ئایا تەنیایی سوودی هەیە؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-05-28-17:35:00 - کۆدی بابەت: 8821
ئایا تەنیایی سوودی هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لە کاتێکدا زۆرجار سوودەکانی تەنیایی چاوپۆشی لێدەکرێت بەڵام تەرخانکردنی کات بۆ خۆت و ئەنجامدانی هەندێک کار بە تەنیا، دەتوانێت یارمەتی تەندروستی دەروونی و جەستەت بدات، بە پێچەوانەی بیروباوەڕی زۆر کەس تەنیایی دەتوانێت لە ژیانی مرۆڤەکاندا ئەرێنی بێت، بێگومان پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە تەنیاییش ئەگەر زۆر بێت کاریگەری پێچەوانەی هەیە، شێوە ئاساییەکە ئەوەیە بتوانین ژیانمان لە نێوان ساتەکانی تەنیایی بە دادپەروەرانە بەڕێوەببەین، هەروەها بتوانین بە شێوەیەکی دروست پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەکانماندا ببەستین.

تەنیایی لە بەرانبەر هەستکردن بە تەنیایی

لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەی زۆر هەن کە ئاماژە بە لایەنە دەروونییە نەرێنییەکانی تەنیایی و گۆشەگیری کۆمەڵایەتی دەکەن، بەڵام بەڵگەی زۆریش هەن کە دەریدەخەن تەرخانکردنی کاتێکی تایبەت و باش بۆ تەنیایی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر باشترکردنی تەندروستی جەستەیی و دەروونیمان هەیە، ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات باشتر وایە هەندێک کات بە تەنیا لەگەڵ خۆت بەسەر بەریت بەبێ ئەوەی کاریگەری بۆچوون و ڕای کەسانی تر کارت لێ بکات.
گرنگە بزانن تەنیایی و هەستکردن بە تەنیایی دوو شتی زۆر جیاوازن، هەستکردن بە تەنیایی واتە گۆشەگیریت، هەرچەندیش دەتەوێت پەیوەندیت لەگەڵ کەسانی تردا هەبێت، لە کاتێکدا تەنیایی واتا بەسەربردنی کات بە تەنیا لەنێوان کارلێکە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم تەنیاییە کاتێک دەتوانێت سوودبەخش بێت کە:

  • بە ویستی خۆت بێت
  • بەردەوام دەبیت لە پاراستنی پەیوەندییە ئەرێنییەکانت
  • ئەگەر بتەوێت دەتوانیت دەست بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بکەیتەوە
  • کاتێک کات بە تەنیا بەسەر دەبەیت، هەست بە باشی دەکەیت

