: Dublin، بە عەرەبی: دبلن) دووەم گەورەترین شار و پایتەختی ئێرلەندایە، دەکەوێتە کەناری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە و کەناری دەریای ئێرلەندی و ویلایەتی لانیستار. بەندەری سەرەکی، ناوەندی دارایی، هێزی بازرگانی و ناوەندی ڕۆشنبیری وڵاتەکەیە. 

جوگرافیای دەبڵین 

دەبڵین شارێکی دڵگیر و کراوە و پەسەندکراوە لای سەردانکەران و دانیشتوانی شارەکە. گەورەترین شاری ئێرلەندایە لەڕووی ژمارەی زۆری دانیشتوانەوە. دەکەوێتە سەر کەنداوێک لە کەناری ڕۆژهەڵات، ڕووباری لیفی شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە و باکوور و باشوور جیا دەکاتەوە.  دەبڵین کەشوهەوایەکی دەریایی سارد و شێدار و گونجاوی هەیە، تێکڕای پلەی گەرمی مانگی کانوونی دووەم ٨ پلەی سیلیزییە، بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگی تەمووز ٢٠ پلەی سیلیزییە، مانگی ئایار و حوزەیران زۆرترین تیشکی خۆر لە شارەکە دەدات. هەروەها بای توند لە ناوڕاستی زستاندا زۆرە، مانگە باراناوییەکان مانگەکانی کانوونی دووەم و ئابن کە تێکڕای باران بارین ٧٤ میلیمەترە، وشکترین مانگ مانگی نیسانە کە تێیدا تێکڕای باران بارین ٤٥ میلیمەترە، تێکڕای باران بارینی ساڵانە ٧٦٢ میلیمەترە. 

قەبارەی شار و چڕی دانیشتوان 

بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی دانیشتوانی ١،٢٥٥،٩٦٣ کەسە کە دەکاتە کۆی گشتی ٢٥٪ ی دانیشتوانی ئێرلەندا، بەو واتایەی چڕی ٤،٥٨٨ کەسە بۆ هەر کیلۆمەترێک چوارگۆشە، ڕووبەری شارەکە ١١٧،٨ کیلۆمەتری دووجایە. 

دیمۆگرافیای دەبڵین 

لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئێرلەندا لە ڕووی ڕەگەزییەوە هەمەجۆرتربووە بەتایبەتی شاری دەبڵین، ٢٠٪ـی لەدایکبووانی بیانیین. گروپی ڕەگەزی باو لە شارەکە ئێرلەندی سپی پێستە کۆی ٨١٪ـی دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنن، پاشان بێ نەتەوەکان کۆی ٢١٪ـی دانیشتوانی شارەکە پێکدەهێنن، گرنگترین گروپە کەمینەییەکان خەڵکی بەریتانیا، پۆڵەندا، چین، فلیپین، لیتوانیا و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ئەورووپان.

مێژووی دەبڵین 

نزیکەی ٩٠٠٠ ساڵ لەمەوپێش زۆربەی ئێرلەندا بە سەهۆڵ داپۆشرابوو، پاشان لە چاخی بەردیندا خەڵکی لە دەوروبەری کەنداوی دەبڵیندا نیشتەجێ بوون. ڤایکینگەکانی ئەسکەندەناڤیا لە سەدەی شەشەم لە دەوروبەری ساڵی ٨٤١ پەرستگایەکیان بە ناوی "دوو بلین" دروستکرد، نزیکەی سێ سەدە فەرمانڕەوایەتی دەبڵینییان کردووە، بازاڕێکی گەورەی کۆیلەیان دروستکرد و دەبڵینییان وەک یەکەم شاری ئێرلەندا دامەزراند پاشان لە ساڵی ٩٠٢ لە شارەکە دەرکران، لە ساڵی ١٠١٤ بە سەرۆکایەتی پاشا "برایان بۆرو" توانیان ڤایکینگەکان تێکبشکێنن. پاش داگیرکردنی دەبڵین لەلایەن نۆرمانەکان کە نەوەی ڤایکینگەکان بوون لە ساڵی ١١٧٠ دەبڵین بووە پایتەختی ‌لۆردی ئینگلیز لە ئێرلەندا، لە ئاکامدا شارەکە لەلایەن دانیشتوانی وێڵز و ئینگلتەراوە ئاوەدان کرایەوە. سەرەتای سەدەی ١٦ کاتێکی پڕئاژاوە بوو لە مێژووی دەبڵیندا، پاش جیابوونەوەی پاشا هێنری هەشتەم لەگەڵ کڵێسا، شوێنی پیاوە ئایینییەکان و دامەزراوە ئایینییەکان داخران و پەیوەندییان لەگەڵ پاپا پچڕاند، ئەمەش شۆڕشێکی لەلایەن دانیشتوانی شارەکەوە دروستکرد. تا ساڵی ١٧٠٠ دەبڵین دووەم گەورەترین شاری ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا بوو کە ژمارەی دانیشتوانەکەی دەگەیشتە ٦٠،٠٠٠. بەشێکی گەورەی خاکی شارەکە دەگەڕێتەوە بۆ قەشەکانی سەدەی ١٢ـەم، بەڵام ڕادەستی پاشا کران کاتێک یاسای نوێی دەرکرد، ئەم خاکە دواتر بوو بە زانکۆی ترێنیتی‌ و بووە یەکەم زانکۆ لە ئێرلەندا و تا ئێستاش لە شوێنی خۆی ماوە. لە کۆتایی سەدەی ١٧ـدا دەبڵین لەلایەن پڕۆتستانتی نوێی ئینگلیز فەرمانڕەوایەتی کرا و بوو بە پایتەختی شانشینی ئێرلەندا. یاسای ١٨٠٠ـی یەکیەتی کە لەلایەن شانشینی یەکگرتووی بەریتانیاوە بۆ ئێرلەندا دانرابوو، بڕیاریدا ئەنجومەنی نوێنەران چیتر لە دەبڵین چالاک نابێت و دەیگوازنەوە بۆ لەندەن، لە ئاکامدا بەشێکی زۆری دەسەڵاتدارانی ئێرلەندا و ئەرستۆکرات و خانەدانەکان دەبڵینیان جێهێشت، پاشان وردە وردە شارەکە بووە شارێکی چینی مامناوەندی و بازرگانی. تەلاری کۆنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە بانکی ئێرلەندا فرۆشرا و تا ئەمڕۆش لە وڵاتەکەدا ماوە بە ناوی "College Green". هەروەها خانووی بچووک بۆ نیشتەجێبوونی بازرگان، پزیشک، پارێزەر و خاوەن بانکەکان دروستکرابوو. پاش جەنگی سەربەخۆیی و ڕیککەوتننامەی نێوان بەریتانیا و ئێرلەندا و لە ئەنجامدا بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئێرلەندا دەبڵین بووە پایتەختی کۆماری ئێرلەندا.

