ئەنسۆلین (دەرمان)

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-05-25-23:07:00 - کۆدی بابەت: 8794
ئەنسۆلین (دەرمان)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

دەرمانی ئەنسۆلین یان دەرزیی ئەنسۆلین (بە ئینگلیزی: Insulin medication or injection) دەرمانێکە لە هۆڕمۆنی ئەنسۆلین وەرگیراوە و ڕێژەی شەکری خوێن دادەبەزێنێت. ئەنسۆلین نامەبەرێکی کیمیایی و هۆڕمۆنێکی گرنگی جەستەیە کە ڕێژەی گلوکۆزی خوێن دادەبەزێنێت، ئەنسۆلین پێکهاتووە لە دوو زنجیرەی پێپتیدی، زنجیرەی A و B کە بە دوو پردی دووانەگۆگردیدەوە بەیەکەوە بەستراون و ترشە ئەمینییەکانیان بە ڕیزبەندی تێدایە. هۆڕمۆنی ئەنسۆلین کاریگەریی زۆری لەسەر مێتابۆلیزمی کاربۆهیدرات، چەوری و پڕۆتیندا هەیە کە بەهۆیانەوە وزەی پێویست بۆ خانەکانی لەش دابین دەکات. هاوکات ڕاهێنانی ماسولکەیی چوونەژوورەوەی گلوکۆز بۆ ماسولکە خانەکان ئاسان دەکات بەبێ پێویستیی ئەسنۆلین.

بە گشتی کارەکانی ئەسنۆلین بریتین لە:

  • کەمکردنەوەی شیبوونەوەی گلایکۆجین لە جگەر و کەمکردنەوەی دروستکردنی کاربۆهیدراتەکان و شیبوونەوەی چەوری لە چەورییە شانەکاندا. 
  • هاندانی دروستکردنی پڕۆتین لە ماسولکەکان، دروستکردنی ترشە چەورییەکان و دروستکردنی گلایکۆجین لە جگەر و ماسولکەکان.
  • هانی بەکارهێنانی گلوکۆز لە چێوە سوڕی خوێن و چوونەژوورەوەی پۆتاسیۆم بۆ ناو خانەکان دەدات. 

لە نەخۆشیی شەکرەدا ڕێژەی ئەنسۆلین کەم دەبێت بۆیە کەسەکە تووشی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گلوکۆزی خوێن دەبێت. ئەنسۆلین چارەسەرێکی زۆرەملێیە بۆ تووشبووانی شەکرەی جۆری یەک و ناچارن بەکاری بهێنن کە بەهۆی خۆیییە بەرگریی جەستەوە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینیان کەم دەبێت، بەڵام زۆربەی تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو دەتوانن شەکری خوێنیان بە ڕاهێنان، پارێزی خواردن و دەرمانەکانی دژەشەکرەی دەمییەوە ڕێک بخەن، هاوکات هەندێکیان لەوانەیە پێویستیان بە بەکارهێنانی ئەنسۆلین هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکرەکەیان.

بەکارهێنانەکانی چارەسەری ئەنسۆلین

دەرمانی ئەنسۆلین بۆ ئەم نەخۆشییانەی خوارەوە بەکاردەهێنرێت:

  • شەکرەی جۆری یەک
  • ترشبوونی کیتۆنیی شەکرەیی (Diabetic ketoacidosis)
  • شەکرەی ماوەی دووگیانی
  • فشاری نەشتەرکاری، تووشبوونی میکرۆبی و زەبر
  • تووشبووانی شەکرەی جۆری دوو کە وەڵامدانەوەیان بۆ دەرمانەکانی دژەشەکرەی دەمی نەبێت

میکانیزمی کارکردنی دەرمانی ئەنسۆلین

ئەنسۆلین لە جەستەدا لەگەڵ وەرگری تایبەت بەخۆی یەک دەگرێت کە بریتییە لە وەرگری هاندەری تایرۆسین (تایرۆسین کاینەیز) کە لەسەر پەردەی خانەکاندا بوونیان هەیە. وەرگرەکە لە دوو ژێریەکەی ئەلفا-دوو و بێتا-دوو پێکهاتووە، یەکگرتنی ئەنسۆلین لەگەڵ وەرگرەکەی دەبێتە هۆی چالاککردنی ئەنزیمی هاندەری تایرۆسین و ئەمەش دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارێک کە دەرەنجامی دەرمانی ئەنسۆلینن و هاوشێوەی کاری هۆڕمۆنەکەن.

