زانکۆی بۆڵۆنیا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-05-31-14:00:00 - کۆدی بابەت: 8851
زانکۆی بۆڵۆنیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی بۆڵونیا، زانکۆی بۆلۆنیا یان زانکۆی بۆلۆنی (بە ئینگلیزی: University of Bologna، بە ئیتاڵی: Università di Bologna، بە عەرەبی: جامعة بولونیا) کورتکراوەکەی (UNIBO)، کۆنترین زانکۆی ئەورووپایە و یەکێکە لە کۆنترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان، لە ساڵی ١٠٨٨ـی زایینی لە شاری بۆلۆنیای ئیتاڵیا دروستکراوە، لەو کاتەوە بووە ناوەندێکی خوێندن و تا ئێستاش بەردەوامە.

دامەزراندن

زانکۆی بۆڵۆنیا لە ساڵی ١٠٨٨ لە شاری بۆڵۆنیای ئیتاڵیا دامەزراوە، کۆنترین زانکۆیە کە هێشتا تێیدا دەخوێنرێت، وەک دەزگایەکی پەروەردەیی و بێ بەرامبەر بۆ فێرخوازان لەلایەن فێرگەی پیاوانی ئایینییەوە دەمەزرا. یەکەمین زانا کە لە زانکۆکەدا تۆمار کرابێت ئێرنوریەس بوو، کە هەستا بە نووسینەوەی بنچینەکانی ڕۆمانی. لە ماوەی سەدەی ١١ـەیەمدا ئیمپڕاتۆری ڕۆمانی فریدریک ئای باربارۆسا بووە پشتیوانێکی سەرەکی قوتابخانەکە. ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانیش بەرپرسیاریەتی گرتەئەستۆی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو فێرخوازانەی بۆ خوێندن گەشت دەکەن بۆ خوێندنگەکە لە هەموو دەستتێوەردانێکی دەسەڵاتی سیاسی دوور بن.

مێژوو

مێژووی زانکۆی بۆڵۆنیا ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە مێژووییە گشتییەکان بوو. زانکۆکە لە ماوەی دوو سەدەی یەکەمیدا هەوڵی بۆ خۆبەڕێوەبردن داوە دژی هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی و ئایینی بووە. لە سەرەتادا تیشکی خستە سەر خوێندنی یاسای کڵێسا و یاسای شارستانی، پاشان وردە وردە ئاسۆی خۆی فراوان کرد. فێرخوازانی زانکۆی بۆڵۆنیا بە زۆری پیاوانی پێگەیشتوو بوون چونکە یاسای کڵێسا و یاسای شارستانی خوێندنی سەرەکی بوون ئەمەش سەرنجی پیاوانی کڵێسا، قەشە، سەرۆکی خوێندنگەکان و فێرخوازانی سەرانسەری ئەورووپای بۆخۆی ڕاکێشا. لە سەدەی ١٢ـەیەمدا کۆلێجی پزیشکی و فەلسەفە پێکهێنران، کۆلێجی پزیشکی لە سەدەی ١٣ـەیەمدا ناوبانگی پەیداکرد بۆ زیندووکردنەوەی کرداری توێکاری مرۆڤ کە لە سەردەمی ڕۆمانییەوە لە ئەورووپا پەراوێز خرابوو. لە سەدەی ١٤ـەیەمدا خوێندنی ئایینەوانی و پاشان لە سەدەی ١٥ـەیەمدا خوێندنی یۆنانی و عیبری لە خوێندنگەکەدا دەستی پێکرد پاشان زانستی تاقیگەریش خوێنرا، پاشان لە سەدەی ١٧ـەیەمدا کۆلێجی زانست پەرەی سەند، لەو ساتەوە زانکۆی بۆڵۆنیا بووە زانکۆیەکی بەناوبانگ لە ئەورووپا. دواتر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا زانکۆکە بایەخی بە زانست و تەکنەلۆجیا و توێژینەوەدا. هەروەها لە سەدەی ١٨ـەیەمدا خانمان وەک خوێندکار و مامۆستا لە زانکۆکەدا دانیان پێ دانرا.