ئابووری دەبڵین 

دەبڵین ناوەندی ئابووری و شوێنی ئەنجومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیە و زۆربەی خزمەتگوزارییە شارستانییەکانیش لەوێیە، هەروەها ناوەندی ڕاگەیاندنی وڵاتەکەیە. زۆربەی تۆڕی گواستنەوەی ئێرلەندا لە دەبڵینەوە بڵاودەبێتەوە، هەروەها بەندەرەکانی دەبڵین بەرپرسیارن لە بەشێکی زۆری بازرگانی هاوردە و هەناردەکانی ئێرلەندا.

دامەزراوە و زانکۆکانی دەبڵین 

دەبڵین شوێنی ژمارەیەک دامەزراوەی گەورەی فرەنەتەوەییە لەوانە سێکتەرەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری "Hi tech"، دیجیتاڵ میدیا، خزمەتگوزاری دارایی و پیشەسازی دەرمانسازی. هەروەها دەبڵین شوێنی بارەگای چەند کۆمپانیایەکی سەرەکی گشتی ئێرلەندییە لەوانە بانکی ئێرلەندا، دی سی سی، ئەی ئێڵ بی گرووپ، ‌ئەرداگ گرووپ، سی ئاڕ ئێچ، هێڵی ئاسمانی ڕیەنئێر، کۆمپانیای پێچانەوەی کاغەز و کارتۆن سمۆرفیت کاپا. 

زانکۆی ترێنیتی کۆنترین زانکۆی ئێرلەندایە کە لەلایەن شاژنە ئیلیزابێسی یەکەم لە ساڵی ١٥٩٢ دروستکراوە و هەروەها یەکێکە لە بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی دەبڵین کە ڕۆژانە هەزاران کەس سەردانی زانکۆکە دەکەن بۆ بینینی تەلارە مێژووییەکانی یەکەم زانکۆی وڵاتەکە، هەروەها زانکۆی کۆلێجی دەبڵین، ‌زانکۆی شاری دەبڵین، زانکۆی تەکنەلۆجی دەبڵین و زانکۆی مەینووث لە بەناوبانگترین زانکۆکانی شارەکەن. 

گەشتوگوزار لە دەبڵین 

شاری دەبڵین بەناوبانگە بە شوێنەوار و شوێنی کولتووری و میوانداری و دیمەنە دڵڕفێنەکەی، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر سەردانکەری هەیە. ڕووباری لیفی کە شارەکە دەکات بە دوو بەشەوە چەند پردێک لەسەر ڕووبارەکە دروستکراوە کە بەناوبانگترینییان پردی ئۆکاناڵە کە ڕۆژانە سەردانکەری هەیە و کەشوهەواکەی لەبارە بۆ پیاسەکردن. دەبڵین پێش سەربەخۆیی ئێرلەندا جارێک دووەم شاری ئیمپڕاتۆریەتی بەریتانیا بوو چەندین تەلاری کۆنی ئەو سەردەمەی لێیە وەک تەلاری جۆرجن، هەروەها باڕی شەقامی جەیمسۆن دیستیلەری کە پڕفڕۆشترین خواردنەوە کحولییەکانی جیهان دروستدەکات، قەڵای دەبڵین کە یەکێکە لە قەڵا دێرینەکانی وڵاتەکە و کە بە بەردەوامی پێشانگا و بۆنە تایبەتەکانی تێدا دەکرێتەوە و خەڵکی زۆر سەردانی دەکەن، کڵێسای مەسیح لە ساڵی ١٠٣٠ ڤایکینگەکان دروستیانکرد و ئێستاش سەردانکەری زۆری هەیە، هەروەها باڵەخانە و مۆزەخانەی گینس یەکێکە لە بەناوبانگترین و سەرنجڕاکێشترین مۆزەخانەکانی دەبڵین و ژمارەیەکی زۆر سەردانکەری هەیە، پردی هاپێنی، کتێبی کێلس کە لە کتێبخانەی زانکۆی ترێنیتی دانراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆیەم باس لە ژیانی عیسای مەسیح دەکات، ئەمانە و چەندان شوێنی بەناوبانگی تر لە دەبڵین بوونەتە هۆی ڕێژەی زۆری ژمارەی سەردانکەر لە شارەکە.


سەرچاوەکان



596 بینین