کاریگەریی لەش لەسەر دەرمانەکە (Pharmacokinetics)

ئەنسۆلین تەنیا بە شێوەی دەرزی یان هەڵمژ هەیە، چونکە ئەنسۆلین بەهۆی ئەنزیمەکانی شیکەرەوەی پڕۆتین لە هەناودا تێک دەشکێت بۆیەش بەشێوەی دەمی چالاک نییە و وەک حەب بەردەست نییە. بە شێوەیەکی گشتی ئەنسۆلین لەڕێگەی دەرزی ژێرپێستەوە وەردەگیرێت، بەڵام لە حاڵەتی فریاکەوتندا ئەنسۆلینی ڕێک (تواوە) لەڕێگەی دەرزیی خوێنهێنەرەکانەوە دەکرێتە ناو خوێن کە ئەنسۆلینەکە بەخێرایی لەلایەن جگەر و گورچیلەوە بە نیوە-ژیانی شەش خولەکەوە مێتابۆلیز دەکرێت. (half-life: بریتییە لەو کاتەی کە پێویستە بۆ دەرمانێک تا ببێتە نیوەی بڕی وەرگیرا).

جۆرەکانی ئەنسۆلینی ئامادەکراو

ئەنسۆلینی کۆن

ئەنسۆلینی گا (Bovine): بە سێ ترشی ئەمینی جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەنسۆلینی مرۆڤ.

ئەنسۆلینی بەراز (Porcine): بە یەک ترشی ئەمینی جیاوازیی هەیە لەگەڵ ئەنسۆلینی مرۆڤ.

ئەنسۆلینی کۆنی وەرگیراو لە پەنکریاسی گا و بەراز، ئەنسۆلینی بەرگەپێگرن واتا وەک تەنێکی بێگانە کۆئەندامی بەرگری چالاک دەکەن، ئەم جۆرانە پڕۆتینەکانی پەنکریاس، پڕۆئەنسۆلین و پارچەکانی ئەنسۆلینیان تێدایە. 

ئەنسۆلینی تاکپێکهاتە

ئەنسۆلینی تاکپێکهاتە پاڵێوراو و پاککراوەن واتا تەنیا لە ئەنسۆلین پێکهاتوون و لە ئەنسۆلینی کۆن کەمتر بەرگەپێگرن.

ئەنسۆلینی مرۆڤ

ئەم جۆرەیان بە تەکنەلۆجیای تێکەڵکردنی دی ئێن ئەی بە بەکارهێنانی بەکتریای ئی کۆلای یان کەڕوو بەرهەم دەهێنرێت. ئەنسۆلینی مرۆڤ کەمترین کاریگەریی بەرگەپێگرتن، بەرگریی ئەنسۆلین و کێشەی چەوری لە شوێنی لێدانی دەرزییەکەدا هەیە.

جۆرەکانی ئەنسۆلین 

جۆرەکانی ئەنسۆلین بەپێی شێوازی کارکردنیان لە کارکردنی کورتماوە بۆ درێژماوە، بەسەر پێنج کۆمەڵەدا دابەش دەبن. هەندێک جۆری ئەنسۆلین شێوەیەکی ڕوونیان هەیە، بەڵام هەندێکیان شێوەیان ناڕوون و هەورییە، ئەو جۆرانەی کە هەورین پێویستە پێش بەکارهێنان قەڵەمەکانیان یان ڤیاڵەکانیان لەنێو دەست لوول بدرێن تاوەکوو شێوەی وەکوو شیری لێ دێت بۆئەوەی دڵناببینەوە لەوەی ئەنسۆلینەکە بەتەواوی و یەکسانی تێکەڵ بووە.