سوودەکانی تەنیایی

  1. سەرنج و یادەوەری باشتر دەکات: کاتێک لە گروپێکدا کار دەکەیت، بیرهێنانەوەی زانیاری قورستر دەبێت، چونکە کەسەکە لە نائاگاییدا هەست دەکات ئەگەر لە شتێکدا هەڵە بکات، کەسانی تر هەن کە لەبیریان دەبێت، ئەم دیاردەیە بە "خۆ دزینەوەی کۆمەڵایەتی" ناسراوە، کارکردن بە تەنیا سەرنج بەرز دەکاتەوە و یادەوەری بەهێز دەکات.
    بەگشتی ڕێگای گروپی وەکوو یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ دروستکردنی بیرۆکەی نوێ ئاماژەی پێدەکرێت، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە کە مرۆڤەکان باشتر توانای چارەسەرکردنی کێشەکانیان هەیە کاتێک بەتەنیا کار دەکەن گەیشتن بە کۆدەنگی لەناو گروپدا ڕێگە بە تاک نادات بە ئازادی بیرۆکە داهێنەرەکانی خۆی دەرببڕێت.
  2. بەرژەوەندییەکانت لە پێشینە دادەنێت: دەرفەتت پێدەدات کە سەرنجت لەسەر بەرژەوەندییەکانت بێت، تەنیایی بەشێکی گرنگە لە گەشەکردنی تاک، ڕێگەت پێدەدات خۆت بناسیت، کاتێک لەگەڵ کەسانی تردایت ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئارەزوو و بیرۆکە و هەستەکانت وەلابنێی، بۆ ئەوەی خواست و پێداویستییەکانی هاوڕێ و خێزانەکەت دابین بکەیت، کاتێک بەتەنیایت دەتوانیت خۆت بڕیار بدەیت بەبێ ئەوەی خەمی ئەوەت هەبێت کەسانی تر چۆن بیردەکەنەوە.
  3. پەیوەندییەکانت باشتر دەكات: کاتێک بۆ ئاگاداربوون لە خۆت کات تەرخان دەکەیت، پەیوەندییەکانت تەندروستتر و بەهێزتر دەبن، دەکرێت تا ڕادەیەک "دووری و دۆستی" ڕاست بێت، بوونی هاوڕێ و لایەنگر یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی دەروونی، بەڵام پشوودان و ئەنجامدانی هەندێک کار بە تەنیا یارمەتیت دەدات زیاتر نرخی پەیوەندییەکانت بزانیت.
  4. توانای بەهرەمەندیت زیاد دەکات: کاری گروپ گرنگە بۆ باشترکردنی هاوکاری و داهێنان، بەڵام کاری گروپ دەتوانێت سەرنج و تێڕامانی کەسەکە کەم بکاتەوە، هەروەها بە زۆری سەرنج خستنە سەر چەند بابەتێک پێکەوە ئەستەمە، بەهرەمەندی کەمدەکاتەوە کەواتە ئەگەر تۆش لە گروپێکدا کار بکەیت، بۆ زیادکردنی سەرنج پێویستە هەر کەسێک کار لەسەر یەک بابەت بکات.
  5. ڕێکخستنی وزەمان: بەرکەوتنی بەردەوامی کۆمەڵایەتی بەتەواوی دەتوانێت فشار بۆ دەروون و جەستەمان دروست بکات، تەنیایی بەسوودە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی پشوویەکی پێویست بە جەستەمان بدەین.
  6. یارمەتیمان دەدات بۆ بیرکردنەوە: ساتەکان تەنها دەرفەتی ئەوەمان پێ دەدەن بە شێوەیەکی باشتر پەیوەندیمان لەگەڵ بیرکردنەوەکانماندا هەبێت لە ئەنجامدا، ئێمە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی باشتر بۆ ژیانی ڕۆژانەمان دەدۆزینەوە، بە سەرنجدان لەوەی لە ڕێگەی پرۆسەی بیرکردنەوەوە هەستەکانمان دەناسین، لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە مامەڵە دەکەین.
  7. چێژی کەسی: تەنیایی بە واتای بێزاری نایەت، بە پێچەوانەوە دەتوانیت چێژ لە ئەنجامدانی ئەو چالاکییانە وەربگریت کە حەزت لێیانە، بۆ نموونە ئەگەر حەزت لە سەیرکردنی فیلمە دڵخوازەکانی خۆتە، دەتوانیت کۆتایی هەفتەیەک پشوو بدەیت و چێژ لە سەیکردنی ئەم فیلمانە وەربگریت.
  8. دوورکەوتنەوە لە وابەستەبوونی سۆزداری: کاتێک فێر دەبین چێژ لە ساتەکانمان وەربگرین بە تەنیا و بەبێ ئەوەی لە خەمی ڕەزامەندی کۆمەڵایەتی ئەوانی تردا بین، ئەوا ئەگەری وابەستەبوونی سۆزداری بە بەرانبەرمان کەم دەکەینەوە،لە ساتەکانی تەنیاییدا دەتوانین بەهای پێویست بۆ خۆمان بدۆزینەوە، کە هۆکارێکی پارێزەرە لە بەرانبەر هەر جۆرە وابەستەبوونێکی سۆزداری.
  9. باشتر کۆنتڕۆڵکردنی خود: کاتێک تەنیایی کێشەمان بۆ دروست ناکات، دەتوانین زیاتر جەخت لەسەر تەنیایی بکەینەوە. ئەمەش بە واتای ئاستێکی باشی سەربەخۆیی کەسی دێت.
  10. یارمەتیت دەدات پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشتر دروست بکەیت

چۆن تەنیا بین؟

ئەگەر ڕاهاتوویت کە هەمیشە لە دەوری هاوڕێ یان خێزانەکەتدا بیت، یان تەنانەت پێت باشترە قسە لەگەڵ کەسانی نەناسراو بکەیت بە بەراورد بەوەی تەنیا بیت، ئەوا ئەستەمە فێر بیت چۆن بە تەنیا بیت و چێژ لە سوودەکانی تەنیایی وەربگریت، بەڵام ئەم ئامۆژگاریانەی خوارەوە یارمەتیدەر دەبن:

  1. پلان دابنێ، کاتێکی دیاریکراو بۆ خۆت تەرخان بکە ئێوارەیەک یان کۆتایی هەفتەیەک بکە بە "کاتی من" بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات وزەی لەدەستچووت وەربگریتەوە.
  2. هۆکارەکانی سەرقاڵکردنت دوور بخەوە، لاپتۆپ و مۆبایلەکەت وەلا بنێ و ئەو کارانە بکە کە پێشتر بە تەنیا نەتکردووە.
  3. بەها بە تەنیاییەکەت بدە، لە جیهانی ئەمڕۆی پەیوەندیکردندا کە بە زۆری تەنیایی بە بێسوود دادەنرێت، گرنگە تۆ بەها بە بەسەربردنی کات لەگەڵ خۆت بدەیت بەداخەوە توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە زۆربەی خەڵک پێیان باشە شتێک بکەن (تەنانەت شتێکی نەرێنیش) نەک دانیشتن و بە تەنیا هیچ نەکەن.
    بێگومان ئەمە بەو واتایە نایەت کە لەکاتی تەنیاییدا دەبێت خۆت لە هەموو هاندەرە دەرەکییەکان بێبەش بکەیت خاڵە سەرەکییەکە ئەنجامدانی ئەم چالاکییانەیە کە یارمەتی هەستی تەنیایی ناوەوەت دەدەن، ڕەنگە هەندێک کەس لەکاتی گوێگرتن لە مۆسیقا یان خوێندنەوەی پەرتووکێکدا ئەم هەستەیان هەبێت و هەندێکی تریش پێیان باشە تێڕامانی قووڵیان هەبێت، ئەو شتانە بدۆزەرەوە کە پێت وایە بۆت باشە، دڵنیابە کە دەتوانیت لە دەروونێکی ئارامدا بە تەنیا بیت.


سەرچاوەکان



1065 بینین