جۆرەکانی چای و هەڵبژاردنی چای گونجاو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-21-14:06:00 - کۆدی بابەت: 8726
جۆرەکانی چای و هەڵبژاردنی چای گونجاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و مێژووی چای

چای یان چا (بە عەرەبی: شاﻱ، بە ئینگلیزی: Tea) خواردنەوەیەکی دڵخوازی سەرەکی ڕۆژانەی زۆر کەسە. چا میژوویەکی درێژ و کۆنی هەیە، لە هەزاران ساڵ پێش ئێستاوە لە کولتووە جیاوازەکانەوە بڵاوبووەتەوە، سەرەتای دەرکەوتنی چای دەگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژئاوای وڵاتی چین هەر لە سەدەکانی پێش زایینەوە چای لە چین بەکارهێنراوە. پاشان لە بەرزاییەکانی تیبت و ڕۆژهەڵاتی هیندستان جۆرە جیاوازەکانی چا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، لە کۆندا لەلایەن پادشا و فەرمانڕەواکانی چینەوە وەکوو دەرمانی چارەسەر چا دەخورایەوە.
لە سەدەی 16ـیەمەوە چای گەیشتە بازرگان و ڕەبەنە پورتوگالییەکان، پاشان لە سەدەی 17ـیەم چای لە بەریتانیا و هیندستان بڵاوبووەوە و هەریەک لەم دوو وڵاتە چای تایبەتیان بەرهەمهێنا و ڕکابەرێتییەکی زۆریان لەگەڵ چای چینی دەکرد.

جۆرە سەرەکییەکانی چای

چای ڕەش

چای ڕەش یاخود چای سوور لە جیهاندا بەربڵاوترین جۆری چایە، تامی بەهێزە و پێکهاتەکەی دەوڵەمەندە و زۆر کەس ئارەزووی ئەم جۆرە چایە دەکەن، ئەم چایە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە وڵاتی کینیا زۆر بەرهەم دەهێنرێت و سێیەم وڵاتی بەرهەمهێنەری چایە لە جیهاندا. 

چای تورکی

چای ڕەشی تورکی باشترین جۆری چای جیهانە، چونکە کوالێتییەکی بەرزی هەیە و تامێشی چڕ و بەهێزە، هێزی تامەکەی پەیوەستە بە چۆنییەتی ئامادەکردنییەوە، لە کەنار ئاوەکانی دەریای ڕەش دەڕوێندرێت و بەرهەم دەهێنرێت.

چای سیلانی 

ناوی چایەکە لە ناوی وڵاتی سیلانەوە وەرگیراوە کە ناوی پێشووی وڵاتی سریلانکایە و بەرهەمهێنەری ئەم چایەیە، تامی ئەم جۆرە چایە زۆر چڕ و بەهێز نییە، ڕەنگی کاڵی مەیلەوسوورە و خاوەن کوالێتییەکی بەرزە، هەموو براندێکی چای جیهانی ئەم جۆرە چایەی هەیە چونکە خواستی زۆری لەسەرە، ئەم چایە لەو ناوچانە بەرهەم دەهێنرێت کە 610 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزن و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم چایە زۆر بەربڵاوە و خواستی زۆری لەسەر

چای سەوز

ئەم جۆرە چایە تەندروستترین جۆری چایە،  خەڵکی بەهۆی سوودی تەندروستییەوە بەکاری دەهێنن، زیاتر وڵاتانی چین، ژاپۆن، هیندستان و ڤێتنام بەرهەمهێنەری ئەم چایەن، چای سەوز ئۆکساندنی کەم بۆ کراوە و تامێکی چڕی نییە، ڕەنگی سەوزێکی کاڵە

چای ماتچای ژاپۆنی

گرانترین جۆری چای سەوزه، چونکە لەکاتی ڕواندن و بەرهەمهێنانی پێویستی بە گرنگیپێدان و شارەزاییەکی زۆر هەیە و تەنها لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا بەرهەم دەهێنرێت، لە وڵاتی ژاپۆن و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئەم جۆرەی چا زۆر بەربڵاوە و خواستی زۆری لەسەرە.

چۆنییەتی هەڵبژاردنی چای گونجاو

ـ پێویستە بە وردی لە ڕووکەش و ڕووی دەرەوەی گەڵاچایەکە بڕوانیت، هیچ تەنێکی نامۆ نموونەی وردە بەرد و وردە داری بچووک و ئەسپێی تێدا بەدی نەکرێت، هەروەها پێویستە گەڵاچایەکان کە دەستت لێیدا بە ئاسانی ورد و پەرت نەبێت و هەڵنەورێت.
ـ ئەو جۆرە چایە هەڵبژێرن کە کاتێک لە ئاوی گەرم دەکرێن درەنگ ڕەنگ دەدەنەوە و کاتێکی باشیان پێویستە بۆ ئەوەی ڕەنگی چای ئاسایی دروست بکەن.
ـ پێویستە هەستەکانت بەکاربهێنیت لە هەڵبژاردنی چای گونجاو، بۆنی بکەیت، دەستی لێ بخشێنیت و بە وردی تەماشای بکەیت.
ـ پێش هەڵبژاردن و کڕینی چای، دیاری بکە کە چی جۆرە چایەکت پێویستە.
ـ بۆنی چای پێوەرێکی ترە بۆ هەڵبژاردنی چای گونجاو، چونکە هەندێک جۆری چای بۆندارە و بۆنێکی تیژی هاوشێوەی بۆنی تێکەڵەی چەند گوڵێکی هەیە، بۆیە پێویستە لەگەڵ چای تردا تێکەڵ بکرێت، هەروەها چای سەوز بۆنێکی ڕووەکی تازەی کەمێک هێورکەرەوەی هەیە، بەڵام هەندێک جۆری چای ڕەش بۆنێکی بەهێزی هەیە وەکوو بۆنی گوڵ وایە.
- بە شێوەیەکی گشتی هەندێک جۆری دیاریکراوی چا بۆنیان نییە، بەڵام ئەو چایەی کە بۆنی کەم ببووەوە یان بۆن کۆنی و خۆڵی لێهات ئەوە بەڵگەی نزمی کوالێتی جۆری چایەکەیە.
ـ هەر بڕێکی چا پێویستە کێشی هەبێت و سووک نەبێت، چونکە چای چەنێک کۆن بێت و بمێنێتەوە کێشی کەم دەکات و واتای ئەوەیە چایەکە وشک بووەتەوە و کاتێکی زۆر کۆگاکراوە و هەڵگیراوە.

جیاوازی نێوان گەڵاچای تازە و چای کیسەی ئامادەکراو

بە گشتی هەموو جۆرە گەڵاچایەکی فرێش و فەل باشترە لە چای ئامادەکراو و سوودی زۆر زیاترە، تام و بۆنی تازەتر و خۆشترە و چڕترە، هەروەها لە کاتی ئامادەکردنی ڕەنگ و تامی زیاتر دەبەخشێت، بەڵام چای ئامادەکراو ڕەنگێکی کاڵی هایە و تام و بۆنەکەی بەهێز و چڕ نییە، هەروەها لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی بەردەوام زیانی هەیە، بەڵام ئامادەکردنی زۆر ئاسانە و هەموو کات بەردەستە و بۆ ئامادەکردنی کاتێکی کەمی پێویستە.


سەرچاوەکان



842 بینین