١. ئەنسۆلینی خێرا (ئەنسۆلینی زۆر کورتماوە)
(Rapid-acting insulin (Ultra-short-acting insulin))

ئەم کۆمەڵەی ئەنسۆلین بە گۆڕانکاری لە زنجیرەی B ئەنسۆلیندا ئامادە کراون. کاتێک لەڕێی پێستەوە وەردەگیرێن ئەنسۆلینەکە زۆر بەخێرایی شیدەبێتەوە بۆ تاکگەردەکان و بەخێراییش هەڵدەمژرێت بۆنێو خوێن. ئەم جۆرەیان ڕاستەوخۆ پێش نانخواردن وەردەگیرێت و مەترسیی دابەزینی گلوکۆزی خوێنی دوای نانخواردنی کەمە و کاتێک ئەم جۆرە لە ئەنسۆلین وەردەگیرێت پێویستە زوو دوای لێدانی دەرزییەکە نان بخورێت، چونکە زۆر خێرایە لە دابەزاندنی شەکری خوێن. 

  • دەستپێکی کارکردنی (Onset of action) لەنێوان ٢.٥ تا ٢٥ خولەکدایە واتا دوای لێدان لە ژێرپێست لەوماوەیەدا دەست بەکار دەکات. 
  • کاتی گەیشتنی بە ترۆپکی خەستی لە خوێندا (Peak time) لەنێوان یەک بۆ سێ کاتژمێردایە لەدوای لێدانییەوە، واتا لەو ماوەیە زۆرترین کاریگەریی هەیە.
  • ماوەی کارکردنی (Duration of action) بریتییە لە پێنج کاتژمێر واتا تاوەکوو پێنج کاتژمێر دەمێنێتەوە.

جۆرەکان

ئەنسۆلینی لیسپرۆ (Humalog): ئەم ئەنسۆلینە لە زنجیرەی Bـدا دوو لە ترشە ئەمینییەکانی گۆڕدراون، ترشە ئەمینیی ٢٨، پڕۆلین لەگەڵ ترشە ئەمینیی ٢٩، لایسین گۆڕدراون بە ترشە ئەمینیی ٢٨، لایسین و ترشە ئەمینیی ٢٩، پڕۆلین.

ئەنسۆلینی ئەسپارت (Novolog): ئەم ئەنسۆلینە هەمان شتە لەگەڵ ئەنسۆلینی ڕێکی مرۆڤ، تەنیا ترشە ئەمینیی پڕۆلین تێیدا بە ترشە ئەمینیی ترشی ئەسپارتیک گۆڕدراوە لە شوێنی ٢٨ـی زنجیرەی B. ئەم گۆڕینە دەبێتە هۆی هەڵمژینێکی خێراتر، دەستپێکی ئیشکردنێکی خێراتر (Onset of action: بریتییە لەو کاتەی کە دەرمانێک لەدوای وەرگتنییەوە پێویستییەتی تاوەکوو دەست بەکار بکات) و ماوەیەکی کورتتری ئیشکردنـی ئەنسۆلینەکە لەدوای لێدانی، (Duration of action: بریتییە لەو ماوەیەی کە دەرمانە تێیدا کاردەکات و کاریگەریی هەیە).

ئەنسۆلینی گلوسیلین (Apidra): لەم ئەنسۆلینە ترشە ئەمینیی سیێەمی زنجیرەی B، ئەسپارجین بە ترشە ئەمینیی لایسین، هەروەها ترشە ئەمینیی ٢٩ـیەمی زنجیرەی B، لایسین بە ترشە ئەمینیی ترشی گلوتامیک گۆڕدراوە.

٢. ئەنسۆلینی کورتماوە (Short-acting insulin)

  • دەستپێکی کارکردنی نیو کاتژمێرە واتا دوای نیو کاتژمێر لە لێدانی دەست بە کار دەکات، بۆیەش پێویستە نیو کاتژمێر پێش نانخواردن وەربگیرێت.
  • کاتی گەیشتنی بە ترۆپکی خەستی لەخوێندا لەنێوان دوو بۆ سێ کاتژمێردایە لەدوای لێدانییەوە.
  • ماوەی کارکردنی بریتییە لە شەش بۆ هەشت کاتژمێر.