پێکهاتەی زانکۆی بۆڵۆنیا

زانکۆی بۆڵۆنیا بڕوانامەی دیبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لە زیاتر لە ٢٠٠ لایەنی جیاوازدا پێشکەش دەکات. زانکۆکە خاوەنی ١١ کۆلێجە کە بریتین لە کۆلێجی پزیشکی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ، هونەر، زانستە مرۆڤایەتییەکان و ئاسەوارە کولتوورییەکان، ئابووری و بەڕێوەبردن و ئامار، ئەندازیاری و تەلارسازی، زمان و ئەدەبی بیانی و وەرگێڕان، یاسا، پزیشکی گشتی، دەرمانسازی و زیندەوەرزانی و زانستی وەرزشی، زانستە سیاسییەکان، دەروونناسی و پەروەردە و زانست هەروەها ٣٢ بەش و پێنج کەمپی لێیە ئەوانیش دەکەونە بۆڵۆنیا، چیسێنا، فورلی، ڕیڤێنا و ڕیمینی، کەمپی سەرەکی زانکۆکە لە بۆڵۆنیایە. هەروەها میوانداری نۆ ناوەندی توێژینەوە و ڕاهێنانی کردووە، وەک ناوەندی نێوان بەشەکان بۆ توێژینەوەی پیشەسازی، ناوەندی خوێندنی پێشکەوتوو لە گەشتیاریدا و خوێندنگەی خوێندنی پێشکەوتوو لەسەر ئاستی شار و ناوچەکە. هەروەها چەندین کەسایەتی ناودار لە زانکۆی بۆڵۆنیا خوێندنیان تەواو کردووە کە بریتی بوون لە سیاسەتمەداران، بازرگانان، وەرزشەوانان و چەندانی تر.

مەرجەکانی وەرگرتن لە زانکۆی بۆڵۆنیا

پێویستە خوێندکار شارەزایی لە زمانی ئینگلیزیدا هەبێت بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی ئیتاڵیا بەتایبەت زانکۆی بۆڵۆنیا بایەخێکی زۆری بەزمانی ئینگلیزی داوە، کرێی خوێندن و نمرە بە پێی بەشەکان جیاوازە و بەشەناوخۆییەکان بەردەستن بۆ فێرخوازان.

  • بۆ ئەوەی بتوانێت لە زانکۆی بۆڵۆنیا وەربگیرێت مەرجە خوێندکار تاقیکردنەوەی "TOEFL"ـی ئەنجامدابێت و کۆنمرەی ٨۰ کەمتر نەبێت.
  • پێویستە تاقیکردنەوەی "ITLS"ـی ئەنجامدابێت و کۆنمرەی ٦.٥ کەمتر نەبێت.
  • بۆ وەرگرتن لە هەر بەشێک پێویستە تێکڕای نمرەی خوێندکار ٦۰٪ کەمتر نەبێت.

پلەبەندییەکان

زانکۆی بۆڵۆنیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک زانکۆیەکی جیهانی ناسراوە و لە باشترین پێنج زانکۆکانی ئەورووپادایە و خاوەنی ٩٠،٢٩١ خوێندکارە. پێنج ساڵ لەلایەن ڕۆژنامەی لا ڕیپەبلیکای ئیتاڵیاوە وەک باشترین زانکۆی ئیتاڵیا دانراوە. لە پلەبەندی باشترین زانکۆکانی جیهانی "QS" لە پلەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ بووە لە نێوان ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بە پێی پلەبەندی ساڵی ٢٠٢٢ لە پلەی ١٦٦ـەمین باشترین زانکۆی جیهان بووە، هەروەها بە پێی پلەبەندی ساڵی ٢٠٢١ لە ڕیزبەندی ٥٣ـەمین زانکۆی جیهان بووە بۆ باشترین خوێندنی یاسا. بە پێی پلەبەندی "Times Higher Education"ـی ساڵی ٢٠٢٢ لە پلەی ١٧٢ـەم باشترین زانکۆی جیهاندایە. بۆ ڕاکێشانی خوێندکارانی بیانی زۆربەی پڕۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆکە بە زمانی ئینگلیزییە.


سەرچاوەکان



597 بینین