تاهیر سادق

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-05-25-18:55:00 - کۆدی بابەت: 8788
تاهیر سادق

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تاهیر سادق (بە ئینگلیزی: Tahir Sadq)، مامۆستا، نووسەری کورد، نووسەری کتێبی (ڕێنووس) و ئەندامێکی چالاکی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە لقی کەرکووک بوو، تایەر سادق لە ساڵی ١٩١٢ لەدایکبووە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٠ـەکانەوە بووەتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی کوڕان لە شاری کۆیە و لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٣٦ـدا قوتابییەکانی پۆلی پێنجەم و شەشەمی بۆ خوێندن بە کوردی هانداوە، چونکە ئەو ساڵە خوێندنیان کردبوو بە زمانی عەرەبی، لە ئەنجامی ئەم کارەی تاهیر سادقدا داخوازییەکانی قوتابیان هاتنەدی و زمانی کوردی بوو بە زمانی فەرمی خوێندن، بەڵام ئەم مامۆستایە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لە شاری کۆیە دوورخرانەوە.

تایەر سادق پڕۆژەی ڕێنووسی زمانی کوردی دانا و لە ساڵی ١٩٦٩ـدا لە دووتوێی پەرتووکێکدا بە ناوی (ڕێنووس) لە چاپخانەی شیمال لە کەرکووک چاپی کرد و لە دواییدا کۆڕی زانیاریی کورد سوودێکی زۆریان لێ وەرگرت و پەرتووکەکە کرایە ١٤٤ لاپەڕەی قەبارە ناوەند.

تایەر سادق وەک مامۆستایەکی خاوەن ئەزموون و زانا بانگهێشت کرا بۆ بەشداریکردنی لە کۆنگرەی ناوخۆی یەکەم و دووەمی مامۆستایانی کورد کە لە ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٠ دا لە هاوینەهاواری شەقڵاوە، گەلێک پێشنیاز و ڕاسپاردەی سەبارەت بە خوێندنی زمان، مێژوو و وێژەی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان و هەموو عێراق پێشکەش کرد.

لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کوردیش لە ١٩٧٠/٢/١٠ـدا بووە بە ئەندام لە ئەو ڕێکخراوە وێژەییە، دواتر کە لقی کەرکووکی یەکێتییەکە لە کەرکووک کرایەوە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەر و جێگری سەرۆک هەڵبژێردرا و خزمەتی بزووتنەوەی وێژەی کوردی لە ئەو پارێزگایەی کوردستان کرد لە کۆتایی ژیانیشدا چووە شاری سلێمانی و لە ئەو شارەدا ژیا تاوەکوو لە ڕۆژی ٥ی ١١ی ١٩٨٤دا لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



289 بینین