جۆرەکان 

ئەنسۆلینی ڕێک (تواوە) ((Soluble) Regular insulin) (Humilin or Novilin): ئەم ئەنسۆلینە هی مرۆڤە و ئەنسۆلینێکی کورتماوەیە واتا بە ماوەیەکی کورت ئیش دەکات و تواوەیە، ئەم ئەنسۆلینە بریتییە لە ئەنسۆلینی بلووریی زینک و پێشی دەوترێت ئەنسۆلینی بلووری (Crystallie insulin). ئەنسۆلینی ڕێک دەتوانرێت نیو کاتژمێر پێش نانخواردن لێ بدرێت و دواتر بە هێواشی هەڵدەمژرێت بۆنێو خوێن.

٣. ئەنسۆلینی ماوە-مامناوەند (Intermediate acting insulin)

  • دەستپێکی کارکردنی لەنێوان کاتژمێرێک بۆ کاتژمێرێک و نیو لەدوای لێدانییەتی.
  • کاتی گەیشتنی بە ترۆپکی خەستی لەخوێندا لەنێوان چوار بۆ ١٢ کاتژمێردایە.
  • ماوەی کارکردنی بریتییە لە ١٦ بۆ ٢٤ کاتژمێر.

جۆرەکان

ئەنسۆلینی هاجیدرۆنی هاوکێشی پرۆتەماین (Neutral protamine hagedron) یان ئایزۆفەین (Isophane insulin) (Humilin N or Novilin N): بەناوی زانا داهێنەرەکەی، هاجیدرۆنەوە ناونراوە و بریتییە لە گیرساوەیەکی بلووریی ئەنسۆلینی مرۆڤ، پڕۆتینی پڕۆتەماین و زینک کە شێوەکەی هەورییە و پێویستە پێش لێدان جوان تێکەڵ بکرێت. ئەم جۆرەیان دوای لێدانی لەڕێی پێستەوە بەهێواشی شیدەبێتەوە و هەڵدەمژرێتە نێو خوێن، بەڵام کاریگەرییەکەی زیاتر دەمێنێتەوە و ماوەی کارکردنی ماناوەندە. ئەم جۆرە زۆر کاریگەرە بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن بەدرێژایی شەو تا بەیانی و ماوەی نێوان ژەمەکان،  هەروەها ڕۆژانە جارێک یان دووجار وەردەگیرێت.

ئەنسۆلینی NPH بەگشتی بەشێوەی تێکەڵە لەگەڵ ئەنسۆلینی خێرا یان ئەنسۆلینی کورتماوە دەردرێت بۆ کاتی نانخواردن، هەروەها پێویستە تەنیا بەشێوەی دەرزیی ژێرپێست (S.C) وەربگریێت و هەرگیز بە دەرزی لە خوێنهێنەرەکان (IV) نادرێت. لە حاڵەتی ترشبوونی کیتۆنیی شەکرەییشدا بەکار ناهێنرێت.

گیرساوەی ئەنسۆلین و زینک (Insulin zinc suspension) (Lente): بریتییە لە گیرساوەیەکی پاککراوی ئەنسۆلین کە بە زیادکردنی کلۆریدی زینک گۆڕاوە. ئەم جۆرەشیان تەنیا لەڕێی دەرزیی ژێرپێستەوە لێ دەدرێت و کاردانەوەی هەستیاریی لە ئەنسۆلینی NPH کەمترە.

٤. ئەنسۆلینی درێژماوە (Long acting insulin)

ئەنسۆلینی درێژماوە بەشێوەیەک گۆڕدراوە کە هەڵمژینی لە شوێنی لێدانی دەرزییەکەوە بۆ نێوخوێن دوابخرێت تاوەکوو کاریگەرییەکەی ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بێت. ئەم کۆمەڵەیان زۆر خاوە تاوەکوو بە خوێن دەگات و ترۆپکێکی نزمی هەیە (Peak: ترۆپکی دەرمان بریتییە لە زۆرترین بڕی خەستیی دەرمان لە خوێندا) و کاریگەرییەکی جێگیرکەری درێژی لەسەر شەکری خوێن هەیە کە دەتوانێت بە درێژایی ڕۆژەکە ئاستی شەکری خوێن بەجێگیری بهێڵێتەوە، ئەم جۆرەیان کاریگەرە بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن بەدرێژایی شەو تا بەیانی یان حاڵەتی بەڕۆژووبوون و لەخورینی، هەروەها بۆ کاتی نێوان ژەمەکان.

جۆرەکان

ئەنسۆلینی گلارجین (Insulin glargine) (Lantus): لەم جۆرەدا ترشی ئەمینیی ئەسپارجین بە ترشی ئەمینیی گلایسین گۆڕدراوە لە شوێنی ٢١ـەمی زنجیرەی A، هەروەها کۆتاییی زنجیرەی B کە کاربۆکسیلە گۆڕانی بەسەرداهاتووە بە زیادکردنی ترشی ئەمینیی ئارجنین بۆ کاربۆکسیلەکە، لەبەر ڕێژەی ترشێتییە ترشەکەی (Acidic PH) ئەم جۆرە ئەنسۆلینە درەنگ دەچێتە نێوخوێن. لەکاتی لێدان لە ژێرپێست بەهێواشی بۆ نێوخوێن هەڵدەمژرێت و دەستپێکێکی دواخراوی هەیە، واتا درەنگ دەست بە ئیشی خۆی دەکات، هەروەها ترۆپکی پلازمای نییە واتا ناگات بە زۆرترین خەستی لە خوێندا و ماوەی کارکردنی تاوەکوو ٢٤ کاتژمێرە. ئەنسۆلینی گلارجین ڕۆژانە یەک جار وەردەگیرێت و ناتوانرێت لەگەڵ ئەنسۆلینەکانی تری مرۆڤ تێکەڵ بکرێت، هەروەها مەترسیی دابەزینی گلوکۆزی خوێنی شەوانەی کەمترە لە ئەنسۆلینی NPH و باشتریش لە NPH ئاستی شەکری خوێنی لەخورینی کۆنتڕۆڵ دەکات، بەڵام نابێت بۆ ئافرەتی دووگیان بەکار بهێنرێت. 

ئەنسۆلینی دێتێمیر (Insulin detemir) (Levemir): لەم جۆرەدا ترشی ئەمینیی تایرۆسین لە شوێنی ٣٠ـی زنجیرەی B ون دەبێت بە زیادکردنی گرووپی ئەلکانۆیل بە کردەی (Acylation) لە شوێنی ٢٩ـی زنجیرەی B، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ترشەچەوریی میرستیک، یان ترشی چواردە کاربۆنی (Myristic or tetradecanoic acid) کە لەگەڵ ترشی ئەمینیی لایسین یەک دەگرێت، بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانە ئەنسۆلینی دێتێمیر ئاوێتەی شەشگەردی دروست دەکات کە شیبوونەوەیان خاوترە و ماوەی کارکردنیشیان درێژترە. ئەنسۆلینی دێتێمیر لەکاتی لێدان لە ژێرپێست بەهێواشی دەچێتە نێوخوێن و لەگەڵ ئەلبۆمین یەکدەگرێت و ماوەیەکی درێژی کارکردنی هەیە کە ٢٤ کاتژمێرە. هەروەها ترۆپکێکی زۆر کەمی هەیە و ڕۆژانە دووجار دەدرێت.

٥. تێکەڵەی ئەنسۆلین 

ئەنسۆلینی تێکەڵکراو (Pre-mixed insulin)

ئەنسۆلینی ماوە-مامناوەندی NPH دەتوانرێت لەگەڵ ئەنسۆلینی خێرا (زۆر کورتماوە) یان ئەنسۆلینی ڕێکی خێرای کورتماوەی مرۆڤ تێکەڵ بکرێت. 

جۆرەکان

  • ئەنسۆلینی Novolin کە تێکەڵەی NPH و ئەنسۆلینی ڕێکە بە دوو شێوە بەردەستە ئەوانیش: Novolin ٣٠/٧٠ کە ٪٧٠ی ئەنسۆلینی NPHـە و ٪٣٠ی ئەنسۆلینی ڕێکی کورتماوەیە، یان Novolin ٥٠/٥٠ کە نیوەی ئەنسۆلینی NPHـە و نیوەی تریشی ئەنسۆلینی ڕێکی کورتماوەیە.
  • تێکەڵەی  ئەنسۆلینی ماوە-مامناوەندی NPH لەگەڵ ئەنسۆلینی خێرای لیسپرۆ (Humalog) بەڕێژەی ٥٠/٥٠ یان ٢٥/٧٥ بەردەستە.
  • تێکەڵەی ئەنسۆلینی ماوە-مامناوەندی NPH لەگەڵ ئەنسۆلینی خێرای ئەسپارت (Novolog) بەڕێژەی ٣٠/٧٠ بەردەستە.

ئامێرەکانی لێدانی دەرزیی ئەنسۆلین 

ئامێری جیاوازی گەیاندنی ئەنسۆلین بوونیان هەیە، سەرەکیترینیان بریتین لە سرنج، قەڵەمی ئەنسۆلین و پەمپی ئەنسۆلین (ترومپا). 

سرنج 

سرنجەکانی ئەسنۆلین بە پێوانەی ٣٠ یەکە (٠.٣ ملیلیتر)، ٥٠ یەکە (٠.٥ ملیلیتر) و ١٠٠ یەکە (٠.١ ملیلیتر) دروست کراون، ئەم قەبارەی دەرزیی ئەنسۆلینانەش لەسەر ژەمی ئەنسۆلین بەند دەبن، بۆ نموونە ١٠ یەکە لە ئەنسۆلین بە سرنجی ٣٠ یەکەیی و ٥٥ یەکەش بە سرنجی ١٠٠ یەکەیی ئاسانتر دەپێورێت. هەروەها سەرە دەرزیی سرنجەکان بە درێژیی هەمەجۆر لەنێوان ٦ بۆ ٨ ملیمەترە بەردەستن، کە ئەوانیش بەپێی کەسەکان هەڵدەبژێردرێن. سرنجەکانی ئەنسۆلین تاکژەمن واتا تەنیا یەکجار بەکاردەهێنرێن و دواتر فڕێ دەردرێن.

قەڵەمی ئەنسۆلین

کۆمپانیاکان قەڵەمی ئەنسۆلینی تایبەت دروست دەکەن بۆئەوەی لەگەڵ ئەنسۆلینی براندەکەی خۆیان بەکاربهێنرێت، ئەم قەڵەمانە دەکرێت تاکژەم بن و فڕێ بدرێن یاخوود دووبارە بەکاربهێنرێنەوە. قەڵەمی تاکژەم فیشەکی خۆیان لەنێو قەڵەمەکەدا لەگەڵە کە لەدوای بەتاڵبوونیان یان دوای مانگێک لە مانەوەیان لەناو بەفرگردا فڕێ دەدرێن. قەڵەمی دووبارە بەکارهێنراوەی ئەنسۆلین پێویستی بە چەقاندنی فیشەکی ئەنسۆلینیی ٣ ملیلیرتی هەیە، هێزی ئەنسۆلین بۆ هەر ملیلیترێک ١٠٠ یەکەیە. دوای تەواوبوون فیشەکێکی نوێ دەچەقێنرێت و بەم شێوەیەش قەڵەمەکە دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە.

ترۆمپای ئەنسۆلین

ترۆمپا یان پەمپی ئەنسۆلین ئامێرێکی بچووکی بەرنامەبۆدانراوە کە ئەنسۆلینی تێدایە و لەدەروەی لەش دادەنرێت و لەبەر دەکرێت، بە گشتی لەناوچەی سک، ئەم پەمپە وا بەرنامەی بۆ دانراوە کە لەڕێی لوولەکێکی پلاستیکییەوە ئەنسۆلین بە چەورییە شانەکانی لەش بگەیەنێت، کە ئەویش لەڕێی کانولا یان دەرزییەکی زۆر بچووکەوە لەژێر پێست پەیوەست کراوە کە هەر دوو بۆ سێ ڕۆژ جارێک پێویستە بگۆڕدرێت. تەنیا جۆری ئەنسۆلینی خێرا کارکردوو بە شێوەی پەمپ بەکاردێت و پێشوەختە لەلایەن نەخۆشەکە خۆی یانیش پیشەگەرانی تەندروستییەوە بەرنامەی بۆ دادەنرێت کە چەند ئەنسۆلین بگەیەنێت بە لەش لەکاتی نێوان ژەمەکاندا، بەڵام ئەم پەمپانەی ئەنسۆلین بۆ هەموو کەسێک گونجاو نین.

شوێنی لێدانی دەرزیی ئەنسۆلین

ئەنسۆلین لە پێستەوە لە چەورییە شانەکان دەدرێت کە بە چینی ژێرپێست ناسراوە، نابێت بڕواتە نێو ماسولکەکان یاخوود ڕاستەوخۆ بڕواتە نێو خوێنەوە چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی خێرایی هەڵمژین و کارکردنی ئەنسۆلین هەیە. هەڵمژینی ئەنسۆلین بەپێی شوێنی لێدانی دەرزییەکە لە جەستەدا دەگۆڕێت، ناوچەی سک خێراترین تێکڕای هەڵمژینی ئەنسۆلینی هەیە و قۆڵی سەرەوە، سمت و ڕانەکان تێکڕای هەڵمژینیان هێواشترە.

ئەو هۆکارانەی هەڵمژینی ئەنسۆلین خێرا دەکەن

  • لێدانی دەرزیی ئەنسۆلین لە شوێنێکی ڕاهێنانپێکراوی جەستە، وەکوو قۆڵەکان و ڕانەکان.
  • لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە بەهۆی گەرماوکردنێکی گەرم، ساونا و بەکارهێنانی شوشەی گەرمی ئاو. 
  • شێلانی ناوچەی دەوروبەری شوێنی لێدانی دەرزییەکە.
  • دەرزی لێدان لە ماسولکە، ئەمە وادەکات ئەنسۆلینەکە خێراتر هەڵمژرێت و ئاستی شەکری خوێن زۆر دادەبەزێنێت.

ئەو هۆکارانەی هەڵمژینی ئەنسۆلین هێواش دەکەن یان دوادەخەن

  • زۆر بەکارهێنانی هەمان شوێنی جەستە بۆ دەرزی لێدان کە وادەکات ناوچەی ژێرپێست تۆپەڵ ببێت کە ناسراوە بە گەورەبوونی چەوری (Lypohypertrophy).
  • بەکارهێنانی ئەنسۆلینی سارد، بۆ نموونە ئەنسۆلینەکە ڕاستەوخۆ دوای دەرهێنانی لە بەفرگر لێ بدرێت.
  • جگەرەکێشان.

کارلێک لەگەڵ دەرمانەکانی تر 

ئەنسۆلین لەگەڵ زۆرێک لە دەرمانەکان کارلێک دەکات و نابێت بەیەکەوە وەربگیرێن، بەڵام دیارترینیان بریتین لە:

  • دژەبەکتریاکانی کوینۆڵۆن وەکوو، سیپڕۆفلۆکساسین
  • بێتا-بلۆکەرەکان وەکوو، پرۆپانۆڵۆڵ
  • سالیسیلەیتەکان وەکوو، ئەسپرین

هەڵگرتنی ئەنسۆلین

ئەنسۆلین بە پلەی گەرمیی زۆر بەرز یان زۆر نزم تێکدەچێت و گونجاو نییە بۆ بەکارهێنان چونکە بەباشی کارناکات، هەروەها لە هاویناندا کە پلەی گەرمی سەروو ٣٠ پلەی سیلیزی بێت ناتوانرێت ئەنسۆلین تێیدا هەڵبگیرێت، بۆ نموونە لەنێو ئۆتۆمبێل، بۆیە دەفری تایبەت بە هەڵگرتنی ئەنسۆلین هەیە کە پلەی گەرمییەکەی ڕێکخراوە و دەتوانرێت بۆ گواستنەوەی ئەنسۆلین لەکاتی گەشتدا بەکاربهێنرێت. بە گشتی هەڵگرتنی گونجاوی ئەنسۆلین بەم شێوەیەیە:

  • ئەنسۆلینی نەکراوە دەبێت لەنێو بەفرگر هەڵبگیرێت.
  • پلەی گەرمیی بەفرگرەکە پێویستە لەنێوان ٢ بۆ ٨ پلەی سیلیزی بێت. 
  • نابێت بهێڵرێت ئەنسۆلینەکە بیبەستێت. 
  • کاتێک ئەنسۆلینەکە دەکرێتەوە و بەکاردەهێنرێت، پێویستە لە پلەی گەرمیی ژوور هەڵبگیرت کە لە ٢٥ پلەی سیلیزی زیاتر نەبێت و بۆ ماوەی مانگێکیش زیاتر بە کراوەیی هەڵنەگیرێت. 
  • ئەنسۆلین نابێت تیشکی خۆری بەرکەوێت.

کێشەکانی چارەسەری ئەنسۆلین

١. دابەزینی گلوکۆزی خوێن

دابەزینی گلوکۆزی خوێن باوترین و مەترسیدارترین لێکەوتی چارەسەرکردن بە ئەنسۆلینە، دابەزینی گلوکۆزی خوێنی درێژخایەن زیانی زۆر بە مێشک دەگەیەنێت. دابەزینی شەکری خوێن دەکرێت لە هەر تووشبووێکی شەکرەدا ڕووبدات و هۆکارەکەشی بریتییە لەوەی کە دوای وەرگرتنی ئەنسۆلین کەسەکە زۆر درەنگ نان دەخوات، چالاکیی جەستەییی زۆر دەکات، یانیش بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین وەردەگرێت. نیشانەکانی ئەم دابەزینی گلوکۆزی خوێنەش دەکرێن بە دوو بەشەوە:

نیشانە خۆیییەکان: واتا ئەو نیشانانەی لەڕێی خۆیییە کۆئەندامی دەمارەوە بەهۆی وریابوونەوەی سیستمی دەماریی سیمپاسییەوە دروست دەبن کە نیشانەی سەرەتاییین، وەکوو ئارەقکردنەوە، لەرزین، دڵەکوتێ، دڵەڕاوکێ و خێرالێدانی دڵ.

نیشانەکانی کەمبوونی گلوکۆزی مێشک (Neuroglycopenia): ئەم نیشانانە کاتێک ڕوودەدەن کە گلوکۆزی خوێن زۆر دادەبەزێت و وەک پێویست بە مێشک ناگات، وەکوو سەرئێشە، لێڵبینی، شڵەژان، لەدەستدانی توانای جووڵە و ڕەفتاری نامۆ. لە ئەگەری دابەزینی لەڕادەبەدەری گلوکۆزی خوێن، گەشکە و لەهۆشخۆچوون ڕوودەدەن.

چارەسەر: لەکاتی نیشانە سەرەتایییەکان کە نەخۆشەکە لەهۆش خۆیەتی حاڵەتەکە بە وەرگرتنی گلوکۆز لەڕێی دەمەوە بۆ نموونە خواردنی شتێکی شیرین چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە لەهۆشخۆی چووبوو و نیشانەکانی توند بوون پێویستە ئەم چارەسەرانە وەربگیرێن، گیراوەی خۆراکدەری دێکسترۆزی لەڕێی خوێنهێنەرەکان، دەرزیی گلوکاگۆن لە خوێنهێنەر بدرێت، یاخوود دەرزیی ئەدریناڵین لە ژێرپێست بدرێت.

٢. کاردانەوەی هەستیاری

وەکوو هەستیاریی پێستی ناوچەی لێدانی دەرزییەکە (سووربوونەوە و هەڵئاوسان)، بەڵام زۆر باو نین.

٣. تێکچوونی چەوریی پێستی ناوچەکە (Lipodystrophy)

دەکرێت چەورییەکە بچووک ببێتەوە یان گەورە ببێت لەشوێنی لێدانی دەرزییەکە، دەکرێت خۆ لەو حاڵەتە بەدوور بگیرێت بە بەکارهێنانی ئەنسۆلینی خاوێن و گۆڕینی شوێنی لێدانی دەرزییەکە بە ڕیزبەندی واتا هەر جارێک و لە شوێنێک بدرێت.

٤. بەرگریی ئەنسۆلین

بریتییە لە حاڵەتێک کە نەخۆشەکە ڕۆژانە پێویستیی بە زیاتر لە ٢٠٠ یەکەی ئەنسۆلین دەبێت و زیاتر لەنێو کەسانی قەڵەوی تووشبووی شەکرەی جۆری دوودا باوە.

٥. ئاوسان

بەهۆی هێشتنەوەی خوێ و ئاو لە لەشدا ڕوودەدات.


سەرچاوەکان



1814 بینین